Shwan.jpg

سۆراغ

شوان سەعید

هەور، وەک; کچێکی دڵناسک گریا و ..

بەسەرماندا تێپەڕی.

خۆر پرتەقاڵی ناو دەستەکانی تۆ بوون

من لە دوورەوە،

بە دیارییەوە دانیشتم و بە دڵتەنگییەوە

لێم ڕوانی.

هەنووکە قاچی خۆشبەختیم شکاوە و

ناگەمەوە بەر دەرگەی ئەوینی تۆ.

پایزێکی تر

بەسەر دیواری بێدەنگی خۆتەوە،

لە خاچم مەدە!

زستانێکی تر، لەبەر تەرزەی دڵڕەقیتدا،

مەمهێڵەوە!

ئەم تەنیاییەم ڕاوەشێنە!

با کۆشم پڕ بێت لە لیمۆی نازی کچانەت.

دڵتەنگی ئەم ئێوارەیەم بەشی نیوەی دونیا

دەکات،

کە تۆ لێرەنی، بێتاقەتی شانی چەپی 

بە دەرگەکەوە نوساندووە،

ئازار دەستی لەژێر چەناگەیەتی و

نزیکی پەنجەرەکە دانیشتووە.

بەسەر ئاوازی گۆرانییەکی کۆندا 

هەڵدەخلیسکێم و

بەپەلە دەگەمەوە لای سێبەری دڵنیشینی تۆ ..

ئەی کچی گێلاس

ئەی میوەی قەدەغەی ناو خەونەکانم،

ئەوینم ژانی گرتووە

بەرلەوەی مردن لێرەوە تێپەڕێ،

کەمێک میهرەبانی خۆت، لەژێر لقی درەختەکان 

جێ بهێڵە!

نەختێک دڵگەرمی خۆت بهاوە ناو ئینجانەی

ڕۆژەکانمەوە ..

بەرلەوەی دونیا تاریک بێت،

چرایەک بەسەر دڵی شەوەکاندا هەڵبواسە!

شەپقەی خۆزگەیەک لەسەر دەکەم و

نازانم کەی دەگەمەوە لای دەستەکانی تۆ،

خولیای دیدارێکت بەشانما دەدەم و

لەناو کاسێتێکی شکاودا

بەدوای تۆزێک دەنگی تۆدا دەگەڕێم ..

ئێستا، کە دەستی بینینم کورتە و

ناتوانم 

سێبەرەکەت بەسەر گوڵی باخچەکانەوە ببینم،

هەزاران پەپولەی مەراق

بەسەر دڵمەوە هەڵنیشتووە.

وەک کاتژمێرێکی شکاو ڕۆژەکانی

دووری تۆ دەژمێرم

وەک مانگی تەزیووی پەنای پەڵەهەورەکان

لەبەردەمی ساردوسڕیتدا هەڵ دەلەرزم،

لەناو قەفەسی چۆڵی زمانتا زۆر لەمێژە

باڵەکانم هەڵوەریوە.

زەمەنێکە دووریت دەستی لێ وەشاندووم

ئاسوودەیی، تەرکی کردووم

مەگەر لەناو هەناسەی خۆتدا

زیندانیم کەی، ئارامی بمناسێتەوە

مەگەر باوەشی خۆت بکەیت بەگۆڕم

پێکەنین بمدۆزێتەوە

خۆشویستنی تۆ..

تا دوا کۆڵانی ڕیسوایی، منەت نییە،

لەمێژە لەسەر ڕێگەی ئەوینت وەستاوم،

هەرکات لێرەوە تێپەڕبووی،

دەستم دەخەمە سەر دڵم و 

تا ساڵی سفر، بانگت دەکەم و ناوت دێنم،

تا دوا گڵۆپی شار، بەدوای بۆنی لاملتا

دەگەڕێم.


ئەم بابەتە 308 جار خوێندراوەتەوە