Barzan.jpg

سلێمانی......، نەما خۆشییەکەی جارانت ئیتر پیاسەی دەمەو ئێوارانی چی؟!

به‌رزان عوسمان

 بە ئیجازەی ھاوڕێی خۆشەویستم شاعیری بە توانا کاک ئیسماعیل محمد...

 ئەڵێیت بیری سلێمانی ناکەیت ؟! بۆچی بیری بکەم، خۆ روخسارە دەم بە پێکەنین و جوانەکانی ناو بازاڕ،جادە و بان و گەڕەک و کۆڵانەکانی تیا نابینم!، خۆ خانوبەرە کۆنەکانی سەردەمی مناڵیی و ھەرزەکاریی و جەوانیی ئێمەی تیا نەماوە، دەنوک بەیەکدادانی چۆلەکەی گوێ سوانەی ماڵانی گەڕەکە رەسەنەکانی تیا نابینم،دیوار ی خشت و بەردی مەڵکەندیی و ماڵە کلتورییەکان بانگم ناکەن یادگارییەکانم بیرخەنەوە ؟، ھەموی روخێنراون یان بونەتە تەلاری زەبەلاحی بێ ئەندازەیی و نەگونجاو ئیتر بیری چی بکەم ؟!ھیچی بەسەر ھیچییەوە نەماوە!، کوێی سلێمانی جارانم بناسمەوە !.

 حەز بە کامە پیاسە و گەڕانی سلێمانی بکەم ؟! بۆچی جارانە بەشۆستەکەی توی مەلیکا سەربکەوم تا نزیکی تانکییەکە ھەر فریای دەست بەرز کردنەوە بکەوم و سەلام بۆ ئەو و ئەم بکەم،وەڵامی ئەویان و ئەمیان بدەمەوە، کامە گەڕان و پیاسە،ئایا کچە جەوانەکان بە جلوبەرگە ئاڵ و واڵاکان، ژنە،بەتەمەنەکانیش بە سەرپۆشە سپیە جوانە مەل مەل و جورجێتە کانی کوردەواریی بە روخسارە راستەقینەکانیانەوە دەبینم ؟!،کوڕ و پیاوە شیک و روخسار نورانییەکان لە ناوبازاڕ و سەرجادە و ناو پاس و دائیرەکان ئەبینم؟!،یا دەعجانە بورقەع و مەقنەعە و حیجاب بەسەر و، پیاوە ریش ئەستور و روخسار تاریک و ناشیرین و شەڕواڵ کورتەکان ئەبینم ؟! حەز بە پیاسەی کوێ بکەم ! ھەمو شار سیخناخی تاکسی و تومبێل و ماتۆڕە ؟! پیاسەی ئێوارانی چی بکەم کە نەتوانم وەک گۆران و شاعیرانی تری جوانیی، لێو و ئەبرۆ و چاو و سەرکوڵم و گونای کافوریی و لەش و لار و رۆیشتنی بە رەوتی کەو و لەنجەی تاوس و قومریی خواکردی کیژە نازدارەکانی جارانی شارەکەم وێنا بکەم،ئەمێستا روخسارەکان یا بە چادرێک دەڕابە ئاسا دادراونەتەوە،یا چاو و ئەبرۆ و سەرکوڵم و لێوە کان ھەموی دەستکردن نەک سروشتییەکەی جاران !،ھەمویان لەیەک ئەچن!.

