فڕین بەناو خۆڵەمێشدا گەشتە نمایش
شانۆیی فڕین بەناو خۆڵەمێشدا کارێکی نوێی گروپی گۆدۆیە و وابڕیارە ئهمڕۆ 28/10/2020 کاژێر (4)ى ئێواره لە شارى سلێمانی و لە هۆڵی بەدیعە دارتاش لەناو پەیمانگای هونەرە جوانەکان نمایشبکرێت و تا بەرواری 11/3 بەردەوامبێت.
تێکستی ئەم مۆنۆدرامایە لەلایەن دەرهێنەر و ئەکتەرەوە ئامادە کراوە.
ئەمە سێهەم کاری دەرهێنانی "داستان بەرزان"ە
داستان بەرزان لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ ەو لەسلێمانی دەژی. پەیمانگای هونەرە جوانەکان و کۆلێجی هونەری تەواوکردووەو کاری دەرهێنانی بۆ چەند تێکستێکی جیهانی شانۆکردووە. لەوانە کورسییەکانی یۆژین یۆنسکۆی فەڕەنسی و چاوەڕوانی گۆدۆ ی ساموێل بیکێت.
هەر لەبواری شانۆدا کتێبێکی هاوبەشی هەیە بەناوی دەروازەیەک بۆ دراماتۆرگی و چەندکتێبێکی تر لەبواری گێڕانەوەدا.
داستان بەرزان دەربارەی کارەکە بە سایتی گەلاوێژی وت: "سەرەتای بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە پێمخۆشبووکار لەسەر مۆنۆدراما بکەم، چونکە مۆنۆدراما ژانرێکی دیار و بەناوبانگی ناو بواری شانۆیە، وە هەستم دەکرد بۆخۆشم وەک دەرهێنەر چێژبەخش دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ یەک ئەکتەردا بکەم جیاواز لەو کارانەی تری پێش و کە تیایدا مامەڵەم لەگەڵ پێنج ئەکتەر و چوار ئەکتەر زیاتردا کردووە".
ئەوەبوو لەگەڵ شانۆکار و ئەکتەر "گۆران نامیق " ڕێکەوتین کە دەستبدەینە کارەکە، بەبێ ئامادەیی هیچ دەق و بیرۆکەیەکی دیاری کراو، پاش دانیشتن و گفتوگۆکان بیرۆکەکە دروستبوو گەشتینە ئەوەی کە بیرۆکەی کارەکە باس لە ژیانی هونەرمەندێکی شانۆ بکات.
بۆ ئەم مەبەستەش گەڕاوینەتەوە ناو ڕیشە مێژووییەکەی جیهانی شانۆ و شانۆ کاران لە یۆنانی کۆنەوە، بۆلای یەکەمین ئەکتەر و شانۆکاری مێژوو کە "تیسپسە" وێناکردنی ژیانی ئەکتەرێکە کە بەیەکەم ئەکتەر دوبژێرێت لەمێژوی شانۆدا.
لە تیسپسەوە هاتووینەتەوە بۆ قۆناخی شکسپیر و لەوێ سودمان لە دیمەنێکی ناو هاملێتی شکسپیر بینیوە و لەناو کارەکەدا ئامادەیی هەیە، دواتر بۆ کارەکتەرە بەناوبانگ و گرنگەکەی ئەنتوان چیخۆف "ڤاسیلی"
ئەگەر خوێندنەوەیەکی ورد بۆ ئەم کارە وکارەکتەرەی ئێمە بکەین، دەتوانین بڵێین ئەمە "ڤاسیلی"یەکی مۆدێرنە کە ژیان و مێژوی خۆی بەخشیوە بە شانۆ و هونەر.
ئێمە بە درێژایی کارەکە سودمان لە خەم و ئازار و تەنگ و چەڵەمەی نێو ژیانی هونەرمەندی کورد وەرگرتووە و هەوڵمانداوە خەمە گەردونی و مێژوویەکەی هونەرمەندان بۆ بینەری کورد و بە شێوازێکی کوردی بخەینە سەرتەختەی شانۆ.
فڕین بەناو خۆڵەمێشدا فرینە بەناو ئەزموونی تەنگ تەنیایی هونەرمەندێکدا کە لە کۆتاییەکانی ژیانیدا لەژێر هێزی یادەوەریدا دەگەڕێتەوە نێو ڕابردوی.
وابڕیارە ئەم کارە تا رۆژى 3/11/2020 لە هۆڵی پەیمانگای هونەرە جوانەکان بەردەوامبێت و بلیت لەهەمان هۆڵ دەستدەکەوێت.