Talhat.jpg

فه‌رهه‌نگ

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى: ته‌ڵعه‌ت تاهیر

گوڵ

جلى په‌نجه‌ره‌كه‌م داكه‌ند، رووتم كرده‌وه‌، له‌لاى چه‌پیدا گوڵێك هه‌یه‌، له‌ناو شووشه‌یه‌كى مل باریكدا خه‌ریكه‌ ده‌ژاكێ، مل باریكه‌ له‌ چه‌شنى ئه‌مستیله‌، ئه‌و ئاسمانه‌ى له‌ رووى په‌نجه‌ره‌كه‌شه‌وه‌یه‌ هه‌ر رووته‌.

ده‌زووه‌كانى هاتنه‌ ژوورێ، به‌ تیشكه‌كانى جه‌سته‌ى گوڵه‌كه‌ى داپۆشى، ژاكاوتر هاته‌ به‌رچاو، سێبه‌رێكى باریكى بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خۆزگه‌م خواست كه‌ بتوانم:

كه‌مێك له‌ ژێر ئه‌و سێبه‌ره‌دا دانیشم.

 

سه‌رین

ئاسۆ ده‌ستى بۆ راكێشام،

پێش ئه‌وه‌، ده‌سته‌كانى یارى له‌گه‌ڵ هه‌ورێكدا ده‌كرد

كه‌ له‌سه‌ر روخسارى خۆردا شۆڕببۆوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ى بسكى ژنێك بن.

سه‌رینه‌كانم ریز كرد تاوه‌كو شته‌كانى رابردووم له‌سه‌ریدا راكشێن و

جه‌سته‌ى كاتم به‌ ئاگا هێنا.

 

په‌ڕۆ

ده‌ڕۆم و ناتوانم ده‌ست به‌ هیچه‌وه‌ بگرم،

بێجگه‌ له‌ گرتنى ئه‌و ده‌ستانه‌ نه‌بێ، كه‌ ناتوانم بیانبینم

گه‌ڵاكانى كات به‌ ئاسمانه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌،

ده‌شپرسم: بۆچى كه‌واته‌ له‌ خوێندنه‌وه‌یاندا تێر نابم؟

له‌به‌ر ده‌رگاى قاوه‌خانه‌كه‌دا، له‌سه‌ره‌تاى شه‌قامه‌كه‌،

شیعر وه‌ك جادووگه‌رێك ده‌هات و ده‌چوو،

له‌ رۆژێكدا ده‌تگوت پارچه‌ په‌ڕۆیه‌كه‌ و به‌ قوڕاو ته‌ڕ بووه‌.

 

ژه‌نین

هیچ، هیچ شتێك نییه‌/ بایه‌ك له‌سه‌رخۆ گیتارى دره‌خت ده‌ژه‌نێ،

هیچ، هیچ شتێك نییه‌/

بۆشایێكه‌ كه‌ مانا ناتوانێ پڕیكاته‌وه‌.

خه‌ون ده‌بینم/ خه‌ون،

خه‌ون ته‌نیا بریتییه‌ له‌ راستییه‌كى ساوا.

له‌ خۆت بپرسه‌، له‌ من مه‌پرسه‌:

ئاسۆى داخراو ته‌نیا له‌ناو عه‌قڵت هه‌یه‌،

به‌ڵام نزیكه‌ى دڵنیام:

كه‌ شیعر به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌فسوناوى هه‌ڵده‌ستێت و

وه‌ك ماڵێكه‌ له‌ ئاسماندا شۆڕببێته‌وه‌:

له‌و ماڵه‌شدا موسافیرێك نیشته‌جێیه‌ پێى ده‌ڵێن مانا.

 

جووڵه‌

بۆ ده‌ره‌وه‌ى خۆم سه‌فه‌ر ده‌كه‌م،

له‌ناوه‌وه‌ى خۆمدا كیشوه‌ر هه‌یه‌ نایاناسم.

جه‌سته‌م له‌ جووڵه‌ى به‌رده‌وامه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى جه‌سته‌م.

ناپرسم له‌كوێوه‌؟ به‌ره‌و كوێ؟

ده‌پرسم بۆ كوێ ده‌ڕۆم؟

لم ته‌ماشام ده‌كا و ده‌مكاته‌ لم،

ئاو سه‌یرم ده‌كا و ده‌بێته‌ برام،

به‌ڵێ راسته‌: بوڵێڵ ته‌نیا یاده‌وه‌رى هه‌یه‌.

 

به‌رزایى

به‌فر زه‌وى ده‌نووسێته‌وه‌،

ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ده‌نووسێته‌وه‌ هۆگرى گریانن،

ئه‌وه‌تانێ ده‌یبینم، له‌ رێگه‌یدا:

ئه‌و ده‌ریاچه‌یه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڵم كه‌ ناومان ناوه‌ دواڕۆژ.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌ى زه‌مه‌ن گوێت بۆ ناگرم/

ناتوانم دابه‌زم، به‌رزایى گه‌وره‌ى رۆژگارمه‌.

به‌فرێكه‌:

چه‌ند دڵپاكه‌ به‌فرى په‌پووله‌،

ته‌نیا متمانه‌ى به‌ له‌حزه‌ى ئاگر هه‌یه‌.


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە