daszelt2020_helga_schneider_1.jpg

دایکم پاسەوان بوو لە کامپی مەرگی نازییەکاندا

پیتەر پۆفام

 

هێڵگا خەون بە یەکتربینینێکی پڕ سۆزەوە دەبینێت، بەڵام کاتێک بە دوای ئەو ژنەدا دەگەڕێت کە بە منداڵی بەجێی هێشتووە، ڕاستییە ترسناکەکە ئاشکرا دەبێت

دایکی لە دواقۆناغەکانی خەڵەفاندا بوو، بەڵام هەوری بیرچوونەوە و لێتێکچوون هەندێجار بەری خەیاڵی بەردەدا و بیری تیژ و ڕوون دەبووەوە، بە تایبەتی کە گفتوگۆکەیان دەچووە سەر ئەو ڕۆژانەی کاتێک یەکێک بوو لە پاسەوانە دەستەبژێرەکانی هیتلەر لە دڕندانەترین کامپی قڕکردنەکانی ڕایخدا


لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد

دایکی هێڵگا شنایدەر لە ئێوارەیەکی ساردی پاییزی ساڵی ١٩٤١دا لە ژیانی کچەکەی ڕۆیشتە دەرەوە. هێڵگا لە تەمەنی چوار ساڵیدا بوو و برا بچکۆلەکەشی، کە لە ناو بێشکەکەیدا خەوتبوو، تەمەنی ساڵ و نیوێک بوو. کەسی تر لە ماڵەوە نەبوو. تراودی، دایکی هێڵگا، نەیگوت بۆ کوێ دەڕوات، یان بۆ دەڕوات، یان چەندی پێدەچێت، یان ئاخۆ دەگەڕێتەوە. هێڵگا لە بیرەوەرییەکەیدا بەناوی (لێم گەڕێ)، دەڵێت "دایکم دەرگاکەی لە دوای خۆی پێوەدا. ئیتر دوای ئەوە تا سی ساڵی تر نەمبینییەوە."
چیرۆکەکەی هێڵگا شنایدەر چیرۆکی ژیانێکی پڕ لە چەوساندنەوەیە: لەلایەن دایکێکی خۆپەرستەوە کە دەستبەرداری خیزانەکەی دەبێت لە سەردەمی جەنگدا، لەلایەن باوەژنێکی توندوتیژەوە کە شوێنی دایکەکە دەگرێتەوە، هەروەها بەهۆی چەندین جار ئاوارەبوونەوە کە بەدوای ئەوەدا دێت. بەڵام وەک (لێم گەڕێ) دەیگێڕێتەوە، ئەو برینانەی کە ڕۆیشتنی دایکی تێی کردووە تەنیا سەرتایە. سی ساڵ دواتر هێڵگا جارێکی تر تێکدەشکێنرێت کاتێک بۆی دەردەکەوێت دایکی بۆچی بەجێی هێشتبوو.
تراودی ڕۆیشتبوو تا پەیوەندی بە ڕێکخراو (SS)ی نازییەکانەوە بکات. ڕاهێنانی تایبەتیی پێ کرابوو بۆ ئەوەی ببێتە پاسەوان لە کامپەکانی قڕکردندا. کاتێکیش ڕاهێنانەکەی کۆتایی هات لە (ئاوشڤیتز- بێرکەناو) ئیشی پێ سپێردرا، کە بەدناوترینی کامپی مەرگی نازییەکان بوو و تێیدا لە ترۆپکی پڕۆسەی قڕکردنی جووەکانی ئەوروپادا، ڕۆژانە دوازدە هەزار پیاو و ژن و منداڵ بە گازی ژەهراوی دەخنکێنران.
دوای ماڵئاواییە دڵڕەقانەکەی دایکی – "بە نیازی دیدار، ئازیزەکەم." وای پێ گوت کاتێک بە جانتاکەی دەستییەوە لە دەرگاکەوە ڕۆیشتە دەرەوە – ڕەنگە هێڵگا شنایدەر ژیانی خۆی بەسەر ببردایە بەبێ ئەوەی جارێکی تر چاوی بە دایکی بکەوێتەوە. دایک و باوکی جیابوونەوە، باوکی ژنی هێنایەوە و ئەو ژنەش کە بەجێیهێشتبوون چیتر ناوی نەدەبرا. هێڵگا کە بەردەوام شەڕی بوو لەگەڵ باوەژنەکەی تا ئەو کاتەی لە تەمەنی شازدە ساڵیدا لە ماڵ هەڵهات، ژیانی خۆی دەژیا و عاشقی کوڕێکی ئیتاڵی بوو کە لە پشوویەکدا ناسی و هاوسەرگیرییان کرد و لە شاری بۆڵۆنیا نیشتەجێ بوون.
تا ئەوێ کە ئەو ئاگاداربوو یان بایەخی هەبوو، دایکی مردبوو. بەڵام ئینجا هێڵگا منداڵێکی بوو، کوڕێک کە ناوی لێ نا ڕێنزۆ. کاتێکیش ئازاری بە دەست دایکێکی بێهەستی ترەوە دەچەشت – ئەمجارەیان دایکی مێردە ئیتالییەکەی، کە ڕێنزۆی بە "نەمساوییە بچکۆلەکە" بانگ دەکرد – جارێکی تر خەیاڵی چووەوە بۆ لای یەکەمین ژن لە ژیانیدا.
لە ئەپارتمانە بچووکەکە ڕووناکە پڕ لە تابلۆکەیدا لە ناوەڕاستی بۆڵۆنیادا، دەنووسێت "کاتێک کوڕەکەم دوو سێ ساڵان بوو، بە خۆم گوت، ‹تۆ ئێستا دایکیت، بەڵام دایکی خۆت چی بەسەر هاتووە؟› بۆیە لە شوێنێکی دیاریکراودا ئەو بیرۆکەیە تەنگی پێ هەڵچنیم، ئێستا ئیتر دەبێت بە دوای دایکمدا بگەڕێم. کێ دەزانێت – ڕەنگە دایکێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، داپیرەیەک بۆ کوڕەکەم، پەیوەندییەکی نوێ.
"نامەیەکم بۆ باوکم نووسی تا لێی بپرسم ئاخۆ شتێک دەزانێت. گوتی، نا. گوتم، ‹لە کوێ دەتوانم بیدۆزمەوە؟› گوتی، ‹هیچ نازانم و ناشمەوێت هیچ بزانم. باشتروایە هەموو شتێکی لەبیر بکرێت.›"
بەڵام هێڵگا ئامۆژگارییەکەی پشتگوێ خست و لە ساڵی ١٩٧١ دەستی بە گەڕان کرد. هێڵگا دەڵێت "تەنیا شتێک کە لێی دڵنیابووم ئەوەبوو کە دایک و باوکم لە ڤیێنا لەدایک بوو بوون، بۆیە بیرم بۆ ئەوە چوو کە ئەگەر لە پاش جەنگەکە گەڕابێتەوە، ئەوا دەبێت ڕۆیشتبێتەوە بۆ شارەکەی خۆی. هاوڕێیەکم لەوێ پەیدا کرد تا لە تۆمارەکانی لەدایکبوون و هاوسەرگیری و مردن و تۆماری تەلەفۆندا بۆ هەر کەسێک بگەڕێت بە ناوی (شنایدەر)ەوە. نامەشم بۆ پێنج ژن نارد کە لەوانەبوو دایکم بن. ئیتر یەکێکیان وەڵامی دامەوە و پێی گوتم، ‹من دایکتم.› بۆیە بە مێردەکەمم گوت، ‹دایکم دۆزیوەتەوە. دەڕۆم بۆ ڤیێنا.› ئەو نەیتوانی لەگەڵمدا بێت، بۆیە گوتم خۆم دەڕۆم. کوڕەکەشم برد."
هێڵگا هیچ شتێکی لەبارەی ژیانی دایکە بزرەکەیەوە نەدەزانی. لەو نەزانینەشەوە، دایکێکی خۆشەویست و شیرینی لە خەیاڵی خۆیدا دروستکردبوو کە بیەوێت کچەکەی وەرگرێتەوە و داپیرەیەکی میهرەبانیش بێت بۆ کوڕەکەی. بەڵام زۆر بەزوویی بێئومێدبوو. تراودی، ژنێکی کەڵەگەت جوانی قژزەردی تەمەن شەست ساڵ، هیچ گرنگییەکی بە ڕێنزۆ نەدا. "ئەو تەنانەت چاوێکیشی لە کوڕەکەم نەکرد. هەندێک پسکیت و شیری بۆ هێنا." ئینجا –"بە بیانوویەکی بێماناوە"- هێڵگا دەبات بۆ ژووری نووستنەکەی. دەرگای کەنتۆرەکەی دەکاتەوە و دەستێک جلی فەرمیی پیشان دەدا.
"گوتی ‹زۆرم پێخۆشە ئەم جلە لەبەربکەیت.› گوتم، ‹بۆچی؟›، جا لەبەرئەوەی باوکم هیچی پێ نەگوتبووم، لە مەبەستی تێنەگەیشتم. تەنانەت وام بە خەیاڵدا هات جلی نمایشی شانۆیی بێت. گوتی ‹دەمەوێت تاقی بکەیتەوە.› گوتم ‹بۆچی؟› گوتی ‹چونکە هەمیشە خەونم بەوەوە بینیوە تۆ ببینم لەبەری بکەیت.› گوتم ‹بەڵام بۆچی؟› گوتی ‹چونکە من ئەم جلانەم لە بێرکەناو دەپۆشی.›
"پاش سی ساڵ، ئەوەی لە بەرامبەرم ڕاوەستابوو، دایک نەبوو، بەڵکو تاوانبارێکی جەنگ بوو. تاوانبارێک کە پەشیمان نەبوو. کە هێشتا خۆی بە ڕاست دەزانی. هەمیشە قسەیەکیم لەیادە کە لەبارەی ئەو ڕۆژگارەوە دەیگوت: زۆر جوان بوو! نازیزم زۆر جوان بوو! هەمیشە ئەو قسانەی دووبارە دەکردەوە... ئەوە ژیانی ئەو بوو، هێشتا هەر هەمان بیروباوەڕی هەبوو. هێشتا نازی بوو. هێشتا باوەڕی وابوو نازیزم پرسێکی ڕەوابوو."
هێڵگا جلەکەی ڕەت کردەوە، هەروەها مشتێک خشڵی ڕەت کردەوە کە دایکی پێشکەشی کرد، ئەو خشڵانەی لە قوربانییەکانی ئاوشڤیتز سەنرابوون. کاتێک هێڵگا زانی چی پێدراوە، "دەستم لێک بەردا و خشڵەکان بەسەر زەوییەکەدا پەرشوبڵاوبوونەوە." لەبری یەکتربینینێکی شاد، بینینەوەی تراودی هێدمەیەکی کارەساتبار بوو. پاش چل خولەک لەوێ دەڕوات، بەڵێنێکی درۆی پێ دەدات کە پاشنیوەڕۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام لەبری ئەوە سواری شەمەندەفەر دەبێت و لەگەڵ ڕێنزۆدا دەگەڕێتەوە بۆ ئیتالیا و هەوڵ دەدات ئەو دێوەزمەیە لەبیر بکات.
دەڵێت، "شتێک لە بیرمدا گۆڕا. تێگەیشتم کە هەرگیز دایکم نەبووە. دەبوو بگەمە ئەو کۆتاییە. دەبوو بە خۆم بڵێم، ‹بەسە، ناتوانم دایکم هەبێت، هەرگیز دایکم نەبووە، هەرگیز دایکم نابێت، بەسە...› مرۆڤ بۆ ئەوەی ناخی بپارێزیت خۆی دادەبڕیت. بۆیە چیتر بیرم لێ نەکردەوە."
لەگەڵ ئەوەشدا دایکی هەمیشە لەوێ بوو، چەندسەد کیلۆمەترێک لە سەرووی چیاکانی ئەڵپەوە. ماوەیەکی دوور و درێژی تر تێدەپەڕێت. هێڵگا، کە هەر لە منداڵییەوە بەهرەی نووسینی هەبووە، بەردەوام بوو لە نووسینی کتێبەکانی کە بڵاوکارەکان بەردەوام دەبوون لە ڕەتکردنەوەیان. ڕێنزۆ دەبێتە پیاوێکی پێگەیشتوو، هێڵگا هاوسەرەکەی بەهۆی شیرپەنجەوە لەدەست دەدات. ئینجا ڕۆژێک لە ساڵی ١٩٩٨دا، زەرفێکی پەمەیی کە نیشانەی پۆستیی ڤیێنای لەسەرە، دەخرێتە ناو سنووقی پۆستەکەیەوە.
لە کتێبی (لێمگەڕێ)دا دەنووسێت، "دەبێت چی لە ناو ئەو زەرفە قێزەوەنە پەمەییەدا بێت؟ من چاوەڕێی هیچ پۆستێکم لە ڤیێناوە نەدەکرد. من ئەو شارەم لە ساڵی ١٩٦٣دا بەجێهێشتبوو و پەیوەندیشم بە هەموو هاوڕێ دێرینەکانمەوە بچڕابوو."
نامەکە لە ژنێکەوە بوو کە خۆی وەک "هاوڕێیەکی نزیک"ی دایکی هێڵگا ناساندبوو، پێی گوتبوو کە تراودی، کە بوو بووە "مەترسی لەسەر ژیانی خۆی و خەڵکانی تر"، خراوەتە خەڵوەتگەوە. "دایکت تەمەنی لە نەوەدساڵ نزیک دەبێتەوە،" لە درێژەی نامەکەدا نووسرابوو، "ڕەنگە هەر ئەمڕۆ یان بەیانی بمرێت. بۆچی بۆ جارێکی تر سەردانی ناکەیتەوە؟ دواجار، ئەو هێشتا دایکی تۆیە."
جارێکی تر هێڵگا شنایدەر بە چیاکانی ئەڵپدا دەڕوات، ئەمجارەیان بە تەنیا و بەبێ هیچ هیوا و خەیاڵێک. بە ناچاری دەڕوات. دەنووسێت "نەمدەویست بڕۆم. وا دیار بوو هیچ مانایەکی نەبێت مرۆڤ لە ژیانیدا بۆ دووەم جار بڕوات بۆ بینینی دایکی. من بە گشتی شتێکی ئەوتۆم لەبارەی ژیانی ئەوەوە نەدەزانی، ئەویش هیچی لە ژیانی من نەدەزانی. بەڵام کاتێک کەسێک پەنادەباتە بەر ویژدانت و دەلێت، ‹بڕوانە، دایکت زۆر پیرە...› لە دڵی خۆمدا گوتم، ڕۆژێک کەسێک پەیوەندیم پێوەدەکات و دەڵێت، ‹بڕوانە، دایکت مردووە.› بۆیە گوتم، ‹باشە، دەڕۆم.› بیرمکردەوە کە ڕەنگە لە کۆتاییدا پەشیمان بووبێتەوە. دەشێت تێگەیشتبێت کە هەموو شتەکانی هەڵەبووە: ئایدیۆلۆژیای نازیزم، پەرۆشییەکەی، ئەو ڕاستییەی کە هەموو شتێکی کردووەتە قوربانی ئەو ئایدیۆلۆژیایە."
لە خەڵوەتگەکە، دایک و کچ – دایکەکە بە خراپی گۆڕاوە – جارێکی تر ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە. هێڵگا لەگەڵ کچە پوورەکەیدا، ئێڤا، دەڕوات بۆ خەڵوەتگەکە کە لە بەرلینەوە هاتووە. دەنووسێت "لەوێ جارێکی تر یەک دەبینینەوە، پیر و لاواز بووە – بە جۆرێکی باوەڕپێنەکراو بێهێزە. کێشی لە چلوپێنج کیلۆ زیاتر نییە. ژنێک کە بیستوحەوت ساڵ لەوەوپێش، هێشتا ژنێکی تەندروست و بەگوڕ بەهێز بوو. ناتوانم هەستی بەزەییم بچەپێنم."
"دواجار، لە قووڵایی بیلبیلەی چاوەکانییەوە شتێک دەگەشێتەوە – بروسکەیەکی کز، گڕێکی تەڵخ... ‹من کچی تۆم،› ‹نەخێر!› وا دەڵێت. ‹کچەکەی من دەمێکە مردووە.›"
دایکی لە دواقۆناغەکانی خەڵەفاندا بوو، بەڵام هەوری بیرچوونەوە و لێتێکچوون هەندێجار بەری خەیاڵی بەردەدا و بیری تیژ و ڕوون دەبووەوە، بە تایبەتی کە گفتوگۆکەیان دەچووە سەر ئەو ڕۆژانەی کاتێک یەکێک بوو لە پاسەوانە دەستەبژێرەکانی هیتلەر لە دڕندانەترین کامپی قڕکردنەکانی ڕایخدا.
تراودی ناوی سیلبەربێرگی لەبیر ماوە، جوویەک کە هاوبەشی باوکی ئیڤا بوو لە کارگەکەیاندا. هێڵگا دەنووسێت کە ئەو بیرەوەرییە دەیباتە سەر یەکێکی تر: لە ئاوشڤیتز سیلبەربێرگ بانگی تراودی دەکات "‹بە بڕوایەکی هەڵەوە کە وایزانی بوو ئەوە مامەڵەکردنێکی باشتر بۆ کچەکەی مسۆگەردەکات، کە ڕەنگە تەنانەت ژیانیشی لە گازی جرجەکان ڕزگار بکات!› ئینجا بە توندی پێدەکەنێت و چاوێک لەوانەی دەوروبەرمان دەقرپێنێت."
بەڵام سیلبەربێرگ بەهەڵەدا چوو بوو، چونکە تراودی، ئەوە تەنیا ئەرکەکانی نەبوو وەکو نازییەک کە هەر هەستێکی مرۆڤانەی لە ناخیدا ببزوێت سەرکوتی بکات، بەڵکو چێژێکی گەورەشی لێدەبینی ئەو کارە بکات. جەستە پتەوەکەی گاردەکانی (SS) دەستەبژێری نازییەکان بوو، دڵڕەقییە نەبڕاوەکەشیان ناسنامەی ئەندامێتییان بوو.
هێڵگا هێشتا چاوەڕێی لەوەش خراپتر بوو. لە ناو تەمی خەڵەفاوییەکەیەوە، تراودی ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە کچەکەشی – وەک زۆربەی خەڵک – هەستکردنی بە تاوان هەبوو بەرامبەر ئەو شتە خراپانەی کە نازییەکان کردبوویان، هەر بۆیە بۆ ئەوەی کچەکەی بەجێێنەهێڵێت، یەک لە دوای یەک هەرجارەو بەسەرهاتێکی بۆ دەگێڕێتەوە.
"بە شانازییەوە دەڵێت ‹فەرمانم پێبوو مامەڵەی [زیندانییەکان] بەوپەڕی توندییەوە بکەم، بۆیە وام لێدەکردن خوێن هەڵبهێننەوە.›
‹چی؟ من پشتگیریی (دواهەمین چارەسەر)م دەکرد؟ ئێ پێتوایە بۆچی لەوێ بووم؟ پشووم بەسەر دەبرد؟›
‹هەمووان [لە ژوورەکانی گازدا] بە هەمان خێرایی نەدەمردن... منداڵانی تازەبوو تەنیا چەند خولەکێکی کەم بەرگەیان دەگرت، هەندێکیان کە دەریاندەهێنان بە تەواوی شین هەڵگەڕابوون...›
‹کوورەی چوارم لە بێرکەناو فڕنی تێدانەبوو... چونکە هەرگیز کارەکانی تەواونەکرا. تەنیا بیرێکی گەورەی تێدابوو کە پڕبوو لە پشکۆی گەرم... فەرماندە تازەکەی ئاوشڤیتز زۆر کەیفی پێ دەهات. هەمیشە زیندانییەکانی لە قەراغی بیرەکە ڕیز دەکرد و ئینجا گولەمبارانی دەکردن بۆ ئەوەی چێژ لە دیمەنی کەوتنەکەیان ببینێت...›"
لە کۆتاییدا هێڵگا سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی لە دایکی داببڕێت، ئەم جارەیان بۆ هەتاهەتایە. دەڵێت "ڕاستەوخۆ گەڕامەوە بۆ ماڵەوە لە بۆڵۆنیا چونکە هەستم بە باشی نەدەکرد. دووچاری کێشەیەکی گەورە بووم: شەوان لە خەو ڕادەبووم جەستەم لە ئارەقی سارددا غەرق بوو، دڵم بە خێرایی لێی دەدا، دەترسام کە بمرم..."
هێڵگا هەرگیز وازی لە نووسین نەهێنابوو، بەڵام ئەو دەرمانانەی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ترسەی بەکاری دەهێنان، توانای نووسینیی کوشت. "پەیوەندیم بە بڵاوکارەکەکەوە کرد و گوتم، ‹بڕوانە، من وەکو نووسەرێک کۆتاییم پێ هات، چیتر ناتوانم کاربکەم.› ئەویش گوتی، ‹بۆچی ئەم ئەزموونەت لەگەڵ دایکتدا نانووسیتەوە؟›"


ئەم بابەتە 55 جار خوێندراوەتەوە