HusenLatif.jpg

حەننا مینە، دەرچووی زانکۆی ژیان بوو

حسەین لەتیف

زیاتر لەوەی سەرسام بم بەوەی چی لەناو دێڕەکاندایە؟چی وتراوە و نەوتراوە؟ئەبووایە چی بووترێت و نەوتراوە یان نە ئەبوو بووترێت یان دەبووایە بەشێوازیکی تر بووترایە؟ من لەدەرەوەی هەموو ئەمانە شەیدای دۆزینەوەی ئەو هێزە ناوەکەییەم لە ناخی داهێنەرەکاندایە,ئەبێت ئەو هێزە چی بێت دەیەوێت خۆی لە فۆرمی وشەدا بخاتە روو؟

دەموویست بزانم حەننا بۆ ئەوەندە جوان باسی برسێتی دەکات! لە خوێندنەوەی کتێبی (شتگەلێک لە بارەی یادەوەریی منداڵیمەوە)ئەو نهێنیەم بۆ ئاشکرابوو ، خۆی دەڵێت:( لە گەڕەکێکی هەژار نشین, لەشاری لازقیە لەدایک بووم,لە خانوویەکدا کە چەند خێزانێکی هەژاری تێدا نیشتەجێ بوون,دایکم ناچار بوو من لە نیوەی شیرەکەی بێبەش بکات,نیوەی شیری مەمکەکانی دەدا بە من و نیوەکە ی تری فرۆشتووە بە مناڵێکی ئەو خێزانە دەوڵەمەندە کە ئیشی بۆ دەکردن.. ئەو برا شیریەم ناوی "جول فیتالی "بووە و لەخێزانە خۆشگوزەرانەکان بووە,هەرگیز روخساریم نەبینووە,چونکە ساڵانێک لەوەوبەر سەفەری کردووە). جاران باوەڕم وابوو خوێندنەوەی کتێبی زۆر دەتکات بەنووسەر , ئێستاش پێم وایە نووسەر خوێنەرە, بەڵام بۆ ئەوەی نوسەرێکی داهێنەر بیت ئەمە بەس نییە، بەڵکو دەبێت ئەزموونی ژیانت هەبێت. ئەگەر هێندەی حەننا مینە برسی نەبوو بیت بە خوێندنەوەی هەرچی کتێبی دونیا هەیە ناتوانیت دەقێکی داهێنەرانە لەبارەی برسێتییەوە بنووسیت. هێندەی ماغوت برسی نەبیت نابیت بە شاعیرێکی داهێنەر, ئەها ماغوت دەڵێت:(گوڵە گەنمێک نییە لە مێژوودا, دڵۆپێ لیکی منی نەڕژابێتە سەر).کە ماغوت و حەننا مینە دەخوێنمەوە گوێم لە قۆڕەی ریخوڵەیانە.حەننا مینە نە بە برخی تێر شیر بووە نە بە مەڕی تێر گیا بووە. ماغوتیش بەهەمان شێوە کاتێ خەڵاتی عەوێسی وەگرت نەخۆشی و مەرگ تەنگیان پێ هەڵچنی بوو, هیچ دڵخۆش نەبوو بەخەڵاتەکە,چونکە وتی:دەبێت( بیدەم بە دەرمان) ! ئەزموونی برسێتی ماغوت و حەننا مینە پێمان دەڵێن: برسێتی تەنها ئەدیبە برسێکان دەتوانن گوزارشتی لێبکەن نەک نووسەری پۆشتە و پەرداخ.

*

لەبارەی رۆمانەوە,دەوترێت: رۆمانی باش حەقیقەتمان لەبارەی کارەکتەرەکانی یەوە پێدەڵێت و رۆمانی خراپیش لەبارەی رۆماننوسەکەیەوە. رۆمانی باش ئەوەیە لەکاتی خوێندنەوەیدا بیرمان دەچێت ئێمە رۆمان دەخوێنینەوە ,بەڵکو لەناو شانۆی رووداوەکان دا ئێمەش جێگایەک پڕدەکەینەوە.لە خوێندنەوەی رۆمانی باش دا گۆڕانکاری لە رەوتی بیرکردنەوە و دۆخی دەروونی ئێمەش دا روودەدات. چەند رۆمانێک هەن بۆ هەتا هەتایە بیرکردنەوەمان دەگۆڕن.هەرگیز نابینەوە بەو کەسەی پێش خوێندنەوەی رۆمانەکە.

