241742696_280476360272161_461819111253495436_n.jpg

کەلەپوری خەیاڵ

لانە ساماڵ

 

 

 

 بەری بەیانە، لەمسەری کۆڵان وەستاوم و خۆرەتاوەکەی ئاسمان لەوسەرەوە نازی جوانی ئەکا و بەرپێمی ڕۆشن کردۆتەوە، لەملا و ئەولای کۆڵان سێبەری دارتێلەکان لەسەر زەویەکە دیارن هەر دەڵێی پەتی جۆلانێیە و دەخوازی لەنێوەندیان دانیشی خەیاڵت ڕاژەنی، لەکۆنیدا ڕێڕەوی ڕێگا کۆنکرێتەکە شێواوە و لەجێی ئەوه وردە بەردی بچوک دەبینی وەک ڕیزە ددانەکانی ساوایەکە، یانیش وەک لم و زیخی بن گۆمێ سەرەنجت بۆخۆی ڕادەکێشێ، سەربانی ماڵەکان چۆلەکەشی پێوە نیە ئەرێ من بەم کاتە چی ئەکەم ، ئەو پاساریانە لەکوێن؟ بۆ لێرەوە خەڵک تێناپەڕێ؟سەیرە دەڵێی شارێکە دوای بۆردومان شارێک لەدوای وێرانی و نۆژەن کردنەوە ، کپ وبێدەنگ ،،چۆڵ و هۆڵ بەڵام هێشتا هەر دڵنشینە و جوانیە سادەکەی لەدەست نەداوە، تاکو ئێستاش هەر ڕۆحی شارە ،من دڵم دەگیرێ لەئاسمانی پڕ لەهەوری بێ خۆرەتاو بۆیە ئەو ڕۆژانە وەک عاشقێکی شەیدای چاو لەڕێی مەعشووق تا کاتی بەدیارکەوتنی چاوەڕێی دەکەم و لەدڵەوە پەرۆشی ڕوناکیە دڵبەرەکەیم، لای من پرشنگی خۆر شکاندنی غروور و یەکەم دەستگرتنی خۆر و زەوییە لەڕقی گەلەئەستێرە حەسوودەکانی چاوردەور،، هۆ ئەی خۆری خۆزگەی من ،چاوەڕوانی نەک تەنیا چاو، ڕۆحی گەرمیش ئەسوتێنی، تۆش زوورە وەرە، زوو وەرەوە.

 

 کەمێ یەمە دواوە و لەنێوەنددا بەرامبەر خۆری شیرین دادەنیشم، ڕۆحم ئەبێتە چۆلەکەیەک و هەموو کوچەکانم ئەگێڕێ، دەبمە ئەو کچەی لەخۆشی نمرەی ١٠ لە ١٠ی قوتابخانە بەپێخاوسی وەک پەروانە دەخولێتەوە،

دەبمە ئەو منداڵە خۆشباوەڕەی لەشەوی سەری ساڵ دیاری بۆ بکڕن و پێی بڵین بابەنوئێل بۆتی ناردووە، دەبمە گوڵە مۆردەکەی ماڵ تا بێ پەخشان دەبم ،گەورە ئەبم و حەوشەوبان پیس ئەکەم، گەورە ئەبم و چیتر نەمامەکەی جاران نامێنم ،دەبمە پرتەقاڵە بۆنخۆشەکەی باخ و بەچنگە بچوکەکانم ڕەگ لە زەویەکە دادەکوتم دەخوازم کۆتا وشکبونم لێرە بێ.

 گەڵا کاتێ وشکەبێ دەخوازێ بچێتەوە خاکی خۆی بۆیە تکا لەپایز ئەکا بیوەرێنی و ئەو چاکەیەی لەگەڵ بکا، منیش سروشتی گەڵام هەیە، خیانەت لەزێدی خۆم ناکەم،، دەڕۆم و پێیەکانم لەدوام نایە،، دەڕۆم چاوم دەکەمە چاوەزار و بەدیوەرەکانا جێی دەهڵێم،، گەرووم پڕەکەم لەهەناسەی نوێ و بەڕۆحێکی نوێووە دەگەڕێمەوە، دەخوازی بڵێی بۆ کوێ دەگەڕێیتەوە؟ دەگەڕێمەوە زێدێ هی من نیە، باخچەیەک گەڵاکانی نامناسن، شارێ بۆنی تەرم و بارووت نەبێ بۆنی هیچی دی لێ نایەت ، بەڵێ دەگەڕێمەوە یەکەم کوچەی برین و یەکەم ماڵی حەسرەت و دەردەسەری ناکۆتا و دوایی نەهاتوو،، دەگەڕێمەوە و ناشمەوێ بگەڕێمەوە، نا بۆ بگەڕێمەوە، لێرە دادەنیشم چاوەڕێم ڕۆژ بێتەوە، خوا لە سوڵتان مەمحود گەورەترە تا سبەی کێ دەزانێ چی ئەبێ،، دەڵێن زەمانی کۆن شەوێ سوڵتان مەحمود دەچێتە لای دارتاشێ و داوای لێ دەکات تا بەرەی بەیانی کارێکی قورسی بۆ تەواو بکا دارتاشەکە دەڵێ قوربان ئاخر کاتەکەی کەمە تەواو نابێ ئەویش پێی دەڵێ گەر تەواوت نەکرد تابوتێک بۆخۆت دروست بکە چونکە کۆتایی بەژیانت دێنین، کاکی دارتاش هەرچەن بیر دەکاتەوە بۆی تەواو نابێ، کات دەڕوا بەری بەیان دێ تەق تەق لەدەرگا ئەدرێ دارتاش ئەترسێ پێش ئەوەی درگا بکاتەوە خواحافیزی لە خێزان و منداڵانی دەکا و داوای گەردن ئازادی ئەکات،، بەترسەوە دەرگا دەکاتەوە دەبینێ کاربەدەستێکی لای پاشایە و پێی دەڵێ هەر ئێستا دەست بکە بەدروستکردنی تابوتێ، چونکە سوڵتان مەحموود کۆچی دوایی کردووە لەوکاتەیا دارتاش سەر هەڵدەبڕێ و بەسوپاسگوزاریەوە دەڵێ ( ئەی نەجار، نەجار بنوو بەخەم و خەیاڵ خوا یەکە و قاپی هەزار ) دایکم بە پرتاو بانگم ئەکا ، کیژێ کیژێ وا دیارە چاییەکە هاتۆتە کوڵ من دەبێ بڕۆم، تا خەیاڵدانێکی تر ماڵئاوا.

 

 


ئەم بابەتە 145 جار خوێندراوەتەوە