Pyaw.jpg

پیاوە چاوجوانەکە

بۆکۆڤسکی - وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

کە مناڵ بووین

ماڵێکی سەیر هەبوو

هەمیشە و لە هەموو کاتەکاندا پەردەکانی دادرابوونەوە

هەرگیز لەو ماڵەوە گوێمان لە دەنگێک نەدەبوو

گۆڕەپانەکەی پڕ بوو لە درەختی حەیزەران

ئێمەیش حەزمان لێ بوو لە نێویاندا وازی بکەین

وامان نیشان دەدا کە کەسێک لە ئێمە بۆتە تەڕەزان (ئەگەرچی جاینمان لەگەڵ نەبوو)

حەوزێکی تیابوو پڕ لە ماسی ئاڵتوونی و قەڵەو

ماسیەکان بێوەی و دەستەمۆ بوون

دەهاتنە سەرەوە و ئەو پارچە نانانەیان دەخوارد کە ئێمە دەماندانێ

باوکەکانمان پێیان وتین:

نەچن بەلای ئەو ماڵەدا

هەر لەبەرئەوەیشی کە ئەوان وایان وت، ئێمە چووین

لەخۆمان دەپرسی، بڵێی کەس لەو ماڵەدا بژی؟

چەند هەفتەیەک تێپەری و کەسمان لەو ماڵەدا نەبینی

رۆژێک لە رۆژان

گوێمان لە دەنگێک بوو لە ماڵەکەوە هات

(ئەی قەحبەی نەفرەتی)

دەنگی پیاوێک بوو

پاشتر بە توندی دەرگاکەی کردەوە

پیاوەکە هاتە دەرەوە

بەدەستی راستی پەرداخێک ویسکی هەڵگرتبوو کە چارەکێکی پڕ بوو

هەر لە سی ساڵێک دەچوو

جگەرەیەکی بە دەمەوە بوو

دەموچاوی پێویستی بە تاشینێک دەکرد

قژی لوول و شانە نەکرابوو

پێی پەتی بوو

فانیلەیەک و پانتۆڵێکی لەبەردابوو

بەڵام چاوەکان گەش بوون و دەدرەوشانەوە

چاوەکانی بریسکەیەکیان هەبوو کە پێشتر نەمانبینیبوو

ئەو وتی:

((بەڕێزە بچکۆلەکان، بە هیوام کاتێکی خۆش بەسەرببەن؟ وا نیە))

پاشان تۆزیک پێکەنی و گەڕایەوە بۆ ماڵەکە

ئێمە دوای ئەوە ڕۆیشتین

گەڕاینەوە بۆ گۆڕەپانەکەی ماڵی خۆمان

بیرمان لەوە دەکردەوە کە لەبەردەمماندا ڕوویدا

وەک دوای بیرکردنەوە لێی، بڕیارمان دا، باوکەکانمان دەیانویست بەلای ئەو ماڵەدا نەچین

چونکە حەزیان بە بینینی پیاوێکی لەو چەشنە نەبوو

پیاوێکی بەهێزی ڕاستەقینە، چاوجوان

باوکەکانمان هەستیان بە شەرم دەکرد

چونکە وەک ئەو پیاوە نەبوون

هەربۆیە دەیانویست بەلای ئەو ماڵەدا نەچین

بەڵام دواجار گەڕاینەوە

گەڕاینەوە بۆ لای ماڵەکە و درەختی حەیزەرانەکان

گەڕاینەوە بۆ لای حەوزەکە و ماسیە ئاڵتوونیە دەستەمۆکان

چەندین جار گەڕاینەوە

چەند هەفتەیەک لەسەریەک، بۆی چوینەوە

بەڵام نە پیاوەکەمان بینیەوە و نە گوێمان لە دەنگی بوو

وەک هەموو جارێکی تر پەردەکانی ماڵەکە دادرابوونەوە

کەشەکە ئارام بوو

کەجی رۆژیک لە رۆژان

کە لە خوێندنگە دەگەڕاینەوە، بینیمان ماڵەکە بە تەواوەتی سووتاوە

هیچی لێ نەماوەتەوە

هەیە و نیە کەمێک کەلوپەلی ناوماڵە کە بوون بە خەڵووز

چوین بۆ لای حەوزی ماسیەکان، یەک دڵۆپ ئاو چیە، نەمانبینی

ماسیە ئاڵتونیە پرتەقاڵیەکان کەوتبوون و مردار دەبوونەوە

گەڕاینەوە بۆ گۆڕەپانەکەی گەڕەکەکەمان

باسی ئەوەمان کرد کە ڕوویدابوو

وا بڕیارمان دا کە باوکەکانمان ماڵەکەیان سووتاندووە

خەڵکەکەی و هەموو ماسیە ئاڵتوونیەکانیشیان کوشتووە

تەنها لەبەرئەوەی هەموو شتێکی ئەو ماڵە جوان بوو

دارستانە بچکۆلەکەی دارحەیزەرانەکانیش نیە، تەنانەت ئەوەیشیان سووتاندبوو

باوکەکانمان دەترسان

لە پیاوە چاوجوانەکە دەترسان

پاشتر ئێمە ترسمان لێ نیشت

ترس لەوەی کە بەردەوام لە ژیانماندا شتی وا ڕوودەدات

ئەوەی کە کەس حەز بە بینینی کەسێکی تر ناکات

کەسێکی وەک ئەو پیاوە جوان و بەهێز

ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانی تریش ڕێگە نادەن، جگە لەوەی کە خەڵکێکی زۆر لەو پێناوەدا دەمرن


ئەم بابەتە 121 جار خوێندراوەتەوە