ئا لێرەوەیە ئەوانەی کە خوێنەرن بیرکردنەوەیەکی جێگیریان نییە بۆ دونیا و شتەکان , لە دۆخێکی دیاریکراودانین , بەڵکو لە گۆڕانی بەردەوامدان,ئەوان ئاوی وەستاو نین بەڵکو رووبارن,وەک بەختیار حەمەسوری هاوڕێم دەڵێت:(هەمیشە ئاوی جوڵاو لەئاوی وەستاو جوانترە),بیرکردنەوە وکارەکتەری خوێنەری تێکستە مەزنەکان ئاوی جوڵاون.

 رۆمانگەلێک هەیە هەم لە بارەی کارەکتەرەوە زانیاریمان دەداتێ هەمیشە لەبارەی نووسەرەوە, دیستوفیسکی و کافکا و هێرمان هیسە و کنۆت هامسن و لە عەرەبیش دا حەننا مینە.

رۆمانی هەریەک لەو نووسەرانە بڕێکی زۆر کاریگەرییان لەسەر من هەبووە ,رەنگە باسکردنیان پێویستی بە کتێبێکی بێت. بەڵام باسی حەننا مینە و کنوت هامسن دەکەم. لەڕۆمانی برسێتی کنۆت هامسن دا بەتەواوی هەستم کرد برسیمە وەک کارەکتەرەکەی ئەو . بەردەوام وتاری بۆ رۆژنامە ئەنووسی , بۆ ئەوەی پاداشتەکەی وەر بگرێت و بەپارەی پاداشتەکە ژەمێک نان بخوات, بەڵام هەرگیز نانی لە نووسینەکانی خۆی نەخوارد ,چونکە ئەو وتارانە سەرنووسەر دەیوویست کورت بکرێنەوە و زیانی بۆ دەسەڵات نەبێت,هەر بۆیە لەچاوەروانی بڵاوبوونەوەی وتار و وەرگرتنی پاداشتی نووسین دا بەبرسێتی دەژیا,هەندێک جار پاش داخستنی دووکانی دارتاشەکان دەرۆیشت لە ئاردەداری دارتاشەکانی دەجووی بۆ ئەوەی برسێتی لەبیر بچێتەوە.

