250796963_410152850734285_6357186510606985332_n.jpg

ئەم هونەری شیعرە

بڵند عیرفان

ئەم کتێبە، کۆمەڵێک وانەی بۆرخێسن کە لە ١٩٦٧ـدا لە زانکۆی هارڤارد وتوویەتییەوە. ئەودەم بۆرخێس، چاوی بەتەواوی کزبووبو. بۆیە کتێبە (وەک من لە سەرەتاوە وامدەزانی) کۆمەڵە وتار نین. بەڵکو لە شێوەی وانەگوتنەوەن. بەهۆکاری ئەوەی کە بۆرخێس چاوی کزبووبو، بەبێ هیچ تێبینییەکی نووسراو، وانەکەی دەگووتەوە و تێڕامان و سەرنجەکانی لەمەر شیعر، بەبێ نووسینەوەی ئەوەی کە دەیڵێت دەگووتەوە. ئەوەی لە سەرەتاوە سەرسامیی بووم، ئەو یادەوەرییە بەهێزەی بۆرخێس بوو، کە هەموو ئەو نموونانەی دەیهێنانەوە، هەموویانی لەبەربوو، هەم شیعرەکان، هەم ئەو کارەکتەرانەی باسی دەکردن. شتێکی زۆر سەیر لێرەدا هەیە، ئەوەی کە بۆرخێس زۆرجار شیعر و کارەکتەرەکانی نێو چیرۆکەکانی خۆی لەیاد دەکرد. وەک خۆی دەڵێت: زۆرجار لێیان دەپرسیم ئەو کارەکتەرە بۆوای گووت، یان بۆچی بێدەنگ بوو؛ کەچی من نەمدەزانی باسی چی دەکەن.

 

ئەم هونەری شیعرە، وەکو پێشەکییەک وایە بۆ ئەدەب و سەلیقە، ئەوەی کە چۆن وردتر بتوانین مامەڵە لەگەڵ ئەدەب و بەتایبەتتر لەگەڵ شیعردا بکەین. وانەی یەکەم بریتییە لە "مەتەڵی شیعر"، کە تێڕوانینێکی ئۆنتۆلۆجییە بۆ شیعر و تێیدا باس لە شیعر دەکات. ئەو لە شوێنێکدا دەڵێت: زۆرجاران شیعر وەک ئەرکێک دەبینرێت، نەک وەک ئەوەی هەیە؛ وەک سۆز و چێژ. بەبڕوای بۆرخێس، شیعر هەیە وەک بوونێکی سەربەخۆ؛ وەک خۆی دەڵێت: شیعر لێرەیە، لە چواردەورمان؛ لە شوێنێک خۆی مەڵآس داوە. ئەو پێی وایە قسەکردن لەسەر ئەوەی کە شیعر چییە، وە پێناسەی بکەین، بۆ نموونە گەر بڵێین پێناسەیەک بنووسین بۆ شیعر ئەوا ئەو دەڵێت: شیعر دەربڕینی شتە جوانەکانە لەڕێی بەکارهێنانی ئەو وشانەوە کە بەشێوازێکی هونەری پێکەوە چنراون.

بەڵام وەک خۆی دەڵێت، هەموومان هەست بەوە دەکەین کە ئەمە پێناسەیەکی لاوازە. شتێکی گرنگتر هەیە لەوەی کە پێمان وایە پێناسەی بۆ بدۆزینەوە، شیعر شتێکە هەموو هەستی پێدەکەین. ئەسڵەن پێناسە بۆ شیعر دورماندەخاتەوە لەوەی بەتەواویی لە هەستەکانمان نزیکبینەوە، شیعر دەبێت ئازاد بکرێت وەک ئەوەی هەیە. بەبڕوای بۆرخێس؛ پێناسەکردنی شیعر وەک پێناسەکردنی تامی قاوە وایە!

نموونەیەکی زۆرباش لە کتێبەکەدا هەیە، ئەوەی ڕوونکردووەتەوە لە سەرەوە باسکراوە؛ سەینت ئۆگەستین دەڵێت: کات چییە؟ ئەگەر خەڵکی لێم نەپرسن کات چییە، ئەوا دەزانم چییە؛ بەڵام گەر لێم بپرسن کات چییە، ئەوا نازانم چییە. ئەمە هەمان هەستی منە بەرانبەر شیعر.

لە دووەم وانەدا بۆرخێس باس لە مێتافۆڕ دەکات؛ ئەو لەبارەی ئەوە دەدوێت، مێتافۆڕەکان کەمن، بەو مانایەی ئەو مێتافۆڕانەی شاعیرەکان بەکاریان هێناوە، زۆرینەیان دەچنەوە سەر یەک نموونە، بەبڕوای بۆرخێس مێتافۆرەکان دەتوانرێت بۆ دوانزە لێکچوون کورتبکرێنەوە، ئەوانیتر هەمووی بۆ سەرسامیین. بەڵام وەک خۆی دواتر ڕوونیدەکاتەوە، ئەمە جێی نیگەرانی نییە، چونکە نموونەکان، شیعرەکان و مێتافۆرەکان، شیعریەتی خۆیان دەپارێزن. مێتافۆر هەمیشە کاردەکاتە سەر خەیاڵ. لەکۆتا قسەیشیدا لەبارەی ئەم دیدەوە، دەڵێت هیوای ئەوە دەخوازم مێتافۆڕێک هەبێت، کە نەچێتەوە سەر ئەوانی دیکە، ئەوە دەبێتە داهێنانی ڕاستەقینە.

 

لە وانەی سێیەمدا، بۆرخێس باس لە حیکایەتخوانیی دەکات. زیاتر ئەم وانەیەی تەرخانکراوە بۆ پەخشانە شیعر. بۆرخێس لێرەدا دژە ڕۆمان دەردەکەوێت و پێی وایە لە زۆر شوێندا درێژدادڕە، ئەو بانگەشەی مەرگی ڕۆمان دەکات و پێی وایە ڕۆمان داستانی پشتگوێخستووە. لە شوێنێکدا دەڵێت: باوەڕنەهێنان بە خۆشی و بەختەوەری، یەکێکە لە هەژاری سەردەمەکەمان.

 

ئاوازی وشە و وەرگێڕان، وانەی چوارەمییەتی، تێڕامانێکە لەبارەی وەرگێڕانی شیعرەوە. لێرەدا بۆرخێس دژی ئەو بۆچوونە باوە دەوەستێتەوە، کە پێی وایە وەرگێران خیانەتە لە دەق. تەنانەت لە هەندێک شوێندا (وەک لە نموونەکان ڕوونیدەکاتەوە) پێی وایە وەرگێرانەکە لە خودی دەقی زمانە ڕاستەقینەکە جوانتر و باشترە. ئەوەی کە لێرەدا سەیرە، ئەو بوێرییەی بۆرخێسە لەبارەی وەرگێڕانی شیعرەوە.

 

وانەی پێنجەمی، تەرخانکردووە بۆ بابەتێکی ئێجگار گرنگ (هزر و شیعر)، کە پێم وایە شایەنی بیرلێکردنەوەیەکی وردە.

لە سەرەتاوە بۆرخێس بەگژ ئەوەدا دەچێتەوە، شێعر بخرێتە نێو قاڵبێکی عەقڵانی لۆژیکی؛ وەک خۆی دەڵێت: مێتافۆڕەکان چوارچێوەی هێرمۆنەتیکی هەڵدەوەشێنن، نەوەک مانا بەهێز بکەن. بۆرخێس بڕوای وایە شیعر، وەک جۆرێک لە زەڕورەت پێویستی بە مانا نییە.

شیعر هەمیشە پێویستی بە مانا نییە، شیعری زۆر جوان هەن و مانایشیان نییە، زۆرجاران ئاوازی ڕستەکان، ‌هێندە جوان و شیعرین، کە بۆ پارێزگاریکردن لە شیعرییەتی خۆیان، هیچ پێویستیان بەمانا نییە. لەم وانەیەدا، بۆرخێس دوو ئارگومێنت دەخاتەڕوو؛

لە یەکەمیاندا، باس لەوە دەکات کە کەرەستەی زمانی شیعری، ئەو وشانەن کە لەژیانی ئاسایی ڕۆژانەدا بەکاردەبرێن، وە شیعر دێت و بەو هێزەی کە هەیەتیی، مانای نوێیان دەداتێ. کە ئەمە ئێجگار گرنگە بۆ بیرلێکردنەوە.

واتە زۆرجاران زمانی ئەدەبیی لەو وشانە پێکدێت کە مانایەکی باویان هەیە، بەڵام شیعر دێت و لەو مانایە دەریاندەهێنێت و مانای گرنگتریان دەداتێ. هەر ئەمەیشە سیحری شیعر. بەڵام هەر لێرەدا، بۆرخێس ئارگومێنتێکی ئێجگار سەیر دەخاتەڕوو سەبارەت بەو پرسە. (شیعر گەڕاندنەوەی وشەکانە، بۆ مانا ڕاستەقینەکانیان) ئەوەی کە دەگەڕێتەوە بۆ زمان، بەشێوەیەکی ئێجگار سیحری. لەگەڕاندنەوەی پرسەکە بۆ زمان، بەجوانی ئەوە ڕووندەکاتەوە کە دەیەوێت بیگەیەنێت. ئەو دەڵێت لە سەرەتادا، وشە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئێمە، مانایەکی گەورەیان هەبووە! بۆ نموونە شەو، ئەو پێی وایە کە مانای هەبووە لەوەی کە وشەیەکی ئاسایی بێت. ناتوانم زەنگی بەردەوامی ئەو دێڕە، لە گوێیەکانمدا بسرمەوە کە بۆرخێس دەیڵێت (شیعر گەڕاندنەوەی وشەکانە، بۆ مانا ڕاستەقینەکەیان). یاخوود لەو شوێنەی کە دەڵێت: زۆر شیعر هەن بێماناشن و جوانیشن. کەچی هێشتا مانایەکیان هەیە؛ نەک بەنیسبەت ئاوەزەوە، بەڵکو بەنیسبەت خەیاڵەوە. لە کۆتا وانەدا، بۆرخێس باس لە بیروباوەڕی شاعیر دەکات. بەدرێژایی هەموو وانەکان، شەکسپیر هاوڕێی هەمیشەییەتی بۆ نموونەکانی.

 


ئەم بابەتە 239 جار خوێندراوەتەوە