Babatahir.jpg

ڕامان لە چوارینێکی باباتاهیر

د. محه‌مه‌د تاتانى

بــــــــــەلایــــە دل بـــــەلایـــــە دل بــــەلایـــە

گوناهـ چەشموون کەروون دل موبتەلایە

ئـــــــەگەر چەشموون نەوینون رووی زیبا

چ زونـــو دل کـــــــــە خـــوبـــــون در کوجایە

لەم چوارینەدا بابا پێیوایە دڵ بەڵایە، دڵ

نەگبەتە. نەگبەتبوونەکەی لەوەدایە چاو روخساری جوان دەبینێت، کەچی ئەو گیرۆدە دەبێت. ئەو بینینەی چاو ئەنجامی دەدات و روخسارێکی جوان دەبینێت، لە بنەمادا نە تاوانەو نە گوناهەو نە سەرپێچییە، چونکە ئیشی چاو بینینە. کەچی بابا تاهیر ئەو بینینەی روخساری جوان ، کە چاو ئەنجامی دەدات، بە گوناهـ یاخود بڵێین بە تاوان دادەنێت. دانانەکەی بە گوناهـ و تاوان لەوێوە نییە ئاین قەدەغەی کردووە، کەچی چاو ئەو قەدەغەشکێنییە دەکات و لە فەرمانی ئاین لادەدات. کاری چاو بینینە، ناکرێت روخسارێکی جوان دەرکەوێت و چاو نەیبینێت؛ دەی کە بینین ئیشی چاو بێت، ئیتر بۆچی بینینی روخسارێکی جوان تاوانە یان بابا تاهیر گوتەنی گوناهە؟ گوناهبوونەکەی ئەو بینینە لەوەدایە دەبێتە هۆی گیرۆدەبوونی دڵ. ئەم گیرۆدەبوونەی دڵە بینینەکەی چاو دەکات بە گوناهـ و تاوان، نەک ئەو بینینە خۆی لە خۆیدا تاوان بێت. هەر بۆیە بابا دەڵێت ئەگەر چاو روخساری جوان نەبینێت، دڵ چوزانێت جوانەکان لە کوێن. کەواتە لێرەدا دڵ بووە بە بەڵاو نەگبەتی بۆ چاو، چونکە ئەوەی لە چاو دەوێت سەیری روخساری جوان نەکات، لە کاتێکدا سەیرکردن و بینین کاری ئاسایی چاوە. دەی شتێک (کە لێرەدا دڵە) ببێتە هۆی ئەوەی شتێکی تر (کە لێرەدا چاوە) کاری خۆی ئەنجام نەدات، کەواتە ئەم شتە بەڵایە.

لێرەدا تاوانباریی چاو لەوەدایە سەیری جوانێک دەکات، کە مەعشووقەکەی بابا نییە، بۆیە ئەو بینینە دەبێتە بەڵا بۆ دڵ. بەپێی ئەمە ئەگەر ئەو روخسارە جوانەی چاو دەیبینێت مەعشووقەکەی بابا بێت، ئەوا نەک هەر نابێتە بەڵا بۆ دڵ، بەڵکو دڵ پێی خۆش دەبێت و پێی دەگەشێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەو روخسارە جوانە مەعشووقەکەی بابا نەبێت و چاو بیبینێت، ئەوا دڵ گیرۆدەی ئەو جوانییە دەبێت، ئەم گیرۆدەبوونەش دەبێتە ئازار بۆی و وەک ئەوەیە تووشی بەڵابووبێت و خۆیشی دەبێتە بەڵا بۆ باباتاهیر. 


ئەم بابەتە 132 جار خوێندراوەتەوە