Nwsyar1.jpg

براوەکانی خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم 2021 ڕاگەیەندرا

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا دەستەی ڕاپەڕاندنی خەڵاتی نووسیار بۆ کتیبی یەکەم 2021، ناوى سه‌جه‌م براوەکانى خه‌ڵاته‌كه‌ى بۆ (شیعر)، (چیرۆک) و (ڕۆمان) راگه‌یه‌اند.

له‌ به‌شێكى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "لە دوای کۆتایی خولی یەکەمی ئەم خەڵاتە و بۆ ساڵی دووەم و دوای کۆکردنەوەی تێبینی و سەرنجی ڕاوێشکارانمان هەڵمەتی کۆکردنەوەی بەرهەمی بەشداربووانمان کۆکردەوە و دوابەدوای ئەوەش تیمێکی نوێی دادوەرانمان درووستکرد. وەک چاوەڕوانکراو بوو بەرهەمێکی زۆرتر و باشتر گەیشتە دەستمان و دوای پاڵاوتن سەرجەم بەرهەمەکانی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان ناوی نووسەر و سیڤییەکانیان دەرهێنران و لەبری ئەوە کۆدی تایبەتی خۆیان وەرگرت و نیردران بۆ لیژنەی دادوەران".

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شكراوه‌، كه‌ ئێستا یەکەمین کتێبیان چاپ و بڵاودەکردۆته‌وه‌ و كه‌ لە لایەن لیژنەی دادوەرانەوە متمانەی وەرگرتووە.

له‌ كۆتایشدا هاتووه‌: "بۆ ئەوانەی هەڵەنەبژێردران، ئەمە مانای ئەوە نییە بەرهەمەکانتان خراپ بن یان لە ئاستێکی نزمدابن؛ بەڵکوو لە ئاست پێوەری دادوەرەکان و مەرجی خەڵاتەکە نەدەگونجان و هەمیشە هەوڵدانی بەردەوام دەبێتە کاری پیشەیی نووسینتان. بە هیوای ئەوەی ئەزموونێکی باش بێت بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆژەی نووسینتان".

ناوی براوەکان

دەنگی نوێی ئەدەبی کوردی

سروشت نەوزاد/ براوەی شیعر بۆ کۆمەڵە شیعری (کێڵگەی بەتاڵ)

 کامۆ ئاراز/ براوەی چیرۆک بۆ کۆمەلە چیرۆکی (لایۆرۆنا)

ڕەوا زەیدان/ براوەی ڕۆمان بۆ ڕۆمانی (مەرگی نادیار)

 

ناوی لیژنەی هەڵسەنگاندن:

خەڵاتی نووسیار بۆ کتێبی یەکەم 2021

فەرهاد شاکەلی و سەباح ڕەنجدەر / شیعر

بەیان سەلمان و میران ئەبراهام / چیرۆک و ڕۆمان

سیڤیی براوەکان

سروشت نەوزاد: لە دایکبووى ساڵی 1991 نیشتەجێی شارۆچکەی سەید سادق. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری زانستی ئابوری. لە زۆربەی ماڵپەڕە ئەدەبی کولتورییەکان بەرهەمەکانی بڵاوکردۆتەوە.

کامۆ ئاراز: لە دایکبووی ساڵی 1996 نیشتەجێی شاری نیس لە فەڕەنسا. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمانی ئینگلیزی. بۆ مایەوەیەک وەک وەرگێڕ لە ڕاپۆرتەکانی کەناڵی بی بی سی کاری کردووە. ئەندامێکی کارایە لە ناوەندی هزر.

ڕەوا زەیدان: لە دایکبووی ساڵی 1996 لە شاری سلێمانی. خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە بواری زانست و پەروەردە. چەندین چالاکی هەبووە لە بواری ئەدەب و پەروەردە.

 نووسیار لە چەند دێرێکدا:

لە هەوڵێکی نوێ و لەژێر ئەو کەلێنە زۆرەی دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەدا، (نووسیار) هەوڵدەدات ببێتە دەروازەیەک بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب بە چەندین زمانی جیهانی. ئەم خانەیە دەبێتە پردێک لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و چەندین کتێب بە زمانی کوردی و زمانەکانی تر بڵاودەکاتەوە، هەروەها جەخت لەسەر کاری وەرگێڕانیش دەکات لە زمانەکانی تر بۆ کوردی و بە پێچەوانەوە.

خانەیەکی سەربەخۆیە و تەنها ئامانجی گەیاندنی ڕۆشنبیرییە و ئیشکردنە لە سەر بەدەرخستنی ڕۆشنبیری و دیدی جیاواز و دونیای جوانییەکان.وەک کارێکی نوێ بڵاکراوەکانی”نووسیار” هەڵدەستێت بە دابینکردنی ژمارەی پێناسەی هەر کتێبێک کە بە ژمارەی ISBN ناسراوە یان ژمارەی نێودەوڵەتی کە نووسینگەی تایبەتی خۆی هەیە کە سەر بە ڕێکخراوێکی نێودەڵەتییە بە سپاردن و پێدانی ئەوژمارەیە، هەتا لە زۆربەی تۆڕەکانی نێت یان فرۆشگاکانی کتێب و کتێبخانەکان کتێبکە پێناسەی خۆی هەبێت. بڵاوکراوەکانی نووسیار لە ئێستادا ئەو کۆدەی دەستەبەر کردووە لەلایەن سەنتەری کتێبخانەکانی دانیمارک، هەروەها کتێبەکانی نووسیار لە ئەرشیفی کتێبخانەی شاهانەی دانیمارک پارێزراو دەبن.


ئەم بابەتە 165 جار خوێندراوەتەوە