Hanar.jpg

ئەوە من نیم!

هەنار موفتی

هەموو ئێوارەیەك

دەنگی ئەو دەمباتەوە

مەملەكەتی چاوەڕوانی

لە پیاسەی گوڵەكاندا

هەنگەكان ماچە هەنگوینیەكانی

تۆیان پێ بوو

لەگەڵ شەفەقی بەیانیان

بەتیشكی وەنەوشەیی ئەهاتن

ختوكەی ڕۆژێكی نوێیان

ئەخزاندە نێو ڕۆحمەوە

بۆ سەمای پەپوولەكان

ئێشکگر بووم

هەموو ئێوارەیەكی زەردە پەڕ

ئەهاتن

بۆنی پرچتیان ئەخستە نێو  دەرونمەوە

لەو هەواری بێتۆیەدا بێزار بووم

بێزار

چی خونچەو گوڵی ناو ئینجانەی

دڵم هەبوو

جوانیەكانیم ئەدا بە دەم باوە

چی سنەوبەر هەبوو

ماڵئاواییان لە چەمی چركەكان دەكرد

كانیاوەكان وشك و...

بۆقەكان بێ لانە

قاچی جۆگەلەكان شكاو

دێراوەكان دەم دا چەقاو

ئای هەڵمی سەر بەفری تەمەن

ئای جەنجاڵی ڕۆژگارەكان

ئای چەرخی ژیان. و مردن

بمگێڕەوە ساتەكانی بێئاگایی

بۆ مناڵیم

بۆ باوەشی دایكم

تالە ئینجانەی چاوەكانیدا بڕوێمەوە و...

بۆنی مێخەكی  سەر دڵ و

رەیحانە رەشەی  باخەڵی بكەم

ئاخ ورێنەكانی ڕۆبۆت و

خەیاڵەكانی پیریم

ئاخ خەونە ئاڵاو واڵاكەی  بناری سەفین

ئاخ گوڵە بۆن خۆشەكانی باخچەی ئەنیس

من بەو هەموو دڵتەنگیەوە

لێرە ئۆقرە ناگرم دێمەوە

لێرە مەمكوژن

هەڵممەواسن

لێرە نامرم

ئیزڕائیل

ئەی فریشتەی مەرگ

خۆت هیلاك مەكە

بەڕۆحمدا دا مەچۆڕێ

لێرە نامرم

بە بیانووی كوفرو گوناح

بە پشكۆی دۆزەخ مەمسوتێنە

جەستەی پاكم مەشێوێنە

لێرە نامرم

ئەوە من نەبووم

سێوی بەهەشتم خوارد!

ئەوەمن نەبووم

(یوسف) م خستە ناو بیر!

بەردبارانی (دووعا)م كرد

ئەوەمن نیم

بۆ قوربانی نیشتمانم سەربڕی و

بەش بەشم كرد

ئەوە من نیم

چ نا پاكییەك كرا!؟

چ مەنفایەكی جەنجاڵە ئێرە؟

پڕە لە چیرۆك و ئەفسانەی

عەشقی پاك و دابڕان

ئەو عاشقانەی،..

بە دزییەوە یەكیان خۆشویست

بە دزییەوە كۆمێنتیان بۆ یەك ئەنووسی

ئەوە من نیم فریشتەی مەرگ

ئەوە من  نیم


ئەم بابەتە 335 جار خوێندراوەتەوە