270197979_503851117634619_7389506885120862242_n.jpg

ئایا سیاسیەکان دەتوانن پاکزادەبن؟

شارۆ شاھۆ

 

 

ڕانانێک بۆ فیلمی The Realm

 

فیلمی(El Reino) -The Realm،  فیلمێکی ئیسپانیە و لەساڵی ٢٠١٨ لەلایەن دەرھێنەری لاو (ڕۆدریگۆ سورۆگوین) ، کاری دەرھێنانی بۆکراوە. ھاوکات بە ڕۆڵبینینی ھەر یەک لە ئەکتەران(ئەنتۆنیۆ دێ لا تۆرێ ، مۆنیکا لۆپێز ، ناچۆ فرێسنێدا) فیلمەکە ئاستێکی باڵای تەکنیکی نواندنی لەخۆگرتووە.،ئەم فیلمە براوەی ١٣ خەڵاتی ڤیستیڤاڵە جیھانیەکانە .لەوانە  (ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی تۆرینتۆ، ٣٣  یەمین ئاھەنگی خەڵاتەکانی گۆیا، ٢٤یەمین ئاھەنگی خەڵاتەکانی  فۆڕکێ ، ٦ یەمین ئاھەنگی  خەڵاتەکانی فێرزۆ).

 

 ھەڵماڵینی جیھانی سیاسیە گەندەڵەکان، ئەو سیاسیانەی کە بۆ پاک ڕاگرتنی ئەستۆپاکی خۆیان سەدان دۆسیەی نھێنی ھەڵدەدەنەوە لە کاتێکدا دۆسیەکانیش خۆیان تێیدا ھاوبەش بوون. میدیا وەک سەکۆیەک کە شمشێرێکی دووسەری ھەڵگرتوە دێت ئەم جەنگە نھێنیانەی نێو سیاسیەکان دەگوازێتەوە بۆ چاوی بینەر، بینەرێک کە خۆشی دواجار کاڵای بەکارھێنراوی نێو ململانێکانە. چیرۆکی بنەڕەتی ئەم فیلمە باس لە سیاسەتمەدارێکی ئیسپانی دەکات بەناوی (مانوێڵ لۆپێز ڤێدال) کە ئەندامێکی پارتێکی ناسراوی ئیسپانیە و خاوەنی ژیانێکی شاھانەیە، ئەم ژیانەش لەسەر بنەمای چەندین پڕۆژە و کاری نایاسایی بونیادنراوە.  پاش ئەوەی مانوێڵ کۆمەڵێک دۆسیەی گەندەڵی لەسەر ئاشکرادەبێت لە ڕێگای کەناڵێکی میدیای ناسراوی ئیسپانیەوە. لێرەوە ژیانی مانوێڵ وەک سیاسیەک دەخزێتە ناو گێژاوی کێشمەکێشم و ململانێ  بۆ پاکردنەوەی ناوی خۆی لەو ھەواڵ و بەڵگانەی  کە  لەسەری  خراونەتە ڕوو  بەتۆمەتی خراپ بەکارھێنانی پێگەی سیاسی بۆ کاری نایاسایی و مەرامی گەندەڵی. لەمیانەی ڕووداوەکانی ئەم فیلمەدا،  بینەر ئاشنا دەبێت بە ژیانی پەنھان کاری سیاسیەکان. کە لەپێناو پاراستنی خۆیان چۆن ڕاستیەکان بەرەو داڵانە تاریکەکان دەبەن و شتانێک دەخەنە ڕوو کە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ئەرزی واقعدا. ئەوەی لەم فیلمەدا دەخرێتە ڕوو مەترسی ھەڵدانەوەی دۆسیەی پارتە سیاسیەکانە لە کاری نایاسایی و گەندەڵیدا. کە چۆن خۆیان بێ بەری دەکەن لەو ئەندامانەیان کە تێوە دەگلێن لە پرسی گەندەڵی. پاشان دواتر چۆن سازش دەکەن لە ئاشکرانەکردنیان. پاش ئەوەی مانوێڵ دەستی دەگات بە دۆسیە نھێنیەکان، کە گەندەڵی و کاری نایاسای ئەندامانی پارتەکەی لە خۆدەگرێت. داوا لە میدیاکان دەکات کە یارمەتی بدەن لە نیشاندانی دۆسیەی گەندەڵیەکان. بەڵام بە پئچەوانەی ویستی مانوێڵ، میدیا دەبێتە سەکۆیەک بۆ دادگایەکی بێڕەحم ، دادگایەک کە ڕەحم بە ھیچ سیاسیەک ناکات لە بەردەم چاوی گەلدا. میدیا لە فیلمەدا ، ئەو پرسیارە دەوروژێنێت:  کە  ئایا سیاسیەکان بۆ کاتێک بە تۆمەتی ئابڕوچوونی گەندەڵی تێوەدەگلێن، دێنە سەر باسی گەندەڵی ھاوکارەکانیان؟. لەکاتێکدا پێکەوە تێکۆشاون تاکو دەسەڵات بکەنە ئامرازێک بۆ کەڵەکە کردنی قازانج بەکاری نایاسای لەسەر شانی ھاوڵاتیان. 

لە کۆتایدا، ئەم فیلمە بە شێوەیەکی گشتی لە ھەوڵی شیمانەکردنی ئەو پرسیارەدایە کە ئایا ئەرکی سیاسیەکان چییە؟  ئایا بەتەنھا بەدیارکەوتنی مرۆڤانێکە کە بێ وچان تێدەکۆشن تاکو خۆشگوزەرانی بۆ ھاوڵاتیان بەدی بھێنن یاخود بێ وچان بە پەنھانی کاردەکەن  بۆ کەڵەکە کردنی سامان و پڕکردنەوەی پێویستیە خۆشگوزەرانیەکانیان. 

 


ئەم بابەتە 126 جار خوێندراوەتەوە