real-moby-dick-gettyimages-534969187.jpg

دەربارەی ڕۆمانی مۆبی دیک

هاشم ئەحمەدزادە

 

“مۆبی دیک یان با بڵێین نەهەنگی سپی ڕۆمانێکی بەناوبانگی ئامریکاییە لە نووسینی هێرمان مێلڤیل. ئەم ڕۆمانە یەکەم جار لە ساڵی ١٨٥١ بڵاو بووەوە و لەو کاتەوە هەتا ئێستا سەدان جار چاپ کراوەتەوە و بووەتە سووژەی سەدان فیلم و بەرهەمی هونەریی دیکە و بۆ دەیان زمانیش وەرگێڕدراوە.

 ویلیام فاکنێر، وەرگری خەڵاتی ئەدەبیی نوبێل، لە وەسفی مۆبی دیکدا دەڵێت، خۆزگە من ئەم ڕۆمانەم نووسیبایە.

ئەم قسەیەی فاکنێر و قسەیەکی دیکەشی لە حاند مادام بووڤاریی گۆستاو فلوبێردا بۆ ئێمەی کورد زۆر شایانی لێ وردبوونەوەیە. ئاخر فاکنێری تەواو مۆدێرنیست هێندەی مادام بووڤاری خوێندبووەوە کە لەبەری کردبوو. ئەمە لە کاتێکدایە خوێنەر و نووسەری کوردمان هەیە بە خوێندنەوەی بەرهەمێکی نوێ و ڕەچاوکردنی شێوازێکی نوێ هەرچی نووسەری پێش خۆیانە دەخەنە تەنەکەی زبڵەوە و مێژووی ئەدەب لە خۆیانەوە و بە خۆیانەوە دەست پێ دەکەن.
هێرمان مێلڤیل (١٨٩١-١٨١٩) کاتێک سی بەهار بەسەر ژیانیدا دەرباز ببوو، کتێبەکەی نووسیوە. بەم کارەی بووەتە یەک لە پێشەنگانی نووسینی ڕۆمان لە ئامریکا. ئەو هەر ڕۆمانێکی نەنووسیوە، بەڵکوو دونیایەکی خوڵقاندووە کە زیاتر لە هەر سیاسییەکی ئەمریکی، تۆوی ئەمریکێتی بە سەر عەرزی وڵاتە یەکگرتووەکاندا بڵاو کردووەتەوە و بووەتە یەک لە ئەندازیارانی سازکردنی ناسنامەی ئەمریکی. ئەو بە مۆبی دیک جیهانێکی ئافراندووە لێوڕێژ لە ئالیگۆری، جوانیناسیی ئەدەبی، شیعرییەت و بیر و هزری فەلسەفی و بوونناسی.
ئێستا کەرەسەکە، واتا کتێبەکە بەردەستە! هەڵبەت بە کوردی نا، بەڵکوو بە دەیان زمانی دیکە. نووسەر دوای نزیکەی دوو سەدەیەک لەو بەری ئوقیانووسەکانەوە بەهێمنی بانگهێشتی خوێنەرانی دەکات بۆ چوونە نێو جیهانی پڕ لە شەپۆل و هاشوهووشی نەهەنگ و کۆسەکان. لەو دیو تەکنیکی گێڕانەوەدا مێلڤیل ئیشماعیل دێنێتە گۆ و لە یەکەم ڕستەدا داوا لە بەردەنگ دەکات:
- بە ئیشماعیل بانگم بکەن!
لێرەوە دەروازەی جیهانێک بەڕووی خوێنەرەوە دەکرێتەوە، جیهانی ناساندنی نهێنییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئەمریکی و سروشتی ئاژەڵ و دڵڕەقیی زەریا و سەدان ڕاز و ڕەمزی دیکە. جیهانی پر لە ڕەنگ و بۆنی گێڕانەوە لەگەڵ هەڵبەزدابەزی شەپۆلەکان و هەڵشاخانی کاپیتان ئەیهاب و تووڕەییەکانی نەهەنگی سپی. جیهانی کێبەرکێی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و شەڕی مان و نەمان. جیهانی بایخە ئەمریکییەکان و بە ئەمریکایی کردنی ئینگلیسی و ئایین و مرۆڤ. جیهانی هەمەڕەنگیی مرۆڤ و پێوەندیی قووڵی هەبوونی کۆمەڵایەتی و وشیاری تاک و کۆمەڵ. جیهانی بەرتەسکیی تاکبڕوایی و کەموکوڕییە ئامادەکانی مرۆڤ. جیهانی ئەندازیاریی نەتەوەیی و جیهانی جیاوازبوون لە ئەوی دیکە. هەمووی ئەمانە و سەدان شتی دیکەش دەبنە کەرەسەی جیهانی چێژی خوێنەر و چیبوون و ئەرکی ئەدەب. کۆڵانەکانی گێڕانەوە لە ئیشماعیلەوە هەتا ئیشماعیل کە سەرەتا ڕوو لە بەردەنگ دەکات و لە کۆتاییدا هەمدیسان دەڵێت کە بۆیە مایەوە کە ئەرکی گێڕانەوەی بەسەرهاتی کاپیتان ئەیهاب و هەموو جەنگاوەرانی کەشتیی پێکوودمان بۆ بگێڕێتەوە. ئیشماعیل تەنیا ڕزگاربووی ددانە تیژ و چەناگە خواروخێچەکەی زەبەلاحێکی گەورەیە بە ناوی مۆبی دیک.


ئەو کاتەی قاچێکی کاپیتان ئەیهاب لە ڕاوە نەهەنگێکدا دەبێتە خۆراکی دەمی نەهەنگی سپی، واتە مۆبی دیک، ئیتر دونیا تەنیا و تەنیا بە لەنێوبردنی مۆبی دیکەوە دەبێتەوە خاوەنی مانایەک بۆ کاپیتانی قاچ لەدەستچوو. ئیتر گرنگ نییە لەم شەڕە نابەرامبەرەدا هەموو ئەندامانی مالباتی کەشتیی پێکوود تێدا بچن. کاپیتان بەرچاوی تاریک بووە و ئیرادەی کردووە شتەکان لە گۆڕ دڵی ئەو بڕۆنە پێش. بەڵام وەگێڕە گەنجە دڵپاکە جوانکیلەکەی شەڕی ئەیهاب و مۆبی دیک، لۆگیکێکی تایبەتیی گێڕانەوەی خۆی هەیە. ئەو نەک هەر لە سیلەنیگای کاپیتانەوە بەڵکو لە ڕوانگەی ستارباکسی یاریدەدەر و پیپی منداڵکارە و کوییکۆئێگی باپەرەستی "مرۆڤخۆرەوە" و بگرە یەک بە یەکی سەرنشینانی پێکوودەوە دەڕوانێتە گۆڕەپانی شەڕی مان و نەمانی کاپیتانێکی ئیرادەگەراو و مۆبی دیکێکی
زەبەلاحی سروشتەوە.“


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە