Xasraw.jpg

وەزیفەی شیعر

خەسرەو میراودەلی

 لە پرسیار کردن لە وەزیفەی شیعر، لە دنیای ئەدەبی ئێمەدا، لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی نەوەدویەکیشەوە بەتایبەت، بووە بە پرسیارێکی بەردەوامی بێوەڵام، بەڵکو پرسیارێکی ئیشکال ئامێزی ئەبەدییە. نەوەی پێش ڕاپەڕین کە بەناچاری هاوڕێی کێشە سیاسی و نەتەوەییەکان بوون، تێوەگلاو لە ئایدۆلۆژیات ناسیۆنالیستی یان مارکسیستی، یاخود لانی کەم گیرۆدە بە جیهانبینی کۆن و بەسەرچوو سەبارەت بە شیعر و کۆی بابەت مەعریفییەکان، کەوتونەتە ناوجەرگەی تێڕوانینە ترادسیۆنیەکان. لێرەوە چەندی هەوڵبدەن بکۆشن، مەگەر بەدەگمەن، دەنا لە باوەڕبوون بە ئایدۆلۆژییەکانی شیعر دەرباز نابن.

 لە بەرامبەر ئەم نەوەیەدا نەوەیکی دیکە هەیە کە بەرهەمی دوای ڕاپەڕین و، ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەم و دواترە، نەوەیەک کە کەم تا زۆر مۆدێرن و دوور لە ئایدۆلۆژیای تۆتالیتێر و نازانستییە، قوتارە لە حەکایەتە گەورەکان، سەبارەت بە ئەرک و وەزیفەی شیعر دۆشداماوە! ئەرێ بەڕاست شیعر هیچ وەزیفەیەکی هەیە؟! هەیانە دەڵێت بێ وەزیفەیە، هیچ ئەرکێکی دیاریکراوی نییە!! لە باشترین حاڵەتدا   دەڵێن ئەرکەکەی تەنیا جوانییە یان چێژە!

 وەک دیارە ئەم نەوەیەکەمێک لەبابەتەکە چووەتەپێش، تۆزێک بەرچاوی ڕۆشنبۆتەوە، بەڵام ئەمیش دیسان سەبارەت بە ماهیەت و جەوهەری مەسەلەکە هێشتا هەر تیاماوە و بابەتەکە بەجۆرێک لە تەمومژەوە دەبینێت و بڕیاری لەسەر دەدات!

 واپێدەچێت لە هەمووی سەیرتر بەتاڵکردنەوەی شیعربێت لە ئەرک و وەزیفە! لە کاتێکدا ئەو هاوڕێیانە لەو ڕاستییە سادەیە بێ ئاگان کە خاڵی کردنەوەی شیعر لە وەزیفە، مانای بێهودەکردنیەتی، لەو سۆنگەیەوە گەر شیعر ئەرکێکی دیاریکراو یان گرنگی نەبێت، هەبوونی بۆ؟!

هەر چەشنە بابەتێک گەر ئەرکێک ئەدا نەکات ئەدی گوایا چی دەکات و بۆچی ببێت؟!

هەندێک لەو هاوەڵانە دەڵێن شیعر خاوەنی ئەرکێکی ئەنتۆلۆژییە، پرسیارە بێوەڵامە چارەنوسسازە جاویدانیەکان بە چەشنێکی دیکە دەخاتە ڕوو، یان بە جۆرێکی دیکە لەو بابەتە فەلسەفییە وجودیانە دەدوێت کە تایبەتە بە زمان و ستایلی خۆی وەک شیعر،

هاوڕێیانێکیش ئەرکی شیعر لە جوانی یان چێژدا دەبینن، بێگومان ئەرکی یەکەمی شیعر گەیاندنی جوانی یان چێژە. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە هەندێکجار ئەم ئەرکە بەراورد بە ئەرکە تیۆریە یان مەعریفیەکانی دیکە بەکەم سەیردەکرێت! وەکئەوەی جوانی یان چێژ بۆ خۆی بەشێک نەبن لە بەرهەمەکانی مەعریفە!

لە کاتێکدا کە جوانی و چێژ دوو بابەتی سەرەکی لە لقێکی سەرەکی فەلسەفەدا، کە ئیستاتیکایە. پێموایە بۆ تێگەیشتنی ئاسانتر و ڕونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە، بەراوردکردنی نێوان شیعر و گۆرانی یان موزیک کارێکی باشبێت.

ئێمە کە گوێ لە موزیکدەگرین واهەستدەکەین دەقێکی شیعریمان بۆ دەخوێندرێتەوە، لە بەرامبەردا کە شیعرێکیشمان بۆ دەخوێنرێتەوە، وادەزانین گوێ لە جۆرێک لە موزیکدەگرین، ڕەنگە ئەودەمەی قەسیدەیەک بە موزیکەوە دەخوێنرێتەوە پتر لە نهێنی پەیوەندییەکە تێبگەین.

هەرچەندە لە ڕاستیدا لەمڕۆدا هەم شیعر و هەم مۆسیقاش لەوە زیاتر ڕۆشتوون لە ڕوانگەیەکەوە دەقی ئەمڕۆی شیعری دەبێت بێدەنگ بخوێنرێتەوە!

سەبارەت بە مۆسیقاش ئەوە ڕونە تا کوێ ڕۆشتووە بەڵام دەشێت ئەم چەشنە بەراوردە بۆ ئێمە مانایەکی هەبێت و شتێک ڕونبکاتەوە.

کەمنین ئەو گۆرانیانەی شیعر شیرینی کردون، وەک چۆن ئەو شیعرانەی گۆرانی گیانی بەبەردا کردوون. ببورن لەبیرم چو لە سەرەتادا ئەو هەڵوێستە سەیرەی لەمەڕ خۆمان سەبارەت بە ماهیەت و هەقیقەتی وەزیفە بخەمە ڕو. کە بریتییە لەوەی لە دنیای ئێمەدا ئەرک و وەزیفە تەنیا وەک ئەرک و وەزیفەی کۆمەڵایەتی یان سیاسی یاخود پەروەردەیی دەبینرێت، واتە ئەگەر لەم چوارچێوەیە دەرچو، ئیدی شیعر هەر ئەرکێکی دیکەی هەبێت بە ئەرک هەژمار ناکرێت، وە شیعری داماو بێکار و بێمانا دەمێنێتەوە، بێ ئەرزش و بێ بەها!


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە