shanokarani_amad.jpg

با لە ئامەد و شانۆكارانی ئامەدەوە فێر بین

حەمەسوار عەزیز
شانۆی كوردی لەئێستادا بەخراپترین قۆناغەكانی تێدەپەڕێت و خەریكە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە دەبێتەوە، بەشێكی گەورەی ئۆباڵی ئەو قەیرانەش لەئەستۆی سیاسەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانە. كە ھیچ بایەخێك بە فەرھەنگ و كەلتوور نادات، بەتایبەتی شانۆ كە بەشێوەیەك فەرامۆش كراوە، كار گەیشتۆتە ئەوەی لەشارێكی وەكو ھەولێر دوو ساڵە، تەنها دوو ئەزموونی شانۆیی شەرمن لەهۆڵێكی بچووك بۆ ماوەی تەنها یەك رۆژ نمایشكراوە، لە دهۆكیش ڕەوشەكە لەوە خراپترە، ڕەنگە لەسلێمانی و كەركوك دۆخەكە بەهۆی سروشتی شارەكەو جیاوازی بیركردنەوەی شانۆكاران باشتر بێت، بەڵام هەرگیز ئەو باشییە نییە كە جێگەی ئومێد بێت.
ئێمە دەزانین ئەم حكومەتە بەهیچ شێوەیەك شانۆی لا مەوزوع نییە، بۆیە پێویستە لەدەرەوەی حكومەت بەدوای چارەسەر بگەڕێین و لە ئەزموونی هاوشێوەی خەڵكانی وەك ئێمە سوود وەربگرین، باشترین ئەزموونیش ڕەوشی شانۆیە لە باكووری كوردستان و شارێكی وەك ئامەد، كە هەموو مێژووی شانۆیەكەیان بە زمانی دایك نابێتە بیست ساڵ، لەو چەند ساڵەی دواییشدا پاش دەسبەسەردارگرتنی قەیومەكانی ئەردۆغان بەسەر شارەوانییەكانی كوردستان، ڕەوشی شانۆكارانی باكووری كوردستان زۆر خراپەو نەوەكو هەر هاوكاری ناكرێن، بەڵكو دەیان سانسۆر و ڕاوە دونانیشیان لەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا تەسلیمی ئەو واقیعە نەبوون و توانیان پەرە بەشانۆكەیان بدەین، باشترین نمونەش ئەوەبوو لەفێستیڤاڵی شانۆی كەركوك، توانیان سەدا هەشتای خەڵاتەكان بەرنەوە، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو سیستمەیە كە شانۆكارانی ئامەد بۆ كاری خۆیان دایانڕشتووە.
ئەم گرووپەی ئامەد وەك گرووپێكی پیشەمەندی شانۆیی كاردەكەن و ئەو نمایشە شانۆییانە هەڵدەبژێرن كە توانای كۆنتاكتی لەگەڵ بینەر هەیەو نمایشەكانیان بۆ ماوەی چوار تا پێنچ ساڵ درێژەی هەیەو بە بلیت نمایش دەكرێت و لە یەككاتدا چەندین نمایشی شانۆییان ئامادەیە و دەتوانن چەندین نمایش پێشكەش بكەن و لەڕێگەی بلیتەوە نەوەكو هەر خەرجی كارەكانیان دەست دەكەوێت، بەڵكو بەشێكیشیان لەسەر ئەو داهاتە دەژین، ئەمە لە كاتێكدا هیچ هاوكارییەكی دەوڵەتیان نییەو پشتیوانی ناكرێن، بەڵام كوالیتی نمایشەكانیان توانای ئەوەی هەیە پارە پەیدا بكات و هەر نمایشێكیان زیاد لەسەدو پەنجار جار نمایش دەكرێت و لە ریپۆرتوارێكدا چەندین نمایشی شانۆیی لەكاتی دیاریكراو پێشكەش دەكەن و داهاتی پێویست بۆ بەردەوام بوون و ژیان و خەرجییەكان دەهێننەوە.
چی تێدەچێت ئەگەر شانۆكارانی باشووریش چاو لەو ئەزموونەی ئامەد بكەن و سیستمێكی دیاریكراوی دیراسە كراویان هەبێت و بتوانن ریپۆرتوار دروست بكەن و هەر گروپێك بتوانێت چەند نمایشێك لەیەككاتدا ئامادە بكات و حەفتانە بەگوێرەی بەرنامەیەكی دیاریكراو پێشكەشی بكات و داهاتی تایبەتی لەو نمایشكردنە دەست دەكەوێت كە دەتوانێت بەردەوامی بەكاری شانۆیی بدات، ئەگەر بەهانەش بەهۆڵ بگرن، هەموو ئامەد دوو هۆڵی شانۆیی تێدایە كە پێموایە بەپارە بەگرووپەكان دەدرێت.
هەر بۆ زانیاریش ئێستا شانۆكارانی ئامەد خەریكی وەرزێكی نوێی شانۆن كە لە سێ نمایش پێكهاتووەو وەك جاران بەشێوەی ڕێپۆرتوار پێشكەشی دەكەن.


ئەم بابەتە 78 جار خوێندراوەتەوە