Bodler.jpg

دەعوەتێک بۆ شارل بۆدلێر

شێركۆ بێكه‌س

ئەم ئێوارەیە بە نیازم "شارڵ بۆدلێر"

دەعوەت بکەم. ڕەنگە بیبەم

بۆ لای گوڵە بەدەکانی "ئەزمەڕ"!

تا بە چاوی خۆی بێزاریی بەردەکان و

وەڕسبوونی دارەکان و ئاوێنەی شکاوی ئاو و

قەلەڕەشەکەکان ببینێ.

ئەم دەرفەتە لەدەست نادەم

ئەیبەمە سەر تەوقەسەری "گۆیژە"

تا لەوێوە سلەیمانی و سەروڕیشی "برایم پاشا" و

گۆمەزەکەی "پێرەمێرد"ی پێ نیشاندەم.

قاپی شەرابی فەرەنسی بۆ دائەنێم

ڕێواس و چوالە و تەرخۆن و گۆشتی ماسی.

لەولایشەوە هەندێ غەزەڵی بەتامی

"نالی" و "مەحوی". لەم لاشەوە پڕ بە زەرفێ

نوکتەی تەڕی "ئەحەی کوڕنوو".

من نازانم ئەم دەعوەتەی پێ خۆش ئەبێ؟! یان ئەیەوێ

زوو هەڵسێت و بچێتەوە بۆ لای سەگە شوومەکانی پاریس. ئەم ئێوارەیە بە نیازم "سارڵ بۆدلێر" دەعوەت بکەم. ئەوەی من لێی ئەترسم

هەر یەک شتە: لێم تووڕە بێ و شێعرەکانیشم

بدڕێنێ!


ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە