viber_image_2021-12-27_02-13-29-347.jpg

بۆچوونی هێگل لەبارەی خوێندنی فەلسەفە لە قوتابخانەی ئامادەیی و بابەتەكانی ئەم خوێندنە

 

 

ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل

(١)

یەكەم شت كە لەنێو ئەو ڕاپۆرتانەی هێگل لەبارەی خوێندنی فەلسەفە سەرنجمان ڕادەكێشێت، ئەو مانا سەرەتاییەیە كە هێگل بە وانەی فەلسەفەی قوتابخانەی ئامادەیی دەدات، ڕۆڵەكەیشی لەنێو ئەو چوارچێوەیە دەستنیشان دەكات. ئەو پێی وایە نابێت لە قوتابخانەیەكی ئامادەییدا، لەوە زیاتر چاوەڕوان بكرێت كە بۆ ئەو قۆناغەی خوێندنی گەنجان لەنێو سیستەمی پەروەردە و خوێندنی ئامادەیی دانراوە، بەو مانایەی ئێمە قسە لەبارەی ئەو قوتابیانە دەكەین كە لەپۆلی دە و یازدە و دوازدە دان، بریتییە لەوەی قوتابی بۆ قۆناغی خوێندنی زانكۆیی ئامادە بكات.

كەواتە، ئەو قوتابییانە تەمەنیان لەنێوان (١٥- ١٨) ساڵی دایە. ئەو تەمەنە ئەگەر بیەوێت فێری فەلسەفەكاری بكرێت، دەبێت میتۆدێكی تایبەتی بۆ پێڕەو بكرێت. دەبێت پرۆگرامێكی تایبەتی بۆ دابنرێت. بەگشتی ئێمە دەزانین ئەو قۆناغە هێشتا زووە بۆ ئەوەی قوتابی ڕۆبچێتە نێو قووڵایی بیركردنەوەی سیستەمی فەلسەفی، بۆیە خوێندنی فەلسەفە مۆركی زانستی تەواوی خۆی وەرناگرێت، تەنیا لەنێو چوارچێوەی زانكۆدا نەبێت، نەوەكو لە دەرەوەی زانكۆ.

 

(٢)

هێگل پێی وایە بەهای خوێندنی نووسینە فەلسەفییە كۆنەكان لەنێو قۆناغی ئامادەیی، كارێكە پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆرتر هەیە، تاوەكو بتوانرێت لەلایەك ئەو ماددانە هەڵبسەنگێنرێن كە دەخوێنرێن، لەلایەكی تریش تاوەكو ڕادەی گرنگی ماددەكان و شێوازی دروستكردنی پرنسیپ و بنەمای فەلسەفی لەلای قوتابیانی پێ‌ هەڵبسەنگێنرێت. لەم ڕوانگەیەوە بەپێی شیكردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی خۆی، هەندێك كات -نەوەكو هەمیشە- پێی وابووە دەكرێت دەستبەرداری خوێندنی زانستە فەلسەفییە دەستپێكەكان بین، دەستبەرداری فەلسەفەی بەرایی بین، دەستبەرداری مامۆستا و خوێندنی فەلسەفە بین لە قوتابخانە ئامادەییەكان، چونكە دەكرێت مامۆستاكانی وانەی ئەدەب ‌و زمان، ئەو نووسینە فەلسەفییە كۆنانە وەكو وانەكانی خۆیان بڵێنەوە، نەوەكو مامۆستای تایبەتیان بۆ تەرخان بكرێت، كە ئەو كات بە زەحمەتیش بەدەست دەكەوتن، ئەدی ئەوە نییە هێگل لە مامۆستای زانكۆوە دەبێتە مامۆستای ئامادەیی؟! لەگەڵ ئەوەش، دیارە مەیلی فیلۆلۆژیا بەرەو قووڵبوونەوە ‌و تایبەتمەندی فیلۆلۆژی، هەڕەشە لە مۆركی گشتی پێكهاتەی نێو قوتابخانەی ئامادەیی دەكات، بۆیە بەلاوەنانی خوێندنی فەلسەفە لەم لایەنەوە زەرەرێكی گەورە بە قوتابیان دەگەیەنێت. پاراستنی فەلسەفە و خوێندنی وانەی فەلسەفە بە مانا سەرەتاییەكەی و مێژووەكەی لەنێو قوتابخانەی ئامادەیی، بریتییە لە پاراستنی توانای پێكهاتەی ڕۆشنبیری گشتی ‌و بنچینەیی لەلای هەموو قوتابییەك، ئەوەش ئەو توانایەیە كە فیلۆلۆژیا وەكو زانستێكی دەستپێك ‌و سەرەتایی، بەهۆی شۆڕبوونەوەی ڕووەو تایبەتمەندێتی، ناتوانێت لەخۆ بگرێت(١).

گرنگترین گرەوەكانی بابەت و وانەی فەلسەفە، لەسەر بەدەستهێنان و خاوەندارێتیكردنی مەعریفەی فەلسەفی نییە، چونكە ئەگەر مەسەلەكە هەر تەنیا مەعریفەیەكی فەلسەفی پەتی و مێژوویی بێت، وانەی مێژووی فەلسەفە هەر وەكو وانەی مێژووی گشتی نێو پرۆگرامی خوێندن، دەتوانێت ئەو بۆشاییەی نێو مەعریفەی قوتابیان پڕ بكاتەوە. گرنگترین گرەوەكانی وانەی فەلسەفە لەنێو قوتابخانەی ئامادەیی، دەبێت خۆی لە شێواز و فۆرمی بەكارهێنانی عەقڵ بەرجەستە بكات. بۆیە دەبینین هێگل لەنێو نامەی ڕۆژی (٢٣/١٠/١٨١٢) بۆ نیتامێر دەنووسێت:" مرۆڤ فێر دەبێت لە میانەی  بیركردنەوە بە شێوەیەكی ئەبستراكت، بە شێوەیەكی ئەبستراكت بیربكاتەوە. مرۆڤ دەتوانێت هەوڵ بدات لە شتە هەستی و بەرچاوەكان دەست پێ بكات، لە میانەی  شیكردنەوەوە بەرەو ئەبستراكتبوون بچێت، بەو مانایەی سیستەمی سروشتی پێڕەو بكات، لە نزم و ئاسانەوە بەرەو باڵاو قورستر بڕوات. یا دەتوانێت ڕێگەی ڕاستەوخۆی ئەبستراكتبوونی خۆی بگرێتەبەر، لە خۆی بگرێت، بیخوێنێت و وای لێ بكات تێگەیشتراو بێت لەلای. پێش هەموو شتێك، شێوازی یەكەم لەگەڵ سروشت گونجاوترە، هەر لەبەر ئەم هۆیەش شێوازێكی زانستی نییە".(٢)

دەبێت قوتابی فێری ئەو ئامرازانە بكرێت كە یارمەتی دەدەن بتوانێت عەقڵی خۆی بە شێوەیەكی باشتر بەكاربێنێت. بەشێك لە كێشەی خوێندنی فەلسەفە لەنێو قوتابخانەی ئامادەیی و لەو تەمەنە هەرزەكارییەدا، بریتییە لەو جیاوازییەی لەنێوان داخوازی و داواكانی فەلسەفەدا هەیە وەكو پرۆسەیەك بۆ بیركردنەوەی خودی، ئازاد، وشیارانە، لەگەڵ داخوازی و داواكانی پەروەردە و فێركردن. بێگومان هەموو سیستەمێكی پەروەردەیی لەسەر بنچینەی فەلسەفەیەكی پەروەردەیی دامەزراوە، هیچ سیستەمێكی پەروەردەیی بێ‌ بنەما و بنچینەی فەلسەفی نییە. لە كاتێكدا داخوازی و داواكاری فەلسەفەكاری لەگەڵ داخوازی و داواكاری پەروەردەیی جیاوازن، چونكە پەروەردە بەدوای سەپاندن و فێركردنی هەندێك ڕەفتار و دونیابینییەوەیە، داوای جۆرێك لە بەهای تایبەتی و دیاریكراو دەكات، بەڵام فەلسەفە داوای ڕوانگەیەكی گشتی و سەرتاسەری پەتی و ئەبستراكت دەكات، بە شێوەیەك لە زۆر لایەن -یا ڕەنگە كەم لایەنیش بێت- لەگەڵ فەلسەفە و سیستەمی پەروەردەیی ناكۆك دەكەوێتەوە.

 

(3)

پێویست دەكات ئاماژە بۆ ئەوەش بكەین هێگل خۆی كاتێك وەكو مامۆستا دامەزرا، سیستەم و پرۆگرامی خوێندنی فەلسەفی لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەی ئەو شار و هەرێمە -ئەگەر بە شێوەیەكی سەرەتاییش بێت- دانرابوو، ئەو وەكو مامۆستایەك لەسەری بوو بچێت ئەو پرۆگرامە جێبەجێ‌ بكات. بەو مانایەی هێگل هاتە سەر پرۆگرامێكی نیمچە ئامادەكراو. یەكەم تێبینی كە هێگل لەبارەی وانەكانی خوێندنی فەلسەفە، لەنێو سیستەم و میتۆدی خوێندنی قوتابخانەی ئامادەیی تۆماری دەكات، بریتییە لە مۆركی زنجیرەیی وانەكان، كە بەپێی ساڵەكانی مێژوو و ساڵانی خوێندن دابەش كراوە، ئەوەش لەلای هێگل كارێكی زۆر نایاب ‌و سەركەوتوو بووە. لەگەڵ ئەوەش، ئەو سەركەوتنە، ڕێگر نییە لەبەردەم هێگل بۆ ئەوەی كۆمەڵێك پێشنیاری ڕەخنەیی ‌و زانستی بخاتە ڕوو، كە پێی وایە بۆ سەركەوتنی خوێندن پێویستە پێڕەو بكرێن. لێرەدا هێگل كاتێك ئەو تێبینییانە دەخاتە ڕوو، هەمیشە بیری لەلای وانەكانی خۆیەتی لە توبینگن، بیری لەلای شێوازی گوتنەوەی وانەكان و چۆنیەتی وەرگرتنی پرنسیپەكانە لەلایەن قوتابییە هاوڕێكانی خۆیەوە، بۆیە بۆچوونەكانی، زیاتر پشت بەو باكگراوندی فەلسەفی و نیگای ڕەخنەیی خۆی دەبەستن.

هێگل زۆرتر بیری لەوە كردووەتەوە چۆن بتوانێت ئەو باكگراوندەی خوێندنی فەلسەفی تیۆلۆژی خۆی، لەنێو پرۆگرامی خوێندنی لاهووت لە پەیمانگەی توبینگن، بكاتە وانەیەك و سوودی لێ‌ وەربگرێت. ئینجا لەسەر بنەمای ئەو وانانەی لە پەیمانگەی لاهووتی خوێندوویەتی، بتوانێت وێناكردنی تایبەتی خۆی دروست بكات و لەسەر ئەو بنچینەیە گەشە بە پرۆگرامی خوێندنی فەلسەفە لەنێو قوتابخانەی حكومی بدات. هەڵبژاردنی وانە و بابەتەكان، هەڵبژاردنی قۆناغی خوێندن و سەپاندنی وانەی فەلسەفە بەسەر قوتابخانە ئامادەییەكان، هەڵبژاردنی ئەو مامۆستایانەی دەتوانن لە قۆناغی دەستپێكدا ببنە ڕێبەری قوتابیان لەنێو پرۆسەی فێركردنی بیركردنەوە و ئایدیای فەلسەفی، هەموویان پێكەوە بەشێك لەو ژینگە مەعریفییە پێكدێنن كە كار دەكاتە سەر كۆی گشتی سەركەوتن، یا شكستهێنانی پرۆسەی خوێندنی وانە و بابەتی فەلسەفی لەنێو قوتابخانەی ئامادەیی.

خوێندنی فەلسەفە وەكو خوێندنی ماددە و بابەتەكانی تر نییە، چونكە ئەگەر زۆر بە وشیاری نەبێت، ڕەنگە پێوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی، لە جیاتی ئەوەی پێوەندییەكی مەعریفی بێت، بگۆڕێت بۆ پێوەندییەك لەنێوان دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات، جۆرێك لە سەركوتكردنی مەعریفی بەرهەم بێنێت. ڕاستە ئەو جۆرە سەركوتكردنە مەعریفییە لەنێوان وانە و بابەتەكانی تریشدا، هەر جێگەی مەترسییە. بەڵام، لەنێو ماددە و بابەتەكانی تردا، قوتابی زانیاری و مەعریفەی ئامادەكراو وەردەگرێت، لە كاتێكدا لەنێو ماددە و وانەی فەلسەفە، قوتابی فێری بیركردنەوە و بەكارهێنانی عەقڵی خۆی دەكرێت. هیچ كەسێك لەژێر سایەی دەسەڵاتی ستەمكار ناتوانێت هەست بە ئازادی بیركردنەوە و فێربوونی بیركردنەوەی ڕەخنەیی و دیالۆگی عەقڵی بێت.

 

(٤)

بەپێی سیستەمی خوێندنی ئەو كاتی قوتابخانەی ئامادەیی ئەڵمانی، لە سەرەتای وەرزی یەكەم ‌و ساڵی یەكەمی خوێندن، تیۆری ئایین ‌و ماف ‌و ئەركەكان دەخوێنرێت. لە ساڵی  دووەم كۆسمۆلۆژیای سروشتی ‌و نووسینە ڕەخنەییەكانی كانت ‌و سایكۆلۆژیا دەخوێنرێت. لە ساڵی  سێیەمیش ئینسایكلۆپیدیای فەلسەفی، بەڵام بە شێوە سەرەتاییەكەی دەخوێنرێت. ئەوەی لەلای ئێمە لێرەدا گرنگە، هەڵوەستەكردنە لەسەر پێوەندی هێگل بەو بەرنامە و میتۆد و سیستەمی خوێندنە، شێوازی تێگەیشتنی هێگل لەو پرۆگرام و میتۆدە، ئینجا شێوازی دابەشكردنی وانەكان بەسەر وەرزەكانی ساڵ، تاوەكو لە كۆتاییدا كاتێك قوتابی خوێندنی ئامادەیی تەواو دەكات، بەتەواوی ئامادە كرابێت بۆ ئەوەی بچێتە نێو كەش و هەوای خوێندنی زانكۆیی. وەكو ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، هێگل ئەو پرۆگرام و بەرنامەیەی لەلا پەسند نییە، بەڵكو وەكو پرنسیپی میتۆدێك تەماشای دەكات كە ڕەچاوی سروشتی ناوەڕۆك ‌و پێویستی دەستپێكردن، لە میانەی شتە هەرە سادە ‌و ئەبستراكتەكان دەكات، بەرەو هەرە قووڵ ‌و فراوانەكان. پێی وایە دەبێت خوێندنی فەلسەفە قۆناغ بە قۆناغ و هێمن و لەسەرخۆ بێت، لە شتە سادەكانەوە باڵابێت بەرەو قووڵبوونەوە لە زانستە فەلسەفییەكان، چونكە پێوەرەكانی دەستپێكردن لێرە، بریتییە لە سادەیی ‌و پشتبەستن ‌و دەستنیشانكردنێك كە لە ئاستی تەمەنی هەرزەكاریی قوتابیاندا بێت.

ناوەڕۆك بەو ڕادەیە دەستپێكانە و بەراییانە دەبێت كە پاڵپشتییەك لەنێو هەستی سروشتی قوتابیان بەدەستبێنێت و سەرنجی قوتابیان بۆ لای ناوەڕۆكی بابەتەكان ڕابكێشێت. ئەوەش وا لە هێگل دەكات خوێندنی لۆژیك دوا بخات و پێی وابێت قوتابی لەو قۆناغە، هێشتا بایی ئەوەندە ئامادە نەكراوە بتوانێت ماددەیەكی وەكو لۆژیك بخوێنێت، چونكە پێی وایە دوورترە لە واقیعی كردەی ڕاستەوخۆیی ناوەوە. لەگەڵ ئەوەش، هێگل جەخت لەسەر خوێندنی وانەی لۆژیك دەكاتەوە لەنێو قوتابخانە ئامادەییەكان، چونكە پێی وایە خوێندنی وانەی لۆژیك لەنێو ئامادەیی، دەبێتە هۆی دروستكردن و پێكهێنانی گایستی گشتی و كولتوورێكی گشتی گەورە و دەوڵەمەند لەلایەنی لۆژیكی دادەمەزرێنێت. بۆیە پێی وایە دەبێت لەنێو ئامادەییەكان بڵاوببێتەوە و وا تەماشا نەكرێت وەكو ئەوەی تەنیا خوێندن و ڕاهێنانێكە لەپێناو خزمەتكردنی دەوڵەت یا خوێندنی باڵا(٣).

 

(٥)

هێگل لە ساڵی  یەكەمی خوێندن، ئەو ناوەڕۆكە پێش دەخات كە دەكرێت ڕۆژانە تاقیبكرێتەوە ‌و زیاتر كردەییە، پێشنیار دەكات وانەیەك بخوێنرێت، بتوانرێت بە ئاسانی سەرنجی قوتابیان بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا تیۆری ئەركەكان ‌و ماف ‌و ئایین شوێنگەیەكی تایبەتییان هەیە، چونكە دەستپێكی یەكەمن بۆ هەموو هەوڵێكی خوێندنی فەلسەفییانە. لێرەوە ئەو پرۆگرامە بەراییەی پێشتر دانراوە، بە پەسند و باش دەزانێت.

لە نامەیەكی بۆ نیتامێر Niethammer لە ساڵی (١٨١٠)، هێگل دەنووسێت:" پرۆتستانتییەت بریتی نییە لە دانپێدانانێكی تایبەت، بەو ڕادەیەی بریتییە لە ڕۆحی بیركردنەوە و كولتووری هەرە باڵای عەقڵانی، بۆیە لەسەر بنەمای ڕۆحیەتی ماڵیكردن، لەپێناو بەكارهێنانێكی بەرژەوەندخوازییانە دانامەزرێت". هەر لەم بارەیەوە لە ساڵی  (١٨١٦) بۆ نیتامێر دەنووسێتەوە و دەڵێت:" نابێت ڕێكخستنی پلەبەندی كلێسایی بە پرۆتستانتییەت بدرێت، چونكە ئەو ڕێبازە ئایینییە تەنیا لەنێو عەقڵ و ڕۆشنبیری و كولتووری گشتی هەیە. زانكۆ و قوتابخانەكانمان، كلێسای ئێمەن"(٤)

مانای وایە ئێمە ناتوانین وانەی ئایین لە ناوەڕۆكە دۆگماكەی، تەنیا وەكو ماددە و پرۆسەیەكی مێژوویی بخەینە ڕوو و لەنێو قوتابخانەكان بیخوێنین، هەروەها نابێت تەنیا وەكو گێڕانەوە و چیرۆكێك بیخوێنین، بەشێوەیەك هیچ چەمك و وێناكردنێكی ئەبستراكت لەبارەی ئایینی سروشتی كە ئەخلاقی ئەبستراكت گرێنتی دەكات، لەخۆ نەگرێت. بۆیە هێگل جەخت لەوە دەكاتەوە كە تەنیا یەك ڕێگە هەیە، بۆ ئەوەی بتوانرێت پرۆسەی فێركردنی ئایینی لە دەستی دەسەڵاتدارانی نێو كلێسا دەربهێنرێت، بە ڕەچاوكردنی پاراستنی ناوەڕۆكە بیرلێكراوەكەی، لە دژی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت حەقیقەتی ئایینی بڕوخێنن (مولحیدەكان، دوژمنەكانی كلێسا، كانتییەكان). ئەو ڕێگەیەش بریتییە لە خوێندنی ئایین وەكو ئەوەی بە شێوەیەكی تێڕامانكاری بیری لێكراوەتەوە لەنێو (فینۆمینۆلۆژیای گایست)، (فەلسەفەی ئایین)، (ئینسایكلۆپیدیا). بۆیە هێگل دەڵێت:" ناوەڕۆكی فەلسەفە و ناوەڕۆكی ئایین، هەر یەك شتن".((٥)

 

(٦)

لە ڕۆژی (١٤/١٢/١٨٠٨) هێگل لە نامەیەكدا بۆ نیتامێر، جەخت لەوە دەكاتەوە كە سیستەم و پرۆگرامی خوێندن دەخوازێت ئینسكلۆپیدیا بۆ پۆلی كۆتایی بێت، ئەو كات بەپێی ئەو پلانەی بۆ خوێندنی ئینسكلۆپیدیا Enzyklopädie دایناوە، دەتوانێت لۆژیكی ترانسێندنتالی و خودی پێكەوە ببەستێتەوە، بەتایبەتیش ئەو پۆلە هیچ ڕێنماییەكیان بۆ خوێندن بۆ دانەنراوە، بۆیە زیاتر پێویستیان بەم وانەیەیە. بۆ پۆلی خوارتر، هێگل ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بە نیازە تا ڕادەیەك سایكۆلۆژیایان پێ بڵێتەوە، سایكۆلۆژیا وەكو ئەوەی وانەی گایست Geisteslehre بێت، زیاتر لەوەی وانەی تیۆرێك بێت بۆ وانەی ڕۆح Seelenlehre. چونكە پێی وایە ئەمە لایەنی سروشتی مێژوویnaturgeschichtlichen هەیە. ئینجا هێگل ئەوە بۆ نیتامێر ڕاڤە دەكات گوایە ئەم ئیشكردنەی، لەگەڵ پێوەرەكانی سیستەمی خوێندنی هەرێمی باڤاریا دەگونجێت و لەلایەنی بابەت و فۆڕمەوە، لێی لانادات. تاوەكو قوتابیان ئاڕاستەی بیركردنەوەی ڕامانكاری بكرێن، ئەو ئامانجەش بەدی بێت كە بریتییە لە خوێندنی ڕەخنەی كانتی. دواتر هێگل لەنێو ئەم نامەیەدا، ئاماژە بۆ ئەو متمانەیە دەكات كە دەسەڵاتدارانی كۆشكی پاشایەتی باڤاریا پێیان داوە و چاوەڕوان دەكەن پوختەیەكی لۆژیكییانە بۆ قوتابخانەكە ئامادە بكات، ئەوەش لەمیانەی دامەزراندنی لەم ئامادەییەی كە بۆتە هۆی ئەوەی لەیەك كاتدا هەم شارەزایی خۆی بەكاربێنێت و هەمیش فێربێت.(٦)

 

(٧)

هەروەها دەبینین هێگل لەنێو ڕاپۆرتی ساڵی (١٨١٢) بەم شێوەیە دەنووسێت:" ئەوەی بەردەوام لە خوێندنی دەستپێكانەی فەلسەفە داوا دەكرێت، بێگومان ئەوەیە لەو شتانەوە دەست پێ بكەین كە بوونیان هەیە و لەوەوە وشیاری بەرەو ئاستێكی بەرز و باڵاتر ببەین، واتا ڕووەو هزر"(هێگل، ڕاپۆرتی ساڵی ١٨١٢ بڕگەی هەشتەم)(٧).

لێرەدا هێگل پێی وایە دەستپێكی خوێندنی وانەی فەلسەفە، دەبێت بەو بابەتانە دەست پێ بكات كە لەنێو واقیعی ژیانی ڕۆژانەی قوتابی هەیە، ئەو شتانەی ڕۆژانە بەریان دەكەوێت، دەیانبینێت و تێبینییان دەكات، بەریان دەكەوێت و مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. ئەو بابەتانە بە ئاسانی هەرس دەكرێن و قوتابی زووتر فێریان دەبێت. دەستپێكردن لە بابەتی ئاسانی وەكو تیۆری ئایین ‌و ماف ‌و ئەركەكانی مرۆڤ لەنێو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ئەو بەهایانەی مرۆڤ لە سەریان پەروەردە دەكرێت، كۆمەڵێك بنەما و پرنسیپی ئامادەن لەنێو ژیانی ڕۆژانەی قوتابیدا. سەرەتا لە ماڵەوە فێری كۆمەڵێك بەهای كۆمەڵایەتی و ئایینی دەبێت، فێری ئەركەكانی سەرشانی دەبێت وەكو تاكێك لەنێو كۆمەڵگەیەكی كۆمەڵایەتی مرۆڤانە. هێگل توانی جیاوازی نێوان چارەسەركردنی ناوەڕۆك بەپێی ئەو شێوە ڕێكخراوەی لەنێو یاداشتنامەكەدا هاتبوو بناسێنێت، لەگەڵ چارەسەركردنی هەمان ناوەڕۆك، بەو پێیەی لە میانەی  وێناكردنی خۆی بۆ سروشتی ئەو ناوەڕۆكەی دەخوێنرێت و پێوەندی بە قوتابییەكان، تێبینی ئەوەی كردووە قوتابیان زیاتر بایەخ بە ناوەڕۆك و بابەتی ڕاستەوخۆ دەدەن، حەز دەكەن شتی ڕاستەوخۆ بخوێنن و هەستی پێ بكەن، كەمتر حەز لە ماددە و بابەت و ناوەڕۆكی ئەبستراكت دەكەن. ماددە و بابەتی ئەبستراكت كە فێربوونی لەلایەن قوتابیانەوە قورسە، دەبێت بۆ قۆناغەكانی دواتر جێبهێڵرێت، ئینجا دواتر ماددە ئاڵۆزەكانی خوێندنی فەلسەفی دێن.

هێگل هەر تەنیا لە میانەی  تێڕوانین بۆ ناوەڕۆكی دەستپێكی ماددەكان لەسەر سنووری پرنسیپی گواستنەوە و بازدان ناوەستێت، لە سادە و ئەبستراكتەوە بەرەو دەستنیشانكراو و ئاڵۆز، بەڵكو پێكهاتەیەك بۆ ئەو ناوەڕۆكە و پلەكانی دروست دەكات بەم شێوەیە: یەكەم لۆژیك، دووەم سایكۆلۆژیا، سێیەم میتافیزیكا(٨).

 

(٨)

لێرەدا ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین بەپێی ئەو پۆلێنكارییە بێت، هێگل پێی وایە ئەوەی لۆژیكییە ماددەیەكی ساناترە، چونكە ناوەڕۆكەكەی بریتییە لە دەستنیشانكراوە سادە و ئەبستراكتەكان. لە كاتێكدا سایكۆلۆژیا زەحمەتترە، چونكە دەستنیشانكراوە و ناكرێت سادە بكرێتەوە، لەبەرئەوەی لە كۆتاییدا بە مانای هەژارخستنی قوتابی دێت بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، قوتابی ناتوانێت لێی تێبگات، بۆیە هەندێك كات ڕەنگە وا هەست بكات بێ‌ توانایە، كەم توانایە، بە كەڵكی خوێندنی ئەو ماددە و بابەتانە نایەت و لە خوێندنی فەلسەفە سارد دەبێتەوە. پێشخستنی لۆژیك لەم ڕوانگەیەوە دێت كە هێگل پێی وایە پێویستە قوتابیان لە سەرەتای ژیانی گەنجێتییانەوە، فێری بنەما لۆژیكییەكان بكرێن، بۆیە لۆژیك وەكو شتێكی ئەبستراكت تەماشا ناكات، بەڵكو وەكو بنەما و ڕۆحی بیریاری تەماشای دەكات و داوا دەكات بایەخی پێ بدرێت و بخوێنرێت. ڕەنگە ئەو ڕوانگەیەی هێگل زۆریش واقیعی نەبووبێت، چونكە لۆژیك وانەیەكی ئەبستراكتە، ئاسان نییە بۆ قۆناغی هەرزەكاری، بەڵام ئەنجامی قۆناغی ئیشكردنی خۆیەتی لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٨١٢- ١٨١٦) لەسەر شاكارە فەلسەفییەكەی خۆی كە ناوی (لۆژیكزانی) بوو. ئیشكردنی هێگل لەسەر بابەتی لۆژیك، ڕۆچوون و قووڵبوونەوەی هێگل لەنێو بابەتی لۆژیك، هەستێكی وای لەلا دروست كرد بوو كە لۆژیك بابەتێكی خۆش و سادەیە، ئەبستراكت نییە، قوتابیان دەتوانن بەئاسانی فێری ببن. ئەو ڕوانگەیەی هێگل، زیاتر ڕوانگەیەكی كردەیی و پراكتیکییە، پێی وایە ئەگەر هەرزەكار لە قۆناغی ئامادەییەوە فێری بنەما و پرنسیپەكانی لۆژیك بكرێت، دواتر باشتر دەتوانێت بابەتەكانی تر كۆنتڕۆڵ بكات و سەركەوتوو دەبێت. ناوەڕۆكی ماددە و بابەتی سایكۆلۆژیا بۆ خوێندنی ئامادەیی، لەلای هێگل دەبێت بكرێتە دوو بەش: بەشی یەكەم وەسفی سەرهەڵدانی گایست بكات، بریتی بێت لە فینۆمینۆلۆژیا لەهەر سێ‌ بزاڤەكەیدا: وشیاری، وشیاری بە خود، گایست. بەشێكی تریش كە بریتییە لە هەست ‌و نواندن ‌و خەیاڵ ‌و یادەوەری ‌و بیركەوتنەوە ‌و... تاد.

لە بەشی یەكەم، واتا لەنێو فینۆمینۆلۆژیا، ئەوها چارەسەری گایست دەكات وەكو ئەوەی وشیارییەك بێت مومارەسەی دەستنیشانكردنەكانی خۆی بكات وەكو ئەوەی بابەت بن، واتا وەكو ئەوەی وشیاری بن بە بابەت. لە بەشی دووەمدا چارەسەری چالاكییەكانی گایست بەسەر خۆیدا دەكات. بەو مانایەش بێت، ئەوە بەشی دووەمی سایكۆلۆژیا بە مانا هێگلییەكەی، تەنیا ئامادەسازییە بۆ خوێندنی لۆژیك(٩). ئەگەر لێرە ورد بینەوە، باشتر تێدەگەین هێگل دەیەوێت هەموو ئەو بابەتانەی كە بە خۆی ئیشی لەسەر كردوون، (فینۆمینۆلۆژیای گایست) و (لۆژیكزانی) بخاتە نێو پرۆگرامی خوێندن و بیانكاتە بنەمای فێركردنی قوتابی ئامادەیی.

