لە فێستیڤاڵی ئەمساڵدا كولتوری كوردی-روسی، تەوەرێكی سەرەكی دەبێت
بڕیارە رۆژی 21/11/2017 و بۆماوەی (5) رۆژ، لە هۆڵی تەوار، لە هەردو كاتەكانی بەیانیان و پاش نیوەڕوان، فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كە ئەمساڵ كراوەتە نێودەوڵەتیی بەڕێوەبچێت.
بەپێی ئەوەی كە ئەمساڵ گەلاوێژ كراوەتە نێودەوڵەتیی، چەندین بابەتی نوێ و بڕگەی نوێ و كاری نوێتری بۆ كراوە و لە روی بەڕێوەچونیشەوە جیاوازتر دەبێت لە ساڵان.
سەبارەت بە بابەتەكان و بەشداربوان و میوانان، دواتر جیاوازی ئەمساڵ و ساڵانی رابردو لەگەڵ ئەو بڕگە نوێیانەی كە ئەمساڵ لە فێستیڤاڵ دا دەخرێنەڕو، (تەلعەت تاهیر) جێگری سەرۆكی بنكەی روناكبیری گەلاوێژ بە (چاودێر)ی راگەیاند: لە ئێستادا وادەی كۆتایی هاتنی وەرگرتنی بابەتەكان تەواو نەبوە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی بەرچاو لە شیعر و چیرۆك و لێكۆڵینەوە گەیشتونەتە دەست لێژنەی وەرگرتنی بابەتەكان، ئەوە دەریدەخات كە لەمساڵدا بەشداریكردن باش دەبێت.
دەربارەی هاتنی میوانانیش وتی: سەرباری میوانەكانی هەرێمی كوردستان، میوانێكی زۆریش لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بانگێشت كراون و ئامادەییان دەبێ، لەم ساڵدا دیالۆگی كولتوری كوردی – روسی هەیە و لە وڵاتانی روسیاش میوانمان دەبێ، كە بریتین لە ئەدیب و هونەرمەند و لێكۆڵەر، لە بوارەكانی رۆژهەڵاتناسی و كاریگەری ئەدەبیاتی روسی بەسەر ئەدەبیاتی رۆژهەڵات بەگشتی و كوردی بەتایبەتی.
وەك ئەوەی كە ئەمساڵ چ جیاوازیەك لە فێستیڤاڵ بەدی دەكرێ لە چاو ساڵانی رابردودا ئاماژەی بەوەدا كە: جیاوازیەكەی ئەمساڵ لەوەدایە كە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە فەڕمی دەكرێتە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتیی، لەگەڵ ئەوەشدا وێڕای كۆڵەكە سەرەكییەكانی فێستیڤاڵ، هەوڵدەدرێت فێستیڤاڵی گرنگی بە بواری هونەری شانۆ و میوزیك بدرێت، لە هەمان كاتدا بە پێی توانا كتێب چاپ دەكرێ و ئەوەی جێگیریشە چاپكردنی ساڵنامەی گەلاوێژە كە سەرجەم بابەتە بەشداربوەكانی فێستیڤاڵ لەخۆدەگرێ، سەرباری ئەمانەش پێشانگەی كتێب، پێشانگەی فۆتۆگرافی و شێوەكاری دەكرێتەوە و چەندین خەڵاتی تایبەت دەبەخشرێنە ئەو نوسەرانەی كە جێ پەنجەیان لە ناوەندی ئەدەبی كوردیدا دیارە.