123163010_1319313175075703_4617475110752476454_o.jpg

داگیرکردنی تاریکی نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی بڵاودەبێتەوە

بەختیار عەلی چیتر بۆ کورد و جیهانیش ناوێکی ون و لاکەوتە و فەرامۆش نییە، ئەو لە جوگرافیایەکی پڕ کێشمەکێشم و بریندارەوە، بە ڕۆحێکی داهێنەرەوە ساڵانێکی درێژە ڕۆمان و شیعر و کاری تیۆری دەنووسێت و ئامادەییەکی بەردەوامی هەیە. 

"داگیرکردنی تاریکی"
نوێترین ڕۆمانی نوسەر بەختیار عەلی ە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

ڕۆمانەکە گێڕانەوەی ژیانی بنەماڵەی تاریق ئاکانسویە کە پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەنکەرەیە و شەیدایەکی فەلسەفەی هێربەرت سبنسەر و داروینییە کۆمەڵایەتییەکانە. ئاکانسو کەمالیستێکی توندڕەوە و دەیەوێت تورکیا بۆ قۆناغی دوای جەنگی جیهانی ئامادەبکات. بە فەرمانی سەرۆک وەزیران «عیسمەت ئینونو»، ئەرکێکی گەورەی پێسێردراوە تا جێبەجێیبکات. کاتێک ساڵی 1945تاریق ئاکانسو دەگاتە شاری ئامەد، هاوشان بە دوو کوڕەکەی لە ماڵێکی تایبەتیدا نیشتەجێدەبن، کە دواتر دەبێت بە شانۆی زۆر ڕوداوی مێژوویی. عەلی ئیحسان ئاکانسوی کوڕە بچوکی تەمەنی سیازدە ساڵانە و ئارسین ئاکانسوی کوڕە گەورەی تەمەنی شازدە ساڵانە.

ڕۆمانەکە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و ناکۆکییە قووڵەکانی ناخی هەر دوو ئەم کاراکتەرە سەرەکییەدا گەشەدەکات و تا کۆتایی دەڕوات. جگە لە تاریق ئاکانسو و کوڕەکانی، ڕۆمانەکە ژمارەیەک پاڵەوانی سەرەکی دیکەشی تێدایە کار لە ڕەوت و شێوەی ڕوداوەکان دەکەن. لەوانە عیسمەت ئۆکتای، تورکێکی سەر بە گورگەبۆرەکانە و تووشی نەخۆشییەکی ناوازە بووە. ئیمران کارتاڵ، ڕاوکەرێکی شارەزای تورکە و بیست ساڵە لە چیاکانی کوردستاندا ڕاودەکات. جەوهەر سیزار، کوردێکی ڕۆحسوکە و لە یەکێک لە گوندەکاندا کاری تارسازیی دەکات.

لە ناو ڕۆمانەکەدا هەندێک کاراکتەری مێژوویی ڕاستەقینە تێکەڵ بە هەندێک کاراکتەری خەیاڵکرد دەبن و پێکڕا باس لەو دونیا ترسناکە دەکەن کە نەتەوەپەرستە تورکەکان لەسەدەی بیستدا دایانمەزراندوە.
کۆی ئەم تێکستە گەشتێکی درێژە بە مێژووی نوێی تورکیادا و ڕاوەستانە لەسەر ڕووی تاریک و خوێناوی ئەو مێژووە، شۆڕبوونەوەیە بە ڕۆحی داگیرکەرەکانی کوردستان و خەون و ترسەکانیاندا.

ئەم ڕۆمانە زیاتر 730 لاپەڕەی قەوارە گەورەیە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.


ئەم بابەتە 135 جار خوێندراوەتەوە