person-feeling-grief.jpg

غەمژمێر. . . !

ئیدریس عەلی

 

ئەم بابەتە لە پێشبڕکێی شیعریی بیستەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بەشدار بووە.

سەرێکی ئێشاوم

لەم ڕیشە درێژەی خۆم بدەم،

بە درووشمێکی گاڵتینەوە

کە جاران لەسەر دەرگەی

 توالێتی مزگەوتەکان دەماننووسی

لە پسکەپسکی مناڵانی لاکۆڵانەوە

تێهەڵچمەوە نێو

مەفرەزە سەرەتاییەکانی گوڵچنین،

حزبێکی دەستوپێ سپی

لە کارتۆن و مقەبا و

متومورووی ڕژاوی

نێو ماڵەباجینەکان درووست بکەم

پڕ بە پێستی چرچ بووینیشتمان بێ

یەکاویەک بێت بۆ هەژاری و

لە کۆڕەودا کەس بە تۆزی پێی ڕانەگات،

بەکەڵکی ئەوە بێت

 لە پێشانگە نێودەڵەتییەکانی کاری دەستییدا

وەک بەرهەمی خۆماڵی

پیشانی چەپ و لیبراڵ و

سۆشیال دیموکراتەکان بدرێت،

بە چرپە و نهێنی

گڵۆپی سفری شۆڕش

لە ژووری نووستنی

نهۆمی ژێرزەمینیی

 هۆتێلێکی چوارئەستێرەییدا هەڵکەم،

کوردبوونم بە فیشەکەشێتە و

یاریی ئاگرین و

دەمانچەی ئاویی و

کۆڵەپشتی پڕ لە زێڕ و

پشتگیری کۆمپانیا بیانییەکانی

وەبەرهێنانی خوێن و

 خەیاڵ و بیری پڕ لە نەوت

بۆ نەوە پیرەکانی داهاتوو

دەمەزەرد بکەمەوە. . . !

 

دڵێکی ڕەنجاوم

بەم حاڵە خراپەی خۆم بسووتێ

بزانم پەتی درۆی شاعیر کورتە و

نەخەڵەتێم بە بەیتوبالۆرەی بەیتبێژان،

بپەرژێمە سەر ئەوەی گیانی خۆم

 وەک خەونیکی تازە بینراو

وەک کەوتنی قۆپچەی کراسی شەهیدێک

لەڕیزی وەرگرتنی موچەی شەهیدانەدا لە بیر بێت.

لەبیرم بێت بەیانیان

 لەگەڵ پێڕی کۆترەشینکە و

کوڕوکاڵی کاریلەی دەشتودەرا،

بەشە ئۆکسجینی پێویست بە خۆم

 هەوای تازە لە نیشتمان وەرگرم،

ئێواران دەستی پەرۆشیم

 بنێمە بەرکەمەری بێ باکی و

 هەورێکی ڕەساسی

لەو ڕەساسییە تۆخەی جاران

کە لە دوورەوە

 خەمی یەکترمان پێ دەناسییەوە

بدەم بەسەرشانما و

لەو جەنگە قوڕاوییەی

باران و خاک

کە خودا خۆی دەزانێت

چاوی چەند قومری تیا کوێر دەبێت

دەستی چەند ئینجانەی تیا لەجێ دەچێت

پەلکی چەند درەختی تیا دەقرتێت

دڵی چەند ئەڤینی تیا دەشکێت

بێدەنگ بم و

بە درێژایی ئەو شەوەی

ڕەشەبای دڵ پڕ لە گەرد. . چنگ لەسەر شان

لە چوارقوڕنەی شارەوە هێڕش دەکات

ئێ مەگەر هەر ئەختەرناس و

 دەستەوتاقمەکەی خودا بۆ خۆیان بزانن

لەو ئاینوئۆینەدا

چەند هێلانە نێڵەنێڵ

لە دڵماندا دەسووتێن

چەند بەچکەچۆلەکە وەک ڕێژنەی ترس

 نمە نمە لە چاومانەوە هەڵدەوەرێن

چەند دەرگە و پەنجەرەی بێ ئۆقرە

 لە ژوور و حەوشەی گەرووماندا

تەقوهووڕ دەدرێن بەیەکدا و

داد و فوغانیان وەک بزمار دێتەدەر

من دڵۆپێ وشە نەیەت بە هەوری زارما. . . !

 

چاوێکی گریاوم

لەم باخە ڕەنگ پاییزیەی نیشتمان بێت

کە بەپێی» غەمژمێری» ساڵ

ڕۆژی»مەرگشەممە» ی

بەرواری «ئازار لەسەر برین» ی

ساڵی قریشکە زۆرەکە

یادی لەدایکبوونیەتی،

وەک مامانێکی پیر

ساتی ترەکینی هەنار بزانم و

بەدەم ژانەوە پەیتا پەیتا

پەڕۆی تەڕ بنێمە نێوقەدی

وشەی ئازارشکێن بپژێنم بە گەڵاکانیدا

کۆڵنجی چڵوچێوی بگرم،

وەک پەرستارێکی گوورجوگۆڵ

ئاگام لە پێستی هەستیاری گوڵ بێت

بەمدەست و بەودەست باوەشێنی کەم

تای شەونم زۆر داینەگرێت

شیلە ڕەنگ بە ڕوویەوە نەبڕێت

پەپولە بە دەنگی بەرز تێی نەوروکێن،

سپێدان هەتاو زیادەرۆیی نەکات و

بەقەد بەڕەی خۆی

پێی ڕووناکیی لێ ڕاکێشێت،

مانگ شەوی لەمە ڕەشتری لە بیر بێت و

ئەوەندە دەستبڵاو نەبێت

لە خەرج کردنی تریفە،

باران ئەوەندە سەخیتەبیعەت نەبێت و

وەرزی لەمە برینگ تری لە خەیاڵدا بێ،

هەر هیچ نەبێت

لە پێچوپلوچی حەوزیکا

لە کونوکەلەبەری چۆمێکدا

بەشی زارتەڕکردنی مناڵێکی سەر شاخی شەنگال

بەشی ئاودانی» داری ئازادی» لە کوبانێ

بەشی شەڕەئاویکی شەڕڤانان

بەشی ئاوڕشێن کردنێکی بەردەرگەی

خانەقاکەی مەحوی

بەشی دەستنوێژهەڵگرتنی ئوستاد» مودەڕیس»

بۆ ڕۆژی تەنگانەی

ڕاچەنینێکی بە کۆمەڵ تر و

هەڵدیرانێکی بە کۆمەڵ تر و

دردۆنگییەکی بە کۆمەڵ تر و

خزانێکی بە کۆمەڵ تر و

بە کۆمەڵ سەرهەڵگرتنێکی دیکە و

بە کۆمەڵ بزربوونێکی دیکە و

بە کۆمەڵ هەرەسێکی دیکە و

بە کۆمەڵ خزانێکی دیکە

پاشەکەوت کات،

تا هیچ نەبێ

باخەکانی موحتاج نەبن

دەست لە هەوری چرووک

لە جۆگەی دەستکرد

لە ئاوی بێگانە

پان کەنەوە. . . !


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە