Balaminadyar.jpg

(بەلەمی نادیار)ی سامی هادی بڵاوکرایەوە

بەلەمی نادیار، ناونیشانی کتێبێکی نوێی سامی هادی شاعیر و روناکبیرە کە لە ئێستادا بڵاوکراوەتەوەو لە کتێبفرۆشیەکاندا دەست دەکەوێت.

ئەم کتێبە شیعریە لە لایەن ناوەندی باڵندە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
لە یەکێک لە شیعرەکانی نێو ئەم کتێبەدا، سامی هادی نوسیویەتی:

[ژنه‌كه‌م دوو ساڵ و شانزه‌ ڕۆژه‌
ته‌نیا باسى ته‌متوومان ده‌كات
ده‌ڵێت، خه‌وبینینم ون كردووه‌
ئه‌و ده‌ڵێت:
پیاو جگه‌ له‌ تاریكى هیچى تر نییه‌
ده‌ڵێت:
ئه‌سپ و پیاو ئیتر ڕۆیشتن]

سامی هادی، ساڵی ١٩٦٢ لە هەولێر لە دایکبووە. “ئایینی گیاکان” و “زەنگێک لە کەناری بێهوودەیییەوە” دوو کتێبی شیعریی ئەون. هەروەها عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی کۆمەڵێک لە شیعرەکانی کردووە بە عەرەبی و بە ناوی “لا منزل یشبە البحر” لە بیرووت چاپ و بڵاو بووەتەوە.

 لە کتێبەکەدا، شاڵاو حەبیبە، شاعیر و سەرپەرشتیاری ناوەندی باڵندە، پێشەکەیەکی لەبارەی تێکستەکانی نێو ئەم کتێبەی سامی هادی نوسیوە، کە لێرەدا دەقی پێشەکیەکە بڵاودەکەینەوە:

 شیعرو واتا

كەرەنتینە دەرفەتێكی باش بوو بۆ هەندێك لە نووسەرانی ئێمە كە بنووسن. دەركەوت رەنگە كێشەكە بێكاتی و دەرفەتێكی باش بۆ تێفكرین بووبێت. پێشتر هێندێك لەو كتێبانەم خوێندبوونەوە، بەڵام ئەمە یەكەمین كتێبی شیعرە كە دەیخوێنمەوە. لەو هەرایەی كەرەنتینەكراوان لەناو بێزاری نابوویانەوە، سامی هادی یەكێك بووە لەو نووسەرانەی بێدەنگ خەریكی شیعر نووسین بووە. راستەوخۆ نا، بەڵام ئەمە لە تێڕوانینە شیعرییەكانی و وێنەسازییەكانیدا درك پێ‌ دەكرێت.

هەروەها ئەم دەرفەتە باشە، گۆڕانی شێوازی نووسینیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. بە گەڕانەوە بۆ شیعرە كۆنەكانی نووسەر، كە لە كۆتایی ئەم كتێبەدا یەك-دوو نموونە دانراون، دەبینین لێرەدا نمایشێكی تر لە فۆڕم و رامانە شیعرییەكانیدا هەیە، هەرچەند هێشتاكە، وەك چۆن لای من پێی ناسراوە، شاعیری وەرزەكان و شەراب و مۆسیقایە.

شاعیری ئێمە بە دەگمەن بە دوای ئەوەدا دەڕوات فۆڕمێكی تر لە نووسین، زمانێكی تر بۆ دەربڕین تاقی بكاتەوە، بەڵكوو هەر ئەو دنیایەی جارێك كەشفی دەكات، تا دوانووسین پێوەی گیرۆدە دەبێت، واتا هەر شیعرێكەو جار دوای جار دەینووسێتەوە. نازانم هەڵكشانی تەمەنە، یان ئەو دەرفەتە باشەی تێفكرین، كە لێرەدا وای لە سامی هادی كردووە ڕێ‌ بە زەینی خۆی بدات، شیعری نوێ‌ بنووسێت و جیهانی نوێ‌ كەشف بكات.

ئەوەی لە نێو شیعرەكانیدا دەیخوێنینەوە، وابەستە بوونی شاعیرێكە بەوەی وەرزەكان دەیخولقێنن. كۆی دەربڕین، وێنەسازی و ئاماژە شیعرییەكانی سامی هادی، لەوەرزەكانەوە سەر دەردەهێنن. ئەم رۆحە سرووشتخوازو باخەوانئاسایە لە ژیانی خۆیشیدا بەرچاوە. واتا لێرەدا لەگەڵ شاعیرێكدا سەروكارمان هەیە، كە ئەویش لەگەڵ ژیانی خۆی و شیعری خۆیدا سەروكاری هەیە.

من هەمیشە ئەو چەشنە شاعیرەم خۆش ویستووە، كە دەتوانین سێبەرەكانی ژیانی، لە پەناوپەسێوی شیعرەكانیدا بدۆزینەوە. هەڵبەتە تا شوێنێك هونەری شیعر بخوازێت، نەك بەو ڕادەیەی كە شاعیرمان هەیە تا ئێستایش لە شیعرە كۆنەكانی خۆی هەڵدێت و گەنجێتی دەكات بە پاكانەی بیركردنەوە بەدەكانی.

لەكۆی ئەم كتێبەدا، بە تایبەت لە رووی بابەتەكانییەوە، ئەو سامی هادییە دەبینم كە ساڵی 2012 ناسیم. ئەو كات دانا فایەق-ی چیرۆكنووس لە پاشكۆی ئەدەبیی "رەخنەی چاودێر" ئیشێكی بۆ دۆزیبوومەوە. فایەق خۆیشی لەو لیستەدایە كە لە كەرەنتینەدا كتێبیان نووسیوە. هەرچەند ئەو بە نۆ رۆژ نووسیوویەتی، بەڵام كەرەنتینەیەكی پێویست بوو بۆ ئەوەی بە شێنەیی بیر لە هەموو ئەو شتانە بكاتەوە، كە پێویست بوو پێیان بگات.

من ئەو كات سامی هادیی-ەكم ناسی، كە حەزی لە مۆسیقای كلاسیك بوو، بە تایبەت ڤیڤاڵدی و باخ، هەروەها بوتڵە شەرابەكانی، كە هێندێكیان زۆر كۆن بوون، ئینجا ژوورەكەی لە ڕۆژنامە، كە بەشێك لە پەنجەرەكەی بە گوڵەكان داپۆشرابوو. ئەمانە هێشتا هەن. بێشك مەبەستم ئەوە نییە ئەم ئادگارانە یارمەتیی كەسێك بدەن ببێتە نووسەرێكی باش، هێندەی دەمەوێت بڵێم ئەو دنیایەكی خۆیی لە شیعردا خوڵقاندووە. هەر ئەمەشە وادەكات من ئەم پیاوەی نێو شیعرەكانی بناسمەوە. ئاسایی بۆ كەسێكیش كە شاعیر ناناسێت، دنیایەكی تر -بەرباسە و واتاكان بە جۆرێكی تر جیاواز لەوەی من دەیبینم- دەكرێنەوە.

لەم شیعرانەدا لێرەو لەوێ‌ رووبەڕووی پەنجەرەك دەبینەوە، كە بۆ ئەم پیاوەی نێو شیعرەكان تەنیا ئەم پەنجەرە زۆر كۆنە ماوەتەوە، تا بتوانێت تێڕوانێكی تر بۆ شتەكان بخاتە ڕوو. لەو ڕۆژگارە قەتیسكراوەی نێو ماڵەكاندا، هەم زمانی شیعری و هەم هەبوونی پەنجەرەیەك دەتوانێت فریادڕەس بێت. كەواتە بە دیوێكی تردا دەتوانین بڵێین، هەموو ئەوەی دەیخوێنینەوە، دنیایەكی تر لەو دیو پەنجەرەوە، كە ئێمە تەنیا بینەرێكی مەست و خەواڵووین.

سامی هادی لە هێندێك لە شاعیرانی بەناوودەنگی ئێمە، بە تایبەت نەوەی من و ئەوانی دوای منیش، شاعیرترە، كە خۆشبەختانە دەتوانم لە شیعرەكانی تێ‌ بگەم. ئەمەیش ئەو خاڵە بەهێزەی تێكستی ئەوە، كە هاوڕێیەتیی نێوان من و شیعرەكانی دەخوڵقێنێت. هەرچەند هێندێك لە هاوڕێكانم زۆر دڵخۆش نین بەوەی كاتێك لە شیعرەكان تێدەگەن، بەڵام مەرجێكی سەرەتایی شیعرو مافێكی سەرەتاییی خوێنەرە، كە بزانێت شیعرەكە دەیەوێت چی دەرببڕێت. شیعری باش، خۆی لە خوێنەرەكانی نادزێتەوە؛ ناترسێت؛ بە تەمومژی ساختە خۆی واتادار ناكات، چونكە ئاوا واتایش ساختە دەبێت.

لەناو ئێمەی كورددا لیستێكی درێژ لەو شاعیرانەمان هەیە، بە تایبەت ئەو نەوانەی ئاماژەم پێیان كرد، كە هیچ بنیادەمێك نییە بزانێت مەبەستیان لەم دێڕو پەخشانگەلە چییە!

بۆ شاعیرێك كە هەڵپەی "شیعری گەورە"، "جیهانبینیی گەورە" و "فەلسەفەی گەورە"یەتی، رەنگە رێگە درووستەكە ئەوە بێت وەك شاعیری ئەم كتێبە، سەرەتا دنیا راستەقینەكەی خۆی بنووسێتەوە، نەك نوشتە ئاسا شتێكمان بۆ بنووسێت، كە بەس خۆی و یەك-دوو برادەری دەورووبەری خۆی تێی بگەن، كە هەڵبەت ئەوانیش خۆی بۆی باس كردوون.

شاڵاو حەبیبە


ئەم بابەتە 270 جار خوێندراوەتەوە