268932704_3128126124172158_4692020982388979888_n.jpg

کۆڵم تۆیبین: کتێبخانەکەم پڕە لە کتێبی شیعر

‎کۆڵم تۆیبین نووسەری ناوداری ئیرلەندی و براوەی خەڵاتی ئەدەبیی کاستا، کە بە ڕۆمانی "برووکلین" ناسراوە، (کراوە بە فیلمیش) لە پەیوەندیی خۆی و خانەوادەکەی و مەیلە ئەدەبییەکانی بۆ "گاردیان" دەدوێت.


‎ تۆیبین شاعیر و نووسەری کتێبگەلی داستانی و غەیرەداستانی خەڵاتگەلی جۆراوجۆری بردووەتەوە و پڕۆفیسۆری زانکۆی کۆڵۆمبیایە لە بواری زانستی مرۆییدا. گرنگترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە بریتین لە "مامۆستا"، "نوورا وبستەر" و "برووکلین". لە کتێبخانەی کوردییشدا ڕۆمانێکی هەیە کە ناوی "زستانێکی درێژ"ـی بۆ هەڵبژێردراوە و لە لایەن دلاوەر قەرەداغییەوە وەرگێڕدراوە.


‎بۆچی دایکوباوکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەرهەمەکانی ئێوەدا هەیە؟
‎تۆیبین: من مەیلێکی زۆرم بۆ ڕۆڵی خانەوادەکان هەیە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە بە دیاریکراوی بە هۆی ئەم مەیلەوە بڕیار بدەم کتێبێک لەو بارەیەوە بنووسم. بەسەنتەربوونی دایکوباوکان ڕووداوێکە ناخودئاگا ڕوو دەدات.

ئاخۆ لەدەستدانی دایکوباوکتان کە ئەوکات ١٣ ساڵ تەمەنتان بوو، ڕۆڵێکی لە ئەدەبیاتەکەتاندا هەیە؟
‎تۆیبین: پێم وایە من هەمیشە بە دوای شتێکەوەم کە لە دەستم داوە.

ئێوە ئەم ڕۆژانە لە ئەمەریکا بەسەر دەبەن، ئەگەر بتتوانیایە دۆناڵد ترەمپ ناچار بکەیت کتێبێک بخوێنیتەوە، کام کتێبە دەبوو؟
‎تۆیبین: پێم وایە ترەمپ لەم قسەوباسانە نەماوە. دەشێ لە بیرکردنەوەی هەڵبژاردنی کتێب بۆ کلینتۆن یان ئۆباما چێژ وەربگری، بەڵام ئەم بابەتە لە پێوەند لەگەڵ ترەمپدا جیاوازیی هەیە، چونکە هیچ ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو بوونی نییە. من پێشنیاری بۆ دەکەم واز لە کتێبەکان بێنە.

پاڵەوانە داستانییەکەی ئێوە کێیە؟
‎تۆیبین: ئیزابێل ئاکچەر لە ڕۆمانی "پۆرترەیتی خانم" و "مەدام بووڤاری" لە خۆشەویستترینەکانی منن. هەروەها زۆرم حەز لە کەسایەتیی "فانی پرایس" لە ڕۆمانی "مەنسفێڵد پارک"ـە.

بە منداڵی چۆن کتێبت دەخوێندەوە؟
‎من تا نۆساڵی کتێبم نەدەخوێندەوە. کەواتە هیچ کتێبێکی ئەنید بلایتۆنم نەبوو. ڕۆمانی "شەمەندەفەری کاتژمێر ٤:٥٠ خولەک لە پەدینگتۆنەوە" یەکەمین ڕۆمانێک بوو کە سەرنجی ڕاکێشام. پێم وایە ئەمە باشترین ناوێکی ئینگلیزییە بشێ لە ڕۆمانێکی بنێی. نووسەرێکی تری خۆشەویستی من جین پەلیدی بوو.

خەڵکی لە بینینی کتێبەکانی "ئاگاتا کریستی" لە کتێبخانەکەتدا سەرسام بوون. چ شتێکی ترتان هەیە؟
‎تۆیبین: من زۆر شایەن بە پێشبینیم. تەنیا شتێک کە زۆر سەیر بێتە بەرچاو ئەو هەموو کتێبە شیعرییەیە کە هەمە.

ئەوە ڕاستە کە سەیری تەلەڤزیۆن ناکەیت؟
‎تۆیبین: بەڵێ. تەنیا ئەو کاتە خەفەت بۆ تەلەڤزیۆن دەکەم کە پەخشی پاڵەوانێتیی ویمبڵدۆنە.


ئەم بابەتە 45 جار خوێندراوەتەوە