Kolara.jpg

دەسپێكی ڕۆمانی "كۆلارەباز"ی خالید حوسەینی

لــەبارەی دۆخی ئێستای ئــەفغانستانەوە...

لەتەمەنی دوازدە ساڵیدا بووم بەم كەسەی ئێستام، لە ‌ڕۆژێكی غەمئامێزی ساردی زستانی ساڵی 1975. ئەو ساتەم زۆر باش لە ‌یادە كە لە ‌پشتی دیوارێكی گڵیینی خۆنەگر‌و سستەوە هەڵكورمابووم‌ و بەدزییەوە لە ‌كۆڵانی تەنیشت كەندەڵانە بەستووەكەم دەڕوانی.

ئەمێستا زۆر بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕیووە. ئێستاكە دەزانم كاتێك دەڵێن ڕابردوو كاڵ دەبێتەوە‌ و لە ‌یاد دەكرێت ڕاست نییە، چون ڕابردوو ڕێی خۆی بە ‌چنگ ‌و ددان دەكاتەوە. ئەمێستا كاتێك كە دەگەڕێمەوە بۆ ڕابردوو، دەبینم بیست ‌و شەش ساڵی ڕەبەقە من خەریكم بەدزییەوە لەو كۆڵانە چۆڵە دەڕوانم.

ڕۆژێكی هاوینی ساڵی پار، هاوڕێم "ڕەحیم خان" لە ‌پاكستانەوە تەلەفۆنی كرد، داوای لێكردم بۆ دیتنی بڕۆم، كە لە ‌موبەقەكەدا تەلەفۆنەكەم بەدەستەوە بوو ‌و وەستا بووم، هەستمكرد ئەوە تەنیا ڕەحیم خان نییە كە بە ‌تەلەفۆن قسەم لەگەڵ‌ دەكات، بەڵكو ئەوە ڕابردووی تەژی لە ‌گوناهیشمە كە هێشتاكە سزاكەیم نەكێشابوو. كاتێك تەلەفۆنەكەم داخستەوە بۆ پیاسەكردن چووم بۆ كەنار دەریاچەی "سپریكێلس" لای بەشی سەرووی "پاركی گۆڵدن گەیت". ئاوی دەریاچەكە كە دە دوازدە بەلەمی جوانكیلەی تێدا بوو ‌و بە شنەبایەكی فێنك بۆ ئەمبەر‌و ئەوبەر دەخلیسكان، لەبەر هەتاوی ئەو پاش نیوەڕۆیەدا دەدرەوشانەوە. سەیرێكی ئاسمانم كرد ‌و جووتێك كۆلارەی سووری كلك شینم چاوكرد كە بەسەر درەختەكانی لای خۆرئاوای پاركەكەوە بەرز دەبوونەوە‌ و بەسەر ئاشەباییەكانەوە سەمایان دەكرد‌ و بە ‌تەنیشتی یەكەوە لە ‌ئاسماندا دەشەكانەوە‌ و وەك جووتێك چاو لە ‌بڵندیی ئاسمانەوە لە "سانفرانسیسكۆ"یان دەڕوانی -كە ئێستا شاری من بوو-. لە هێكڕا دەنگی حەسەن لە ‌گوێمدا دەنگی دایەوە: ((تۆ داوای چاوم بكە)) حەسەن، هەمان كۆلارەبازە لێوكەلەكە.

لەناو پاركەكەدا لەسەر كورسییەكی تەنیشت دار بییەك ڕۆنیشتم. بیرم لەو ڕستەیە كردووە كە ڕەحیم خان بەر لە ‌داخستنی تەلەفۆنەكە پێی گوتبووم، وەكوو ئەوەی دوای هەموو شتێك وەبیری هاتبێتەوە. "هێشتا ڕێگایەك بۆ گەڕانەوە هەیە". لە ‌جمكە كۆلارەكەم ڕوانی، بیرم لە ‌حەسەن كردەوە، بیریم لە ‌باوكم كردەوە، بیرم لە عەلی، لە كابوڵ‌، لەو ژیانە كردەوە كە ئەو دەمانە هەمان بوو، واتە بەرلەوەی زستانی 1975 دابێ ‌‌و هەموو شتێك بگۆڕێت‌ و بمكات بەم كەسەی ئێستا.

دیسەمبەری 2001

*

تێبینی: ڕۆمانی كۆلارەباز، له‌لایه‌ن نوسه‌ر و وه‌رگێڕى كورد (ئارام ره‌شید) كراوه‌ته‌ كوردى و چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە