Shamal.jpg

ئەوکاتەی حزب دەبێت بەبت! (1984)، بەنموونە

شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانی1984 شاکارێکیتری ڕۆماننووس و نووسەری بەریتانی جۆرج ئۆروێڵە و یەکەم چاپی لەساڵی 1949لێ بڵاوبووەوەو 1984 سنوورەکانی کات و سەردەم و جوگرافیا و شوێنی تێپەڕاندووە و بووەتە شاکارێکی جاویدان و نەمرو هەرمانی و جیهانی و بەیەکێک لە ناودارترینی ڕۆمانەکانی سەدەی بیستەم و بە یەکێک لەو سەت ڕۆمانەی کەباشترین رۆمان و دە کاریگەرترین لەمێژووی مرۆڤایەتیدا پۆلینکراون هاتووەتە ژمارتن،  و بۆزۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان هاتووەتەوەرگێڕان ڕۆمانێکە لە پۆلینی ئەدەبیەوە و دەچێتە خانەو ڕیزی ڕۆمانێکی خەیاڵی -سیاسیە و ئۆروێڵ.

باس لەجیهانێکی خەیاڵی دەکات و تەنەبوئێکە کە لەداهاتودا ژیانی مرۆڤایەتی لەسایەی زلهێزەکان و سیستەمەسیاسیەکانەوە وەک ئەو دەوڵەتە پۆلیسی و قەمعی شمولییەی لێ دێت، کەئەو لەو ڕۆمانەباسی دەکات و لێی دەدوێت، ئیدی جیهان دابەش دەبێت بەسەر سێ بەرەو بلۆک و  سێ دکتاتۆر،هەر شوێنێک و دکتاتۆرێک بەڕێوەی دەبات و حوکمی تێدا دەکات،(ئۆشینیاو ئۆراسیا و ئیستاسیا)کەهێماو ئاماژەن بۆ(ئەمریکا وڕوسیاو بەریتانیا) و لەو نێوەندەدا سێ شوێنیش دەبن بە دەڤەری جێناکۆک و ململانێ و،ناکۆکی بەردەوام(هۆنگ کۆنگ و هیند و ئەفریقیاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)، حزبی ئشتراکی هەیمەنەو قەڵەمڕەوخۆی بەسەر دەوڵەتە مەزنەکانەوە دادەگرێت و برا گەورەو حزبە سۆسیالیستەکەی هەموو دەوڵەتەگەورەکان،دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە.

 نووسەر وەک بەشێکی ڕەخنەگران دەڵێن مەبەستی لەبراگەورە لەو ڕۆمانەی (جۆزێف ستالین)ی دکتاتۆری سەدەی بیستەمی سەرۆکی ڕوسیایە،کە ئۆروێڵ  لەڕۆمانەکەی بەبرا گەورە ناوی بردووە،دەتوانین بڵێین ئەوڕۆمانە هەموو ئەو حزب و حکومەت و دەوڵەت و سیستەمە تاکڕەو ستالینی و دکتاتۆر و فاشیستانە دەگرێتەوە کە هاوشێوەی براگەورەو حزبە بەناو ئشتراکی و سۆسیالیسەکەی ئۆروێڵ ناوی هێناوە، بەتایبە کۆریای باکوری ئێستا کە ڕۆمانەکە پڕ بەپێستیەتی، ئەو شاکارە سەردەمێک لە یەکێی سۆڤێت و چینی میلی و هەموو وڵاتە بەناو سۆسیالیستەکان و یلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکاو بەشێکی وڵاتانی تری دنیا قەدەخەبوو، ئەو ئەوسا ئێستایش حزبە تاکڕەو وڵاتە دکتاتۆر و سێستەمە پۆپۆلیست و دەوڵەتەپۆلیسی و سەرۆک و سەرکردە ستەم کارەکان حەز بەو ڕۆمانە ناکەن و سەر و دڵیان پێی دەگیرێت و میزاجیان پێی تێکدەچێت و لەکاتی بینینی هێڵنج و شێت بوون دەیانگرێت و بەبۆمب و و هەڕەشەو مەترسی دەزانن بۆ سەرخۆیان .

چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لەوڵاتێکی فاسدو حکومەتێکی گەندەڵ دەکات، ئەو،حکومەتەی ئیلیتە و نوخبەیەکی داماڵدراو لەمرۆڤ بوون و هەموو قیەمێک، لەئەندامانی باڵای حزب بەڕێوەی دەبەن و سەرپەرشتی دەکەن ، لەو جڤاتەی هەمووشتێک لەژێر دەست و دەسەڵات و چاودێری براگەورەدایە، ئەنزیمەیەکی قەمعی ونوخبەیەکی چەوسێنەر، بەناوی بەرگریکردن لە نیشتمان و سەروەری خاک و پیرۆزیەکانی وڵات و خەباتی چینایەتی و پڕۆلیتاریا،پێڕەوی لەدەسەڵاتێکی ڕۆنراو لەسەر تیرۆر و ئازاردان و شێواندنی ڕاستیەکان و بەرئاژووکردنی مێژوو و برسی کردنی خەڵک و بێ سەرونشوێنکردنی ئازادی  کەسەکان دەکەن و پرۆسەی هاوسەرگیری و خێزان و کارو خۆشەویستی و پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و  ستایلی جل و بەرگ و هەموو شتێک دەخەنە ژێر کۆنتڕۆل و دەستی خۆیانەوەو مرۆڤەکان لەهەموو بەهاو مۆڕاڵ و ویژدانێک خاڵی دەکەنەوەو دەیان کەن بە ئامێرێکی مردووی بێ گیان وخزمەتکاری حزب.

لەو شاکارە مەزنەدا نووسەر.

 وێنەی کۆمەڵگایەک پیشاندەدات ،کە غەرقی  دکتاتۆریەت و جەنگ و ترس و دڵەڕاوکێ و نادڵنیایی بووە. کۆمەڵگەیەکی داخراو بەسەرخۆداو دابڕاو لەدەورو بەرو بێ ئاگا لەوەی چی لەدەرەوەی سنووری ئەو دەوڵەتەی ئەوان دەگوزەرێت،کۆمەڵگەیەکی خەفەکراو مەسخکراو، کتێب و قەڵەم تێیدا یەکسانە بەتاوانی کفر و بیرکردنەوە هەرتەقەیە، کۆمەڵگەیەکی گەندەڵ، ئایدۆلۆجیای حزبێکی شمولی تێیدا حاکمەوحوکم دەکات، ئەقڵ لەکاردەخات، ومرۆڤ لە هەموو بەهاو مۆڕاڵێکی  مرۆڤ بوون دادەچۆڕێنێت ،دەیکات بە ڕۆبۆتێکی بێ هەست و خاڵی لەویژدان، چیرۆکی رۆمانەکە نەخشەڕێگای داهاتووی مرۆڤایەتی وکۆمەڵگەکان دەکێشێت، لەژێر سایەی حوکمی کەمینەیەکی خۆسەپێن و دکتاتۆر، ئازادی لە مرۆڤەکان دەسەننەوە،و،ژیان و کەرامەتیان زەوت دەکەن و تایبەتمەندییەکانیان دەشێوێنن،و مرۆڤ بە هەموو هۆکارەکانی چاودێری دەوردەدەن ،هایدگەر گوتەنی ماڵی دەکەن بەشوشە.

سیستەمێک تاقەکەسێک فەرمانڕەوایەتی وحوکمی دەکات و ناوی خۆی ناوە برا گەورە،برا گەوره کەسی یەکەمەلەوڵات و لەهەڕەمی دەسەڵاتدایە هەموو شتێک لەژێر کۆنتڕۆڵ و بڕیاری خۆیدایه،کابینەکەی حکومەتی حزبی براگەورە تەنها لەچوار وەزارەت پێک دێت.

وەزارەتی ڕاستی

گرنگی بە هەواڵ و زانین و زانیاری دەدات و لەڕاستیدا کاری ئەو وەزارەتە شێواندنی مێژوو و تەزویرکردنی وتاری ڕۆژنامەوگۆڤارەکانی دەرەرەوەو شێواندنی هەموو  ڕاستیەکان و  هەڵبەستنی درۆو بڵاوکردنەوەی ناڕاستیە.

وەزارەتی ئاشتی

گرنگی بە کاروباری جەنگ و تەقەمەنی دەدات،  ئەمیش کاردەکات بۆ بڵاوکردنەوەی تۆی ڕق و کینە،

وەزارەتی خۆشگوزەرانی

کاری سەرەکی مۆنۆپۆڵکردن و  قۆرخ کردنی هەموو سامان و بەرهەمەکانی وڵات و برسی کردنی خەڵکە>

وەزارەتی خۆشەویستی

کاری ئازاردان و بەسیخوڕیکردنی مرۆڤەکانە لەدژی یەکتری و قەدەخەکردنی خۆشەویستی و چاودێریکردن و لێ پێچینەوەیە لەهەموو ئەوانەی خۆشەویستی ئەنجام دەدن،

وەک چۆن کاتێک وێنستۆن و جۆلیای ئەندامی حزبی براگەورەو  دوو فەرمانبەری وەزارەتی ڕاستین و بیری شۆڕش و تۆی ڕق لێ بوونەوە لەحزب و یاساکانی، لەدڵیان چەکەرەدەکات و خوێنی یاخی بوون لە شادەمارەکانیاندا دەجۆڵێت ، و دەکەونە داوی عیشقی یەکتری و خۆشەویستییه نهێنیەکەیان ئاشکرادەبێتن و بەتاوانی ئەنجامدانی خۆشەویستی و سەرپێچیکردن لە عەقیدەو بیروباوەڕ و بڕیارەکانی حزب، دەدرێنە دادگاو دەبردرێنەژووری 101بۆ لێپێچینەوە،و ڕووبەڕووی توندترین ئەشکەنجەو ئازار دەبنەوە، تا دووبارە بگەڕێنەوە بۆ ژیانی باو تەنیایی و دوور لەخۆشەویستی ، ژیان و بوونی خۆیان بەتەنها بۆخۆشەویستی حزب و لەپێناوی براگەورەدا تەرخان کەن .بەجۆرەها شێوازی  هۆڤانەو دڕندانەیی جەستەیی و دەروونی وهونەری سەختی ئازاردانی نامرۆڤانە ئەشکەنجەیان دەکەن>

چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لە ئاییندەی شارستانیەت و مرۆڤایەتی، و لەندەن و کۆمەڵگەی ئۆشینیا دەکات کە مەبەستی نووسەر لێی یەکێتی سۆڤیەتی جارانە، لەوکۆمەڵگەیەی کە حزبی براگەورە، سەرکردەی ڕەهایە و جڵەوی حوکمڕانی بەدەستەوەیەو خەڵکی دەچەوسێنێتەوە،

بەچاندنی تۆی ترس وتۆقاندن لە دڵ و دەروونی خەڵکدا، تاک لەو کۆمەڵگە شمولیە بۆهەرکوێیەک بڕوات وێنەیەکی براگەورە دەکەوێتە بەردیدەی و بەگەورەیی لەسەری نووسراوە: ((براگەورە چاودێریت دەکات))،

شەقام، فرۆشگا،یاریگا،زانکۆ و پەیمانگاکان،کافێ  و شوێنەگشییەکان ،پارک و ماڵەکان و ژووری خەوتن و هەموو شوێنێک لەژێر کامێرای چاودێری دایە،مرۆڤەکان لێره جگەلەژمارەکەیەکی پەراوێزخراو بێ هەستکراو بێ ئومێدکراو هیچیترنین>

براگەورە لە دەوڵەتدا حاکمی موتڵەق و بەتەنها سەرکردەو هەمو بڕیاڕێکەو ئەو بەرجەستەکەری ئەقیدەی حزبە، هەموو ئەندامێکی حزب و هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هیچ سەربەخۆبوون و ئازادییەکیان نییە لە هیچ بڕیارێکدا.

