Bakr.jpg

‎ئاوێتەکردنی شیعر و تاوان لە فیلمی "قەلەڕەشکە"دا

‎بەکر شوانی

‎فیلمی قەلەڕەشکە (The Raven) فیلمێکی تاوانکارییە لە دەرهێنانی جەیمس مەکتیگوا و لە نواندنی جۆن کیوازك. ئەم فیلمە بەرهەمێکی ئەمریکییە و ساڵی ٢٠١٢ بەرهەم هێندراوە. "قەلەڕەشکە" باس لە ڕۆژانی کۆتایی ژیانی نووسەر و شاعیری ئەمریکایی ئێدگار ئالان پۆ (١٨٠٩-١٨٤٩) دەکات. لەو ماوەیەدا کۆمەڵێك تاوانی کوشتن ڕوودەدەن کە پێشتر شێوازی ئەنجامەکانیان لە چیرۆك و شیعرەکانی پۆ-دا باس کراوە. ناوی فیلمەکەیش لە ناوی شیعری "قەلەڕەشکە"ی پۆ-وە هاتووە.

ڕووداوەکانی فیلمی "قەلەڕەشکە" ساڵی ١٨٤٩ لە شاری بالتیمۆری ویلایەتی مێریلاندی ئەمریکا دەقەومێن. لە ماڵێکەوە دەنگی قیژەی ژنێك دێت و دواتر پۆلیس دەگات و دەرگا دەشکێنن و دەچنە ژوورەوە. تەماشا دەکەن تەرمی ژنێك لەوێدا کەوتووە و هیچ شوێنەوارێکی بکوژ نادۆزنەوە. دواتر فیلدی پشکێنەری پۆلیس بۆی دەردەکەوێت شێوازی ڕووداوەکە ڕێك لە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکی "تاوانەکانی گەڕەکی مۆرگوێ"ی پۆ دەچێت کە لە ساڵی ١٨٤١دا نووسیوێتی. پۆ لەو کاتەدا ئەمێلی هامیلتۆنی گەنج و شۆخ و شەنگی خواستووە و باوکی دەوڵەمەند و دەرەبەگی ئەمێلی دژی ئەو خواستنەیە. هێندەی پێ ناچێت تاوانێکی تری هاوشێوەی ناو ڕووداوەکانی چیرۆکێکی تری پۆ ڕوودەدات. ئەمجار لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوە لەگەڵ پۆ دەکرێت و ئەویش بڕیار دەدات خۆبەخشانە هاوکاری پۆلیس بکات بۆ دۆزینەوەی تاوانبار. پۆ ماوەیەك لە بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانی ڕادەوەستێت بۆ ئەوەی تاوانبار تاوانی تری هاوشێوەی تاوانەکانی ناو چیرۆکەکانی ئەم ئەنجام نەدات. بەڵام تاوانبار لە ئاهەنگێکی دەمامکداراندا لە ماڵی هامیلتۆن، ئەمێلیی کچی هامیلتۆن و دەزگیرانی پۆ دەڕفێنێت و پەیامێك بۆ پۆ دەنێرێت و تیایدا دەڵێت ئەگەر چیرۆکی تازە بڵاو نەکاتەوە، ئەوا ئەم ئەمێلی دەکوژێت.

