tumblr_prwjvneoFA1s1m5p9o1_500h.jpg

کروێلای کرەیگ گیلیسپی

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: پەریا پێشڕەو حسێن

 

دەرهێنەر: کرەیگ گیلیسپی

ئەکتەران: ئێما ستۆن، ئێما تۆمبسن، جۆوڵ فرای، ئێملی بێکام، مارک سترۆنگ

کات: ١٣٤ خولەک

رەیتین: ٧.٤

بودجە: $١٠٠-٢٠٠ ملیۆن

زمانی فیلم: ئینگلیزی

جۆری فیلم: تاوان، کۆمیدی

کچێک کە خەونی بوون بە دیزاینەری جلوبەرگی هەیە لە ناکاو ژیانی سەراوژێر دەبێت، ئەم کچە منداڵە چۆن گەورە دەبێت؟ و ئایا بە خەونەکەی دەگات؟

چیرۆکی فیلمەکە: ئێستێلا میلەر منداڵێکی داهێنەرە و خولیای دیزاین کردنی  جلوبەرگی هەیە و دەیەوێت ببێتە دیزاینەر. بەڵام منداڵێکی زۆر دڵڕەق و بوێرە ئەمەش وا دەکات لە منداڵە هاوتەمەنەکانی خۆی جیاواز بێت. بەهۆی ئەوەی ئێستێلا منداڵێکی یاخییە و لە منداڵەکانی دیکە دەدات و بێڕێزی دەکات بەرامبەر مامۆستاکان، دەیانەوێت لە قوتابخانە وەدەری بنێن، دایکیشی (کاترین) ناچار دەبێت زووتر لە قوتابخانە دەریبهێنێت بۆ ئەوەی تۆمارەکەی بە پاکی بهێڵێتەوە، و پلانی ئەوە دادەنێت کە بەڕێبکەوێت بۆ لەندەن. لە ڕێگادا بۆ لەندەن لە ئاهەنگێک کە ڕێکخەرەکەی ژنێکی دەوڵەمەندە دەوەستێت بۆ ئەوەی داوای یارمەتی دارای بکات. سەرەڕای ئەوەی کاترین بە ئێستێلا دەڵێت کە لەناو ئۆتۆمبێلەکە بمێنێتەوە، ئێستێلا زۆر مەراق دەیگرێت و دەیەوێت بزانێت چی لەناو ئەو کۆشکە گەورەیە هەیە لەبەر ئەوەش لەگەڵ سەگەکەی (بەدی) دزە دەکاتە ناو ئاهەنگەکە و بۆ یەکەمینجار لە ژیانیدا نمایشێکی فاشن دەبینێت، بەڵام بێمەبەست سەرنجی سەگەکانی ڕێکخەری ئاهەنگەکە بۆخۆی ڕادەکێشێت، سەگەکان ڕاویدەنێن بۆ دەرەوە و ئێستێلا-ش لە پشت پەرژینێکەوە خۆی دەشارێتەوە لەو کاتەشدا دەبێت بە شایەتی ڕووداوێکی دڵتەزێن، سەگەکانی خاوەن ئاهەنگەکە پاڵ بە دایکی ئێستێلا-وە دەنێن بۆ ناو ڕووبارەکە. ئێستێلا ئاهەنگەکە بەجێدەهێڵێت و خۆی بە خەتابار دەزانێت بۆ مردنی دایکی، و دەڕوات بۆ لەندەن لەوێ دوو منداڵی سەرشەقام دەناسێت بەناوی جاسپەر و هۆراسی و سەگەکەیان چیهوا وینک و دەبن بە هاوڕێ و ئێستێلا لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، ئێستێلا-ش قژی خۆی ڕەنگ دەکات بۆ سوور بۆ ئەوەی هیچ کەس نەیناسێتەوە.

لە دوای دە ساڵ، ئێستێلا وەک جاسپەر و هۆراسی دەبێتە دز، هەروەها واز لە بەهرەکەی خۆی ناهێنێ و جل بۆ خۆیان دیزاین دەکات، بۆ جەژنی لە دایکبوونەکەی جاسپەر و هۆراسی کارێکی بۆ دەدۆزنەوە لە فرۆشگایەکی دیزاین کردنی جلوبەرگدا، بەڵام وەک دیزاینەر نا بەڵکو وەک پاککەرەوەیەک، ئێستێلا شەوێک زۆر سەرخۆش دەبێت و یەکێک لە دیزاینەکانی کە لەناو پەنجەرەی دوکانەکەدا داندراوە دەستکاری دەکات، دیزاینەکە زۆر سەرنجی (بارۆنس ڤۆن هێلمەن)ـی ئەفسانەی مۆدە ڕادەکێشێت کە لەڕادەبەردەر شیکپۆش و بەشێوەیەکی سامناک پایەبەرزە. ئێستێلا متمانەی بارۆنس بەدەست دەهێنێت، بەڵام دواتر تێبینی ئەوە دەکات بارۆنس ملوانکەیەکی لە ملدایە کە پێشتر هی کاترین بووە، کاتێک ئێستێلا پرسیار لە بارەی ملوانکەکەوە دەکات، بارۆنس دەڵێت کە پێشتر کارمەندێکی دزیبووی. دواتریش ئێستێلا داوا لە جاسپەر و هۆراسی دەکات ملوانکەکە بدزن.

ئێستێلا بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە لەژێر نازناوی (کروێلا) دەچێتە ئاهەنگەکە، و یەکێک لە دیزاینە کۆنەکانی بارۆنس لەبەر دەکات، کە لە خاوەن فرۆشگایەکی ڤینتجی کڕیوە بە ناوی ئارتی، کە دواتر دەبن بە هاوڕێ. ئێستێلا دەیەوێت سەرنجی بارۆنس بۆ لای خۆی ڕابکێشێت بۆ ئەوەی جاسپەر و هۆراسی بتوانن بە ئاسانی ملوانکەکە بدزن. کاتێکیش بارۆنس فیکەیەک بەکاردەهێنێت بۆ فەرمان کردن بە سەگەکانی، ئێستێلا بیری دەکەوێتەوە کە ئەوە هەمان فیکە بووە لە کاتی مردنی کاترین گوێی لێبووە. ئێستێلا دەیەوێت تۆڵەی دایکی لە بارۆنس بکاتەوە، لەبەر ئەوە لە چەندین کۆبوونەوە و ئاهەنگدا بە چەندین جلی جیاوازەوە دەردەکەوێت، کە جلەکان بۆ سوکایەتی کردن بە بارۆنس دیزاین کراون.

بەهۆی (ئانیتا)ی هاوڕێی منداڵییەوە کە ڕۆژنامەنووسە، ئێستێلا ناوبانگێکی زۆر پەیدا دەکات. لوتبەرزی و هەڵسوکەوتەکانی کروێلا جاسپەر و هۆراسی زۆر توڕە دەکات، هەروەها بارۆنس-یش پارێزەرەکەی (ڕۆجەر) دەردەکات بەهۆی ئەوەی کە ناتوانێت کروێلا بوەستێنێت لە ڕێگەیەکی یاساییەوە. هەروەها کروێلا سەگەکانی بارۆنس دەڕفێنێت لە پاش ئەوەی یەکێک لە سەگەکان ملوانکەکەی کاترین قوت دەدات.

ئێستێلا کۆڵێکشنە بەهارەکەی بارۆنس تێکدەدات، و دواتریش کۆڵێکشنەکەی خۆی پیشان دەدات لە ڕێجێنت پارک. بارۆنس بۆی ڕوون دەبێتەوە ئێستێلا و کروێلا هەمان کەسن و جاسپەر و هۆراسی دەستگیر دەکات و ئێستێلا دەبەستێتەوە، و ئاگر بەردەداتە شوێنەکە و بەجێی دەهێڵێت بۆ ئەوەی بمرێت. بەڵام یارمەتیدەرەکەی بارۆنس (جۆن)، ڕزگاری دەکات، و بە ئێستێلا ڕادەگەیەنێت ملوانکەکە کلیلی سندووقێکە تێیدا تۆماری لە دایک بوونی ئێستێلای تێدایە. ئێستێلا بۆی ڕوون دەبێتەوە بارۆنس دایکی ڕاستەقینەیەتی، بارۆنس فەرمانی بە جۆن کردووە منداڵەکە بکوژێت بۆ ئەوەی سەرنجی تەنها لەسەر ژیانی کاری خۆی، و ئەو سامانە بێت کە هاوسەرەکەی لە دوای مردنی بۆی بەجێدەهێڵێت. جۆن-یش منداڵەکە ناکوژێت و دەیدات بە کاترین، کە یەکێکە لە خزمەتکارەکانی بارۆنس، و ئێستێلا بە شاراوەی دەهێڵێتەوە و گەورەی دەکات. ئێستێلا زۆر بە خەڵەتاندنەکەی کاترین توڕە دەبێت بەڵام دواتر خۆی لەگەڵ ڕاستییەکاندا دەگونجێنێت تەنها بۆ ئەوەی لە تۆڵەسەندنەوەکەی بەردەوام بێت، و بە دایکی دەڵێت (کاترین) کە چەند ئەوی خۆشدەوێت.

کروێلا جاسپەر و هۆراسی لە زیندان دەردەهێنێت، و لەگەڵ ئارتی دایاندەمەزرێنێت بۆ کۆتا پلانی. دزە دەکەنە ئاهەنگە خێرخوازییەکەی بارۆنس، و لە جلەکانی کروێلا بۆ هەموو میوانەکان دەنێرن و داوایان لێدەکەن وەکو ڕێزێک و لەبەر مردنی کروێلا جلەکان بپۆشن. تەنها بۆ توڕە کردنی بارۆنس. دواتر بارۆنس دەچێتە باخچەکە، لەوێ کروێلا (وەکو ئێستێلا جلی لەبەر کردووە) و بە بارۆنس ڕادەگەیەنێت کە ئەو کچە بەجێهێڵراوەکەی بارۆنس-ە. بارۆنس وا خۆی دەردەخات زۆر پەشیمان بێت لەبەر کارەکەی و داوا دەکات باوەشی پێدا بکات، کاتێک ئێستێلا ڕازی دەبێت بارۆنس پاڵی پێوە دەنێت و لەسەر قەدپاڵی چیاکە دەیخاتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت هەموو میوانەکانی ئاهەنگەکە لە دەرەوەن و شایەتی ڕووداوەکە دەدەنن. کروێلا ڕزگاری دەبێت لە کەوتنە خوارەوە بە بەکارهێنانی پەڕەشوتێک کە بە جلەکانییەوە بەستراوە، و دواتر وەکو کروێلا جل دەپۆشێت و دەچێت بۆ ئەوەی شایەتی بدات بۆ دەستگیرکردنی بارۆنس.

لە کۆتایشدا کروێلا دووان لە سەگە دالماتییەکان بە ناوەکانی پۆنگۆ و پێردیتا پێشکەشی ڕۆجەر و ئەنیتا دەکات. ڕۆجەریش دەبێتە ئاوازدانەر و گۆرانییەک بڵاو دەکاتەوە بە ناوی "Cruella da Vill''.  


ئەم بابەتە 66 جار خوێندراوەتەوە