101412019_715-537-1-1_(1).jpg

فۆبیای سێكس -فرانتس كافكا بەنمونە-

شوان ئەحمەد


زۆرێك لە كافكا ناسان جەخت لەوەدەكەنەوە كە فرانتس كافكا كێشەی سێكسی هەبووەو هەرئەوەش وایكردووە هیچ یەك لە پەیوەندییە ئەوینداریەكانی، بەهاوسەرگیری نەگەن و هەر بەڕەبەنی بمێنێتەوە.
هاوشارییەكی خۆی كە ئیڤان كلیمای ڕۆماننوسی چیكیە، دەڵێت: (كافكا كەسێكی زۆر شەرمن بووەو زۆریش لەژن دەترسا).
بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا، لەڕێی كافكا ناسێكی بەناوبانگی وەك ڕەینەر شتاخی ئەڵمانیەوە كە لەماوەی چواردە ساڵدا كتێبێكی سێ‌ بەرگی قەوارە گەورەی سێ‌ هەزار لاپەڕەیی، لەسەر ژیانی كافكا نوسیووەو بەوردو درشتی سەربوردەی ژیانی منداڵی و لاوێتی و كامڵی نوسیووەتەوە، ئەو بۆ چونانە هەڵدەگێڕێتەوەو باس لەوەدەكات، كافكا بەوجۆرە نەبووە كەباس دەكرێت، بەڵكو پەیوەندی بێشوماری سێكسی هەبووەو زیاد لە ژنێكی ناسیووەو ئامشۆو ڕۆتی بەردەوامی سێكسفرۆشانی كردووە. 
ئەگەر ترسێكیشی هەبووبێت لەسێكس و ژنان، لەبەر ئەو دەردو نەخۆشیانەبووە كە لەڕێی پەیوەندیی سێكسی و سكو زا كردنەوە گوازراونەتەوە. هەروەها تەرێزكردنی كافكا لە سێكس (ئەمەشیان هەر بەقەولی ڕەینەر شتاخ)، پەیوەندی بە ئایین و مۆراڵ و بەخودی سێكسكردن خۆیەوە وەك پرۆسەیەك نەبووە، ئەوەندەی پەیوەندی بەو نەخۆشیانەوە هەبووە كە لە پراگی ئەو سەردەمەدا زۆر باوبووە.
پرسی سێكس و پەیوەندی لەگەڵ ژناندا، یەكێكە لەو تەوەرانەی كاتێك قسە دێتە سەر كافكا، زۆرترین گرنگی پێدەدرێت و شرۆڤەو لێكدانەوەی جۆراو جۆری بۆدەكرێت.
لە ئێستادا ئەم هەوڵەی شتاخ، ڕەنگە ئاڕاستەی ئەو قسەكردنانە بەرەو لایەكی دیكە بەرێت كە كافكا نەك فۆبیای سێكسی نەبووە، بەڵكو پەیوەندی گەلێكی بێشوماری هەبووە.

 

 


ئەم بابەتە 140 جار خوێندراوەتەوە