Hemn_Mwkryani.jpg

وتار و نامە و دەستنووسەكانی هێمن موكریانی بڵاوكرایەوە

(تۆم هەر لە بیرە) ناونیشانى نوێترین به‌رهه‌مى نوسه‌ر و لێکۆڵەر (فارووق فەرهاد)ه‌، كه‌ لە (25) وتارو نامە و دەستنووسی شاعیرى كورد (هێمن موكریانی) پێكهاتووە بڵاوكرایه‌وه‌.

كتێبه‌كه‌ كە لەلایەن نوسەر و لێكۆڵه‌ر (فاروق فەرهاد) كۆكراوەتەوە و دەزگای پەخش و چاپی ڕاژە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چاپى كردووه‌، له‌م كتێبەدا جگه‌ له‌ دەستنووس  چه‌ندین وێنەی دەگمەنی مامۆستا هێمن موكریانى به‌رچاوده‌كه‌وێت.

 هێمن موكریانى له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- ناوى تەواوى: ھێمن محه‌مه‌د ئه‌مین حەسەن شه‌یخولئیسلامی موکری.

- پیشەى ئەدەبى: شاعیر و نوسەر

- لە ساڵى 1921 لە گوندی لاچینی شاری مەھاباد لە رۆژهەڵاتى کوردستان لە دایکبووە.

- لە تەمەنى منداڵیدا گوێچکەى بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە.

- ئەلف ‌و بێ لای سەعیدی ناکام خوێندووە.

- باوکی بۆ درێژە دان بە خوێندن ناردویەتى بۆ خوێندنگاى سەعادەت لە شارى مەھاباد تاکو، بەڵام پۆلی چواره‌مى خوێندووە.

- ئەوکاتەى چووەتە بەر خوێندن جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەزانیوەو لەو خوێندنگایەش کەس نەیتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەیان ی پێکرددوە و پێیان وتوە کرمانج، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتنێکی گەورەى بەدەستهێناوە.

- لە وەرزى ھاوین گەڕاوەتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی وانەى خوێندووە و خۆى فێرى نووسینی خەتخۆشى کردووە.

- کاتێک باوکی بۆى دەردەکەوێت خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دینێرێت بۆ خوێندنى مەلایەتی لە خانەقای شێخی بورھان بۆ ماوەى (4) ساڵ له‌و خانه‌قایه‌ خوێندویەتى.

- له ساڵى 1938 لە ته‌مه‌نی (17) ساڵیدا ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتووه و بووه‌ته لاوێکی خوێنده‌واری هۆشیار و له‌ وێژه‌ی کوردی و فارسی شاره‌زایه‌کی باشی په‌یدا کردووه.

- له سا‌ڵی 1941 به‌هره‌ی شاعیری له‌لا خوڵقاوه و ده‌ستی به‌ هۆنینه‌وه‌ی شیعری کردووه و له‌سه‌ره‌تادا لاسایی شاعیره مه‌زنه‌کانی پێش خۆی کردۆته‌وه و له دوایشدا بووته خاوه‌نی ده‌نگی تایبه‌تی خۆی.

- لە رۆژى 16/9/1942 له‌گه‌ڵ دروست بوونی کۆمه‌ڵه‌ی (ژ. ک.)  بووه‌ته ئه‌ندامی (ژ. ک).

- لەو سەردەمەدا شیعری نه‌ته‌وه‌یی و وتاری بڵاوکردۆتەوە.

- لە رۆژى 22/1/1946 کاتێک که کۆماری کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د دامه‌زرا، شیعری له‌و بۆنەیەدا خوێندۆتەوە و بووه شاعیرێکی خۆشه‌ویستی پێشه‌وا.

- لە رۆژى 17/12/1936 کاتێک کۆمار‌ی کوردستان ڕووخێنرا، خۆی له‌به‌ر چاوی دوژمنانى کۆمار ون کرد.

- کاتێک  هه‌واڵی له سێداره‌دانی قازی محه‌مه‌د و هه‌ڤاڵانی بیست خۆی گه‌یانده باشوورى کوردستان، تاکو باری کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ئاسایى بووه‌وه، ئینجا گه‌ڕایه‌وه گونده‌که‌ی خۆی و ماوه‌یه‌کیش له مه‌هاباد ژیا.

- له‌دوای ڕێککه‌وتننامه‌‌ی 11ی ئاداری 1970ماوه‌یه‌ک له به‌غدا وه‌ک په‌ناهه‌نده‌ ژیاوە.

- لە ساڵى 1979 له‌گه‌ڵ به‌رپابوونی شۆڕشی گه‌لانی ئێران گه‌ڕاوەتەوە ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان.

- لە ساڵى 1983 ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی (سەلاحەدینی ئەیوبی) لە شاری ورمێ دامەزراندووە.

- لە ساڵى 1985 گۆڤارى (سورە)ى وەکو گۆڤارێکى وەرزى تا ئەو رۆژەى کۆچى دوایى دەکات  دەرکردووە.

- لە رۆژى 16/4/1986 لە تەمەنى (65) ساڵى لە شارى ورمێ کۆچى دوایى کردووە.

- بە چەند ساڵێک لە دواى کۆچى دوایى ماڵەکەى لە شاری مەهاباد کراوەتە مۆزەخانە و بەناوى (هێمن موکریانی)، بەیەکێک لە مۆزەخانە  گرنگەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێرانیش ناسێنراوە.

لەگرینگترین بەرهەمەکانی:

- تاریک و ڕوون، شیعر، 1974.

- پاشەرۆک، شیعرو پەخشان.

- ناڵه‌ی جودایی، شیعر، 1979.

- توحفەی موزەفەرییە ، کۆکردنه‌وه‌ و په‌راوێز بۆ نووسین.

- چەپکێ گوڵ و چەپکێ نەرگیز.

- هەواری خاڵی.

- دیوانى هێمن.


ئەم بابەتە 181 جار خوێندراوەتەوە