annam_kcha_jy.jpg

ئەنعام بەرەو نۆبڵ هەنگاودەنێ


رەوەز جەبار
ئەنعام كجە جی یەكێكە لەو رۆماننووسە عیراقییانەی كە ساڵانێكە لە فەرەنسا دەژی و بەهۆی ئەوەی كە لە نێوەندی ئەدەبی ئەوروپیدا جێگەی خۆی كردووەتەوە و رۆمانەكانی وەرگێڕدراون بۆ ئینگلیزی و فەرەنسی و چینی و چەند زمانی دیكە، توانیوێتی ببێت بەناوێكی درەوشاوە لەنێوەندی ئەدەبی ئەوروپیدا و بەدەر لەو هەواڵەی كە پاڵێوراوە بۆ نۆبڵ، بۆ چەند خەڵاتێكی دیكە پاڵیوراوە، چەند رۆمانێكیشی خەڵاتی پۆكەری عەرەبی وەرگرتووە.
ئەنعام، رۆماننووس و رۆژنامەنووسی عیراقی پەناهەندەی فەرەنسا، ساڵی 1952 لە بەغدا لەدایكبووە، لەزانكۆی بەغدا رۆژنامەگەریی خوێندووە و پاشتر لە بواری رۆژنامەگەریی و رادیۆی عیراقییەكان كاری كردووە، دواتر وەك هەندێك لەنووسەرانی دیكەی عیراق لەساڵی 1979 چووەتە پاریس بۆ تەواوكردنی خوێندن و لەزانكۆی سۆربۆن دكتۆرای خوێندووەو دوای ئەو قۆناغەش وەك رۆژنامەنووس لەپاریس كاری كردووە.

رۆمانەكانی
رۆمانەكانی ئەنعام بەشی زۆریان چیرۆكی عیراقییەكانە لەتاراوگە، یان چیرۆكی هەڵهاتنی مرۆڤی عیراقییە بەرەو ئەوروپا، خودی خۆشی یەكێكە لەو عیراقییانەی لەجەنگ هەڵهاتووەو عیراقی بەجێهێشتووە لەفەرەنسا گیرساوەتەوە. ئەم بابەتە چونكە بۆخۆی تێیدا ژیاوە و ئازاری چەشتووە، لەزۆربەی رۆمانەكانیدا رەنگیداوەتەوە، ئەنعام كجە جی لە ساڵی 1980 ەوە دەستی بەنووسین كردووەو تا ئێستا چەند بەرهەمێكی نووسیوە.

یەكەم رۆمان
رۆمانی (سواقی القلوب) یەكەم بەرهەمێتی، رۆمانەكە چیرۆكی ئەو كەسانەیە كە لە وڵاتی خۆیان دادەبڕێن و لە تاراوگە دەگیرسێنەوە، كارەكتەری رۆمانەكە وڵاتەكەی بەجێدەهێڵێ و لەپاریس دەگیرسێتەوە، تەنانەت خۆشەویستەكەی و وڵاتەكەشی بەلاوە گرنگ نییە لەپێناوی ژیانێكی ئارامدا سەری خۆی هەڵدەگرێ و لە غەریبی دەگیرسێتەوە.
لەرۆمانەكەدا كۆمەڵێك كارەكتەری عیراقی و عەرەبی وڵاتانی عەرەبین و لەتاراوگە ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن. نووسەر چیرۆكی ئەو پەناهەندانە دەگێڕێتەوە، ئەنعام-یش وەك نووسەرانی سەردەمەكەی خۆی چیرۆكی عیراقی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی بەعس دەگێڕێتەوە كە چۆن وڵاتەكە بووە بەوێرانەو ژیانی تێدا نەماوە، گێڕانەوە لەبەغداوە بۆ پاریسە چیرۆكی مرۆڤە بەدبەختە رۆژهەڵاتییەكانە لەو شارە گەورەیەدا ژیانیان چۆن دەگوزەرێنن؟

دووەم رۆمان
دووەم بەرهەمی ئەنعام رۆمانی (الحفیدە الامریكیە)، ئەم بەرهەمەی ئەنعام لە ریزی ئەو رۆمان و چیرۆكانەیە كە لە دوای پڕۆسەی ئازادی عیراق نووسراوە.
لە دوای روخانی عیراقی بەعس گەلێك نووسەری عیراقی لە نێوندی ئەدەبی عیراقیدا دەركەوتن و بەرهەمەكانیان بڵاوكردەوە، زۆربەیان گوزارشت بوون لەو دۆخە تازەیەی عیراق، لەوانە حەسەن بەلاسم و ئەحمەد سەعداوی و عەلی بەدر و…، ئەم رۆمانەی ئەنعام-یش لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە كە عیراقییەكان لە دوای روخانی بەعس و ژیانی تازە و مەترسیدار چۆن بەسەر دەبەن، چیرۆكی رۆمانەكە ئەو كچە ئەمریكییە بە رەچەڵەك عیراقییەیە كە لەپڕۆسەی ئازادی عیراقدا دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەكەی و لەسوپای ئەمریكادا وەك وەرگێڕ كار دەكات و لەرێگای ئەو كارەكتەرەوە چیرۆكی عیراقێكی خوێناوی دەگێڕێتەوە، عیراق شەڕ وێرانی كردوەو چارەنووسێكی رەشی هەیە، ئەم رۆمانە بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2008 بڵاوبووەتەوە و ساڵی 2009 پاڵێوراوە بۆ خەڵاتی پوكەری عەرەبی.

سێهەم رۆمان
رۆمانی سێیەمی كجە جی رۆمانی (تشاری)یە، ساڵی 2013 بڵاوبووەتەوە و ساڵی 2014 پاڵیوراوە بۆ خەڵاتی پوكەری عەرەبی، لەم رۆمانەشدا نووسەر كاری لەسەر عیراق كردووە، مرۆڤی عیراقی چۆن دەژی، چیرۆكی رۆمانەكە باس لەپزیشكێكی عیراقی دەكات، پزیشكی نەخۆشییەكانی ژنانە. ئەو پزیشكە جەنگ ناچاری دەكات عیراق بەجێبهێڵێ و روو لە پاریس بكات، ئەم رۆمانەش وەك رۆمانەكانی دیكەی ئەنعام پێیەكی لەعێراقەو پێیەكی لەڕۆژئاوایە.

 (النبيذة) یەكێكی ترە لە رۆمانەكانی ئەنعام، ساڵی 2017 بڵاوبووەتەوە، ناوەڕۆكی رۆمانەكە چیرۆكی سێ كارەكتەرە دوو ژن و پیاوێك، چیرۆكی موزیك و سیخوڕییە، چیرۆكی تاج ملوك عەبدولمەجیدە رۆژنامەنووس، چیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی نوری سەعید لە چلەكانی عیراقدا رووداوەكان دەگوزەرێن.
بەگشتی تێمای رۆمانەكانی ئەم نووسەرە چیرۆكی وڵاتەكەی خۆیەتی، بەرهەمەكانی باس لە عیراق دەكەن، عیراقی كۆن تاوەكو سەردەمی تازە. وڵاتێك هەزار چیرۆكی خوێناوی هەیە، ئەنعام هاتووە لەسەر ئەو رووداوە خوێناوییانە رۆمانی نووسیوە، بەڵام بەزمانی ئەدەبیات و بە شێوازی ئەدەبی، بەزمانی رۆمان دەچێتە نێو مێژووی عیراقێكی خوێناوییەوە.

ئەنعام كجە جی و نۆبڵ
ئەنعام یەكێك لەو نووسەرە عیراقییانەیە كە لە دەرەوەی عیراق دەژی و پاش ئەوەی وڵاتەكەی بەجێهێشتووە لە فەرەنسا گیرساوەتەوە، ئەوەش هەلێكی باشبووە بۆ ئەو نووسەرە، وەك زۆر نووسەری دیكەی عیراق تاراوگە دەرفەتێكی باش بووە بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان لە ئەوروپادا بڵاوببێتەوە. یەكێك لەوانە حەسەن بەلاسم-ە چیرۆكەكانی بۆ زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدراون و لەسەر ئاستی ئەوروپا ناوی رۆیشتووە، ئەنعامیش یەكێكە لەو رۆماننووسانەی لەسەر ئاستی دنیا بەناوبانگەو لەعیراقیش نووسەرێكی ناودارە، تەنیا ئێمەین لەم بن دەستەی خۆمانەوە ئاگاداری بەرهەمەكانی ئەم ژنە نووسەرە نین. ئەو دەرفەتەی بۆ رەخساوە وای كردووە كە بەرهەمەكانی بە چەند زمانێك هەبێ و لەپای ئەو رۆمانانە چەندین خەڵاتی ئەدەبی پێبەخشراوە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر خەڵاتی نۆبڵە، ماوەیەكە سایتە عەرەبییەكان باس لەوە دەكەن ئەنعام یەكێكە لە كاندیدەكانی دنیای ئەدەبی بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، ئەمە لەكاتێكدا تاوەكو ئێستا تەنیا نووسەرێكی عەرەب ئەو خەڵاتەی وەرگرتبێ نەجیب مەحفوزە، چەند ساڵێكە هەواڵی ئەوە هەیە كە ئەدۆنیس پاڵیوراوە بۆ نۆبڵ، بەڵام هێشتا وەرینەگرتووە. ئەدەبیاتی فارسی بەو هەموو نووسەرە باش و ناودارانەی كە هەیانە تا ئێستا ئەو خەڵاتەیان بەنسیب نەبووە، لێ ماوەیەك باسوخواسی سەرچاوە ئەدەبییەكانی عەرەبی باس لەوە دەكەن ئەنعام بەرەو نۆبڵ هەنگاو دەنێ، گوایە نۆبڵی 2022 نۆبڵی ئەنعامە، كە ئەوەش پێشنیازی رێكخراوی پێنووسی سویدییە، رێكخراوی svenska pen لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە ستۆكهۆڵم سێ كەسی پاڵاوتووە بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی، ئەو سێ كەسە ئەنعام كجە جی و سەلیم بەرەكات و رۆماننووسی ئەمریكی ئەدویدج دانتیكاتە. لەنێو ئەواندا بەزۆرینەی دەنگ ئەنعام توانی وەك پاڵیوراوێك بۆ خەڵاتەكە سەربخرێ.


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە