Adonis.jpg

فه‌رهه‌نگێگى بچووك بۆ ژنان

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

(أ)

ژیانى وه‌ك ئاگرێكى تاقانه‌ ده‌ستى پێكرد،

به‌ڵام خۆڵه‌مێشى هاوشێوه‌ى نییه‌.

 

(ب)

خۆشه‌ویستیه‌كه‌ى، داڕشتنێكى رابردووه‌،

دیالۆگ ناكا، ته‌نیا له‌گه‌ڵ دوارۆژ نه‌بێ.

 

(ت)

له‌ دیوارى ماڵه‌كه‌یاندا تیشك له‌رزى،

ئه‌و كاته‌ى به‌ په‌لوپۆم كه‌وت:

راسته‌،

ئه‌وه‌ رۆح نییه‌ كه‌ یاد ده‌كاته‌وه‌،

به‌ڵكو جه‌سته‌یه‌.

 

(ج)

خۆشه‌ویستیه‌ك:

وه‌ك ئه‌وه‌ى سینگێكى كراوه‌ بێت.

به‌ڵام سینگ ده‌نگێكى هه‌یه‌،

وه‌ك ئه‌وه‌ى شێوه‌زارێكى له‌ناوچوو بێت.

 

(د)

خۆشه‌ویستیه‌ك:

كۆیلایه‌تیێكه‌ ئازادانه‌ ده‌ڕژێ،

له‌ سوراحییه‌كانى ئه‌به‌دیه‌ته‌وه‌.

 

(ه)

سپێده‌ جه‌سته‌ى ده‌ڕازێنێته‌وه‌.

جه‌سته‌یشى شه‌و ده‌ڕازێنێته‌وه‌.

 

(و)

چه‌ند زۆرن ئه‌و ته‌رمانه‌ى خه‌ونه‌كانى ده‌یپاراستن و

ئێستاش ده‌یانپارێزێ.

 

(س)

باشه‌، چۆنت ده‌وێ با وابێ:

سه‌رده‌كه‌ومه‌ سه‌ر لوتكه‌كانى وه‌همت و

به‌رزاییه‌كانى واقیع تام ده‌كه‌م.

 

(ر)

نه‌ باڵه‌كانى،

نه‌ هه‌نگاوه‌كانى،

ئه‌وه‌ جه‌سته‌یه‌تى كه‌ ئاسۆكان ده‌كاته‌وه‌.

 

(ز)

خۆشه‌ویستیه‌ك:

هه‌ساریه‌كه‌ و سواڵى ئاسمانێك ده‌كا.

 

(ش)

له‌ چرپاى خۆشه‌ویستى ئه‌ودا،

ئه‌و جیهانه‌ هاته‌كایه‌وه‌ كه‌ رقى لێیه‌تى.

 

(ص)

ئیره‌یى به‌ خۆرنشین ده‌با/

ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رینى خۆره‌؟

 

(ح)

پێیخۆشه‌ له‌گه‌ڵ گۆرانى گوتندا سه‌ما بكا/

پێیه‌كانت ئه‌ى جیهان، خوێیه‌ و

شوێنیش كه‌فه‌.

 

 

(ك)

خۆشه‌ویستى نازانێ،

خۆشه‌ویستى بكا:

ته‌نیا وه‌ك خنكاوێك نه‌بێ،

له‌ ئۆقیانووسى جه‌سته‌دا/

له‌ ده‌ریاچه‌ى فرمێسكیدا.

(ل)

جه‌سته‌ى ناوه‌ستێ

له‌ گۆڕینى سنوورى و

فراوانكردنى.

(م)

(له‌ كتێبان بڕۆ ده‌ره‌وه‌)

ئه‌مه‌ى به‌ هاوڕێكه‌ى گوت،

ده‌ستیكرده‌ ستایشى په‌ڕ و مه‌ره‌كه‌ب و نوسین.

 

(و)

ئه‌و/

جه‌سته‌ى به‌شێكه‌ له‌ زانستى فه‌له‌ك،

نه‌ك له‌ زانستى ژیان.

 

(ن)

جارێكیان، سه‌یرێكى ئه‌وى كرد و سه‌یرێكى ئاوێنه‌كه‌ى كرد و

پرسى: جیاوازى له‌ نێوانیاندا چییه‌؟

 

(غ)

ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پێشوازى له‌و پیاوه‌ بكات،

له‌سه‌ر زه‌وى خۆشیده‌وێ،

ئه‌گه‌ر له‌ ده‌روازه‌ى ئاسمانه‌وه‌ نه‌یه‌ته‌ ژوورێ.

 

(ف)

پرسیارى ده‌كرد، له‌ ئانى قسه‌كردنى له‌باره‌ى خۆشه‌ویستیه‌وه‌:

چۆن ئه‌و هیچشته‌ بپێوێ،

كه‌ هه‌موو شتێك ده‌ڵێ.

 

(ق)

له‌ وه‌رچه‌رخانێك له‌ دایك بووه‌،

تیایدا عه‌قڵ و دڵ و خه‌یاڵ یه‌كده‌گرنه‌وه‌/

خۆیشى باده‌دا كه‌ ون بووه‌.

 

(ع)

هیچ یه‌قینێكى نییه‌،

ته‌نیا له‌ زارى خۆشه‌ویستى نه‌بێ.

 

(خ)

له‌یلا، ئه‌وه‌ى كه‌شێتى خۆشیویست،

ناوى خۆى به‌خشییه‌ شه‌و/

كوا ئه‌و تیشكه‌ى ده‌توانێ بیكوژێنێته‌وه‌؟

 

(چ)

سه‌رى، باران و ره‌شه‌بایه‌/

به‌ڵام، جه‌سته‌ى ده‌ریایه‌كه‌ له‌ تینوێتى.

 

(ى)

له‌به‌ر پێیه‌كاندا، مناره‌ى سیانزه‌هه‌م دانیشتووه‌،

سیانزه‌م، له‌ هه‌ساره‌ نادیاره‌كانى جه‌سته‌ت:

چه‌وركراو به‌ رۆنى حه‌ز.

داپۆشراو به‌ پۆشاكى خۆشه‌ویستى.

كه‌ى له‌و ئاسۆیه‌ ده‌گه‌یت كه‌ وێنه‌ى من،

بۆ ماناى تۆى دۆزیوه‌ته‌وه‌؟


ئەم بابەتە 153 جار خوێندراوەتەوە