Parya.jpg

بیری ئەوە ناکەیت کەسێک هەبێت و خۆشتبوێت؟

پەریا پێشڕەو حەمەجان

 The Age of Adaline(2015) سەردەمی ئادەڵاین

  دەرهێنەر: لیلی تۆلاند کریگەر

ئەکتەران: بلەیک لیڤلی، ماکیەڵ هوسمان، هاریسن فۆرد

کات: 112 خولەک

خەڵات: خاوەنی خەڵاتێکە و پاڵێوراوی 9 خەڵاتە

بودجەی تەرخانکراو: $25 ملیۆن

رەیتین: 7.2

زمانی فیلم: ئینگلیزی

جۆری فیلم: درامی، خەیاڵی، ڕۆمانسی

 

سەردەم، یان چاخی ئەدەلاین، یەکێک لە فیلمە ئێجگار ناسک و غەمگینەکانی دەرهێنەری ئەمریکی لیلی تۆلاند کریگەرە. فیلمەکە باسێکی تێکەڵە لە ڕاکردن و عاشق بوون و ڕوداوگەلی سەیر...

چیرۆکی فیلمەکە: پاش نیوەڕۆیەک لە سان فرانسیسکۆ ، ئادەڵاین بۆومان لە شوقەیەک ناسنامەیەکی ساختە دەکڕێتەوە پێش ئەوەی بگەڕێتەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی خواردن بە سەگەکەی بدات. دواتر دەچێتە شوێنی کارەکەی و سندوقێک دەکاتەوە، کە شریتی فیلمی ژیانی ئەدەڵاین دەگێڕێتەوە.

 ئەو یەکەم منداڵ بوو کە لە شەوی سەری ساڵی 1908 لە سان فرانسیسکۆ لە دایک بوو. دواتر ئادەڵاین هاوسەرگیری کرد و کچێکی بوو، بەڵام لە ساڵی 1937دا لە کاتی دروستکردنی پردی گۆڵدن گەیت هاوسەرەکەی لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا کۆچی دوای کرد. لە دوای دە مانگ، ئادەڵاین تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بوو، ئەدەڵاین بۆ باکوور لێی دەخوڕی بۆ ماڵی دایک و باوکی کە لەسەر کەنار دەریا بوو، کاتێک شتێکی نائاسایی ڕووی دا، بەفر باری لە ناوچەی (سۆنۆما)ی کالیفۆرنیا، بەهۆی بەفرەکەوە ئەدەڵاین نەیتوانی پێش خۆی ببینێت و خۆی کرد بە ڕەزێکدا و کەوتە ناو دەریاچەکەوە، جەستەی ئەدەڵاین تووشی کاردانەوەی کەم بوونەوەی ئۆکسجین دەبێت و دەستبەجێ هەناسەی ڕادەگرێت و لێدانی دڵی خاو دەبێتەوە و لە دوو خولەکدا پلەی گەرمی بۆ 87 پلە بەرز دەبێتەوە و دڵی لە لێدان دەوەستێت. بەڵام لە ناکاو شتێکی زۆر نائاسایی تر ڕوویدا، زیاتر جادوویی، هەورە تریشقەیەک لێیدەدات و زیندووی دەکاتەوە. لەو ساتەوە ئادەڵاین لە باری جەستەییەوە 29 ساڵ ماوەتەوە.

شەوێک دوو ئەفسەری FBI گومانی لێدەکەن و هەوڵ دەدەن ئەدەڵاین ناچار بکەن لەگەڵیان بچێتە فڕۆکەیەکەوە و بیبەن بۆ ئەوەی توێژینەوەی لەسەر بکەن، بەڵام ئەو هەڵدێت و بۆی دەردەکەوێت کە دەبێت هەموو ژیانی بە ڕاکردن بەسەر بەرێت. لە دوای ئەو شەوەوە بە پێی سەردەم ناسنامە و ناونیشانی خۆی دەگۆڕێت، لە کاتێکدا فلێمینگـ-ی کچی تەمەنی بە ئاسای سەردەکەوێت تا ئەو شوێنەی کە لە ئەدەڵاین گەورەتر دەردەکەوێت.

لە سەری ساڵیدا، ئەدەڵاین لە ئاهەنگێک ئامادە دەبێت و چاوی بە ئێڵس جۆنس دەکەوێت، و خۆی وەک نازناوە هەنوکەییەکەی جێنیفەر دەناسێنێت. ئێڵس داوا دەکات کە دووبارە یەکتر ببیننەوە بەڵام ئەدەڵاین ڕەتیدەکایەوە، چونکە دەزانێت کە هەرگیز ناتوانێت عاشق بێت و لە پەیوەندییەکی خۆشەویستیدا بێت لەگەڵ کەسێکدا و دواڕۆژێکی ئاسایی هەبێت. ڕۆژی دواتر لە کاتی کارکردندا، ئێڵس دەچێتە لای و دووبارە داوا لە ئەدەڵاین دەکات کە لەگەڵیدا بچێت بۆ ژوانێک، و ئەدەڵاین لە کۆتایدا قبوڵی دەکات.

لە دوای ماوەیەک لە پەیوەندییەکەی ئادەڵاین و ئێڵس-دا بەیانییەک ئەدەڵاین بە تەکسییەک بەلای پارکێکدا تێپەڕ دەبێت و ئەوەی بەبیر دێتەوە کە پێشتر لەو پارکەدا پیاوێک چاوەڕێی کردووە و ویستی ئەوەی هەبووە کە داوای هاوسەرگیری لە ئادەڵاین بکات، ئادەڵاینیش زۆر ترساوە و داوای لە شۆفێری تەکسییەکە کردووە کە بەردەوام بێت لە ڕۆیشتن. لەبەر ئەوەش دەیەوێت کە ئێڵس لە خۆی دوور بخاتەوە.

لە هەمان ڕۆژدا سەگەکەی ئادەڵاین نەخۆش دەکەوێت و ئادەڵاین بە تەواوی دەست دەکات بە پشتگوێخستنی پەیوەندییەکانی ئێڵس، دواتر ئێڵس دەچێت بۆ شوقەکەی و ئادەڵاین دووری دەخاتەوە و پێی دەڵێت کە بڕوات. کاتێک ئادەڵاین چاو لە چەند وێنەیەکی کۆن دەکات بۆی دەردەکەوێت کە نایەوێت سەد جار هەمان ساڵ بژی بێ ئەوەی ژیانێکی سروشتی هەبێت.

دواتر کێشەکەیان لەگەڵ ئێڵس چارەسەر دەکەن و ئێڵس داوا لە ئادەڵاین دەکات کە لەگەڵی بچێت بۆ ئاهەنگی چلەمین ساڵیادی هاوسەرگیری دایک و باوکی، ئادەڵاینیش قبوڵی دەکات. لەکاتی گەیشتنیان ئێڵس ئەو بە باوکی دەناسێنێت، ولیام، کە دەستبەجێ دەیناسێتەوە و بە ئادەڵاین ناوی دەبات، کە وادیارە ئادەڵاینیش ئەو بناسێتەوە، بەڵام ڕاستیەکە ناڵێت و پێی دەڵێت کە ئادەڵاین دایکی بووە، و کۆچی دوای کردووە. دواتر لە یادەوەری ئادەڵایندا ئەوە دەبینین کە چۆن ئەو و ولیام یەکتریان ناسیوە، و دەردەکەوێت کە ئەو پیاوەی ئەڵقەی هاوسەرگیریەکەی پێبووە ئەو بووە. شەوێک، ئێڵس بە ئادەڵاین دەڵێت کە عاشقی بووە.

ڕۆژی دواتر، ئادەڵاین لەگەڵ ولیام لە دەرەوە قسە دەکەن و ولیام تێبینی جێگەی برینێک دەکات لەسەر دەستی ئادەڵاین، و زۆر دەترسێت، ئەوەی بیر دەکەوێتەوە کە پێشتر لە کاتێکدا پێکەوە دەچن بۆ شاخەوانی ئادەڵاین دەستی دەبڕێت و ولیام خۆی بۆی دەپێچێتەوە و برینەکەی بۆ تیمار دەکات. لەو کاتەدا بە ڕاستی بۆی دەردەکەوێت کە ئەوە ئادەڵاینە. ئادەڵاین زۆر ناڕەحەت دەبێت و دەیەوێت بڕوات ولیام لێی دەپاڕێتەوە کە نەڕوات لەبەر خاتری ئێڵس، بەڵام ئەو دەڵێت کە نازانێت چۆن بمێنێتەوە و هەڵدێت و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکە، و نامەیەک بۆ ئێڵس دەنووسێت لە کاتێکدا لە دەستشۆرە و پاشان شتەکانی دەپێچێتەوە و بەجێی دێڵێت. چەند ساتێک دواتر ئێڵس نامەکە دەدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی باوکی دەکاتەوە، کە ڕەتی دەکاتەوە ڕوونکردنەوە بدات.

لەکاتی لێخوڕینی بۆ ماڵەوە، ئادەڵاین بیر لە هەموو ئەو  کاتانە دەکاتەوە کە ڕایکردووە، و لەناکاو هەست بە شتێکی جیاواز دەکات لە دڵیدا. ئەو دەوەستێت و دەیەوێت پەیوەندی بە کچەکەیەوە بکات بۆ ئەوەی پێی بڵێت کە لەمەودوا نایەوێت ڕابکات. کاتێک دەیەوێت بە ئۆتۆمبێلەکە پێچ بکاتەوە، بارهەڵگرێک خۆی لێدەدات و ئادەڵاین تووشی ڕووداوێکی زۆر سەخت دەبێت و دووبارە دەمرێت. ئامبولانسێک دەگات و بەهۆی ئامێری کارەبای دیفابریلەیتەرەوە زیندوو دەبێتەوە. دواتر لە نەخۆشخانە کاتێک بە ئاگا دێت ئێڵس دەبینێت، و هەردووکیان دان بەوەدا دەنێن کە چەنێک یەکتریان خۆشدەوێت. پاشان ئادەڵاین باس لە 107 ساڵ ژیانی خۆی دەکات، کە چۆن بەردەوام ڕایکردووە و لەوە ترساوە کە ناسنامەی ڕاستەقینەی ئاشکرا بێت.

دوای ساڵێک، ئێڵس و ئادەڵاین بۆ ئاهەنگی سەری ساڵ دەڕۆن، لەگەڵ ڕۆیشتنی تێبینی شتێکی سەیر دەکات لە ئاوێنەی ڕاڕەوەکەدا، یەکەم تاڵە قژی خۆڵەمێشی، ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئادەڵاین چیدیکە وەکو مرۆڤێکی ئاسای تەمەنە سروشتییەکەی بەردەوام دەبێت و پیر دەبێت. کاتێک ئێڵس دەپرسێت کە ئایا ئەو باشە، ئەو لە وەڵامدا دەڵێت کە: "بەڵێ، زۆر باشە."


ئەم بابەتە 154 جار خوێندراوەتەوە