لەخوێندنەوەی ڕۆمانی (پاشماوەی وێنەکان) ی حەننا مینە,زیاتر لەوەی بەرۆژووبم هەستم بەبرسێتی خۆم کرد.حەننا لەئەزموونی ژیانەوە دەنووسێت بۆیە من ئەو هەستەم لا دروست بووە .چیرۆکی خێزانێکی برسی دەگێڕێتەوە کە برسێتی دەربەدەریان دەکات و گوند بەگوند و شار بەشار بەدوای پارویە نان دا دەگەرێن,باوکێکی بێباک و مەیخۆرەوە و شەهوانی دەست دەداتە هەرکارێک شکست دەخوات ,بەردەوام دایکە چیرۆک بۆ مناڵەکان دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی برسێتی لەبیری مناڵەکان بباتەوە. چیرۆکی تۆفانی نوح, چیرۆکێکی سەخت بەڵام هیوا لەدوا, بەڵام خێزانەکە لەبرساندا لەمردن نزیک دەبنەوەو بێوەژنێک کە لەگوندەکەدا بە بەدڕەوشت ناوی دەبەن ئەوخێزانە برسییە ڕزگار دەکات. حەننا مینە بەتەواوی دەروونناسە بەڵام دەروونناسی لە زانکۆی ژیان خوێندووە, نەک لای تیۆریست و دەرونناسەکان. سەعید حۆرانی هاوڕێی کتتێبێکی خوی پێشکەشی حەننا دەکات و دەڵێت( بە تۆ حەننا مینە, ئەی ئەوکەسەی لە ماهێتی لاوازیی و هێزی مرۆیی تێگەیشتوویت, ئەم کۆمەڵە چیرۆکە پێشکەشە) گێرەرەوەی رۆمانەکەی حەننا مناڵێکە لەسەرەتا تاکۆتایی بێ پشوو چیرۆکی برسێتی خێزانەکەیمان بۆ دەگێڕێتەوە.بەڵام ئەوەی وەک پاڵەوان درەدەکەوێت دایکەیە , رووبەرووی هەموو نەهامەتیەک دەبێتەوە. رۆمانی پاشماوەی وێنەکان رۆمانی ژنە,ژنێک کەدایکەیە و ژنێکیی تریش کە (بەدرەوشت؍فریادڕەسە)لەیەک کاتدا.حەننا بەم کارەی دەیەوێت ژن بکات بە سەنتەر لانی کەم لە دەقەکانی خۆیدا. ئەمەش لە هۆگربوونیەوە بەدایکی خۆیەوە دەکات,چونکە حەننا دوای سێ خوشک لەدایک بووە,لە یاداشتەکانی خویدا دەڵێت(من دیاری خودابووم بۆ دایکم ,ئەو داوای لە خودا کردبوو کوڕی بداتێ و کوڕی ببێت بەپیاو,خودا منی پێبەخشی و من بووم بەپیاو ئەوسا دایکم مرد.کە مرد تەنها ماچێکی گەرمی ناوچاوی ساردیم کرد و ناشتمان و گریانم نەهات تا گەڕامەوە ماڵەوە, کە هاتمەوە هەستم کرد قۆناغی "الرحمییە"کوتایی هات. هەندێک لەرەخنەگران و بەدیاریکراوی سان مارک جیراردان دەڵێت:(چاخە کۆنەکان ڕۆمانیان نەبووە چونکە ئافرەت تیایاندا کۆیلەبووە.رۆمان مێژووی ئافرەتە).

رۆمانی پاشماوەی وێنەکان رۆمانی برسێتی و ژنە,ئەوەی ئەم رۆمانە لە بارەی برسێتی و ژنەوە پێمان دەڵێت هیچ بزووتنەوەیەکی سیاسی و فێمنستی ناتوانێت پێمان بڵێت, چونکە گێڕانەوەی چیرۆکی برسێتی خێزانێک لە زاری مناڵێکەوە,نیشاندانی دیوە فریشتەییەکەی ژنێکی( بەدڕەوشت) لەزاری دایکەوە پێمان دەڵێت ئەوە ئەفسوونی گێڕانەوە و زمانە شۆڕشی راستەقینە لە بیرکردنەوەی تاکەکان دروست دەکات.

حەننا مینە دەرچووی هیچ زانکۆیەک نەبوو، بەڵام لە زانکۆکان ژیاندا ئەوەندە فێربوو ، کردی بە و ڕۆماننووسەی سەرنجی هەموو خوێنەرانی ئاسیا و ئەفریقای بۆ خۆی ڕاکێشا. تەنانەت لەچاوپێکەوتنێکی ڤیدیوێیدا زۆر بە متمانەوە دەڵێت:(نەجیب مەحفوز پاش وەرگرتنی خەڵاتی نەوبڵ ،ئەوی بە جێنشینی خۆی وەسف کردووە)!زۆرن ئەو کەسانەی ئەزموونێکی زۆر وقوڵیان لەژیاندا هەیە،بەڵام دەگمەنن ئەوانەی وەک حەننا مینە تاڵییەکانی کۆڵکێشی ناوبەندەرەکان و زیندان ببەنە ناو شیرینی زمان و گێڕانەوە.


ئەم بابەتە 262 جار خوێندراوەتەوە