ماوەیەك تێدەپەڕێت و چەند تاوانێکی تری هاوشێوەی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکانی پۆ ڕوودەدەن. لە یەکێك لە تاوانەکاندا فیلدی پشکێنەوری پۆلیس بریندار دەبێت و دەکەوێتە نەخۆشخانە. ئەمجار پۆ بەتەنیا بەدوای تاوانباردا دەگەڕێت. تاوانبار پەیامێکی تریش بۆ پۆ دەنێرێت و هەڕەشەی کوشتنی ئەمێلی دەکات ئەگەر ئەم دوایین چیرۆکی خۆی بڵاو نەکاتەوە. دواجار پۆ بڕیار دەدات لە پێناوی ئەمێلیی خۆشەویست و دەزگیرانیدا دوایین چیرۆکی خۆی بڵاو بکاتەوە بێ گوێدانە ئەوەی کە خۆی لە چیرۆکەکەدا دەمرێت. دەمەوئێوارە چیرۆکەکە دەنێرێت بۆ ڕۆژنامە و سەرلەبەیانی ڕۆژی دواتر کچی خزمەتکاری ماڵەوە ڕۆژنامەی ئەو ڕۆژە و پارچەیەك کاغەزی تێبینی لەسەر نووسراوی بۆ دە‌هینێت کە لە تاوانبارەوە هاتووە. پۆ تەماشا دەکات کاغەزەکە تەڕ بووە و ڕۆژنامەکە وشکە. کەواتە کاغەزەکە لە شەودا خراوەتە بەر دەرگا و باران لێی داوە و ڕۆژنامەکەیش دەمەوبەیانی هاتووە. پۆ لەمەوە تێدەگات تاوانبار پێش دەرچوونی ژمارەی ئەو ڕۆژەی ڕۆژنامەکە، ئاگاداری ناوەڕۆکی چیرۆکەکەی ئەم بووە، بۆیە گومان لە خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنامەکە دەکات و یەکسەر ڕوو لە چاپخانە دەکات. لەوێ تەماشا دەکات خاوەن ئیمتیاز کوژراوە و کارمەندێکی ڕۆژنامە بەناوی ئیڤان تێبینییەکی لەسەر مێزەکە داناوە و تیایدا نووسیوێتی خۆی هەموو تاوانەکانی ئەنجام داوە. پۆ لە ژوورێکی تردا ئیڤان دەدۆزێتەوە و دەمانچەی لێ دەردە‌هێنێت. ئیڤان پێی دەڵێت: "ئەگەر بمکوژیت، ئەمێلی دەمرێت..." پۆ دەمانچەکە دەدات بە ئیڤان بەو مەرجەی ئەمێلی ڕزگار بکات. ئیڤان، پۆ ناچار دەکات پەرداخێك ژەهر بخواتەوە. لە کاتێکدا ژەهرەکە خەریکە کار لە جەستەی پۆ دەکات، ئیڤان پێی دەڵێت ڕوو لە پاریس دەکات و دەیەوێت لەوێ بژی. هەمان کات ئاماژەیەك بۆ چیرۆکی "دڵی نهێنی نەپارێز"ی پۆ دەکات. پۆ یەکسەر لەمەوە تێدەگات کتومت وەك ئەوەی لەو چیرۆکەدا هەیە، ئەمێلی لەژێر تەختەڕێژی هەمان ژووردایە. بۆیە دەکەوێتە خۆ و ئەمێلی ڕزگار دەکات. پۆلیس دەگات و ئەمێلی بۆ نەخۆشخانە دەگوێزرێتەوە. پۆ هەرچۆنێك بووە خۆی دەگەیەنێتە ناو باخچە و لەوێ لەسەر کورسییەك دادەنیشێت. ڕێبوارێك لەوێوە ڕادەبوورێت و پۆ تکای لێ دەکات بە فیلد بڵێت: "پاشناوی کابرا ڕەینۆلدسە". پۆ لەوێدا دەبوورێتەوە و دواتر لە نەخۆشخانە گیان دەسپێرێت. فیلمەکە بەم دیمەنە کۆتایی دێت: فیلد لە گالیسکەیەکدا لە پاریس چاوەڕێی گەیشتنی ئیڤانە. کاتێك ئیڤانی تاوانبار سواری گالیسکەکە دەبێت، گوللـەیەك لە دەمانچەکەی فیلدەوە دەردەچێت و بەرەو سنگی ئیڤان دەچێت.

فیلمی "قەلەڕەشکە" لە هەردوو وڵاتی سربستان و هەنگاریا وێنەی گیراوە و ماوەیەکی درێژ لە سینەماکانی وڵاتانی ئەوروپا پێشان درا. لە ڕاستیدا زانیارییەکی ئەوتۆ دەربارەی مردنی ڕاستەقینەی پۆی نووسەری چیرۆکی ترس و تاوانکاری لەبەردەستدا نییە. نووسەر ٣ ئۆکتۆبەری ١٨٤٩ لە دۆخێکی تەندروستیی خراپدا لەبەردەم یانەیەکی بالتیمۆر دۆزراوەتەوە و دەڵێن چەند جارێك ناوی "ڕەینۆلدس"ی گوتووەتەوە. بەڵام نەزانراوە داخۆ ئەو کابرایە کێ بووە.

پۆ ٧ی هەمان مانگ لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدا لە نەخۆشخانە مردووە.


ئەم بابەتە 124 جار خوێندراوەتەوە