Ako.jpg

مەلا عەلی و ژووری سێدارە

ئاکۆ کەریم مەعروف

مێژووی زیندانیكردنی شاعیران و یان دەمكوتكردنیان بە ماڵی دونیا و پلە و پایە، مێژوویەكی پڕ لە پرسیار و بە دواداچوونە، دونیای شاعیران لە دوو حاڵەت تێناپەڕێت، یان ئازادە، یان كۆیلەیە. لە مێژووی كۆنی ژیانی شاعیراندا زۆر زۆرن ئەوانەی تەسلیم بە پلە و پایە بوون، بەڵام زۆر دەگەمەنن ئەوانەی بە ئازادی ژیاون و ئازابوون و رووبەڕووی مەینەتییەكانی رۆژگار و دەسەڵات بوونەتەوە.

با لە بیرمان نەچێت نموونەی لۆركای شاعیری ئیسپانیمان هەیە.

پاشان زۆرێك لە شاعیرانی تر..
هاوکات ئاوارەیی و دۆزینەوەی سەرزەمینێكی تازە هەر زیندانە، پیرەمێردی شاعیر بە ئازادی سەفەری كرد، بەڵام وەك زیندانییەك گەڕایەوە باوەشی سلێمانی، مەحوی گەورە لە خەڵوەتەكەی نەهاتە دەرەوە، یان دڵشاد مەریوانی…
لە ژوورێكی تاریك و شێداردام، بەو رۆژگارە چەند جارێك بە چاوی بەستراوەوە دەستەكانم لەدواوە دەبەستن و بە لنگەو قوچی هەڵمدەواسن، هەتا هێزی ئازاریان تێدابێت، ئەشكەنجەم دەدەن، من بە چاوی بەستراوە و ژمارەی ئەوان نازانم، بەڵام ژمارەی هەموو ئەو برینانەی بەسەر جەستەمەوەیە دەزانم و لە بیرم ناچنەوە.

ژوورەكەم سارد و شێدارە، ژووری زیندان بۆ من پڕ ئارامە، راستە لێرە رووت و قووتم، بەڵام كە بیر لە ژیانی دەرەوە دەكەمەوە نێڵەی ئاگرێكە مناڵێك بە دیارییەوە دانیشتووە، لەو دیو ئومێدێك سەیری رۆشنایی مانگ دەكات، لەوپەڕی نائومێدیدا ئومێدێك هەیە، خەونێك هەیە، هیوایەك هەیە، پاشتر رزگاربوونێك هەیە لەوەی دوێنێ‌ چی روویدا و سبەینێ‌ چی روو دەدات.

ژووری زیندان
من مەلا عەلیم!
نایشارمەوە من بۆ خۆم نەژیام، بەڕاستی هەر بەڕاستی دەمزانی لە سێدارە دەدرێم.. ژیان یەك ساتە كە بڕیاری لەسەر دەدەیت، یان زەلیل و ملكەچیت، یان بڕیاڕ لەسەر ئەوە دەدەیت چ مردنێك هەڵبژێریت، چەند دڵخۆشم بە هەڵبژاردنی دووەم كە بزانم لە پێناوی چیدا دەمرم و لە سێدارە دەدرێم.

دووشت دووبارە نابنەوە، تەمەن و دایك…
خەمم بۆ تەمەن نییە، هەنگاوی هاوڕێكانم رێگەی تەمەنمە، دایكیشم..
زۆر دوور نییە، هەموو ژووری زیندانەكانم لە ئەمنە سوورەكە بینی، ساڵانێك پێش ئێستا، كە ئێستا مۆزەخانەیە، مۆزەخانەی ئازار و ئەشكەنجەدان، هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە برایەكی خۆم لەودیو شووشەوە بینی بە شەڕواڵێك و كراسێكی چڵكن و لەت و پەتكراوەوەو باوكیشم بە بێدەنگی دەگریا، باوكم گوێی لە دەنگی نەبوو چی دەڵێت، بۆچی دەگری.

كە باوك گریا هەموو شتێك دەڕووخێ و تێكدەچێت، ئەو شەوە دوای بینینی براكەم بەوشێوەیە باوكم بینی.

من بە دەم پێكەنینەوە، كە رۆحی باوكم دەناسی، كەوتمە نوكتە گێڕانەوە بۆی، تۆ ناچاریت لە ئازارەكانا پێبكەنیت. منیش هەر وامكرد.

من مەلا عەلیم
دوای ئەوەی بە دەم ئازارەوە منیان بردەوە قاوشی سێدارە، چاوەكانم رێشكە و پێشكەیان دەكرد، ئازارەكان بەهێزتریان دەكردم، رۆحێك لە ژیانی تازە منیان زیندوو كردەوە، چەند دڵۆپێك ئاو.. ئاو.. ئاو. ئەوە هاوڕێكانم بوون چوار دەوریان گرتبووم، دوای ئەوە بە تەنها مامەوە.

لێوەكانم تەڕببوون، فێنكییەك بە دەمارەكانمدا تێپەڕین، لەو ساتەدا خەوێكم بینی، لە چیاكاندا بەفر دەباری، چەند شوێنپێیەكی نادیار رووەو خۆر دەڕۆیشتن، دەستێكیان بە خاكەوە و دەستێكی تریان بە پەڵە هەورەكانەوە..
ژووری زیندان ساردە هاوڕێكانم.. لە بیرتان ناكەم…
ئێستاش لێوەكانم وشك و چاوەكانم كراوەن، دەتانبینم، هاوڕێكانم، ژوورە شێدارەكان لەبیر مەكەن، ژووری سێدارە.


ئەم بابەتە 150 جار خوێندراوەتەوە