Bayan1.jpg

گوێسەبانەی ڕۆحم لە دووتوێی گەڕەکی چوارباخدا

بەیان ئیبراھیم

دێم بمناسەوە

سەرپۆشە سپیەکەی دایکم پێیە

پڕە لە حیکایەتی نەوتراو

پڕەلەجریوەی ئەو چۆلەکانەی

گۆرانی بۆ گوێسەبانەکان دەڵێن

کە هاتم

دەبمە لانەی دڵنیایی تەیری عەبابیلە فێریان دەکەم

لە ئەزمەڕ سلێمانی بنوسنەوە

بەفر بکەنە فرمێسکی زستان

ئەم ئێوارەیە زۆرساردە

شار بۆنی بەفری گرتوە

ڕیشۆڵەکان بەرەو خواردێن

تەم باڵای گویژەی گرتوە

دێم بمناسەوە

دەبمە دایکی کوڕێکی هار و هاج

کوڕ دەبێ بە جەنگیزخان و

نەرمی ئاوەکان دەنوسێتەوە

کەشتیەکەی پڕلە گوڵجاڕ

کە دێ خۆیی و سوپاکەی گوڵ دەبەخشنەوە

دێم وەک مریەم

دوو گیانم بە عیسا

بە خاچەکان بڵێن

کڕنۆش بەرن

دێم وەک دایکی موسا

نیل دەکەمە دەفتەری نوسینەوەی

جوانیە ڕژاوەکانی گۆیژە

نیل بە دوای خۆما ڕادەکێشم

تادەگەمە مامە یارە

ئۆخەی گردەکەی یارە

چەن شیرینە و نازدارە

دێم پڕ چنگێ

فرمێسکی پێغەمبەرەکان و

پڕ چاوێک معجیزە و

پڕ گوێیەک سەدای دەنگی سۆفیەک

بە یەخەمەوە هەڵواسراوە

کە هاتی وام لای بیرەکەی یوسف

ئاوی زمزمی تێدەکەم

دێم بمناسەوە

بە سواری بۆراقێکەوە دێم

باڵەکانی کوفر لێی سەندون

ئاسمانەکانی خاڵین لە فڕین

وەرە و بمناسەوە

دایکی ئیسماعیلم

لە چوارباخ قوربانی دەکەین

لە بری خوێن گوڵ دەبەین بە قوربانی

کە هاتی بمناسەوە

شیعرێکی ساوا لە باوەشمایە

سەرپۆشێکی سپی بە سەرمەوەیه

بەفر پێی بەخشیوم

بۆنی تەوافی کەعبە و

مزگەوتی گەورەی لێدێ

دێم بمناسەوە

دڵێکی ئاوی و

چاوێکی نێرگسی و

خەندەیەک پڕ لە گریان 

کە هاتی خۆت و قورئانەکەت

پڕ بکە لە بۆنی دایکایەتی و

منیش پێت دەڵێم :

گیانە لە پڕخەی خەونی خەومدا

پێ بنێ وە بان هەردو دیدەمدا.

 تێبینی:

لەم دەقەدا سێ کورتە شیعری شاعیرانم تێکەڵ بە تێکستەکەم کردوە بۆ وەبیر ھێنانەوەی یادەوەریەکان ھەریەک لە شاعیر اسماعیل خورماڵی و وەلی دێوانە و بەنگینەی شاعیرناز باوی فەیزوڵا باقر ئەحمد.


ئەم بابەتە 319 جار خوێندراوەتەوە