 

(٩)

جیاوازی لە تێڕوانینی هێگل، لەسەر ئاستی وێناكردنی خۆی بۆ میتافیزیكا‌ و پێوەندی بە لۆژیك، لێرەدا زۆر بە ڕوونی دەردەكەوێت. ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە دواوە و تەماشایەكی ئەو ساڵانە بكەینەوە كە تێیدا هێگل مامۆستای خۆبەخش بوو لە زانكۆی یێنا، لەوێدا هەر ئەو دوو بابەتەی بە قوتابیانی زانكۆ گوتووەتەوە. بەو مانایەی هێگل پێشتر وەكو مامۆستایەكی زانكۆ، شارەزایی باشی لەبارەی هەردوو بابەتی میتافیزیك و لۆژیك هەبوو. هێگل دەیزانی قوتابی دوای ئەوەی خوێندنی ئامادەیی تەواو دەكات، لەنێو پرۆگرامی خوێندنی زانكۆییدا، بەر ئەو دوو بابەتە گرنگەی نێو فەلسەفە دەكەوێت. بۆیە پێی وابوو دەبێت لە قۆناغی ئامادەییەوە، قوتابی بۆ فێربوون و قووڵبوونەوە لەم دوو بابەت و وانەیە ئامادە بكرێت. بۆیە هێگل بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێویستە خوێندنی وانەی فەلسەفە هێمن و لە سەرخۆ و بە شێوازێكی پلەبەندییانە بێت، لە ئاسانەوە بۆ قورستر بڕوات، لە چەندایەتییەوە بۆ چۆنایەتی بچێت، بۆیە هەموو ئەو ماددانەی هێگل پێشنیاریان دەكات، ئامادەكارین بۆ خۆئامادەكردنێكی باشتر لەبارەی چییەتی تایبەتی فەلسەفە ــ das eigentliche Wesen der Philosophie، واتا ناوەڕۆكی پەتی فەلسەفە لە فۆڕمە تێڕامانكارییەكەیدا.

دەبینین هێگل لە نامەیەك بۆ نیتامێر دەنووسێت:" پێویستم بەوە نییە ئەوە ڕاڤە بكەم كە چۆن دەبێت مەبەستی فەلسەفی لەنێو پرۆگرامی خوێندنی ئامادەییەكان بەدوور بگیرێت و تەنیا تایبەت بكرێت بە زانكۆكان. بڕیاری باڵای وەزارەت لەبارەی گریمانی بەدوورگرتنی ئەو مەبەستە، ئەو ئەركەی لەسەر شانی من لاداوە". هێگل لەنێو ئەو نامەیە ئاماژە بۆ دوورخستنەوەی مێژووی فەلسەفە دەكات لەنێو پرۆگرامی خوێندنی ئامادەیی، بۆیە دەبینین  كاتێك لەو نامەیە بەردەوام دەبێت، دەنووسێت: "لەبارەی بازنەی وردی ئەو جۆرە مەعریفانەی دەبێت لەنێو خوێندنی ئامادەیی لەبارەی ئەو ماددەیە بخوێنرێن، ئەوە من بەڕاشكاوی دەمەوێت مێژووی فەلسەفە دوور بخەمەوە"(١٠)

 

(١٠)

لەم ڕوانگەیەوە پێی وابوو كایەی فەلسەفی، لەنێو سیستەمی خوێندن و پرۆگرامی خوێندنی زانكۆیی، پێشڤەچوونی گرنگ ‌و سەرنجڕاكێشی بەخۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەك سروشتی مەعریفەی فەلسەفی گۆڕیوە، گرنگترین ئەو وەرچەرخانانەش، بەزاندنی خودی هێگلە بۆ چەمكی میتافیزیكا بە مانا تەقلیدییەكەی ‌و یەكخستنی نێوان لۆژیك ‌و میتافیزیكایە، بە شێوەیەك ئەگەر ئەستەمیش نەبێت، ئەوە زۆر زەحمەتە لە یەكتری جیا بكرێنەوە. لەو چوارچێوەیەشدا لەنێو ئەو بونیادە، كانت شوێنێكی تایبەتی داگیر دەكات ‌و هێگلیش بە شێوەیەكی ڕوون ‌و ئاشكرا ددان بە بەهای ئەو بازنەیە دادەنێت و پێی وایە دەبێت ئەم شێوە بازنەییەی خوێندن وەكو خۆی بمێنێتەوە و دەستكاری نەكرێت.

هێگل ئەو كات بیری لەوە دەكردەوە بازنەی فەلسەفەی ترانسێندنتالی فەلسەفەی عەقڵی كانتیزم ببەزێنێت، كۆمەڵێك هەنگاوی ڕەخنەیی لەم بارەیەوە نابوو، هەر لە یەكەم كتێبی لە قۆناغی یێنا (جیاوازی نێوان سیستەمی فیشتە و شلینگ لەنێو فەلسەفەدا ــ Die Differenz des Fichteschen und Schellingschen Systems der Philosophie) لە ساڵی (1801). ئینجا كتێبی (ئیمان و مەعریفە، یا فەلسەفەی خودگەرایی بیركردنەوە لە هەموو فۆڕمەكانیدا وەكو فەلسەفەی كانت و فەلسەفەی یاكۆبی و فیشتە ــ Glauben und Wissen oder Reflexion Philosophie der Subjektivität in der Vollständigkeit ihrer Formen als Kantische, Jacobische und Fichtesche Philosophie) لە ساڵی (1802). ئینجا كتێبی (فینۆمینۆلۆژیای گایست Die Phänomenologie des Geistes) لە ساڵی  (1807).

لەگەڵ ئەوەش، هێگل پێی وابوو خوێندنی بنەماكانی فەلسەفەی كانتیزم، یارمەتی قوتابی گەنج و هەرزەكار دەدات بتوانێت تێگەیشتنی باشتری لەبارەی بنەماكانی فەلسەفە هەبێت.

 

(١١)

ئەگەرچی لە میانەی  ئەو سێ‌ بڕگەیەی كە هێگل ئەو باسەی تێدا دەخاتە ڕوو، بەهاكەی خۆی لەوە وەردەگرێت كە ئێمە ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت چۆن هێگل ناوەڕۆكێكی دەستپێكانە بە بەشداری فەلسەفییانەی خۆی دەبەخشێت، چۆن دەیەوێت تێگەیشتن و ئایدیا و بابەتە فەلسەفییەكان، كە  خۆی ئیشی لەسەر كردوون، بخاتە نێو سیستەم و پرۆگرامی خوێندن، چۆن ئەو سنوورانەش دیاری دەكات كە دەبێت لەسەر لێوارەكەی بووەستێت، ئینجا چۆن بەشێوەیەكی كاتیش لەسەر سنووری كانت دەوەستێت.

هەمان تێبینیش لەسەر خوێندنی ئینسایكلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەكان لە خوێندنی قۆناغی سێیەم هەیە، واتا گرنگی ئەو چۆنیەتییەی كە هێگل لە میانەیەوە ناوەڕۆكێكی دەستپێكانە بە ئینسایكلۆپیدیا دەبەخشێت ‌و خوێندنی ئەو وانەیە وا لێ دەكات ئەو سنوورە نەبەزێنێت كە بۆی كێشاوە. و دیاری كردووە. ئەو ئایدیایەش دیسان هەر لە میانەی  ئیشكردن و ئایدیای خۆی هەڵهێنجراوە، چونكە ئەو ساڵانەی كە مامۆستای ئامادەیی بوو، لەپاڵ نووسینی كتێبی (لۆژیكزانی)، كتێبی (ئینسكلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەكان)یشی نووسیوە. بۆیە بیری لەوە كردووەتەوە دەشێت ئینسایكلۆپیدیای زانستە فەلسەفییەكانیش بكرێتە بابەتێك بۆ خوێندن لەنێو قۆناغی ئامادەیی.

ئینسایكلۆپیدیای فەلسەفی بەوە لە ئینسایكلۆپیدیای ئەدەبی جیا دەكرێتەوە كە مۆركێكی زانستی ‌و سیستماتیكی هەیە، پرنسیپە گشتییە سەرەكییەكانی فەلسەفە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ بنەمای زانستە تایبەتییەكان. بۆیە، بە بەراورد لەگەڵ ئینسایكلۆپیدیای ئەدەبی، خوێندنی لەلایەن قوتابی بە سوودە لەلایەنی بە دەستهێنانی زانیارییەوە، چونكە ئینسایكلۆپیدیای فەلسەفی مۆركێكی سیستماتیك ‌و یەكگرتوو بەمەعریفە دەبەخشێت. بۆیە خوێندنی ئینسایكلۆپیدیای فەلسەفی، لە ڕوانگەی هێگل وا لە قوتابی دەكات ببێتە خاوەنی مۆركێكی سیستەماتیك و یەكگرتوو لە بیركردنەوە و فەلسەفەدا.

لەگەڵ ئەوەی خوێندن لەنێو قوتابخانەی ئامادەیی هەندێك كێشەی تایبەتی خۆی هەیە، وەكو ئەوەی زانستە سروشتییەكان هەیەتی، كێشەكەش لەلای ئەو قوتابیانە زۆرتر دەبێت كە سەرقاڵی پرسە مرۆڤایەتی ‌و ڕۆحییەكانن. خوێندنی فەلسەفەی سروشتی پێویستی بە "وزە و هێزێك هەیە، ئەم وزە و هێزە لەنێو هەموو قوتابییەكدا نییە، مەگەر ئەوانە نەبێت كە خاوەنی ویست ‌و هێزن"، هەروەها پێویستی بە شارەزاییەكی زۆریش هەیە لەبارەی فیزیای ئەزموونی(١١).

هێگل دێت پەنجە دەخاتە سەر ئەم لایەنە و دەستنیشانی دەكات، چونكە پێی وایە لایەنەكانی تری ئینسایكلۆپیدیا، بە شێوەی چۆنایەتییەكی سنووردار چارەسەر كراوە، بە شێوەیەك ئەوەندە بەسە لەژێر ڕۆشنایی ئەو پێوەندییە نوێیەدا لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت.

 

(١٢)

ئەزموونی مامۆستایەتی هێگلی وا لێ كردووە هەست بەوە بكات كەموكوڕییەك هەیە لەسەر ئاستی خوێندنی بەشێكی گرنگ لە فەلسەفەی گایست، ئەویش ئەو بەشەیە كە تایبەتە بە فەلسەفەی جوانی- ئیستاتیكا. لەلای هێگل ئەوە گرنگە قوتابیان نمایشی داستانە تراژیدی ‌و كۆمیدییەكان ببینن، بەشداری لە نمایشكردنی شانۆگەرییە كۆنەكان و میتۆلۆژیا كۆنەكان بكەن، هەروەها پێویستە دەقە شانۆییە هاوچەرخە ناودار و ناسراوەكانیش،  لەسەر تەختەی شانۆی قوتابخانەكانی خۆیان ببینن، وەكو ئەكتەر بەشداری تێدا بكەن.

بایەخی هێگل بەم لایەنە مێژووییەی میتۆلۆژیا و داستان و چیرۆكە كۆنە مێژووییەكان، لەم ڕوانگەیەوە هەڵدەقووڵێت كە خودی فەلسەفەكاری، جۆرێكە لە هونەرێكی عەقڵی و لۆژیكی. چەسپاندنی ئەم بنەما هونەرییە لە ڕێگەی ئیستاتیكا و هونەرەكانەوە دەبێت. هێگل بایەخێكی زۆر بە لایەنی ئیستاتیكا دەدات، ئەمە  بە ڕوونی لەنێو فەلسەفەكەیشی ڕەنگی داوەتەوە، بۆیە دەیەوێت ئەم لایەنە هونەری و ژیارییەی چێژ و سەلیقەی هونەری، لەنێو ڕۆحی قوتابییە تازە پێگەیشتووەكان بچێنێت و ڕەنگ بداتەوە. هێگل پێی وابوو ناسینی میتۆلۆژیا و داستانە كۆنەكان، ناسینی شانۆگەرییە یۆنانییە كۆنەكان، وایان لێ دەكات بتوانن بچنە نێو چییەتی هونەر ‌و مەبەستەكانی هونەر، وایان لێ دەكات بتوانن بكەونە سەر ڕێچكەی خوێندنەوەیەكی ڕەسەن بۆ دەقی شاعیر و داهێنەرە گەورەكانی سەدە جیاوازەكانی مێژووی مرۆڤایەتی، چونكە ئەو جۆرە فێربوونە خۆشی ‌و چێژیشی تێدایە، پەرە بە سەلیقە و چێژی قوتابیان دەدات، قوتابیانیش بە ئاسانی لێی بێزار نابن. لێرەوە هێگل پێی وایە پێویستە لەنێو سیستەمی خوێندنی ئامادەیی، بایەخێكی زیاتر بە ئیستاتیكا بدرێت و گرنگی پێ بدرێت.

 

(١٣)

بەپێی ئەو تێگەیشتنەمان لەبارەی بایەخی هێگل بە ئیستاتیكا، لەوە تێدەگەین هێگل پێی وایە نەبوونی ئەو جۆرە پرۆگرام و وانەیە لەنێو سیستەمی خوێندن، كەموكوڕییەكی ڕاستەقینە و گەورەیە، بۆیە هێگل جەخت دەكاتە سەر كردنەوەی دەرگا بەسەر چێژی ئێستاتیكی وەكو یەكێك لەو دەروازانەی مرۆڤ بە بیریار و داهێنەرە كۆنەكان دەبەستێتەوە، وەكو ئەوەی وەسیلەیەكە لە وەسیلەكانی خۆ ڕۆشنبیركردن ‌و دروستكردنی ڕۆحی تاك لەنێو قوتابیاندا، ئینجا تێگەیشتن لە بەهای هونەر و ئیستاتیكا بەگشتی. بەڵام، لە كاتێكدا دەبینین هێگل پێی وایە نەخوێندنی وانەی ئیستاتیكا كەموكوڕییەكی گرنگ ‌و سەرەكییە، ئەوە لەلایەكی تر دەبینین باسی خوێندنی مێژووی فەلسەفە ناكات، بێ‌ ئەوەی بە ئاشكراو بە ڕاشكاوی ئەمە بڵێت، پێشنیار دەكات مێژووی فەلسەفە لەنێو پرۆگرامی خوێندنی ئامادەیی لاببرێت، چونكە باسی لێوە ناكات، ئەگەرچی لەگەڵ دەستپێكیشدا دەگونجێت، بەڵام فەرامۆشی دەكات وەكو ئەوەی هەر نەبوو بێت.

لەگەڵ ئەوەش، هێگل جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە فەلسەفە لەنێو قوتابخانەی ئامادەییدا بخوێنرێت، چونكە ئێمە لە میانەی فەلسەفەوە فەلسەفەكاری دەكەین، بۆیە ناتوانین خوێندنی فەلسەفە لە خوێندنی مێژوو و ئێستای فەلسەفە داببڕین و جیا بكەینەوە، هەموو مومارەسەیەكی فەلسەفی پەیوەستە بە بزاڤێكی مێژوویی دیاریكراو، وەكو ئەوەی خۆیشی دەڵێت هەموو فەلسەفەیەك نەوە و منداڵی سەردەمەكەی خۆیەتی كە تێیدا لەدایك بووە و گەشەی كردووە. ئینجا هێگل تێبینی ئەوە دەكات بڕوانەبوون بەم تێزە، بۆتە هۆی ئەوەی فەلسەفە بكەوێتە نێو تەڵەزگەی خودێتی. بەڵام فەلسەفە چۆن لەم تەڵەزگەیە دەهێنرێتە دەرەوە؟ هێگل پێی وایە سیستەمی فینیۆمینۆلۆژیای خۆی، فینۆمینۆلۆژیای گایست، توانیویەتی ئەو دابڕانە لەنێوان شتە خودی و بابەتییەكان لەناو ببات(١٢).

باشە، مادام خوێندنی ئەو مێژووە ئەوەندە گرنگە، ئەدی ئەگەر مێژووی فەلسەفە بەشێكی گرنگ و سەرەكی نەبێت لە خوێندن و پرۆگرامی خوێندنی فەلسەفە، دەبێت لە كوێدا بخوێنرێت و جێگەی بكرێتەوە؟ هێگل وەڵامی ئەم پرسیارە ناداتەوە. لەگەڵ ئەوەش، ڕەنگە ئێمە بەشێك یا هۆكارێكی ئەم فەرامۆشكردنەی خوێندنی مێژووی فەلسەفە لەلای خۆمان وێنابكەین و پێمان وابێت هێگل لە ڕوانگەیەكی تر تەماشای ئەم پرسە دەكات. بەو مانایەی خوێندنی ئەم مێژووە ڕەت ناكاتەوە، بەڵكو ڕوانگەی خوێندنی ئەم مێژووە ڕەت دەكاتەوە و پێشنیار دەكات لە میانەی  فینۆمینۆلۆژیاكەی خۆیەوە ئەو مێژووە بۆ گایستی فەلسەفی بخوێنرێت. فینۆمینۆلۆژیای گایست توانیویەتی ئەو دابڕان و جیاكارییە لەنێو هەناوی خۆیدا بتوێنێتەوە.

ڕەنگە دوای سەركەوتن و ناوداری كتێبی (فینۆمینۆلۆژیای گایست)، هێگل پێی وابووبێت ئەو كتێبەی خۆی، هەموو مێژووی فەلسەفە لە میانەی  گایستەوە بەرجەستە دەكات، بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەم كتێبە هەر خۆی، مێژووی فەلسەفەیە، مێژووی گایستە، مێژووی وەرچەرخانی وشیارییە. بێگومان لێرەدا پاڵنەرێكی كەسییانە و خودیش ئامادەیە، هێگل دەیەوێت كتێبەكانی خۆی و سیستەمە فەلسەفەییەكەی بكاتە یەكێك لە بنەماكانی سیستەم و پرۆگرامی خوێندنی ئامادەیی.

 

(١٤)

ئێستا ڕوونە هێگل حەز بەوە ناكات فەلسەفە لە میانەی  مێژووە ئاساییە باوەكەی ئێمە تەماشای دەكەین، بخوێندرێت و بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانە، چونكە پێی وایە كارێكی لەم شێوەیە، نەوەكو هەر تەنیا خزمەت بە پێگەیاندنی قوتابی ناكات لەلایەنی لۆژیكی و ئیستاتیكی و ئەخلاقییەوە، بەڵكو ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی مامۆستا و قوتابیان بخاتە نێو گێژاوی گێڕانەوە و لێكدانەوەی ڕا و بۆچوونی ڕێبازە جیا جیاكانی فەلسەفە لە میانەی  مێژووی كۆن و نوێوە. بۆیە هێگل پێی وایە لە میانەی  خوێندنی ئەو مێژووە كۆنە، یا قۆناغە جیاوازەكانی فەلسەفە و ئایدیای فەلسەفی، بەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك ڕێباز و سیستەمی فەلسەفی ناكۆك و جیاواز سەریان هەڵداوە و هەن، وێنە گشتییە فەلسەفییەكە ون دەبێت، فەلسەفەش وا دەردەكەوێت وەكو ئەوەی بریتی بێت لە ڕاو بۆچوونی جیاواز و ناكۆك ‌و ناتەبا، وەكو ئەوەی فەلسەفە خۆی بریتی بێت لەو مێژووە، نەوەكو ئەو مێژووە بەشێك بێت لە پرۆسەی پێگەیشتنی فەلسەفە و پێشكەوتنی بیركردنەوەی فەلسەفی.

هێگل لەوە دەترسێت خوێندنی مێژووی فەلسەفە لەم قۆناغە زووەی تەمەنی هەرزەكاری و گەنجیدا، فەلسەفە بكات بە داستان و چیرۆكی بەرئاگردان، لە مانا و ناوەڕۆكی خۆی بەتاڵی بكاتەوە، چونكە نەوەكو هەر تەنیا قوتابیان، بەڵكو بەشێكی زۆری خەڵكی، لە ئێستاشدا ئەوەندەی حەز لە مێژووی فەلسەفە دەكەن، ئەوەندە حەز لە خودی ماددە و بابەتە جیاوازەكانی فەلسەفە ناكەن. بۆیە لە ئێستاشدا، ئەوەندەی ئەو كتێبانە باویان هەیە كە چیرۆكی مێژووی گەشەسەندنی فەلسەفە دەگێڕنەوە، كە مێژووی فەلسەفە وەكو چیرۆكی بەرئاگردان دەگێڕنەوە، ئەوەندە كتێبەكانی ئەفلاتون و ئەرستۆ و كانت و دیكارت، جێگەی بایەخی خوێنەران نین.

بۆیە دەبینین لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، شەپۆلێك لەو كتێبانە نووسران و بەرهەم هێنران، كە مێژووی فەلسەفە لە شێوەی داستانی مێژوویی و چیرۆك دەگێڕنەوە. بەو مانایەی فەلسەفە لە مانا سەرەكییەكەی خۆی لادەدرێت، دەكرێتە چیرۆك و ڕۆمان و نۆڤلێتی ڕۆژانەی سەرپێیی. مرۆڤ فێری هەندێك زانیاری سەرپێیی دەكەن، نەوەكو فێری شێوازی بیركردنەوە و بەرهەمهێنانی ئایدیای فەلسەفی بكەن. كەواتە خوێندن و فێربوونی فەلسەفە، لە ڕێگەی خوێندنی مێژووی فەلسەفەوە نابێت، چونكە ئەو مێژووە دەبێتە چیرۆك، خەڵكی دێن چیرۆكی ژەهرخواردكردنی سوكرات دەخوێننەوە و وەكو ناوەڕۆك و جەوهەری فەلسەفەی سوكراتی تەماشای دەكەن، یا ڕەنگە چێژ لەو لایەنە تراژیدییەی ژیانی سوكرات وەربگرن، بێ‌ ئەوەی بتوانن ڕۆبچنە نێو ئایدیای سوكرات و ئەو بنەمایانەی بوونە هۆی ئەوەی سوكرات مردنی پێ‌ باشتر بێت لەوەی لە زیندان ڕابكات و لە ژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام وەكو كەسێكی یاخی لە یاساكانی ئەسینا. خەڵكی دێن ئەزموونی ئەفلاتون وەكو ڕاوێژكاری حاكمی سیراكۆزە دەخوێننەوە و وەكو بەرجەستەكردنی ئایدیای سەرەكی نێو كۆمارەكەی ئەفلاتون تەماشای دەكەن و هەست دەكەن دژكاری زۆر لەنێوان گوفتار و ڕەفتاری ئەفلاتوندایە، خەڵكی دێن... تاد .

تەنیا لەو حاڵەتانە دەبێت مێژووی فەلسەفە بخوێنرێت، كاتێك لەنێو پرۆگرامەكانی خوێندنی قوتابخانەیی وەكو هزرێكی تێڕامانكاری دەخرێتە ڕوو. كاتێك قوتابی لە میانەی  خوێندنی ئەو مێژووەوە فێری تێڕامانكاری دەبێت، پرنسیپ و بنەماكانی تێڕامانی لێوە فێر دەبێت، ئەوەش كارێكە لەنێو قوتابخانەی ئامادەیی جێگەی نابێتەوە و بەرجەستەش نابێت، چونكە قوتابی ئامادەیی بۆ ئەوە ناخوێنێت تاوەكو ببێتە فەلسەفەكار، تەنیا ئەوانەی دەچنە نێو بواری بیركردنەوە و خوێندنی فەلسەفی دەتوانن فێری سیستەمی تێڕامانكاری ببن.

 

(١٥)

لەبارەی خوێندنی فەلسەفەی كانتیش، ئەگەرچی هێگل پێی وایە هەبوونی ماددەیەكی وا لەنێو وانەكان پێویستە، بەڵام پێی وایە كانت خۆی یەكێك بوو لەو كەسانەی پێشتر دژی ئەو تێزە بووە وانەی فەلسەفە بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەی ئامادەیی، بۆیە هێگل پێی وایە ئەو تێز و تێگەیشتنەی كانت، ئەنجامی نەزانی بووە بەرانبەر بە مێژووی فەلسەفە. ئێمە دەزانین كانت بە درێژایی ماوەی ژیانی وەكو مامۆستای زانكۆ، وانەی مێژووی فەلسەفەی بە قوتابیانی خۆی نەگوتۆتەوە، بەڵكو هاتووە لەو مێژووە ڕاماوە و بیركردنەوە ئایدیاكانی لەسەر بونیادناوە.

هێگل پێی وایە ئەگەر هەر كەسێك بێت كتێبەكانی كانت بخوێنێتەوە، سەرسام دەبێت بەوەی چۆن كانت خۆی لەوە بە دوور گرتووە هیچ ئاماژەیەك بۆ هیچ فەلسەفەكارێكی تری پێش خۆی نەكات، سەرسام دەبێت بەوەی چۆن كانت هەمیشە هەوڵیداوە خۆی لە هەموو نەریتێكی فەلسەفی پێشتر بە دوور بگرێت و خۆی لێ‌ بپارێزێت(١٣).

فەلسەفە لەلای كانت دەبێت بایەخ بە واقیعی ئێستا بدات، نەوەكو ڕابردوو بەرهەم بێنێتەوە. فەلسەفە ئیش لەسەر ئەو ئایدیایانە ناكات كە دووچاری دژكاری و تلانەوە و پەرێشانی هاتوون. لێرەوە هێگل پێی وابوو بیركردنەوەی كانت دەكەوێتە دەرەوە، لە دەرەوە نیشتەجێیە، هەرگیز كانت هەوڵی نەداوە بیركردنەوەی خۆی ڕووە و قووڵایی و ناوەوە ببات.

ئەوەی كانت پێشنیاری دەكات، بریتییە لە پێڕەوكردنی ڕەخنە وەكو میكانیزمێكی فەلسەفی، بۆ ئەوەی هەموو شتێك لەنێو جیهان بخەینە ژێر پێوەرەكانی ڕەخنە، چونكە پرۆسەی پەروەردە لەلای كانت، خۆی بریتییە لە ڕزگاركردنی مرۆڤ لە هەموو پۆخڵەواتە میتافیزیكی و خوڕافییەكانی نێو مێژووی ڕابردوو و كۆن. بۆیە كانت پێی وایە ئامانج لە پەروەردە، نابێت هەر تەنیا بریتی بێت لە چۆنییەتی خوێندنی فەلسەفە، بەڵكو دەبێت مەبەست دامەزراندنی بیركردنەوەی مرۆڤانە بێت لە میانەی  زانینی ناوەڕۆكی عەقڵ و دەستنیشانكردنی سنوورەكانی عەقڵی پەتی. بۆیە پەروەردە بەو مانایە لەلای كانت، بریتییە لە پیداگۆجیای ڕەخنەیی.

لە سایەی ئەم پیداگۆجیایە ئێمە فێری جۆرەكانی بیركردنەوە نابین، بەڵكو فێر دەبین چۆن ئیش لەسەر ئەو میكانیزمانە بكەین كە جۆرەها شێوازی بیركردنەوەی مرۆڤایەتی بەرهەمی هێناون. بۆیە كانت دەڵێت: "ئێمە فێری فەلسەفە نابین، بەڵكو فێردەبین چۆن فەلسەفەكاری بكەین". چونكە مەبەست لە خوێندنی وانەی فەلسەفە، خوێندنی مێژووی فەلسەفە نییە وەكو كۆمەڵێك ئایدیۆلۆژیا و سیستەم و ڕێبازی فەلسەفی جیاواز و ناكۆك، بەڵكو بە پێچەوانەوە، خوێندنی فەلسەفە دەبێت لە ئیمكانییەتی ڕزگاركردنی مرۆڤ بكۆڵێتەوە، ئیمكانییەتی ڕزگاركردنی مرۆڤ لە میانەی بەكارهێنانی عەقڵی ڕەخنەییدا.

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

(*) ئەم نووسینە، بەشێكە لە لێكۆڵینەوەیەكی درێژ كە هێشتا چاپ نەكراوە، بە ناوی (هێگل، مامۆستای ئامادەیی).

(١) فەلسەفەی هێگل، كۆمەڵێك نووسەر، وەرگێڕانی: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٣٨٩.

(٢)  ( https://www.marxists.org/reference/archive/hegel/help/hegel-on-education.htm.

(٣) عن الحق فی الفلسفة، جاك دریدا، ترجمة: د. عزالدین الخطابی، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت، الطبعة الاولی، ٢٠١٠، ص٢٤٢.

(٤) عن الحق فی الفلسفة، جاك دریدا، ترجمة: د. عزالدین الخطابی، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت، الطبعة الاولی، ٢٠١٠، ص٢٤٢.

 (٥) عن الحق فی الفلسفة، جاك دریدا، ترجمة: د. عزالدین الخطابی، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت، الطبعة الاولی، ٢٠١٠، ص٢٤٢.

(٦)   (  https://blog.litteratur.ch/WordPress/?p=9634 .

(٧) فەلسەفەی هێگل، كۆمەڵێك نووسەر، وەرگێڕانی: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٣٩١.

(٨) فەلسەفەی هێگل، كۆمەڵێك نووسەر، وەرگێڕانی: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٣٩١.

 (٩) فەلسەفەی هێگل، كۆمەڵێك نووسەر، وەرگێڕانی: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٣٩٢.

(١٠) عن الحق فی الفلسفة، جاك دریدا، ترجمة: د. عزالدین الخطابی، المنظمة العربیة للترجمة، بیروت، الطبعة الاولی، ٢٠١٠، ص٢٨٤.

(١١) فەلسەفەی هێگل، كۆمەڵێك نووسەر، وەرگێڕانی: ڕێبین ڕەسوڵ ئیسماعیل، بەڕێوەبەرایەتی خانەی وەرگێڕان، سلێمانی، ٢٠٠٧، ل٣٩٤.

(١٢) فلسفة الاستاذ فی مقابل استاذ الفلسفة كانط، هیغل، نیتشە، عبدالقادر بودومة، مجلة مركز الدراسات الانثروبولوجیة والاجتماعیة، ص٤٣.

(١٣) فلسفە الاستاذ فی مقابل استاذ الفلسفة كانط، هیغل، نیتشە، عبدالقادر بودومة، مجلة مركز الدراسات الانثروبولوجیة والاجتماعیة، ص٤٣.


ئەم بابەتە 69 جار خوێندراوەتەوە