جگە لەگوێڕایەڵیەکی بێ لام و سینی کوێرانەی بڕیارو وتەو یاساکانی براگەورە نەبێ، تاک لەو کۆمەڵگە تۆتالیتێر و شمولییەدا،هەرلەکاتی لەدایکبوونییەوە تا کۆتا هەناسەو ساتی مردنیەوە لەژێر چاودێری وردو چڕی پۆلیسی فیکردا دەبێ و بەردەوام  پشکنیی ئایدۆلۆژی بۆ دەکرێتن و خاوەنی هیچ خواست و خەون و تموحاتێک نییەو هیچ شتێک هی خۆی نییەو  ئەو لە پێناو حزب لەدایک بووەو دەبێت هەر لە پێناو حزبیش بژی و هەر لە پێناو حزبیشدا بمرێت، لەوحزبستانەدا، مرۆڤەکان هەموویان بەسەر لق و پۆپ و هەموو جومگەیەکی حزبی تاقانەو موتڵەقدا دابەشکراون و هەریەکەو ئەرکێک و کارێکی پێ سپێردراوە، هیچ حزبێکیتر لێرە بوونی پلۆرالیزم و فرەیی  بەتەواوی قەدەخەیەو جێگای هیچ ئایدیاو گرووپ و حزبێکی ترلێرە نابێتەوەو بێ لایەن بوونیش لێره بوونی نییە و کەسی ناحزبی جێگای نابێتەوە، هەموو کەسێک دەبێت ئنتیمای ڕەهای بۆ حزبی براگەورە هەبێت و  ئەندامی حزبەکەی بێت،گەرنا یان زیندان یاخود لەسێدارەدان و مەرگ چارەنووسی ئەو کەسەدەبێت،

ئیدی بەو چەشنە بێ لایەن بوون و سەربەخۆبوون، واتا پیلان و موئامەرەو ئۆپۆسزیۆن بوون و دژایەتی کردنی ئامانجەکانی دەوڵەت و سەروەری خاک و پیرۆزییەکانی نەتەوەو ئارامی و ئاسایشی وڵات و پڕەنسیپەکانی حزب و  بڕیارەکانی براگەورە.

لەو کۆمارەی براگەورەدا. حزب ئامانج و مرۆڤ ئامڕاز، تاک ناسنامەی هاووڵاتی بوونی لێ سەلبکراوەو بێ وەعی و بێ ئاگا کراوە،لەپێناو حزب ماکیافیلی وتەنی(الغایە تبررالوسیلە).ئامانجەکان ئامڕازەکان ڕەوادەکەن و ئیدی لەپێناو  میر و براگەورەو حزب ڕەواو ئەرکە درۆبکەیت،پەنا بۆ فرت و فێڵ و فریودان بەیت و مرۆڤ بکوژیت و  ڕقت لەهەموان بێت و هەموو مۆڕاڵەبەرز و بەهاکائەخلاقیەکان ژێرپێ خەیت،لەو مەملەکەتەی براگەورەدا حزب بووە بە خواوەندو بوت، دەبێ هەمووان وەک کابەیەکی پیرۆز تەواوفی بکەن و بەدەوریدا بخولێنەوەو لەشێوەی خواوەندێک و بوتێک کڕنۆشی بەندایەتی بۆ بەرن و نوێژ و پەرستشی بۆ ئەنجام بدەن ، و هەموان لەگەڵ گریانی حزب بگرێین و لەگەڵ  پێکەنینەکانی حزبیش پێبکەنن، کەی حزب گوتی بارانە چەتری بۆ هەڵدەن و کەیش حزب پەرسیوی گرت هەموان بپژمن و چ کاتێک حزب خواستی چەپلە بکوتن، و کەی ئەمریکرد شیوەن و فیغان بکەن، حزب خەمباربێ ، دەبێ هەموان ڕەنگ زەردو خەمباربن،حزب ڕەش بپۆشێ، هەموان دەبێ ببن بە ڕەش پۆش، دەبێ هەموو شتێک لە ژێر چاو بڕیارو دەستی حزبدا بێت،  کەش و هەوا، ئۆکسجین ،زانست، پرۆسەی هاوسەرگیری، وەچەخستنەوە، خواردن و خواردنەوەو خەوتن هتد..

دەبێ هەموان بەردەوام درۆشمی حزب بڵێنەوەو گۆرانی بەشان و باڵی حزبدا هەڵبڵێن و دڵسۆزی خۆیان بۆ حزب بسەلمێنن و وەفاو پەیمان دووپات و نوێکەنەوە، حزب لەناو دەمارەکانتدایە، بۆکوێ بڕۆی ئەو لەگەڵتایە. لەناو خۆراکتە، لەخەونەکانتدایه. لەسێکس کردن، لە ڕێکردن و پیاسە،لەهەمووشتێک و لەهەر جێگایەک، حزب هاوشێوەی دوو فریشتەکەی بەشێکی ئایینەکان لەسەر شان و مڵتایەو سەعات بەسەعات و چرکە بەچرکەو هەموو هەنگاو کردارو گوتەو جوڵەو شتێکت، لەژێر ڕقابەو فیلتەردایەو چی بکەیت و بیر لەچی بکەیت و چی خەونێک ببینیت،حزب ئاگاداریەتی و هەمووی دەزانێت و هەمووی دەنووسێت و دوواتر لەجیاتی خواوەند، دەی گەیێنێت بە دەستی براگەورە! لە ڕێگەی شاشەیەکی گەورەوە، کە لەهەموو شوێنێکی وڵات داندراوە بۆ چاودێریکردنی وردو درشتی جوڵەی تاکەکان،و براگەورە لەڕێگەی ئەو شاشایەوە هەموو جوڵەو کردارێکی مرۆڤەکاندەبینێت،

ئیدی لێره بستێک نییە لەوڵاتدا حزبی تێدا نەبێ، تۆ هیچ نیت جگە لە حزب، تۆ حزب و حزب واتا تۆ،

 تۆ تەنها ڕۆبۆتێکی بێ ڕووحی ، بۆت نییە بیربکەیتەوەو قسەبکەیت و بڕیاردەیت ،بیرکردنەوەو بڕیاردان تەنها مافی براگەورەو حزبی باڵایە ، تۆوەک مرۆڤێکی خاوەن کەڕامەت و ماف و ئازدی کۆتاییت پێدێت و  بەئیدەڵۆژیاو تەسەورات و دۆگماکانی حزب بیر و هۆشت لەقاڵب دەدرێت و  ئیدی تۆ دەبێت، بەتەواوی دەست بەرداری مرۆڤ بوونت بیت و لەگەڵ ویژدانت،زەین و ئەقڵیشت بخەوێنیت و بچیتە حاڵەتی مەستی و بێ ئاگایی و غەیبووبەی ئەقڵی و فیکرییەوەو چیتر حزب و براگەورە لەجیاتی تۆ بیردەکەنەوەو بڕیاردەدەن،بۆیە هەرکەسێک بوێری ئەوەبکات و لەکتێبی پیرۆزی حزب و ئایەت و سورەتەپیرۆزەکانی براگەورە لابدات و لەدەرەوەی بازنەی ئایدۆلۆژیای حزب و تونێڵی بیرکردنەوەی برا گەورە بیربکاتەوە، ئەوە حەتمەن بێ سێ و دوو چارەنووسی مەرگ و لەناوچوونە، چونکە تاوانی بیرکردنەوەی ئەنجام داوە، بیرکردنەوەش بە تەنها مافی براگەورەو حزبە، لە دەوڵەتە شمولیەکەی براگەورەدا، تاک هیچ سەربەستیەکی نییەو هەرچی سەرپێچی بڕیاری براگەورەو حزب بکات، شوێنی  ژووری ژمارە“101”یەکە ،ژوورێکی تۆقێنەرو ترسناک، لەشێوەی زندانی باستێلی سەردەمی لویزی چوارەدەهەم و گرتیگەی ئەبوغرێبی سەردەمی سەدام و بەعسی فاشی و کەمپەکانی سیبیریای کاری زۆرەملێ و کوشتنی سەردەمی قەیسەرەکانی ڕوسیاو یەکێتی سۆڤێت وستالین ژوورەکانی خنکاندنی جووە، لەسەردەمی هیتلەرو نازیەتدا.