 ئەمێستا نە من ئەم شارە ئەناسمەوە،نە شاریش من ئەناسێت،گورانییەکەی (خۆم غەریب)ەکەی، سابیر کوردستانی بۆ ئێمەی شاریی شایستەیە.کۆڵانەکان، نەبۆنی گڵی دوای ئاوڕشێنی عەسرانیان دێت،نە دۆشەک و لێفەی ناو چیغی سەربانەکانیش سارد سارد ئەبن چاوەڕێی لەشی ماندوبوی گەرمی خاوەنەکانیان ئەکەن ! جادە و بانەکان بۆنی خەلیج و تۆرابۆرا و ئارەقەی چڵکنە شمشێر بەدەستەکانی چواردە قەڕن لەمەوپێشیان لێ دێت ! بە من نامۆن!ئیتر یادگاریی لە کوێ تیاماوە. بۆچی بیری سلێمانی بکەم ؟ ھاوڕێ کانی گەڕەک و پۆلەکانی قوتابخانەم ئەبینمەوە ؟! کچ و کوڕ و نەوەی ھاوڕێ و دۆستەکانم لە شەقام و بازاڕەکان ئەبینمەوە؟،نەخێر گیانە لەجێی ئەوان بێگانە کان ئەبینمەوە،ئەوان بونەتە خاوەن ماڵ،منیش بێگانە. جاران شارەکەی من بە فیکر و بیری نوێ بە ناوبانگ بو،ئەمێستا بیری وشکی سەدەکانی ناڤین باڵادەستە،داخم ناچێت سلێمانی، بوەتە سوخرە کێشی ئالی عوسمان و میتی تورکیا، دەستەیەک بە بەرگێکی عەوام فریبانەی کوردایەتیی، بە ئاوازی فاشیەت،وەفاداریی زۆرە ملێ بۆ رابەرێک، تیایدا باڵا دەستە ھەقی داوە بەخۆی ھەموان لێرەش وەک لای خۆیان دوای یەک حزبیی و یەک رابەریی بکەون !. ھەمووشتێک لە سلێمانی گۆڕاوە کوچەو کۆڵانی تیا نەماوە سەراپا بوەتە،مۆڵ و گەڕاج و سیتیی و تەلاری ھەڕەمەکی بێ مانای ھەور بڕ. بۆیە پیاسەی ئێوارانی تیا نەماوە!، ھەموی بە من نامۆیە رەنگی ئەوسایان پێوە نەماوە، خەڵک و جادە و بازاڕیشی بە من نامۆن،چیتر شاری ئەوین و جوانیی نییە، شاری ژەندرمە و پاسدارانە، بە زمانێک قسە ئەکەن کە من لێیان تێ ناگەم، بەرگێکیان لەبەردایە لە ھی من ناچێت !، ناوێکیشیان لەخۆ ناوە کەبە ئێمەی شاریی نامۆیە !، ئەوانە وەک ئاژەڵە دڕندەکان بچنە ھەر شار و دەڤەرێک سنورێک ئەکێشن و ئەیکەنەتاپۆی خۆیان و باخ و ئاوی خەڵک ئەکەن بە تەویلە و لەوەڕگا. ئێستا سلێمانیەکەم و،شارباژێڕ، قەرەداغ، پشدەر، بیتوێن و گەرمیانەکەشمانیان کردۆتەتاپۆی خۆیان، ئەگەر قسەش بکەم، ناسنامەی راستەقینەیان پێ بڵێم ئەوان کێن ؟ بە وڵات فرۆشم ناو ئەبەن،شار بەدەرم ئەکەن، ئیتر بۆچی بیری سلێمانی بکەم کە شاری من نیە،شاری بیر تاریکەکان و ئەوانە. ئیتر سلێمانی شاری ئێمە نییە،شاری ئەوانەیە کوردستان بە موڵکی خۆیان و ئێمەش بە دەخیل،سلێمانی ھی ئەو ریش پانانەیە کە بێ شەرمانە بەشان و باڵی تاڵیبانا ھەڵئەیەن و مەرامیانە مۆدیلەکەی ئەوان لە سلێمانیش باڵا دەست بێت، ئیتر من مەیلی پیاسە دەم و ئێوارانی شارم بۆ ھەبێت !تا شاریش بەو نەوعە بێت ئیدی پێویستیش ناکات خاکی ئەو شارە نامۆیە لە خۆیم بگرێت و ئازارەکانم رابژەنێت !.لە مێژەیشە حەزرەتی سالم بە حەزرەتی نالی وتوە:-

" توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم

بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر".


ئەم بابەتە 136 جار خوێندراوەتەوە