viber_image_2021-10-01_15-59-41-232.jpg

كۆكردنه‌وه‌ى ته‌زره‌ !

چيرۆك

موحسين ئه‌حمه‌د عومه‌ر

ئه‌مڕۆ سپێده‌ زوو له‌ شارى بابلیم ده‌رچووین، له‌ ده‌روازه‌ى "سین" هه‌ندێ جاریش له‌ ده‌روازه‌ى "لۆگالگیرا" ده‌رده‌چین كه‌ به‌ره‌و باكور ده‌چن، ده‌روازه‌ى "سین" به‌یانیان له‌گه‌ڵ تاری و روونى ده‌كرێته‌وه‌. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه‌ راسپارده‌ى كارێكى شاهانه‌ین بۆ "شا بێلشانائوزور"، ده‌بوایه‌ له‌ زووێكه‌وه‌ ده‌رچین، پێش ئه‌وه‌ى دنیا گه‌رم بێ ته‌واوێك رۆیشتبین، ده‌رگاوان كه‌ سه‌ره‌ك یاساوڵى ئه‌و خاڵه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌ناسێ، چونكه‌ هه‌موو ساڵێ، له‌ مانگى ره‌شه‌مێ تا مانگى جۆزه‌ردان ئه‌مه‌ كارى ئێمه‌یه‌، دێین و ده‌چین، هه‌ر سه‌فه‌رێكمان بیست رۆژێك ده‌خایه‌نێ، هه‌فته‌یه‌ك له‌شار ده‌مێنینه‌وه‌، پشوویه‌ك ده‌ده‌ین، دیسان ده‌كه‌وینه‌وه‌ رێ، ئێسته‌ مانگى گوڵانه‌، باران كه‌متر بووه‌، ناوه نا‌وه‌ گه‌واڵه‌ و ته‌زره‌یه‌كى به‌هێز داده‌كا، ئێمه‌ ده‌بێ به‌ زووترین كات خۆمان بگه‌یه‌نینه‌ ده‌ریاچه‌ و گۆماوه‌ گه‌وره‌كانى باكور، ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر رێگه‌ى ئه‌كباتانن. له‌وێ پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ینه‌ شاخه‌كان، چه‌ندین ده‌ریاچه‌ى لێیه‌، ده‌بێ له‌ چوار ده‌وره‌ى ئه‌م ده‌ریاچانه‌ نیشته‌جێبین و چاوه‌ڕێ بكه‌ین ته‌رزه‌ ببارێ و به‌ خێرایى له‌سه‌ر رووى ئاوه‌كان كۆیان بكه‌ینه‌وه‌ له‌ناو فه‌رده‌ گوشانى بكه‌ین، پاشان ئه‌و فه‌ردانه‌ به‌ په‌ڵكه‌ چروو و پووش و په‌لاش داپۆشین و هه‌ر به‌ خێرایى بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ شار، هه‌موو ته‌سلیمى ده‌ست پێوه‌ند و یاساوڵه‌كانى "بێلشانائوزور"ى بكه‌ین، به‌رانبه‌ر به‌م كاره‌ خۆراك و هه‌ندێ پێداویستیمان ده‌ده‌نێ بایى ئه‌وه‌ ده‌كا تا زستان ده‌ڕوا پێى بژین، دیسان ده‌بێ له‌ زووێكه‌وه‌ تێهه‌ڵچینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ مانگى ره‌شه‌مێ تا ئه‌و كاته‌ى شه‌و و رۆژ یه‌كسان ده‌بن، تا سه‌ر شاخه‌كانى زاگرۆس ده‌چین، له‌وێ ته‌لیسى گه‌وره‌ پر له‌ به‌فرى پاك ده‌كرێ و دیسان به‌ پووش و په‌لاش په‌ڵكه‌ چروو و سه‌روو داده‌پۆشرێ، سى چل هێستر بار ده‌كرێ و به‌ خێرایى ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بابیلیم، له‌م سه‌فه‌رانه‌ ئێمه‌ ژنه‌كان ناچین، ته‌نیا پیاوه‌كانمان ده‌چن له‌گه‌ڵ ده‌ دوانزه‌ چه‌كدارێك به‌ شیر و رم و ئه‌سپ سوارى. به‌ڵام بۆ ته‌زره‌ كۆكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر رووى دریاچه‌كانى باكور ئێمه‌ش ده‌چین، چونكه‌ له‌وێ ده‌بێ ماوه‌یه‌ك بمێنینه‌وه‌، چاوه‌ڕێى ته‌زره‌بارین و گه‌واڵه‌ و هه‌وره‌ تریشقه‌ بین. به‌ تایبه‌تیش ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ ته‌زره‌بارینى زۆر ناسراوه‌ چونكه‌ شوێنێكى گه‌رمه‌سێره‌، هه‌ر جاره‌ى كه‌ ته‌زره‌ ده‌بارێ، هه‌ر ده‌نكێكى به‌قه‌د گوێزێك ده‌بێ. ئێمه‌ش به‌و هیوایه‌ین ئه‌م ساڵ به‌ختمان باش بینێ،
ئه‌م جاره‌ ئێمه‌ زوو، هێشتا دنیا ته‌واو تاریك بوو ده‌رچووین، سه‌رۆك یاساوڵه‌كانى ده‌رگه‌وان خۆى له‌ "ده‌روازه‌ى سین" وه‌ستابوو، چه‌ند چه‌كدارێكیش له‌ملاو له‌ولا ده‌بینران، یه‌ك دوانێكیش له‌سه‌ره‌وه‌ ته‌ماشاى ئێمه‌یان ده‌كرد. به‌ خێرایى ده‌رگایان لێ كردینه‌وه‌، زۆر په‌له‌یان لێكردین زوو تێپه‌ڕین، هه‌ڵبه‌ت به‌ هۆى ناته‌واوى هه‌ڵكه‌وتى سیاسى، گوایه‌ ئه‌مڕۆ نا سبه‌ى كۆرش هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر بابیلیم و ده‌مێكه‌ مرخى خۆى لێ خۆش كردووه‌، بۆیه‌ ناوه‌ ناوه‌ چه‌كدارى ئێلامى له‌ ده‌وروبه‌رى شار ده‌بینران و ئه‌وانیش راویان ده‌نان. كه‌ ته‌واو خۆمان له‌ پشت ده‌روازه‌ى سین دۆزییه‌وه‌، له‌ دوامان ئه‌و ده‌رگا زله‌ به‌ جیڕه‌جیڕ و قرچ و هۆر و هه‌راو زه‌نایه‌كى زۆره‌وه‌ داخرایه‌وه‌، پاشان دنیا كش و مات بووه‌وه‌، ته‌نیا ده‌نگى پێ و هه‌ناسه‌ى هێستره‌كان ده‌هات، سه‌ره‌نجام به‌ بێده‌نگى به‌ناو ره‌شماڵى هه‌ڵدراوى كۆچه‌رییه‌كانى كه‌مێك دوور له‌ شووره‌ى شار تێپه‌ڕین، كه‌ هێشتا له‌ ناو خه‌و بوون.
هێستره‌كان له‌م سه‌ره‌، له‌ چوون باریان سووكه‌، ته‌نیا هه‌ندێ خۆراك و پێخه‌ف و تێڕ و فه‌رده‌ گوشێكى زۆر و هه‌ندێ ئالیكیان هه‌ڵگرتووه‌. به‌ڵام له‌وسه‌ر، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ باریان تۆزێك قورستره‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ خێرایى بگه‌ڕێنه‌وه‌، بێ وه‌ستان، رێگاكه‌ش دووره‌، هه‌رچه‌ند پێشكه‌ون، به‌ هۆى ماندووبوون، باره‌كه‌یان قورستر ده‌بێ. له‌ چوون به‌ رۆیشتنى ئاسایى ده‌ڕۆین، جارێك یان دوو جار پشوو ده‌ده‌ین، دواتر ده‌گه‌ینه‌ لێوارى ده‌ریاچه‌كان، به‌ڵام له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بێ وه‌ستان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، هه‌ر كه‌ گه‌یشتینه‌ ناو شار، ده‌بێ فه‌رده‌ و گوشه‌ پڕ له‌ ته‌زره‌كان ته‌سلیمى یاساوڵه‌كانى كۆشكى "بێلشانائوزور" بكه‌ین، ئه‌وانیش به‌ خێرایى له‌ ژێر زه‌مینى كۆشك دایده‌نێن، كه‌ هه‌ندێكیشى بۆ په‌رستگاى "ئێزاگیل" ده‌نێرن كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كى "پیرۆز"ى بابیلیمه‌، خواوه‌ندى گه‌وره‌ "مه‌ردوك" لێى نیشته‌جێیه‌، كاهینه‌كان له‌ناو پووش و په‌لاش ده‌یشارنه‌وه‌. به‌م جۆره‌ به‌ درێژایى هاوینى گه‌رم و قاقڕ و وشك، "پاشا نابونید" و كوڕه‌كه‌ى بێلشانائوزور، شاژنى جوان "نیتۆكریز" دایكى "بێلشانائوزور" له‌گه‌ڵ كاهینه‌ سك ئه‌ستووره‌كان، ته‌زره‌ و به‌فر له‌ شه‌ربه‌ت و گۆزه‌ ئاو ده‌كه‌ن، خه‌ڵكى ئاسایى شاریش ئاوى فورات ده‌خۆنه‌وه‌، كه‌ مێوانى ره‌سمیشیان بۆ دێ له‌ شار و ده‌وڵه‌ته‌ دووره‌كانى وه‌ك ئێلام و شوش و نینه‌ڤاو لارسا و ئه‌كباتان و شوێنى دى، گۆزه‌ى پڕ له‌ ئاو و شه‌ربه‌تى ساردكراو به‌ ته‌رزه‌ و به‌فر له‌ پێش مێوانه‌كان داده‌نێن، خواردنه‌وه‌ى ئه‌م ئاو و شه‌ربه‌ته‌ سارده‌ به‌م هاوینه‌ گه‌رمه‌ له‌ كاتێكدا قورقوشم و ئاگر به‌سه‌ر شاردا ده‌بارێ، لایان وه‌ك ئه‌فسوون و جادووه‌، هه‌ڵبه‌ت دیارى ئاسمانه‌، هه‌تا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتى خۆیان هه‌ر باسى ده‌كه‌ن. تاك و توكیش له‌ پیاوماقووڵانى شاریش، كه‌ به‌سه‌ردان ده‌چنه‌ كۆشك یان سه‌ردانى په‌رستگاى ئیزاگیل ده‌كه‌ن، ئه‌م به‌فراو و شه‌ربه‌ته‌یان له‌ پێش داده‌نێن، ئه‌مه‌ش له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان، دواى گێڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌، ده‌بێته‌ وێرد و قسه‌ى نه‌سته‌ق، به‌ درێژایى ساڵ له‌ دانیشتنه‌كانیان باسى ده‌كه‌ن، "ئه‌و ساڵه‌ى شتێكمان له‌ كۆشك خوارده‌وه‌ نارنجى بوو و زۆر سارد و شیرین بوو"، هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ ئه‌م به‌فراو و شه‌ربه‌ته‌ ساردانه‌ له‌لایه‌ن خواوه‌ند "مه‌ردوك" پێشكه‌ش به‌ كۆشك و سه‌را و په‌رستگا ده‌كرێ، كارێكى ئیلاهییه‌،به‌ گشتى له‌ناو خه‌ڵكى ئاسایى، ئه‌مه‌ وه‌ك ده‌نگۆ و ئه‌فسانه‌ و شتى سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ باسى ده‌كرێ، هه‌ڵبه‌ت له‌مه‌ش راز و نهێنییه‌ك هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م كاره‌ى ئێمه‌ ده‌یكه‌ین هێنانى به‌فر و كۆكردنه‌وه‌ى ته‌زره‌، له‌به‌ر بارى ئاسایشى وڵات به‌ نهێنی ده‌كرێ و كه‌س نایزانێ، بێگومان له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆ و هۆكار. بۆ نموونه‌ نه‌وه‌كا به‌فر و ته‌زره‌كان ژاراوى بكرێن، یان بكه‌ونه‌ ده‌ست خه‌ڵكى ئاسایى، ساڵى پار زیاتر له‌ شه‌ست فه‌رده‌ ته‌زره‌مان كۆكرده‌وه‌، ئه‌م ساڵ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین سه‌فه‌رمانه‌، رۆژگاریش باش نیه‌، چونكه‌ ده‌نگۆى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و سه‌ر رێگایانه‌ پڕ بن له‌ چه‌كدار و پیاوه‌كانى كۆرشى ئێلامى كه‌ له‌ شوش داده‌نیشێ، خه‌ڵكى شوش به‌ كۆرشى گه‌وره‌ بانگى ده‌كه‌ن. ئه‌م زانیاریانه‌ش تا لاى ئێمه‌ش هاتوون، به‌ڵكو زۆرتریش رۆیشتوون. ناووبانگ گه‌یشتۆته‌ باكور و نینه‌ڤا و لێواره‌كانى ئایۆن و فینیسییه‌كان، له‌ باشووریش تا ئه‌ریدۆ و كیش ولارسا و تیبه‌ر رۆیشتووه‌، گوایه‌ كۆرشى گه‌وره‌ ئه‌مڕۆ نا سبه‌ى هێرش ده‌كا سه‌ر شاره‌كه‌مان بابیلیم كه‌ ئه‌وان هێشتا به‌ ناوه‌ سومه‌رییه‌ كۆنه‌كه‌ى "كادینگرا"بانگى ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌ شه‌و و رۆژ، سه‌ر دیواره‌ بڵند و پان و به‌رینه‌كان پڕن له‌ سه‌رباز و یاساوڵه‌كان، لێپێچنه‌وه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌ن، هه‌موویان شیرى رووتیان به‌ ده‌سته‌. ناوه‌ ناوه‌ش سى چل سوار به‌ خێرایى له‌ شار دوور ده‌كه‌ونه‌وه‌، كارى پشكنین ئه‌نجام ده‌ده‌ن، پاشان هه‌ر زوو له‌گه‌ڵ دنیا تاریكبوون ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، هه‌ندێكى دى ده‌رده‌چن. بۆیه‌ له‌ به‌ڕێكردنمان له‌ ده‌روازه‌ى سین، زۆر به‌ خێرایى ئاودیویان كردین، ئێمه‌ نزیكه‌ى سى چل ژن و پیاو بووین، هه‌ر ژنه‌ له‌گه‌ڵ پیاوى خۆى و بارى خۆى، هه‌ر یه‌كه‌شمان چوار پێنج هێسترمان دابووه‌ پێش خۆمان. سه‌ره‌نجام كه‌وتینه‌ ناو ئه‌م ده‌شت و ده‌ره‌، دنیا هێشتا فێنك بوو، هه‌رچه‌ند به‌ره‌و باكور ده‌ڕۆیشتین دنیا سه‌وزتر ده‌بوو، گیاو گۆڵ له‌ ئه‌ژنۆ بوو، رێگاكه‌مان نزیكه‌ى شه‌وێك و رۆژێكه‌، رۆژى دووه‌م لاى نیوه‌ڕۆ ده‌گه‌ینه‌ لێوارى ده‌ریاچه‌ و گۆماوێكى زۆر به‌رین، ده‌بێ له‌وێ دانیشین، خیوه‌ت و بارگه‌ و بنه‌ دانێین، چاوه‌ڕێى ته‌زره‌بارین بكه‌ین، خواوه‌نده‌كان هاریكارمان بن، به‌ختمان هه‌بێ ئه‌م ساڵ گه‌واڵه‌ و شه‌سته‌ باران و زۆر بێ و ته‌زره‌ و بارانێكى به‌خۆڕ ببارێ، به‌ڵام له‌و ساته‌وه‌ى ده‌گه‌ینه‌ جێ ده‌بێ خه‌ریكى رێكخستنى تۆڕه‌ ورد و گه‌وره‌كان بین، ئه‌گه‌ر ته‌زره‌ ببارێ ده‌بێ پیاوه‌كان و ژنه‌كان به‌ كه‌له‌ك و به‌له‌مى بچووك له‌سه‌ر ئاوه‌كه‌ بن و تۆره‌كان به‌ خێرایى بهاوێژن، هه‌ر ژن و مێرده‌ ده‌بێ بچێته‌ لایه‌كى ئاوه‌كان، هه‌تا پێیان ده‌كرێ ده‌بێ لێك دوور بكه‌ونه‌وه‌ و تۆڕه‌كه‌ بهاوێژن و له‌وسه‌ر به‌ خێرایى بگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ى لێى لێكجیابوونه‌ته‌وه‌، له‌وێوه‌ تۆڕه‌كه‌ راده‌كێشن، تا لێوارى ده‌ریاچه‌كه‌، ته‌واوى ته‌زره‌كان ده‌هێننه‌ سه‌ر گیاو گۆڵ، ئینجا به‌ خێرایى له‌ فه‌رده‌ و گوشانیان ده‌كه‌ن و ده‌یانپه‌ستن و له‌ناو پووش و په‌لاشیان ده‌نێین تا هه‌تاوى پێنه‌كه‌وێ، ده‌بێ ته‌زره‌ى داپۆشراو به‌ پووش و په‌لاش جارێكى دى له‌ ناو فه‌رده‌ گوشێكى دیكه‌ بنرێن یان له‌ناو ته‌لیسێكى گه‌وره‌تریان بنێین و توند سه‌ریان داخه‌ن و هه‌ر به‌ خێرایى ده‌خرێنه‌ ناو تێره‌كانى سه‌ر پشتى هێستره‌كان و هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ش ده‌بێ رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ بگرن، بێ وه‌ستان ده‌بێ بگه‌ینه‌وه‌ شار، ته‌سلیمى یاساوڵ و قه‌ڕاوڵه‌كانى پاشاو كاهینه‌ گه‌وره‌كانى "بێلشانائوزور" و پیاوه‌كانى خواوه‌ندى گه‌وره‌ "مه‌ردوك"یان بكه‌ین، ئه‌وانیش له‌ناو ژێرزه‌مینى كۆشك و په‌رستگاى گه‌وره‌ى "ئیزاگیل" ده‌یانشارنه‌وه‌.
