166058570_202338138316106_1464658460278739931_n.jpg

قسەیەک بە بۆیەی پاستیل

دلاوەر قەرەداغی

ئەی شار
ئەی شۆخ و شەنگترین وەهم
ئەی شارێک
کە لە هەموو شارەکانی
دونیا زیاتر
شاعیرت هەن ... جەللادت هەن
قوربانییت هەن و
خودات هەن
ئەی شارێک
کە لە هەموو شارەکانی
دونیا زیاتر
ڕەنگت هەن ... دوو دڵیت هەن
ئاسمانت هەن و
شوورەت هەن
کە لە هەموو شارەکانی دونیا
زیاتر
خەیاڵت هەن ... توڕەییت هەن
کوفرت هەن و نزات هەن
ئەی شارێک
کە لە هەموو شارەکانی دونیا زیاتر
شەوانە نامەی دڵداریت
تێدا دەنووسرێن و
دەدڕێنرێن و ناگەن
لەم دونیایەدا شارێک نییە
بوێرێ بڵێ:
من بەقەد تۆ
پیاوی گەشبین و پیاوی ڕەشبینم هەن
بوێرێ بڵێ: من بە قەد تۆ
پیاوی دڵڕەق و
پیاوی وەک پەپوولە بێوەیم هەن
دەگمەنە .... دەگمەنە لە دونیادا
لە دونیادا دەگمەنە
شارێکی تر هەبێ
کە وەک تۆ
لەگەڵ مناڵەکانیدا پیربێ
دەگمەنە لە دونیادا شارێکی تر هەبێ
کە وەک تۆ
دوور لە مناڵەکانی
بمرێ!
ـــــــــــــــــــــــــــــــــ
 بەشێک لە شیعری "قسەیەک بە بۆیەی پاستیلی شاعیر دلاوەر قەرداغییە لە کتێبی مەلەک ڕێحانەوە وەرگیراوە. 


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە