241694862_1220554102087890_6845521323770048725_n.jpg

دواهەمین نامەی ڤانکوخ بۆ براکەی

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەردەلان

 

 

 ئازیزم ثيو:

 

 ژیان بەرەو کوێمان دەبات؟ عەقڵ چیمان پێدەکات بەڕاستی شادومانی و شتە جوانەکان لە باردەبات بەرەو ڕووی خەمۆکیمان دەبات، گەر فڵچە و ڕەنگەکان نەبوونایە ئێستا من لە بێزاریا ڕزابوومەوە، من سەر لە نوێ شتەکانی پێدروست دەکەمەوە، بە هۆی کاریگەری زەمەن شتەکان کرچ و کاڵ دەبن، چی بکەم؟ دەمەوێت هێل و ڕەنگی نوێ دابهێنم دوور لە بەردەوام دووبارە بینینەوەی شتەکانی ڕۆژانە، ڕەنگە کۆنەکان تروسکاییەکی دڵتەنگی و غەمبارین لە دڵمدا، ئایا دەبێت سروشت خۆی وابێت یاخود چاوەکانی من نەخۆشن؟ ئەوەتا سەر لە نوێ وێنایان دەکێشم و گڕ لە ئاگرە شاراوەکەی بەردەدەم، لە دڵە غەمبارەکەم هێندێ شادومانی هەیە دەمەوێت بە ڕەنگەکان دەریبخەم. لە گێڵگەکانی قەڵەڕەش و گوڵە گەنمە چەماوەکاندا تەنانەت لە پێڵاوەکانی جوتیارێکی کڵۆڵیشدا ئاسودەییەک هەیە دەمەوێت بە ڕەنگەکان دەریبخەم، بۆی هەیە شتە ناشیرین و ناقۆڵاکان تایبەتمەندییەکی هونەرییان هەبێت لەوانەیە لە شتە جوانەکاندا نەیدۆزیتەوە چاوی هونەرمەندیش ئەمە دەبینێت و هەڵەی تێدا ناکات.

 

 ئەوڕۆ وێنەی خۆم کێشا هەموو بەیانییەک کاتێک سەیری ئاوێنە دەکەم دەڵێم بۆچی ئەو دەموچاو و ڕووخسارە هەمیشە دووبارەیە؟ بۆچی نوێ و تازە نابێتەوە؟ تف لە ئاوێنە دەکەم و دەڕۆم. ئەوڕۆ سەر لە نوێ شێوەی ڕووخساری خۆم ڕێکخستەوە بەڵام بێ خواست و ڕەزامەندی سروشت بەڵکو لە سەر خواست و مەبەستی خۆم، دوو چاوی گورگی بێدەسەڵات و بێ بڕیار ڕووخسارێکی سەوز و ڕیشێک لە سەر هاوشێوەی بڵێسەی ئاگر، بەڕاستی گوێچکەم لە تابلۆکەدا زیاد و ناپێویست بوو بۆیە فڵچەکەم گرت و ببورن مەبەستم گوێزانەکەم گرت و گوێچکەی خۆم بڕی، بەڵام وادیارە سەری خۆم لە ناو تابلۆکەدا و لە ڕاستیدا لێتێکەڵ ببوو بۆیە هەر بەڕاستی گوێچکەی خۆم بڕی، باشە ئێستاکە من چی لەو پارچە گۆشتە بکەم ( گوێچکەکە )؟ بەڵام من بۆ ئەو ئافرەتەم نارد کەوا بەهاو نرخی منی نەدەزانی و من خۆشم دەویست، کێشە نییە شتە زیادەکان لە گەڵ یەکتری کۆدەبنەوە و یەکدەگرن، فەرموو ئەوە گوێچکەکەم ئەی ئافرەتە زۆر بڵێیەکە بێ وەستان خۆت هەر قسەی بۆ بکە.

 ئێستا من دەتوانم ببینم و ببیستم لە ڕێگەی پەنجەکانمەوە بەڵکو پەنجەی شەشەمم (فڵچە) لەوەی زیاتر دەتوانێت ئەو سەما دەکات و یاری لە گەڵ تابلۆکاندا دەکات. ڕەش و سپی دونیا ڕەنگ دەکەن لە گەڵ ڕەنگی خۆڵەمێشی، بژاردەکانی خۆڵەمێشی هەمەجۆر و بێکۆتان، سور و خۆڵەمێشی، سەوز و خۆڵەمێشی، شین و خۆڵەمێشی، توتنەکە دەسوتێت و ژیانیش لە هەڵکشانە، ڕەنگی خۆڵەمێشی تاڵی هەیە و ئاشنای دەبین تا دواتر بە جارێک ئالودەی دەبین هاوشێوەی تەمەن تاکو هەڵدەکشێ ئێمە زیاتر هۆگری دەبین. لە بەرئەوە بڕیارمدا ئەو دونیایە جێبهێڵم، بەڵام بۆچی؟ بێگومان لەبەر شکست هێنان. نەگبەتی هەرگیز کۆتایی نایەت، ماڵئاوا ثيو کۆچ دەکەم بەرەو بەهار.

 

 

 

لن ينتهي البؤس أبدآ. سەیرکردنی ڤیدیۆکە تام و چێژێکی تایبەتی هەیە.

 

 

 

 


ئەم بابەتە 173 جار خوێندراوەتەوە