ئه‌مه‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ دنیا خۆشه‌، هه‌ر خه‌ریكى راوه‌ ماسین، په‌ڵه‌ هه‌ورێك چیه‌ له‌ ئاسمان نیه‌، دنیا زێڕه‌وشانه‌، هه‌تا بڵێى جوان و پاك و بێگه‌رده‌، به‌یانیان له‌گه‌ڵ ده‌نگى هه‌زاران باڵنده‌ و گیانه‌وه‌ران به‌خه‌به‌ر دێین، پیاوه‌كان له‌ ده‌م ئاوه‌كان به‌ درێژایى رۆژ دێن و ده‌چن، له‌به‌ر ناحه‌زى و دوژمندارى خه‌ڵكى ده‌وروبه‌رى ئاوه‌كانیش ناتوانین دوورتر بڕۆین، به‌ گشتى هه‌موومان، رۆژه‌كان به‌ مات و مه‌لوولى به‌ڕێ ده‌كه‌ین، ئاسمانى ساماڵ و سایه‌قه‌ش ئه‌وه‌نده‌ى دى بێتاقه‌تى كردووین، ئه‌گه‌ر بێ ته‌زره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شار، ئه‌م زستانه‌ چۆن رزگارمان ده‌بێ، كى به‌ هانامانه‌وه‌ دێ، هیوامان به‌ هه‌فته‌ى سێیه‌م بوو بیكاته‌ گه‌واَله‌ و هه‌وره‌ تریشقه‌، به‌ڵام هیچ، پیاوه‌كانمان به‌ قه‌د ساڵێك وێرد و نوێژیان بۆ "خواوه‌ند مه‌ردوك" خوێندووه‌ و، ئه‌وه‌نده‌ى لێى بپاڕێنه‌وه‌ به‌هانایان بێ و ته‌زره‌ ببارێ، به‌ڵام هه‌ر هیچ، پاشان له‌ بێزارى و بیركردنه‌وه‌ له‌ زستانى ئاینده‌، به‌ كۆمه‌ڵ نه‌فره‌ت و پلاریان بۆ خواوه‌ند "مه‌ردوك" ده‌نارد، یاساوڵ و چه‌كداره‌كانیش به‌ دار و قامچى وه‌رده‌گه‌ڕانه‌ سه‌ریان و ده‌یانگوت:"ئێوه‌ چۆن كفرى و گوناهى وا ده‌كه‌ن، ئه‌ى ئه‌گه‌ر خواوه‌ند مه‌ردوك لێمان تووڕه‌ بوو، ئه‌وسا چى بكه‌ین، فه‌رموو ئێسته‌ كه‌ ته‌زره‌ نیه‌ و نابارێ بێگومان لێمان تووڕه‌ بووه‌ و ئه‌مه‌ش وه‌ك سزایه‌كه‌، فه‌رموو ئێسته‌ چى ده‌كه‌ن؟" بێگومان له‌ كۆتایى هه‌فته‌ى سێیه‌م زۆر بێتاقه‌ت بووین، بڕستمان لێ بڕابوو، رۆژێك لاى نیوه‌ڕۆ له‌ناكاو ئه‌و سوار و چه‌كدارانه‌ى له‌گه‌ڵمان هاتبوون، به‌ خێرایى سوارى ئه‌سپ بوون و بۆى ده‌رچوون، ئێمه‌ش بێ پاسه‌وان ماینه‌وه‌، ژنه‌كان ده‌ترسان، پیاوه‌كانیش سه‌ریان لێ شێوابوو چى بكه‌ن و چۆن بێ ته‌زره‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌، بێگومان پاشا "بێلشانائوزور" و كاهینه‌ گه‌وره‌كان هه‌موومان له‌ زیندان ده‌نێن و ئازارمان ده‌ده‌ن. سه‌ره‌نجام كه‌مێك دواى رۆیشتنى سواره‌كان، ئێمه‌ش به‌ خێرایى بارگه‌و بنه‌مان پێچایه‌وه‌ رێگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌مان گرت، هه‌تا له‌ شار نزیك ده‌بووینه‌وه‌ دووكه‌ڵ و بۆن سۆ زۆرتر ده‌بوو، خه‌ڵكى په‌رێشان و رووت و ره‌جاڵ و بریندارمان ده‌بینى، خه‌ڵك به‌ كۆمه‌ڵ به‌ره‌و باكور راى ده‌كرد، سوار ده‌هاتن سوار ده‌چوون و به‌ غار ده‌ڕۆیشتن، كه‌ گه‌یشتینه‌ نزیك دیوار، ده‌روازى سین داخرابوو، ناچار بووین به‌ ده‌روازه‌ى "لۆگالگیرا" خۆمان بخه‌ینه‌وه‌ ناو شار، له‌ویش لێدان كوتان بوو، له‌ پیاوه‌كانیان ده‌دا، ژن و منداڵه‌ جوانه‌كانیان ده‌فڕاند، باش بوو من ئه‌وه‌نده‌ جوان نه‌بووم ئه‌گینا منیشیان ده‌فڕاند، له‌ ناوه‌ڕاستى شار دووكه‌ڵێكى گه‌وره‌ هه‌ڵده‌ستا، كۆمه‌ڵێك سوارى نه‌ناسراو رایانگرتین و به‌ زمانێكى دى قسه‌یان ده‌كرد زیاتر به‌ زمانى ئێلامى خه‌ڵكى شوش ده‌چوو، ئێمه‌یان پشكنى، پاشان وێڕاى سووكه‌ لێدانێك رێگه‌یان داین بڕۆین، دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستیان به‌سه‌ر هێستر و هه‌موو كه‌ڵ و په‌لێكى ئێمه‌دا گرت، سه‌ره‌نجام دواى ماندوو بوونێكى زۆر گه‌یشتینه‌وه‌ ناو ماڵ، به‌ڵام چ ماڵێك، چۆل و هۆڵ، هه‌تا گۆزه‌ ئاوه‌كانیشیان بردبوو، هه‌ندێ گه‌نم و جۆ و خورمامان هه‌بوو، ئه‌وانیشیان بردبوو، هه‌موو شتێكیان تاڵان كردبوو، كۆرشى گه‌وره‌ به‌سه‌ر شارى دادابوو، له‌ رێگاى ئاوه‌وه‌، به‌ ناو فوراتدا هاتبووه‌ ناو بابیلیم، ته‌ڕ و وشكى سووتاندبوو، بێلشانائوزور له‌گه‌ڵ باوكى شا نابونید و ژنه‌ جوانه‌كه‌ى نیتۆكریز هه‌ڵاتبوون په‌نایان بۆ شارى لارسا بردبوو، به‌ڵام دڵنییام كۆرش له‌وێش راویان ده‌نێ، رۆژى پاشتر له‌ پێش كۆشك و په‌رستگاى گه‌وره‌ى ئیزاگیل، شوێنى نیشته‌جێى خواوه‌ندى گه‌وره‌ "مه‌ردوك"، خواوه‌ندى خواوه‌ندان، كاهینه‌كان به‌ گه‌وره‌ بچووكیان، وێڕاى فه‌رمانبه‌ر و كاربه‌ده‌ستان هه‌موو له‌ پێشوازى كۆرشى گه‌وره‌ بوون، هێشتا ته‌واو نه‌گه‌یشتبوو ئه‌وان ده‌مێك بوو كڕنووشیان بۆ بردبوو. كۆڕشى گه‌وره‌ به‌ خۆى و ته‌داره‌كى گه‌یشته‌ پێش په‌رستگا، كاهینى گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى گه‌وره‌ى پیاوماقووڵانى بابیلیم به‌ خۆیان و شه‌ربه‌ و گۆزه‌ى رازاوه‌ له‌ زیوى بێگه‌رد پڕ له‌ شه‌ربه‌ت و ئاوى سارد و پڕ له‌ ته‌زره‌ پێشوازییان لێ كرد.


ئەم بابەتە 169 جار خوێندراوەتەوە