لەو دەوڵەتە تۆتالیتێرەی براگەورەدا، دەبێ هەموو لەدژی هەموان ببن بەسخوڕ و تاک جگە لەکۆیلەیەک چیتر نییە، دەبێ تاکی بەکۆیلەکراو لە پێناو حزبدا بژی، بۆ حیزب بمرێت،بۆ حزب جەنگ پەرپابکات، بۆحزب بکوژێت و بۆحزب وێران بکات، لەدەوڵەتە دکتاتۆریەکەی براگەورەدا حیزب دەستی بەسەر هەموو جومگەکانی ژیانداگرتووە،و بەسەر هەموو شتێکدا زاڵە، مژینی ئۆکسجین و هەناسەدانیش بە ئاگاداری پۆلیسی ئایدۆلۆژیاو تۆقاندن و چەوسانەوەیە،

لەو کۆمارەی یەک دروشم و یەک ئایدۆلۆژیاو یەک ئەقیدەو یەک زمان و تاقانەحزبدا ئازادی واتا عبودیەت و بەندایەتی، مرۆڤەکان نەشتەرگەری مێشک و دڵ و ویژدانیان بۆ ئەنجام دەدرێت،هێزی بیرکردنەوەو هەست و سۆزی ناو دڵ و ڕەگی هۆشیاری ویژدانیان دەردێنن و خاڵییان دەکەنەوە لەمرۆڤ بوون و پڕیان دەکەن لەئایدۆلۆجیای حزب و وزەی کۆیلایەتی و هێزی ڕق و تۆی ترسەنۆکی.

لێرە دەبێ ڕوانینی گەڵ دەبێ، ڕێک کۆپی پێستی ڕوانگەی حزب بێت،دەبێ هەموان بەچاوی حزب ببینن و بە ئەقڵی حزب بیربکەنەوەو بە پێیەکانی حزب هەنگاو بنێن، حیزب بڵێت٢+٢دەکات٥، دەبێ  هەموان بڵێن بەڵێ زۆر ڕاستە،ئەوەی حزب بەڕاستی ببینێت ئەوە ڕاستە، ئەوەی حزبیش بەهەڵەی بینی ئەوە بێگومان هەڵەیه.

کۆماری ترسی براگەورە. سەراپای نیگەرانی و تۆقاندن و ستەم و ڕق وگومانەو جوگرافیایەکە تەژی لە بێ متمانەیی و نادڵنیایی و قەڵەق ،تاک بە تێکشکاوی و ئەتکراوی و بێ ئیرادەکراوی دەبێت ،بەناچاری و سوپاسگوزرییەوە سەری قایڵ بوون وکۆیلەبوون بڵەقێنێت و ئافەرین بۆ هەموو ڕەش و سپیەکی براگەورە بکات وهەرگیز نابێت بەخەیاڵیش بیر لەناڕازیبوون وڕەخنەو لاری بوون بکاتەوەو دەبێ بەسەر شۆڕی و زەلیلی لەگەڵ  دۆخەتۆقێنەرو کابوساوی وتراژیدیاکە خۆی ڕابێنێت و دەبێت جەبرەن بەژداری وەرزشی جەبانی و پرۆڤەی ڕادەست بوون  و کۆرسی کۆیلایەتی بکات و لەگەڵ ژیانە تەژی لەتیرۆرو  ئازارو ترسەکەی دەوڵەتی براگەورەدا هەڵبکات و بۆ عەقیدەو یاساکانی حزب، هەردەم ملی لەبان نوکی چەقۆی حزب بێت و بێ هیچ  ناڕازی بوون و هەڵوێست و ڕووبەڕوو بوونەوەیەک، بەتەواو  تەسلیمی فرمانەکانی حزب بیت ، و دایمە درۆشمەکانی حیزب بڵێتەوە،ئاشتی جەنگە، نەزانین هێزە، ئازادی کۆیلایەتیە.


ئەم بابەتە 172 جار خوێندراوەتەوە