Sherzad_Hasan.jpg

به‌شێك له‌ چیرۆکەکانی (شێرزاد حەسەن) ده‌كرێن به‌ فارسى

نوسه‌ر و وه‌رگێڕى كورد (مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یى) به‌شێك له‌ چیرۆکەکانی نوسه‌ر و چیرۆكنوسى كورد (شێرزاد حەسەن) ده‌كات به‌ فارسى و له‌ كتێبێكدا بڵاویان ده‌كاته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یى به‌ سایتى گه‌لاوێژى راگه‌یاند: "كتێبه‌كه‌ به‌ناونیشانى (ماڵئاوا خۆشه‌ویستى)یه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ (15) چیرۆكى كورت و درێژى چیرۆکنوس (شێرزاد حەسەن)، كه‌ هه‌ڵبژاردیه‌كن له‌ چیرۆكه‌كانى نوسه‌ر، کە زۆربەیان بە چەند زمانێکى دیكه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌هۆكارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌م چیرۆكانه‌ى شێرزاد حه‌سه‌ن وتى: "شێرزاد حه‌سه‌ن ناوێكى دیار و دروشاوه‌یه‌ له‌ناو ئه‌دیبانى ئێران و هه‌میشه‌ خوێنه‌رى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌، ئه‌م ناوه‌ له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2000 له‌ ئێران ده‌ركه‌وت، ئه‌ویش به‌هۆى بڵاوكردنه‌وى (حه‌سار و سه‌گه‌كانى باوكم)، كه‌ ئه‌و كاته‌ من كردم به‌ فارسى و بڵاوم كرده‌وه‌ و تاكو ئێستاكه‌ زیاتر له‌ (7) جار چاپكراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ به‌پێویستمزانى هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له‌ چیرۆكه‌كانى بكه‌م به‌ فارسى، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆى بوونى چه‌ند چیرۆكێك بۆ ماوه‌ى (20) ساڵ ده‌بێت نه‌مانتوانى چاپى بكه‌ین، تا ئه‌و چیرۆكانه‌مان له‌ناو كتێبه‌كه‌ لابرد، ئه‌وكاته‌ مۆڵه‌ته‌كه‌مان وه‌رگرت".

مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یى ئه‌وه‌شى وت: "زۆربه‌ى چیرۆكه‌كان لە ساڵانی نه‌وه‌ته‌كان و دووهه‌زار نوسراون، زۆربه‌ى ئه‌و چیرۆكانه‌ش له‌و سه‌رده‌مه‌دا لە گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ و خوێنه‌رێكى زۆریان هه‌بووه‌".

له‌ كۆتایشدا وتى: "وابڕیاره‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ مانگى (9)دا بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو پێشتر بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى هه‌بوونى سانسۆر له‌سه‌ر چه‌ند چیرۆكێك و ناوه‌ڕۆكى هه‌ندێكى دیكه‌یان بۆیه‌ چاپكردنى دواخرا بۆ مانگى نۆ".


ئەم بابەتە 76 جار خوێندراوەتەوە