Talafon.jpg

تەلەفۆنەکەی عەباس

شاڵاو حەبیبە

ببوورە خەبەرم کردیتەوە

دەمویست بڵێم هەمیشە

حەزم کردووە ماڵێکم هەبێت

بە دارێکی خورماڵووەوە

کە هەر پاییزێک…

– سەعات چەنە عەباس؟

(حەوت و پانزە دەقە)

– هەشت و نیو تەلەفۆن کە بەخەبەرم

 ئەم شیعرەی عەباس سەفاری، ناوی گفتوگۆیە، زەینییەتی وشە فارسییەکە بۆ من- ڕەنگە بۆ کەسانی تریش- بە جۆرێکە؛ یەکسەر زەینت بۆ گفتوگۆی تەلەفۆنی دەچێت، ئەگەر نەیشچێت ئاسایییە، دواتر تێدەگەیت کە تەلەفۆنییە. تێکستەکە زۆر جوان توانیویەتی، خەم و تەنز لە یەک شیعردا کۆ بکاتەوە. ئەدەبیات بە جۆرێکە، نە تەنزێکی ڕووت دەمێنێتەوە، نە خەمێکی ڕووکەشیش سەرنجمان ڕادەکێشێت. لێرەدا ئەم دوانە هاتوونەتە هانای یەکتر کە شیعر بخولقێنن. کەسی یەکەم نوێنەری خەمگینەکان و ئارەزووخوازەکان و ژیانبەباچووەکانە، ئەوانەی هەر دەمەی لە ژیاندا ئارەزوویەکیان هەبووە و هەرگیز بە دی نەهاتووە، کە دەڵێم هەرگیز، چونکە وشەی هەمیشەی بەکار هێناوە. ئەو هەمیشە ئەم ئاواتەی هەبووە. ئاواتەکەی ئەوە نەبێت خەیاڵی یان زۆر گەورە بێت، ئەوپەڕی ماڵێکە کە درەختێکی تێدایە. داری خورماڵوو یان خورماڵ- هەڵە نەبم هەمان هەنگی دنیا… ئەگەر نوێنەری تەنز، لەوسەری هێڵەکەوە، کەللەوشک و قسەڕەق نەبێت، ئەوا ڕەنگە عەباس ئارەزووی زۆرتری هەبن و وەک هەر مرۆڤێکیش بە گشتی زۆریان یان زۆرمان هەیە، گفتوگۆکەیش ڕەنگە درێژە بکێشێت بۆ لیستی ئارەزووەکان، کە بەم جۆرە شیعرەکەیش- پێویستیش ناکات- درێژ و قۆڕ دەبێتەوە، کە ئەوەیش عەیبە. لێرەدا تەنز فریای ئەم دەقە دەکەوێت، کە ببێتە شیعرێکی باش. لە چرکەیەکی شیعریی زۆر کورتدا، هەم پیاوێکی خەمگین دەناسین، هەمیش کەسێک کە خۆشمەشرەب و گوێپێنەدەرە. ڕاستییەکەی حەقیش دەدەین بە هەردووکیان، تەنانەت بەو یەکەیان کە حەوت و پانزە خولەکی بەیانی کەسێکی بە تەلەفۆن خەبەر کردووەتەوە بۆ ئەوەی پێی بڵێ کە ئەم هەمیشە ئارەزووی ئەوە بووە ماڵێکی هەبێت و ماڵەکەی دارخوماڵێکی تێدا بێت. پاشان چیرۆکەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم پیاوە- عەباسی خۆمان- دەبێت چەند تەلەفۆنی تری ئاوای کردبێت و چەند جار، خەڵکی تر یان هەر ئەم کەسەی ئێستا، بەم چەشنە تەلەفۆنیان لەسەر داخستبێتەوە؟ دوایییش ئاخۆ هەر بەڕاست، کابرای دنیای تەنز، دوای سەعاتێک و پانزە خولەکی تر ئایا ئامادەیە ئەمجار، کە ئیتر لە خەو هەستاوە و دووشێکی کردووە و نانی خواردووە و قاوەی خواردووەتەوە؛ گوێ لە عەباس بگرێت؟ یان ئایا عەباس ئیتر ئەو مەیلەی بۆ هەبوونی ماڵێک بە دارخورماڵەوە ماوە؟ بە دیوێکی تردا، کورتیی شیعرەکە ڕەنگە ئاماژەیەکیش بێت بۆ ئەو دەرفەتەی کە دەدرێت بە خستنەڕووی خەونەکانی ئینسان، نەک بەدیهێنانیان، بگرە دەرفەت تەنانەت بۆ خستنەڕووی خەونەکانیش کەمە. تۆ دەبێت کاتێکی گونجاو تەرخان بکەیت/بدۆزیتەوە، تەنیا بۆ ئەوەی چێژ لە خستنەڕووی خەونەکەت ببینیت، مەسەلەی بەدیهێنان و پێگەیشتن و ئەو شتانە دەبێت بخەیتە لاوە. شیعرەکە هەستوسۆز و ڕۆمانسییەت وەلا دەنێت و تۆزێک ئینسان لە عاتفیبوون دوور دەخاتەوە. ڕاستییەکەی- بە پێی قسەی کابرای تەنز- حەوت و پانزە خولەکی بەرەبەیان، کاتی خەون و شانامەگوتن نییە. خەڵکی بە گشتی ئەو کاتە خەوتوون و بەڵام ڕەنگە- ئەگەری زۆرە- شاعیرەکان یان دنیای شاعیرانە ئەوکات لەسەر کار بن. وەک دەبینین لێرەدا کابرای خەونخواز خودی عەباسی شاعیرە. بۆیە ئەم ئیشە قۆڕانە ڕەنگە هەر لە شاعیران خۆیان بوەشێتەوە. شیعرەکەیش کە تەواو دەبێت بەبێ ئەوەی هەشت و نیو بگات، چونکە کە بگات تا چی ببێت؟ چونکە ئێمە- ئەوانەمان کە لایەنگری کابرای تەنزین- دنیایەکی شاعیرانەمان بینی، بۆیە بەشی دواتری فیلمەکە نەبینین باشترە، چونکە کابرای تەنز ئەهلی ئەم شیعر و شانامەیە نییە. ڕەنگە ئەوپەڕی، دوای دووش و شتەکە، بڵێ ئۆکەی، پارە کۆ بکەوە ماڵێکی وا بکڕە. یان چووزانم، نەمامێکی وا بڕوێنە. هەڵبەت زۆریش نابێت دڵ بەوە خۆش بکەین کە ئەو لە هەشت و نیودا ڕێک ئامادەیی گوێگرتن لەم قسەوباسانەی هەبێت. مەگەر عەباس- لە شیعرەکەدا- هێندە شاعیرانە بێت کە هەشت و نیو ڕێک تەلەفۆنی بۆ بکاتەوە پێێ بڵێ، من سەعات حەوت و پانزە خولەک لەمەوبەریش پێم گوتی، هەمیشە ئارەزووی ئەوەم هەبوو… کە لەم بەینەدا کابرای تەنز دوور نییە بڵێ، دیارە هێشتا هەر لەسەر عەقڵەکەی خۆتی. جا هەمان ئەم بەزمە زۆر جار لە ژیاندا ڕووبەڕووی دەبینەوە. هەرگیز خەونی کەسێک نابێت بە خەونی کەسێکی دیکە و زۆر جاریش دەبینین دایمە کەسێک خەونێکی هەیە، ئێمە بە لامانەوە سەیرە کەسێک هەبێت لە جیهاندا خەونێکی وای هەبێت. من تا ئەم ئاخرانەش لەو پیاوانە تێنەدەگەیشتم کە بە تامەزرۆیییەوە بە دوای جۆرەکانی سەعاتی دەستیدا دەگەڕێن و هێندێک جاریش پارەی خەیاڵی دەدەن بە سەعاتێک، تا سەعاتێکم بە دیاری وەرگرت و ئیتر بۆچوونم گۆڕا. دایمە کەسێک خەونێکی هەیە کە بۆ کەسانێکی تر مایەی پێکەنین و بایەخپێنەدانە.

جارێک لەگەڵ هاوڕێیەکم دەچووینە دوکانێکی پڕۆگرامی کۆمپیوتەری، چونکە خەونەکەی ئەو فێربوونی زمانی ئینگلیزی بوو، بۆیە دەبوو بەرنامەیەکمان لەو ڕووەوە بۆ کڕیبا. کاتێک گەیشتینە دوکانەکە- بەهەرحاڵ ڕێگایە سێ چارەکێک دەبوو- تەماشام کرد خەونەکەی بووە بە «چۆنیەتیی فێربوونی فۆڕماتکردنی کۆمپیوتەر.» بۆیە لە بری پڕۆگرامی فێربوونی ئینگلیزی، پڕۆگرامێکی فێربوونی فۆرماتکردنی کۆمپیوتەرمان کڕی. لەم جۆرە دۆخانەدا ژیان پێویستی بە کابرای تەنزە، تەنیا ئەو دەتوانێت قسەیەکی بۆ خەمگینیمان، یان تووڕەبوونمان پێ بێت. ڕاستە ڕەنگە جارجار تێکمان بشکێنێت، یان ئازارمان بدات، یان هەر بەڕاستی وا بکات هەست بە بچووکی و سووکیی خۆمان بکەین کە خەریکی چین، بەڵام خۆ دەبێت تێیشبگەین هێندێک شت خەون نین، شتی هاکەزایی و پڕوپووچن کە سەری خۆمانی پێ دەهێشێنین، بەڵام کابرای تەنز لەم شیعرەدا تۆزێک زیاتر دەڕوات، پێم خۆش نییە ئەوەی بە عەباسی دەڵێت، عەباسیش هەڵبەت کاتەکەی نەگونجاو هەڵبژاردووە. دەنا خەونەکەی ماقووڵە. بەدەر لە شیعریش ئینسان خەونی لەو چەشنەی هەیە. سەیرەکە ئەوەیە هەموو ئینسانەکان ماڵێکیان هەیە- هەڵبەت هۆملێسەکان بە لایەک- کەچی هەموویشیان ئەگەر قسەیان لەگەڵدا بکەیت- بەبێ ئاماریش خەریکم لێدوان دەدەم- دەبینیت خەونی ماڵێکی تریان هەیە و دەتوانن بە وردی بۆیشت باس بکەن کە ئەو ماڵەی تریان دەخوازن چۆن بێت. بەم جۆرە تێدەگەیت لە ڕاستیدا هیچ ئینسانێک لە ماڵی خۆیدا نییە، چونکە کەس ماڵی خۆی بەو جۆرە پێ خۆش نییە کە دەبێت پێی خۆش بێت، چونکە دایمە خەیاڵی لای ئەو ماڵەی ترە کە نییەتی، کەواتە ئەگەر مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی لوتف بنوێنن و ماڵەکانیان بگۆڕنەوە. ئەوکات هەرکەسە و دەچێتە ماڵی دڵخوازی خۆی و هەر لە بنەڕەتیشەوە شیعری چاکی لەم جۆرە نانووسرێت ئاغای سەفاری.


ئەم بابەتە 209 جار خوێندراوەتەوە