نووسه‌رى نووسه‌ره‌كان
چارلز مه‌ك گراس •
ئالیس مونرۆ هه‌رده‌م نووسه‌رى نووسه‌ره‌كان بووه، هه‌روه‌ها وه‌ك كورتهچیرۆكنووسێكیش زۆر خۆشه‌ویست بووه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌رهه‌مى ئه‌و كارانه بووه كه ئه‌نجامى داون. بڕوام وایه یه‌كێك له گه‌وره‌ترین هۆكاره‌كانى سه‌ركه‌وتنى مونرۆ ئه‌وه‌بووه له كه‌نه‌دا ژیاوه. هه‌میشه كه‌سێك بووه خۆى له سیاسه‌ت به‌دوور گرتووه و هیچ سه‌رنجى به مۆدێلی رۆژ نه‌داوه و پتر دیلی هه‌مان ئه‌م جیهانه بووه تاوه‌كو رێگاكانى دیكه‌ى چوارده‌ورى. دوو جۆر نووسه‌رمان هه‌یه: نووسه‌ره ره‌مه‌كى و نووسه‌ره بیرمه‌نده‌كان. به‌مانایه‌كى دیكه ئه‌وانه‌ى كه ده‌رباره‌ى ئه‌و كاره‌ى ده‌یكه‌ن شایه‌تیان هه‌یه و ئه‌وانه‌ى ئاگاداری‌یان هه‌یه، ئالیس مونرۆ هه‌ردووكیانه.
یه‌كه‌مین چیرۆكى ئه‌و كه بۆ نیویۆركهرمان كڕى "ترپه شاهانه‌كان" بوو. چیرۆكه‌كه له به‌شێكى تایبه‌تى دونیادا ده‌گوزه‌را، كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى تا ئه‌وانه‌ى رۆژه چاپمان ده‌كردن زۆر جیاواز بوو، تازهییهكى ورووژێنه‌رى هه‌بوو. ئێستا قسه‌كردن له باره‌یه‌وه دڵخۆشكه‌ره، به‌ڵام ئه‌وكاتانه ناكامڵ به‌رچاو ده‌كه‌وت. له‌یادمه "ویلیا‌م شاون" كه به‌هۆى سروشتى دژپهسهندییهوه به‌ناوبانگ بوو، له گه‌ڕانه‌وه دووبارهكانى چیرۆكه‌كه بۆ هاتوهاوارى گه‌رماوه‌كه تۆزێك سه‌رى سوڕمابوو، منیش به‌رگرییه‌كى باش و پته‌وم له چیرۆكه‌كه كرد تاوه‌كو له نیویۆركه‌ر چاپ كرا.
مونرۆ شایه‌تێكه به‌سه‌ر ئه‌م داخوازهوه كه هه‌ندێك له كه‌سه‌كان– زۆرینه نا- تواناى نووسینى كورته‌چیرۆك و رۆمانیان هه‌یه. ئه‌و ڕۆمان له قه‌باره‌یه‌كى بچو‌وكدا ده‌نووسێت، به‌رهه‌مه‌كانى هێجگار بهبیرهێنهرهوهى چیخۆفن، به‌ڵام ئه‌م گهڵاڵهنووس نییه. ڕۆمانه‌كانى شیاوى بوونى رووداو و كهسایهتییهكانیشى شایه‌نى گۆڕانیان هه‌یه، شتێك كه له كورته‌چیرۆكدا به‌شێوازێكى كورت و پوخت راده‌گه‌یه‌ندرێت. به‌ڵام مونرۆ كورتهچیرۆكهكانى درێژتر بوون كه تۆزێك پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ره‌وته باوه بوو.
له‌سه‌ره‌تادا مونرۆ ده‌ستیكرد به‌یاریكردن به كات‌و به‌درێژایی كات چیرۆكه‌كانى قووڵتر، ناسكترو ده‌وڵه‌مه‌ندتر بوون. كاتێك چیرۆكه‌كانى ورده‌ورده باشتر بوون، دان منیكهر، ویلیا‌م شاون، راجه‌ر ئه‌نجێلو منیش كه‌م كه‌م باشتربووینو ئاشكرا بوو كه خه‌ریكین له‌گه‌ڵ كه‌سێك قسه ده‌كه‌ین، لاوێكى له‌پشت كێوانه‌وه هاتوو نییه، به‌ڵكو مامۆستایه‌كى ره‌سه‌نه.
مونرۆ نووسه‌رێكى ئه‌زموونیی سه‌رسوڕهێنه‌ر نییه، به‌ڵام له 15 ساڵی كۆتاییدا به‌جۆرێكی بنه‌ڕه‌تى لهفۆرمو كاتدا ئه‌زموونكارى كردووه‌و هه‌موو ئه‌و باوه‌ڕانه‌ى ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى لهكورتهچیرۆكدا هه‌یه‌و نییه، سه‌روبن كردووه. ئه‌و بووه‌ته ریسككارێكى گه‌وره، ریسكه پێكهاته‌ییه‌كان. زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ره كه چۆن له‌چیرۆكدا له‌گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه ده‌ڕوات بۆ گۆشه‌نیگایه‌كى دیكه. ره‌وتێك كه به‌جۆرێكى ره‌ها تاكڕهههندى نییه.
گه‌ر بته‌وێت ده‌توانیت یه‌كێك لهچیرۆكهكانى مونرۆ بهێنیت‌و په‌یوه‌ندیى هۆ و بهرهۆ به‌پێى مۆدێلی تاكڕهههندى وێنا بكه‌یت– ئه‌گه‌ر وابكه‌یت درزێكى گه‌وره ده‌كه‌وێته كاته‌وه، هه‌ندێجار به‌ڕاده‌ى یه‌ك ده‌یه- به‌ڵام ئه‌و به‌مشێوه‌یه نانووسێت. هه‌ندێجار ژنێك نایه‌وێت ژیانى بگۆڕێت‌و ئێمه‌ش دڵنیانین هۆكاره‌كه‌ى چییه. مونرۆ ده‌ڵێت كاتێك چیرۆك ده‌خوێنێته‌وه بێگومان له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێناكات‌و تا كۆتاییش نایخوێنێته‌وه، به‌ڵكو ره‌نگه چیرۆكه‌كه لهههرشوێنێكهوه ده‌ست پێبكات‌و دواتر بۆ دواوه‌و پێشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه. دیاره ئه‌و بۆ ئه‌مجۆره خوێنه‌رانه ده‌نووسێت.
مونرۆ به‌شێوه‌یه‌كى زۆر چه‌قی چیرۆكه‌كانى له‌سه‌ر ریسكی ورووژێنه‌ری سۆزدارى بونیاد ده‌نێت، شتێك كه ره‌نگه خوێنه‌ر له‌سه‌ره‌تادا ئه‌وه نه‌زانێت، به‌ڵام چیرۆكه‌كانى لهساتێكهوه ده‌ست پێده‌كه‌ن كه كه‌سایه‌تیى چیرۆكه‌كه بوارى ئه‌وه‌ى په‌یدا كردووه ژیانى خۆى بگۆڕێت، ئه‌مانه ته‌نیا چیرۆكی دڵ‌و مێشك نین، هه‌ندێجار له‌كۆتایی چیرۆكێكدا ئه‌م هه‌سته‌مان هه‌یه كه خودى مونرۆش له‌وه‌ى كه به‌سه‌ر كاراكتهرهكهى هاتووه، غافڵگیر بووه.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
• ئێدیتۆرى ئالیس مونرۆ بووه له گۆڤارى نیویۆركه‌ردا- ساڵی 1976 تاوه‌كوو ناوه‌ڕاستى ده‌یه‌ى 1980.
ـــــــــــ
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه: مجلهی تجربه. ص: 34. مهر 92.