"ته‌نها ئه‌نجامه‌کانی نووسین بۆ من گرنگ نین، بگره خودی کرداره‌که‌یش گرنگه؛ کرداری دانانی وشه‌کان له‌سه‌ر ڕووپه‌ل!".
پاش ئه‌وه‌ی له ساڵی 1985، ڕۆمانی (شاری شووشه)، له‌لایه‌ن حه‌ڤده خانه‌ی چاپه‌وه ڕه‌تکرایه‌وه، دواجار خانه‌ی (ساند ئاند مۆن) چاپ و بڵاویکرده‌وه. ڕۆمانی شاری شووشه، یه‌که‌م ڕۆمانی زنجیره‌ڕۆمانی (سێیینه‌ی نیۆرک)ـه. دوای ساڵێکیش، کاتێک پۆڵ ئاوسته‌ر ته‌مه‌نی هه‌ڵکشا و بوو به هه‌شتا و سێ ساڵان، دوو به‌شه‌که‌ی دیکه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ی بڵاوکرانه‌وه، به‌ناوه‌کانی (خێوه‌کان) و (به‌رده کڵۆمدراوه‌که). هه‌رچه‌نده به‌رده‌وام خه‌ریکی نووسین و وه‌رگێڕان بوو و، په‌خشانه‌شیعرێکی هه‌بوو به‌ناوی (بۆشایییه سپییه‌کان)، که ساڵی 1980 بڵاویکرده‌وه، به‌ڵام ئه‌و سێ ڕۆمانه به سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ژیانی ئه‌ده‌بیی وی داده‌نرێن.
ئاوسته‌ر له ساڵی 1980، یه‌که‌م کتێبی هزریی خۆی بڵاوکرده‌وه؛ (داهێنانی دووره‌په‌رێزیی)، که یاداشت و ڕامانی ئه‌وه له باوکایه‌تیی. ئه‌میش پاش ماوه‌یه‌کی که‌م له مردنی باوکی، ئه‌و کتێبه‌ی نووسی.
ڕۆژنامه‌نووس: با سه‌ره‌تای گفتوگۆکه‌مان، ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی کارکردنی تۆ ده‌ستپێبکه‌ین. چۆن ده‌نووسیت؟
ئاوسته‌ر: هه‌میشه به پێنووس ده‌نووسم؛ هه‌ندێک جار به پێنووسی په‌ڕدار، جار جاریش به پێنووسی ئاسایی، بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کم کرد له نووسیندا، هه‌ر زوو چاکی بکه‌مه‌وه. بریا ده‌متوانی ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئامێری بنووس، یان کۆمپیوته‌ر بنووسم. هه‌رچه‌نده بیرکردنه‌وه‌یش په‌رت ده‌بێت، ئه‌گه‌ر په‌نجه‌کانم له‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌و ئامێرانه بن. دوای ئه‌وه‌یش، تا هه‌نووکه تهختهکلیکهکان ده‌مترسێنن! به‌ڵام پێنووس، ئامێرێکی سه‌ره‌تایییه؛ واتلێده‌کات هه‌ست بکه‌ی، وشه‌کان له جه‌سته‌ته‌وه ده‌رده‌چن، تاکوو خۆیان به‌سه‌ر ڕووی ڕووپهلهکهدا هه‌ڵبکۆڵن. نووسین بۆ من ئه‌م خه‌سڵه‌ته هه‌سته‌وه‌رییه‌ی هه‌یه، به‌ڕاستی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌یه.
ڕۆژنامه‌نووس: تۆ تێنووس به‌کارده‌هێنیت بۆ نووسین، نه‌ک په‌ڕاوه ڕووپهلزهردهکان و په‌ڕه جیاجیاکان.
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، هه‌میشه له‌سه‌ر تێنووسه‌کان ده‌نووسم، هۆگرییه‌کی زۆرم بۆ ئه‌و په‌ڕانه هه‌یه.
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌ی چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی ئامێری بنووس، له جۆری (ئۆلیمپیا)؟ ئێمه هه‌ندێک شت ده‌زانین ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی تۆ به‌و ئامێره‌وه. ئاخر ساڵی پار، کتێبێکی نایابت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (سام میسر) بڵاوکرده‌وه، به‌ناوی (چیڕۆکی ئامێری بنووسهکهم).
ئاوسته‌ر: ئه‌و ئامێری بنووسه‌ی باسی ده‌که‌یت، له ساڵی 1974ـه‌وه هه‌ڵمگرتووه، واته زیاتر له نیوه‌ی ته‌مه‌نم. ئه‌و وه‌خته له هاوڕێیه‌کی زانکۆمم کڕی، که ده‌ستی دوو بوو. هه‌نووکه له ته‌مه‌نی چل ساڵییدایه. پارچه‌یه‌کی دێرینه له سه‌رده‌مێکی دووره‌وه هاتووه، به‌ڵام هێشتاکه باشه و کار ده‌کات، قه‌ت خراپیش نه‌بووه. ئه‌وه‌ی پێویسته بیکه‌م، ته‌نیا ماوه‌ی جارێک گۆڕینی تیلمهکهیهتی. له‌وه ده‌ترسم ڕۆژێک بێت و، تیلم نه‌مێنێت بۆ فرۆشتن! ئیدی ئه‌و کاته ده‌بێ باز بده‌مه نێو جیهانی ته‌کنه‌لۆژیا و، به‌شدارییکردن له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک!
ڕۆژنامه‌نووس: زۆر جوانه! ئه‌مه چیرۆکێکی ئاوستهرییه به‌پله‌ی یه‌ک؛ ده‌رباره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی له ماڵێ ده‌رده‌چیت، تاکوو کۆتا تیلمی سه‌ر زه‌ویی بۆ ئامێری بنووسهکهت بکڕیت!
ئاوسته‌ر: خۆم بۆ ئه‌و ڕۆژه ئاماده‌کردووه. کۆگایه‌کی باشم له تیلم پڕکردووه. نزیک شه‌ست بۆ حه‌فتا دانه له ژووره‌که‌مدا هه‌ن. بۆیه وا دیاره تا کۆتایی ئه‌م ئامێره لام هه‌ڵده‌کات. به‌ڵام هه‌ندێ کاتیش هه‌ستێکی ناخۆشم هه‌یه، گه‌ره‌کمه فڕه‌ی بده‌م. ئاخر قورس و ناقۆڵایه، به‌ڵام نایشارمه‌وه له ته‌مبه‌ڵبوون ڕزگارم ده‌کات.
ڕۆژنامه‌نووس: چۆن؟
ئاوسته‌ر: ئامێری بنووس ناچارم ده‌کات، دووباره ده‌ست به نووسینبکهمهوه، پاش ئه‌وه‌ی له هه‌ر نووسینێک ته‌واوبووم. به‌ڵام کۆمپیوته‌ر، ده‌توانیت گورجێ گۆڕانکاریی بکه‌یت و هه‌ڵه‌کان چاک بکه‌یته‌وه، پاشان له‌به‌رگیراوه‌یه‌کی چاککراو چاپ ده‌که‌یت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئامێری بنووس به‌کاربهێنیت، نا‌توانیت له‌به‌رگیراوه‌یه‌کی چاککراوت چنگ بکه‌وێت، مه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌ستپێبکه‌یته‌وه. ئه‌مه‌یش کارێکی وه‌ڕسکه‌ره. وه‌خته له نووسینی کتێبهکهتتهواودهبیت، ده‌بێت حهفتهگهلێکی زۆر خه‌ریکی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی نووسراوه‌که‌ت بیت. ئه‌مه‌یش تووشی ئازاری مل و پشتئێشهت ده‌کات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بتوانیت ڕۆژانه بیست بۆ سی په‌ڕه بنووسیت، ئه‌وا سه‌رجه‌می په‌ڕه‌کان له‌کۆتاییدا به‌کاوه‌خۆ زیاد ده‌که‌ن. ئه‌مه‌یش ئه‌و کاتانه‌یه، ویستی چوون به‌ره‌و کۆمپیوته‌ر و وازهێنان له‌م ئامێره‌م لا درووستده‌کات. به‌ڵام هه‌رکاتێ خۆم هان ده‌ده‌م، تاکوو کتێبێک ته‌واو بکه‌م، هه‌نگێ له گرنگیی ئامێری بنووس تێده‌گه‌م. ئاخر له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی کتێب و به‌کارهێنانی ئه‌و ئامێره، ئه‌زموونێکی دیکه‌ی نووسینم پێده‌به‌خشێت. وام لێده‌کات، ڕۆبچمه نێو چیڕۆکه‌که و، هه‌لی ئه‌وه‌م ده‌داتێ به‌باشی لێی ڕابمێنم و ببینم چۆن تێپه‌ڕده‌بێت. ئه‌م ئه‌زموونه ناوده‌نێم (خوێندنه‌وه له‌ڕێگه‌ی په‌نجه‌کانم). تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بیت له‌و هه‌ڵانه‌ی په‌نجه‌کانت ده‌یکه‌ن و چاوه‌کانت نایبینن؛ وشه دووباره‌بووه‌کان، ڕێکخستنه ناقۆڵاکان، که‌وتنه شێتانه‌کان. ئه‌م کرداره لێتناگهڕێ. هه‌میشه واده‌زانم کتێبێکم ته‌واوکردووه، لێ کاتێ ده‌ستده‌که‌م به نووسینه‌وه‌ی، ده‌زانم هێشتا کاری زۆرتر ماوه بیکه‌م.
ڕۆژنامه‌نووس: با تۆزێک بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر بابه‌تی تێنووسه‌کان. کاره‌کته‌ری (کوین)، له ڕۆمانی (شاری شووشه)، تێبینییه‌کانی خۆی له تێنووسێکی سوور ده‌نووسێته‌وه. (ئانا بڵووم)، بگێڕه‌وه‌ی ڕۆمانی (له وڵاتی دوا شته‌کان)، نامه‌کانی خۆی له تێنووسێکی شین ده‌نووسێت. له ڕۆمانی (جه‌نابی به‌ملاولا که‌وتوو)، کاره‌کته‌ر (واڵت)، ژیاننامه‌ی خۆی له سیازده تێنووسی قوتابخانه‌یی ده‌نووسێته‌وه. به‌ڵام (ویلی ج. کریسماس)، پاڵه‌وانه شێته‌که‌ی نێو ڕۆمانی (تیمباکتۆ)، سه‌رجه‌م کاره‌کانی، که له ژیانیدا نووسیبووی، برده شاری (بالتیمۆر)، تاکوو بیدات به مامۆستای دواناوه‌ندییه‌که‌ی پێش ئه‌وه‌ی بمرێت، ئه‌وانیش بریتیبوون له؛ حه‌فتا و چوار تێنووس له قه‌سیده، قه‌سیده کورته‌کان، چیرۆک، وتار، بیره‌وه‌ری و ڕامانه‌کانی ژیانی، له‌پاڵ ئه‌و ههشتسهت دێڕه ته‌واونه‌کراوه‌ی داستانه‌که‌ی، به‌ناوی (سه‌رده‌می ده‌ربه‌ده‌ری). دیسانه‌وه تێنووس له هه‌ردوو ڕۆمانه هاوچهرخهکهت ده‌رده‌که‌ون؛ (کتێبی داڵغه‌کان) و (شه‌وی سرووش). ئه‌مانه و کۆمهڵهچیرۆکهکهیشت به ناوی (تێنووسی سوور). ده‌توانین چیی له‌م هه‌مووه تێبگه‌ین؟
ئاوسته‌ر: ئه‌مانه هه‌مووی له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، من وای ده‌بینم تێنووس، ژێرزه‌مینی وشه، شوێنێکی نهێنیی هزر و، ڕۆچوونی خوده. ته‌نها ئه‌نجامه‌کانی نووسین بۆ من گرنگ نین، بگره خودی کرداره‌که‌یش گرنگه؛ کرداری دانانی وشه‌کان له‌سه‌ر ڕووپه‌ل. هۆکاره‌که‌یم لێ مه‌پرسه. ڕه‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ تێکچوونێک، که له سه‌رده‌مێکی زووی ژیانمدا تووشی بووم، ئه‌ویش؛ نه‌زانینی من بوو هه‌مبه‌ر ڕاستیی چیڕۆک. هه‌میشه له منداڵیمدا، پرسیاری ئه‌وه‌م ده‌کرد، ئه‌م وشانه له‌کوێوه دێن؟ کێ هه‌موو ئه‌مانه ده‌ڵێت؟ به‌کارهێنانی ده‌نگی سێیه‌م، وه‌ک له ڕۆمانی کلاسیک‌دا هه‌یه، شتێکی نامۆیه، وا خه‌ریکه هه‌نووکه له‌گه‌ڵی ڕادێین. ئێمه پێی قایلین، پرسیاریشی ناکه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیرت لێی کرده‌وه، ده‌بینی له‌و ده‌نگه‌دا نامۆبوونێکی ڕۆحیی هه‌یه، وه‌کئه‌وه‌ی له هیچه‌وه بێت. ئه‌وه‌م به ترسناک ده‌زانی. هه‌میشه ئه‌و کتێبانه‌ی په‌لکێشی جیهانی خۆیانت ده‌که‌ن، سه‌رنجم ڕاده‌کێشن. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی کتێبه‌که، هه‌ر ئه‌وه بێت که په‌لکێشی جیهانی خۆیت بکات، ئه‌وا ده‌قه‌که خۆی ده‌بێته پاڵه‌وان! (بانه‌کانی وێزه‌رینگ)، ڕۆمانێکی نموونه‌یییه بۆ ئه‌و جۆره. هه‌روه‌ها ڕۆمانی (نامه سووره‌که)ـیش. ئه‌م ڕۆمانانه ده‌که‌ونه چوارچێوه‌یه‌کی جیاوازه‌وه، ڕاستێتییهکیان تێدایه، له ڕۆمانه‌کانی دیکه‌دا نه‌مبینیوه. ئه‌وان کاره‌کانیان له چوارچێوه‌یه‌کی خه‌یاڵیی نمایش ده‌که‌ن. چوارچێوه‌یه‌ک، له گێڕانه‌وه کلاسیکییهکهیدوور بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش بیه‌وێت ئه‌م خه‌یاڵه ڕاست پیشان بدات، ئه‌وا به شێوه‌یه‌کی ناته‌واو ڕاستیی داکه‌وت ده‌خاته ڕوو. وشه‌کان له‌لایه‌ن خواوه‌ندێکی شاراوه‌وه نه‌نووسراون. به‌ڵکوو ئه‌م وشانه، له ئه‌نجامی هه‌وڵدان و تێکۆشانی که‌سێکه‌وه نووسراون، که له گۆشت و خوێنه، ئه‌میش به‌ڕاستی شتێکی سه‌رسوڕهێنه‌ره. ئاخر خوێنه‌ر ده‌بێته به‌شێک له گێڕانه‌وه‌که، نه‌ک ته‌نها سه‌یرکه‌رێک.
ڕۆژنامه‌نووس: که‌ی بۆت ده‌رکه‌وت ده‌ته‌وێت ببیته نووسه‌ر؟
ئاوسته‌ر: ساڵێک دوای ئه‌وه‌ی زانیم نابمه یاریزانێکی نایابی به‌یسبۆڵ! یاریی به‌یسبۆڵ گرنگترین شتی ژیانم بوو، تا بووم به شانزه ساڵان.
ڕۆژنامه‌نووس: له یاریی به‌یسبۆڵه‌وه بۆ نووسین، ئه‌مه گۆڕینێکی نائاساییه. ئاخر نووسین دووره‌په‌رێزییه‌کی ته‌واوی ده‌وێت.
ئاوسته‌ر: ته‌نها له به‌هار و هاویندا یاریی به‌یسبۆڵم ده‌کرد، به‌ڵام ساڵه‌که هه‌مووی کتێبم ده‌خوێنده‌وه. به‌یسبۆڵ سه‌رکێشییه‌کی بچووک بوو، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونمدا، ئه‌ویش گه‌وره بوو. هیچ نووسه‌رێک پێنازانم، مه‌گه‌ر له گه‌نجێتیدا خوێنه‌رێکی سه‌رسه‌خت نه‌بووبێت. خوێنه‌ری ڕاسته‌قینه، درک به‌وه ده‌کات، کتێب جیهانێکی تایبه‌ته و، فراوانتر و بهچێژتریشه له هه‌ر جیهانێک که سه‌ردانمان کردبێت. واده‌زانم هه‌ر ئه‌مه‌یه، واده‌کات کوڕ و کچه هه‌رزه‌کاره‌کان ببنه نووسه‌ر. ئه‌مه ئه‌و خۆشنوودییهیه له‌ناو کتێبه‌کاندا ده‌ستت ده‌که‌وێت. ڕه‌نگه ته‌مه‌نێکی هێنده زۆر نه‌ژیابیت، تاکوو کتێبێکی له‌سه‌ر بنووسیت، به‌ڵام بزانه، ئه‌و ساته‌وه‌خته نزیکه. پاشان بۆت ده‌رده‌که‌وێت، نووسین ئه‌و شته‌یه که بۆی له‌دایک بوویت.
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌وانه چی ده‌ڵێیت، که له سه‌ره‌تاوه پێیان کاریگه‌ر بوویت؟ له دواناوه‌ندییدا کێت ده‌خوێنده‌وه؟
ئاوسته‌ر: زۆر جار نووسه‌ره ئه‌مه‌ریکییه ئاسایییهکانم ده‌خوێنده‌وه؛ فێتزجیڕاڵد، هه‌مینگوای، فۆکنه‌ر، دۆس باسۆس و سالینجه‌ر. به‌ڵام کاتێک زانکۆم ته‌واو کرد، هێدی هێدی نووسه‌رانی ئه‌ورووپام ده‌خوێنده‌وه، به‌تایبه‌ت ڕووس و فه‌ڕه‌نسییه‌کان؛ تۆڵستۆی، دۆستۆیڤسکی، تۆرگنێڤ، ئه‌لبێر کامۆ و ئاندرێ ژید. پاشان جێمز جۆیز و تۆماس مان. به‌تایبه‌ت جۆیز، ئه‌و له ترۆپکی هه‌مووانه‌وه بوو له‌لام، کاتێک هه‌ژده ساڵان بووم.
ڕۆژنامه‌نووس: جۆیز زۆرترین کاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌رت؟
ئاوسته‌ر: بۆ ماوه‌یه‌کی کورت، به‌ڵێ. زیاد له جارێک هه‌وڵمدا، لاسایی هه‌موو ئه‌و ڕۆماننووسانه بکه‌مه‌وه، که ده‌مخوێندنه‌وه. کاتێک ههرزهکارێکیت، هه‌موو شتێک کاریگه‌رییت تێده‌کات و، هه‌ر مانگ جارێک بیروڕای خۆی ده‌گۆڕیت! ئه‌مه وه‌کوو تاقیکردنه‌وه‌ی کڵاو وه‌هایه. تۆ هێشتا خاوه‌نی شێوه‌نووسینێکی تایبه‌تی خۆت نیت، بۆیه بێ ئه‌وه‌ی ئاگات لێبێت، لاسایی هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه ده‌که‌یته‌وه که پێیان سه‌رسامیت.
ڕۆژنامه‌نووس: به‌درێژایی ئه‌م ساڵانه، باسی هه‌ندێک نووسه‌رت کردووه، که کاریگه‌رییان به‌سه‌ر نووسینه‌کانته‌وه هه‌بووه؛ میگێل سێرڤانتس، چارلز دیکنز، کافکا، ساموێل بێکێت و مایکل مۆنتاین.
ئاوسته‌ر: ئه‌وان هه‌موویان له ناخی مندان. زۆر نووسه‌ر هه‌ن له ناخمدا، به‌ڵام کتێبه‌کانیشم له هیی که‌س ناچێت. ئاخر من کتێبی ئه‌وان نانووسمه‌وه، به‌ڵکوو هیی تایبه‌تی خۆم.
ڕۆژنامه‌نووس: وا دیاره زیاتر مه‌یلیشت به‌لای نووسه‌رانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌ی ئه‌مه‌ریکییه‌وه هه‌یه. ئاخر ناوه‌کانیان به‌ئاشکرا له ڕۆمانه‌کانتدا هه‌ن. بۆ نموونه؛ ئێدگار ئالان پۆ، ملیڤێل، واڵت ویتمان، ده‌یڤد سۆرۆ و ناتانیان هاوثرۆن، به‌تایبه‌تیش هاوثرۆن. (فانشاو)، یه‌کێکه له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانی (به‌رده کڵۆمدراوه‌که)، که له هاوثرۆنهوه ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ت وه‌رگرتووه. ڕۆمانی (له وڵاتی دوا شته‌کان)، به دێڕێکی هاوثرۆن ده‌ستپێده‌که‌یت. هه‌روه‌ها چیڕۆکی (وایکفیڵد)، که هیی هاوثرۆنه، بووه‌ته به‌شێکی گه‌وره‌ی ڕۆمانی (خێوه‌کان)ـی تۆ. چیڕۆکی (خاڵ)ـیش، که هه‌ر هیی هاوثرۆنه، بووه‌ته بابه‌تی گفتوگۆی نێوان (زیمیر) و (ئاڵما)، له کاره به‌ناوبانگه‌که‌ت (کتێبی داڵغه‌کان). ئه‌وه‌یشمان بیر نه‌چێت، مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوو، وتارێکی دوورودرێژت له‌سه‌ر هاوثرۆن نووسی. ده‌توانیت ڕاڤه‌ی ئه‌م پهیسوهتبوونه قووڵه‌مان بۆ بکه‌یت به هاوثرۆنهوه؟
ئاوسته‌ر: له‌نێو هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌دا، ئه‌و نزیکترینه لێمه‌وه و، قووڵترین قوڵایی دڵمی داگیرکردووه. به‌شێک له خه‌یاڵه‌کانی ئه‌و، له مێشکی مندا ده‌زرنگێنه‌وه. هه‌میشه بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێمه‌وه، به‌رده‌وامیش شتی لێوه فێرده‌بم. ئه‌و نووسه‌رێکه له هزره‌کان ناترسێت، هه‌روه‌ها زانایه‌کی گه‌وره‌ی ده‌روونناسییه و، خوێنه‌رێکی قووڵی مرۆڤایه‌تییه. بێگومان کتێبه‌کانی شۆڕشگێڕانه بوون، که له‌وه‌وپێش نموونه‌ی نه‌بووه له ئه‌مه‌ریکادا. ده‌زانم هه‌مینگوای وتوویه‌تی، ئه‌ده‌بی ئه‌مه‌ریکیی به‌ته‌واویی (سه‌رکێشییه‌کانی هاکڵبێری فێن)*ـی تێپه‌ڕاندووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵیدا هاوڕا نیم. هه‌موو شتێک له (نامه سووره‌که)ـوه ده‌ستی پێکردووه. هێشتا به‌ده‌ر له ڕۆمان و چیڕۆکه‌کانی، شتی دیکه له هه‌گبه‌ی هاوثرۆندایه. من شه‌یدای یادهوهرییهکانیم، چونکه زرنگترین و بڵندترین کتێبه‌کانین. زۆر حه‌زمکرد یاده‌وه‌ریی (بیست ڕۆژ)، له کتێبێکی سه‌ربه‌خۆدا بڵاوبکه‌مه‌وه. ئاخر بۆ چه‌ند ساڵێکی زۆر، له‌گه‌ڵ کتێبی (یاده‌وه‌رییه ئه‌مه‌ریکییه‌کان) بڵاوده‌کرایه‌وه، که کتێبێکی گران بوو و، که‌م که‌س ده‌یتوانی بیکڕێت. یاده‌وه‌رییه‌کانی ده‌رباره‌ی گرنگیدان به کوڕه پێنج ساڵانه‌که‌ی، کارێکی ته‌واو ناوازه‌یه. کارێک تووشی سه‌رسوڕمانت ده‌کات و، شادمانی دێنێته دڵته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه مردووئاساکهی خۆی. ئه‌میش وێنه‌یه‌کی ته‌واو جیاوازی هاوثرۆنمان ده‌داتێ. ئاخر به‌و شێوه‌یه نه‌بوو که خه‌ڵک لێی ده‌ڕوانی؛ گوایه که‌سێکی خامۆش و ڕه‌شبین بوو. بگره باوک و مێردێکی دڵسۆز بوو. پیاوێک، ته‌نها سیگارێک و، جامێک یان دوو جام ویسکیی به‌س بوو. هه‌روه‌ها خۆشنوود، به‌خشنده و دڵپاک بوو. سه‌ره‌ڕای شه‌رمه زۆره‌که‌ی، پیاوێک بوو حه‌زی به ڕێگه خاوه‌کانی ژیان بوو.
ڕۆژنامه‌نووس: له زۆر ژانردا کارت کردووه؛ شیعر، چیڕۆک، ده‌قی سینه‌مایی، یاداشت، ڕه‌خنه و وه‌رگێڕان. هه‌ست ده‌که‌ی ئه‌مانه کۆمه‌ڵه شتێکی جیاوازن، یان په‌یوه‌ندییان به‌یه‌کتره‌وه هه‌یه؟
ئاوسته‌ر: له هه‌ر شتێکی تر زیاتر، ئه‌وانه په‌یوه‌ندییان پێکه‌وه هه‌یه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، جیاوازیی گرنگیش هه‌یه له نێوانیان، به‌رده‌وام له گهشهسهندنیشدان. ساڵانێکی زۆره، نه وه‌رگێڕان و نه کتێبی ڕه‌خنه‌ییم بڵاونه‌کردووه‌ته‌وه. کاتێک لاو بووم، هه‌تا گهییشیمه بیست ساڵانیش، هه‌ر خه‌ریکی ئه‌و دووانه بووم. هه‌ردوو کاره‌که‌یش، هه‌لی ئه‌وه‌ی ده‌دامێ نووسه‌ری نوێ بناسم و، فێری بوون به نووسه‌ر ببم. ده‌توانیت ناویان لێ بنێیت؛ قوتابخانه ئه‌ده‌بییه‌که‌م. له‌و سه‌رده‌مه‌وه گه‌لێک هه‌وڵی ڕه‌خنه‌یی و وه‌رگێڕانم داوه، به‌ڵام وا دیاره هێشتا ڕووی ئه‌وه‌یان نییه بڵاویان بکه‌مه‌وه. ساڵی 1979ـیش، کۆتا قه‌سیده‌م نووسیوه!
ڕۆژنامه‌نووس: چیی ڕوویدا؟ بۆ ده‌مێکه خه‌ریکی ئه‌م نووسینانه نابیت؟
ئاوسته‌ر: چونکه من گه‌ییشتمه دیوارێکی به‌ربه‌ست. ئاخر بۆ ماوه‌ی ده ساڵ، هه‌موو هێز و توانای خۆم بۆ نووسینی شیعر به‌کاربرد، پاشان بۆم ده‌رکه‌وت چیتر ناتوانم شیعر بنووسم. ئه‌و ماوه‌یه بۆ من سه‌رده‌مێکی ڕه‌ش بوو، وامده‌زانی وه‌کوو نووسه‌رێک، مردووم و نه‌ماوم.
ڕۆژنامه‌نووس: وه‌کوو شاعیرێک مردیت، به‌ڵام وه‌کوو ڕۆماننووسێک له‌دایک بوویته‌وه. به‌ڕای تۆ چۆن ئه‌م گۆڕانه ڕوویدا؟
ئاوسته‌ر: واده‌زانم هه‌ر له‌و کاته‌دا ڕوویدا، که تووشی بێباکیی بووم، پاش ئه‌وه‌ی گرنگییدانم به نووسینی ده‌قی ئه‌ده‌بی، نه‌ما. ئه‌مه شتێکی نامۆیه. به‌ڵام له‌و ده‌مه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی بۆ ساڵێکی ته‌واو، له‌نێو قوڵاییی بێئومێدییدا نغرۆ بووم، دووباره ده‌ستمکرده‌وه به نووسین. نووسین ئیتر بوو به ئه‌زموونێکی جیاواز. ئاخر هه‌نووکه، هه‌ر وشه‌یه‌ک له ده‌ممه‌وه ده‌رده‌چێت، به‌شێوه‌ی په‌خشانه و هه‌وڵده‌دات زیاتر ئه‌ده‌بیی بێت. ئه‌وه‌ی گرنگه، وتنی قسه‌ی پێویسته، بێگرنگیدان به خوو و ڕه‌وشته‌کانی کۆمه‌ڵگه و، ئه‌و وێنایه‌ی بۆ خۆتی درووستده‌که‌یت. ئه‌مه له کۆتاییی حه‌فتاکاندا بوو، له‌و کاته‌یشه‌وه هه‌ر به‌م شێوه‌یه ده‌نووسم.
ڕۆژنامه‌نووس: کتێبی (داهێنانی دووره‌په‌رێزیی)، به یه‌که‌م په‌خشان و کتێبی هزریی تۆ داده‌نرێت، که له‌نێوان ساڵانی 1979 و 1981 نووسیوته. دوای ئه‌وه سێ ڕۆمانت بڵاوکرده‌وه، که به (سێییهنهی نیۆرک) ناسراون؛ (شاری شووشه، خێوه‌کان، به‌رده کڵۆمدراوه‌که). ده‌توانیت ڕووی جیاوازیی نێوان نووسینی چیڕۆکی خه‌یاڵیی، له‌گه‌ڵ په‌خشانی بێبه‌ریی له خه‌یاڵ، دیاریی بکه‌یت؟
ئاوسته‌ر: دواجار له هه‌ردوو ژانره‌که‌دا، یه‌ک هه‌وڵ و کۆششم داوه. هه‌روه‌ها پێویستیی نووسینی ڕسته‌یه‌کی یاخییانه، له هه‌ردوو کاره‌که‌دا هه‌ن. به‌ڵام کاری خه‌یاڵیی، ئازادیی و جووڵه‌یه‌کی زیاترت پێده‌دات، له کاری هزریی په‌خشانئامێز. هه‌رچه‌نده له هه‌ندێک کاتدا، ئه‌م ئازادییه شتێکی ترسناکه. پاشان چی؟ چۆن ڕسته‌ی داهاتوو بزانم، که به‌ره‌و که‌وتنه نێو چاڵ ئاراسته‌م ده‌کات؟ به‌ڵام به‌نسبه‌ت ژیاننامه و یادهورهییهوه، ئه‌وا تۆ له پێشدا چیڕۆکه‌که ده‌زانیت، ئیتر کاری تۆ ئه‌وه‌یه ڕاستی بڵێیت و به‌درووستیی بیاننووسیته‌وه. ئه‌مه‌یش کارێکی ئاسان نییه. له پێشه‌کیی به‌شی یه‌که‌می (داهێنانی دووره‌په‌رێزیی)ـی‌دا،به ڕسته‌یه‌کی (هیرۆکلیتس) ده‌ستمپێکردووه؛ "له گه‌ڕان به‌دووی ڕاستییدا، ئاماده‌ی ههژهندهکان به. ئاخر ئه‌سته‌مه ڕاستیی بدۆزیته‌وه، ئه‌گه‌ریش دۆزیته‌وه، لێی تێناگه‌یت!". دواجار نووسین، نووسینه. ڕه‌نگه (داهێنانی دووره‌په‌رێزیی)، ڕۆمان نه‌بێت، به‌ڵام واده‌زانم زۆر بابه‌ت و پرسیاری تێدایه، که له ڕۆمانه‌کانمدا دهیورووژێنم. ئه‌و کتێبه‌م، به‌شێوه‌یه‌ک یان شێوه‌یه‌کی تر، کرۆکی هه‌موو کاره‌کانمه.
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌ی چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی ده‌قه سینهمایییهکانت؟ له ده‌رهێنانی سێ فیلم‌دا به‌شدارییت کردووه؛ (دووکه‌ڵ – ڕه‌نگی شینی سه‌ر ڕوومه‌ت – لۆلۆ له‌سه‌ر پرد). نووسینی سیناریۆ، چیی جیاوازه له نووسینی ڕۆمان؟
ئاوسته‌ر: له هه‌موو ڕوویه‌کدا جیاوازن، ته‌نها له یه‌ک شتی گرنگی هاوبه‌شدا نه‌بێت؛ ئه‌ویش گێڕانه‌وه‌یه. له سیناریۆ و ڕۆماندا هه‌وڵده‌ده‌یت چیڕۆکێک بگێڕیته‌وه. به‌ڵام که‌ره‌سته‌کانی گێڕانه‌وه ته‌واو جیاوازن؛ ڕۆمان بریتییه له گێڕانه‌وه‌یه‌کی ڕووت. به‌ڵام گێڕانه‌وی سیناریۆکان، له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه و دایالۆگ و گفتوگۆ بنه‌ڕه‌ته. به شێوه‌یه‌کی گشتی، ڕۆمانه‌کانم زۆر دایالۆگی تێدا نییه. بۆیه ئه‌وه‌ی پێویستمه، تاکوو خه‌ریکی ده‌رهێنانی فیلمێک بم؛ فێربوونی شێوازێکی نوێی نووسینه. پێویسته خۆم فێری تێفکرین بکه‌م، به‌شێوه‌یه‌کی وێنه‌ئاسا و، وشه بنێمه زاری که‌سانێکی زیندوو. ده‌قه سینه‌مایییه‌کان له زۆر شت‌دا، له‌گه‌ڵ ڕۆماندا جیاوازن. بۆ نموونه؛ کات. له ڕۆماندا، ده‌توانیت ڕۆژگارێکی ته‌واو، له یه‌ک ڕسته‌دا کۆبکه‌یته‌وه؛ "به‌درێژایی بیست ساڵ، هه‌موو ڕۆژێک سه‌ردانی ڕۆژنامهفرۆشهکهی که‌نار شه‌قامه‌که‌م ده‌کرد و، ڕۆژنامه‌یه‌کی (شه‌یپوور)ـم ده‌کڕی، که ڕۆژانه ده‌رده‌چوو.". گێڕانه‌وه‌ی ئه‌مه له فیلمه‌کاندا، ئه‌سته‌مه. ئاخر له فیلم‌دا، ده‌توانیت وێنای مرۆڤێک بکه‌یت، که بۆ یه‌ک ڕۆژی دیاریکراو، ده‌چێته کن ڕۆژنامهفرۆشهکه و ڕۆژنامه‌یه‌ک ده‌کڕێت، نه‌ک هه‌موو ڕۆژێک و بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ!
ڕۆژنامه‌نووس: ڕسته‌یه‌ک هه‌یه له (داهێنانی دووره‌په‌رێزیی)، زۆرم حه‌ز لێیه‌تی "قسه‌ی شاز و ناوازه، جۆرێکه له جۆره‌کانی زانین!". وای ده‌بینم ئه‌مه هزرێکی زۆر گرنگی له پشته‌وه‌یه. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه؛ زانین ته‌نها له ڕێگه‌ی لێدوان و به‌یاننامه‌وه نایه‌ت. به‌ڵکوو زانین، ده‌توانێت له شێوه‌ی چیڕۆکێکدا ده‌ربکه‌وێت. ئه‌مه‌یش ئه‌و ڕۆحه ده‌خاته‌وه بیرم، که هانی تۆی داوه بۆ نووسینی (یاده‌وه‌رییه سووره‌که).
ئاوسته‌ر: هاوڕام له‌گه‌ڵتدا. ئه‌و چیڕۆکانه، وه‌کوو وانه‌یه‌ک وان که فێری شیعرنووسینت ده‌که‌ن، بێ له فه‌لسفه و خوێندنی کۆرس. له ژیانمدا، زۆر شتی نامۆ به‌سه‌رمدا هاتووه، له‌گه‌ڵ ڕووداوگه‌لێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو. بۆیه ئێسته دڵنیا نیم، من له ڕاسته‌ک شارهزام یان نا؟! ئه‌وه‌ی ده‌توانم بیکه‌م ئه‌وه‌یه؛ باسی شێوه و بونیادی ڕاسته‌ک بکه‌م و، به‌ته‌واوی دڵسۆزییه‌وه به‌ڵگه‌کان کۆبکه‌مه‌وه، له‌ئه‌نجامی نووسینه‌وه و تۆمارکردنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌م جیهانه گه‌وره‌یه‌دا ڕووده‌ده‌ن. ڕۆمانه‌کانم له‌م ڕوانگه‌یه‌وه نووسیوه. هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه وه‌کوو تیۆریی و پڕۆگرامێک سه‌یری ناکه‌م، بگره وه‌کوو کرده‌یه‌کی ڕاستگۆیانه‌ی پیشاندانی ڕاسته‌ک وه‌ک خۆی، لێی ده‌ڕوانم. نه‌ک وه‌کوو ئه‌وه‌ی حه‌زمان لێیه‌تی، یان ده‌خوازین وابێت. به‌ڵێ، ڕۆمانه‌کان کرده‌یه‌کی خه‌یاڵیین. بێگومان ئه‌م قسه‌یش واته؛ درۆی تێدایه. به‌ڵام هه‌موو ڕۆماننووسێک، هه‌وڵده‌دات وێنای ڕاستیی بکات، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و درۆیانه‌وه! تێبینیی دیدگای تایبه‌تی من بکه بۆ جیهان، له چیڕۆکه کورته‌کانی نێو (یادهورهییه سووره‌که). ئه‌و ڕاستییه ڕووته‌م ئاشکراکردووه، که توانای پێشبینیکردنی ژیانمان نه‌ماوه. هیچ خه‌یاڵێک له‌و چیڕۆکانه‌دا نییه، ناکرێت خه‌یاڵیان تێدا بێت. ئاخر تۆ په‌یمانت به خۆت داوه؛ ڕاستیی بڵێیت. بێگومان پێت باشه په‌نجه‌ی خۆتیش بگه‌زیت، وه‌ک له‌وه‌ی په‌یمانه‌که‌ت نه‌به‌یته سه‌ر. ئه‌وه‌ی گرنگ بوو له سه‌روه‌ختی نووسینی ئه‌و چیڕۆکانه، ئه‌وه بوو؛ له مێشکی خۆمدا پلانی ئه‌وه‌م دانابوو، شێوازێکی ته‌نزئامێز به‌کاربهێنم. شێوازی ته‌نزئامێز، ڕوونتره و گرنگترین شێوازه‌کانی گێڕانه‌وه‌یه. پێویسته هه‌موو وشه‌یه‌ک، له شوێنی درووستی خۆیدا بێت.
ڕۆژنامه‌نووس: بێگومان چیرۆکی هه‌وره‌تریشقه‌که، تایبه‌تترینه له‌نێو کۆمه‌ڵه‌چیرۆکی (یاده‌وه‌رییه سووره‌که). باسی کۆمه‌ڵێک گه‌نج ده‌کات، که تۆ یه‌کێك بووی له‌نێویان،له‌ناو دارستان پیاسه‌تان ده‌کرد. ئه‌وکاته تۆ چوارده‌ساڵان بوویت. له‌ناکاو گه‌رده‌لوول و هه‌وره‌تریشقه‌یه‌کی ترسناک ڕووی دا، هه‌وره‌تریشقه‌که به‌ر کوڕێک که‌وت که له‌پاڵ تۆوه وه‌ستابوو و، مرد. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت باسی دنیابینیی تۆ بکه‌ین بۆ جیهان و نووسین، ده‌بێت ئه‌و ڕووداوه خاڵێکی گۆڕانی گرنگی ژیانت بێت.
ئاوسته‌ر: بێگومان ئه‌و ڕووداوه ژیانمی گۆڕی. ده‌مێک ئه‌و کوڕه‌م بینی ده‌ژیا، ده‌مێکی تریش لهنزیکمدا بهمردووییی که‌وتبوو. مه‌ودای نێوانمان زۆر که‌م بوو. یه‌که‌م جار بوو مردنێکی هه‌ڕه‌مه‌کیانه ببینم و، هه‌ست به ناجێگیریی شته‌کان بکه‌م. واده‌زانیت له‌سه‌ر زه‌وییه‌کی وشک وه‌ستاویت، به‌ڵام دوای ساتێکی که‌م، زه‌وییه‌که‌ی ژێر پێت هه‌ره‌س دێنێت و، تۆیش دیار نامێنێیت!
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌وه‌ی زۆر به‌چاونه‌ترسانه له یه‌که‌م ڕۆمانت (شاری شووشه) کردووته، ئه‌وه‌یه؛ خۆت وه‌کوو کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کیی به‌کارهێناوه، بگره ژن و کوڕهکهتیش. پێشتر ئه‌وه‌مان وه‌بیرهێنایه‌وه، تۆ کۆمه‌ڵێک یاداشت و بیرهوهرییت نووسیوه، ئه‌ی چیی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی ڕۆمانه‌که‌ت؟ ئایا سوود له هه‌ندێک له بیره‌وه‌رییه‌کانت ده‌بینیت بۆ نووسینی ڕۆمانه‌کانت؟
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، تا ئاستێکی دیاریکراو. به‌ڵام که‌متر له‌وه‌ی بیری لێ ده‌که‌یته‌وه. ئاخر دوای (شاری شووشه)، ڕۆمانی (خێوه‌کان)ـم نووسی. ئه‌و ڕۆمانه له (3/2/1947) ده‌ستپێده‌کات، واته ڕۆژی له‌دایکبوونم. جگه له‌مه هیچ شتێکی ترم نه‌نووسیوه په‌یوه‌ست بێت به ژیانمه‌وه. به‌ڵام له ڕۆمانی (به‌رده کڵۆمدراوه‌که)، زۆر ڕووداو هه‌ن له ژیانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمه‌وه درێژبووه‌ته‌وه نێو چیڕۆکی ڕۆمانه‌که.
ڕۆژنامه‌نووس: بگێڕه‌وه‌ی ڕۆمانی (لیڤایثن)، یه‌که‌م پیتی ناوه‌که‌تی هه‌ڵگرتووه، (پیته‌ر ئارۆن). ژنه‌که‌یشی ناوی (ئایرس)ـه، که ناوی خانمی هاوسه‌ری خۆته به پێچه‌وانه‌وه (سیری).
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، به‌ڵام پیته‌ر مێردی ژنه‌که‌ی من نییه، به‌ڵکوو مێردی پاڵه‌وانی یه‌که‌م ڕۆمانیهتی (چاوبه‌ستراو).
ڕۆژنامه‌نووس: که‌واته ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌کی ڕۆمانسیی ئه‌ده‌بییه؟
ئاوسته‌ر: ڕێک وه‌هایه.
ڕۆژنامه‌نووس: هیچ شتێکت ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (قه‌ڵای مانگ) نه‌وت، که له ڕۆمانه‌کانی دیکه‌ت زیاتر، له ژیان و بیره‌وه‌ریی خۆته‌وه نزیکتره. ئاخر کاره‌کته‌ری (فۆگ)، هه‌مان ته‌مه‌نی تۆی هه‌یه. هه‌ر له‌و ساته‌ی تۆ گه‌شتت کرد بۆ کۆڵۆمبیا، ئه‌ویش گه‌شتی کرد.
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، ده‌زانم نووسه‌ر زۆر له کاره‌کته‌ره‌کانی ده‌چێت. هه‌رچه‌نده شتێکی وا نییه له (فۆگ)ـدا، که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیانی منی له‌سه‌ر بێت، جگه له دوو شتی گرنگ نه‌بێت؛
یه‌که‌میان په‌یوه‌ندیی به باوکمه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش گوزارشته له گه‌ڕانه‌وه، له مردنه‌وه بۆ تۆڵه‌سه‌ندن، له‌به‌ر یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی شتێکی کۆن له‌بری باوکم. (تێسلا) کاره‌کته‌رێکی لاوهیهکیی ڕۆمانه‌که‌یه، منیش دوو په‌ڕه‌م تایبه‌تکردووه، به گفتوگۆیه‌کی نێوان (ئه‌دیسۆن) و (تێسلا)، له نه‌وه‌ته‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده. (ئیفنگ)، ئه‌و که‌سه‌ی چیرۆکه‌که بۆ (فۆگ) ده‌گێڕێته‌وه، ڕقی له کاره‌کته‌ری (ئه‌دیسۆن) ده‌بێته‌وه. ئاخر بۆم ده‌رکه‌وت، کاتێک باوکم ساڵی 1929، خوێندنی دواناوه‌ندیی ته‌واوکرد، وه‌کوو شاگرد لای ئه‌دیسۆن، له تاقیگه‌ی (مینلۆ پارک)، کاریده‌کرد. باوکم له بابه‌ته ئه‌لیکترۆنییه‌کان گه‌لێ زرنگ بوو. به‌ڵام دوای دوو حه‌فته له کارکردن، ئه‌دیسۆن بۆی ده‌رکه‌وت باوکم جوو بوو، بۆیه له کار ده‌ریکرد! باوکم هه‌ر ته‌نها ئه‌سکه‌میلی کاره‌بایی درووستنه‌کرد، بگره دوژمنێکی گه‌وره‌ی جوویش بوو. بۆیه منیش ویستم تۆڵه‌ی باوکم بکه‌مه‌وه، بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته.
ڕۆژنامه‌نووس: شته‌که‌ی تر چییه؟
ئاوسته‌ر: شته‌که‌ی تر، گوزارشته له‌و شه‌وه‌ی (ئیفنگ) پاره ده‌داته که‌سه نامۆکانی سه‌ر شه‌قام. ئه‌م دیمه‌نه‌م ڕاسته‌وخۆ له ڕووداوێکه‌وه وه‌رگرت، که ساڵی 1969 به‌سه‌ر خۆمدا هات، ئه‌وده‌مه‌ی (هاڕۆڵد لویس هیومز)ـم بینی، یه‌کێك له دامه‌زرێنه‌رانی گۆڤاری (پاریس ڕیڤیو). ڕووداوێکی شێتانه بوو، باوه‌ڕ ناکه‌م توانای ئافراندنی شتێکی وام هه‌بێت.
ڕۆژنامه‌نووس: له یاده‌وه‌ریی (قووتی ڕۆژ)ـدا، هه‌ندێک په‌ڕه‌ی نه‌مرت ده‌رباره‌ی (دکتۆر هیومز) نووسیوه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، کتێبه‌که باس له چه‌رمه‌سه‌ریی گهنجێتییت ده‌کات، له هه‌وڵی ڕزگاربوون له خنکان. هه‌روه‌ها ناوونیشانێکی لاوه‌کیی گرنگیشی هه‌یه؛ (ڕۆژانه‌ی شکستێکی پێشوه‌خته). چیی بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته پاڵی پێوه‌نایت؟
ئاوسته‌ر: زۆر حه‌زم ده‌کرد ده‌رباره‌ی پاره بنووسم، نه‌ک له ڕوانگه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داری و بازرگانییه‌وه، بگره له ڕوانگه‌ی نه‌بوونی پاره و هه‌ژارییه‌وه. ساڵانێکی زۆر پرۆژه‌ی ئه‌و کتێبه‌م ده‌خوێند، هه‌میشه له‌بیرمدا ناوونیشانێكی هه‌بوو؛ (وتارێک ده‌رباره‌ی هه‌ژاری). کارێکی زۆر نایاب ده‌بوو، له‌سه‌ر شێواز و ته‌کنیکی سه‌ده‌ی حه‌ڤده، ئاخر ده‌قێکی زۆر وشک بوو. پلانی نووسینی کارێکی فهلسهفییم هه‌بوو، به‌ڵام کاتێک ده‌ستمکرد به نووسن، هه‌موو شتێک گۆڕا؛ بۆ گه‌نگه‌شه‌ی کێشه تایبه‌تییه‌کانی پاره و ههژارییم. هه‌رچه‌نده کتێبه‌که که‌شێکی نائومێدیی و خامۆشی خوڵقاند، لێ به‌شێوه‌یه‌کی شادییهێن تهواومکرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کتێبه‌که ته‌نها له‌سه‌ر من نه‌بوو، ئاخر به هه‌لێکی باشم زانی، تاکوو باسی هه‌ندێک به‌سه‌رهاتی خۆشی منداڵییشم بکه‌م، به‌و ئومێده‌ی بتوانم مافی ئه‌و قۆناغه‌ی ژیانیشم بده‌م. ئاشنای ئه‌و هاوڕێیانه بووم، چونکه هیچ گرنگییه‌کم به کارکردن له نووسینگه‌یه‌کدا، یان پارێزگارییکردن له کارێکی جێگیر، نه‌ده‌دا. زیاتر حه‌زم به ئیشوکاره ئاسانه‌کان ده‌کرد، کارگه‌لێک، هه‌لی ئه‌وه‌م ده‌ده‌نێ، کات له‌گه‌ڵ که‌سانێک که له من ناچن، به‌سه‌ر ببه‌م. که‌سانێک له زانکۆ نه‌یانخوێندووه، کتێبی زۆریان نه‌خوێندووه‌ته‌وه. ئێمه له‌م وڵاته‌دا، له توانا و زرنگیی چینی کرێکار که‌م ده‌که‌ینه‌وه! جگه له ئه‌زموونێکی تایبه‌ت، بۆم ده‌رکه‌وت؛ زۆربه‌یان زرنگ و به‌توانان، هێنده‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی دونیا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. به‌ساده‌یی؛ ئه‌وان قازانجویست نین، ئه‌مه هه‌موو نهێنیی ئه‌وانه. جگه له‌وه‌یش، قسه‌کردن له‌گه‌ڵیاندا زۆر خۆشه، ئاخر ئه‌وان قسه‌خۆش و نوکتهبێژن. به‌ڵام له‌ڕاستیدا، له ئاشنایه‌تی و تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵیاندا کێشه‌م هه‌بوو، چونکه له قسه و دهمهتهقێکهیان تێنه‌ده‌گه‌ییشتم. هۆکاره‌که‌یشی ئه‌وه بوو، من زۆربه‌ری کاته‌کانم له‌نێو کتێبه‌کاندا نێژراو بووم!
ڕۆژنامه‌نووس: کاره‌کته‌ری کۆمیدیی بێده‌نگ (هیکتۆر مان)، له ڕۆمانی (کتێبی داڵغه‌کان)، له‌کوێوه ههڵتهێنجاوه؟
ئاوسته‌ر: ده ساڵ پێش ئێسته، ڕۆژێک له‌نه‌کاو (هیکتۆر) له مێشکمدا ده‌رکه‌وت. بۆ ماوه‌یه‌کی زۆریش پێش ده‌ستپێکردنی نووسین، له مێشکمدا تووڕمههڵدا. هیکتۆر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ساز و ئاماده بوو، نه‌ک ته‌نها به ناو، یان به‌وه‌ی له ئه‌رژه‌نتین له‌دایکبووبوو، بگره به پۆشاکه سپییه‌که‌ی و، ڕیشه ڕه‌شه‌که‌ی و ڕوومه‌ته جوان و دره‌وشاوه‌که‌ی. ئه‌و به‌ته‌واوی ئاماده‌گییه‌وه هاته مێشکم.
ڕۆژنامه‌نووس: (کتێبی داڵغه‌کان)، چیرۆکێکی زۆر دژوار ده‌گێڕێته‌وه. به‌ڵام من واده‌زانم، له ناوه‌ڕۆکدا حاڵه‌تێکی نائومێدیی له‌خۆگرتووه. چۆن بتوانین دوای زیانێکی جه‌سته‌یی، ڕێ بکه‌ین؟ چۆن بتوانین دوای مردنی ئازیزێکمان، ژیان بکه‌ین؟ له گۆشه‌نیگایه‌کی جیاوازه‌وه، ڕۆمانی (تیمباکتۆ)، له‌سه‌ر هه‌مان ته‌وه‌ر ده‌دوا، ئه‌ی وانییه؟ با دووباره پرسیاره‌که دابڕێژمه‌وه: بڕوا ده‌که‌یت ده بۆ پازده ساڵ پێش ئێسته، هه‌ریه‌ک له‌م دوو ڕۆمانه‌ت ده‌نووسی؟
ئاوسته‌ر: گومانم هه‌یه. من له په‌نجاکانی ته‌مه‌نمدام، بۆ که‌سێکیش بچێته نێو ته‌مه‌نه‌وه، شته‌کان زوو زوو ده‌گۆڕێن. به‌چه‌ند یاسایه‌کی بیرکارییانه‌ی ساده، بۆت ده‌رده‌که‌وێت؛ ئه‌و ساڵانه‌ی له‌ده‌ستت دا، زۆرتره له‌و ساڵانه‌ی دادێت. هێدی هێدی جه‌سته‌ت شیی ده‌بێته‌وه، هه‌ندێک ئێشوئازارت بۆ په‌یدا ده‌بێت، که له‌وه‌وپێش نه‌تبووه. ئیتر ورده ورده، به زه‌بری مه‌رگ، به‌شه‌کانی جه‌سته‌ت له‌ده‌ست ده‌ده‌یت. زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بنه په‌نجا ساڵ، خێو ده‌وریان ده‌ته‌نێت. ئه‌وان له ناوه‌وه‌ماندا ده‌ژین، تاکوو وامان لێدێت، زیاتر له‌گه‌ڵ مردووه‌کاندا ده‌په‌یڤین، وه‌ک له که‌سانی زیندوو. بۆ که‌سێکی گه‌نج، ئه‌سته‌مه له‌مه تێبگات. هه‌ڵبه‌ت مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، که‌سێکی بیست ساڵان درک به مه‌رگی خۆی ناکات، به‌ڵام ئه‌م ئه‌زموونه لای که‌سێکی به‌ته‌مه‌ن، قووڵتره. هه‌رگیز هه‌ست به کاریگه‌ریی ئه‌و قۆناغه‌ی ژیانیش ناکه‌یت، تاکوو خۆت ئه‌زموونی نه‌که‌یت. ژیان کورته، ناسکه، تێڕاماوه. له کۆتاییشدا، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی خۆشمانده‌وێن چه‌ندن؟ که‌مه، زۆر که‌م. بۆیه کاتێک هه‌ندێکیان نامێنن، نه‌خشه‌ی ژیانمان ده‌گۆڕێت و ههڵاودێر ده‌بێت. وه‌کئه‌وه‌ی جارێک (جۆرج ئۆبن) پێی وتم "کاتێک پیر ده‌بیت، چه‌ند شتێکی نامۆیه بۆ ساوایه‌ک!".
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌و ڕسته‌یه‌ت له کتێبی (داهێنانی دووره‌په‌رێزیی) به‌کارهێناوه.
ئاوسته‌ر: ئه‌وه جوانترین ده‌ربڕینه، ده‌رباره‌ی پیرێتی بیستبێتم.
ڕۆژنامه‌نووس: بگێڕه‌وه‌ی ڕۆمانی (لیڤایثن)، ده‌ڵێت "که‌س نازانێت کتێب له‌کوێوه هاتووه، به‌لای که‌مه‌وه خودی نووسه‌ریش. کتێبه‌کان له نه‌زانییه‌وه له‌دایکبوون، ئه‌گه‌ر ئه‌و کتێبانه‌یش دوای نووسینیان، هه‌ر بمێنن و بژین، ئه‌وه هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه، هێشتا لێی تێنه‌گه‌ییشتوون!". تا چه‌ند بڕوات به‌مه هه‌یه؟
ئاوسته‌ر: له‌وانه‌یه ڕاسته‌وخۆ له زاری کاره‌کته‌ره‌کانمه‌وه نه‌دوێم، ئاخر پێده‌چێت جار جار به‌پێچه‌وانه‌ی منه‌وه قسه بکه‌ن، یان له‌وانه‌یشه له خۆم بچن. من وا لێیان ده‌ڕوانم، بوونه‌وه‌رگه‌لێکی سه‌ربه‌ست و ئازادن، به بیروڕاکانیان، یان ڕه‌فتار و قسه و ژیانیان. واده‌زانم، له‌وێدا ڕای (ئارۆن)، درووست له ڕای خۆم ده‌چێت.
ڕۆژنامه‌نووس: له‌سه‌روه‌ختی نووسینی ڕۆمانێکدا، تا چه‌ند ئاگامه‌ندیت له‌وه‌ی ده‌ینووسیت؟ به‌پێی نه‌خشه و پلانێک ده‌نووسیت؟ پێشتر چنین و گێڕانه‌وه‌که‌ت ده‌زانیت؟
ئاوسته‌ر: سه‌رجه‌م ئه‌و کتێبانه‌ی نووسیومن، به شتێک ده‌ستپێده‌که‌ن، که من ناوی لێده‌نێم (گورزهشهپۆلێک به‌نێو سه‌ردا). ئه‌ویش جۆرێکه له میوزیک، یان ڕیتم. به‌شێکی زۆری ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌کاتی نووسینی ڕۆمانێکدا ده‌یده‌م، بۆ ئه‌وه‌یه؛ به‌ڕاستگۆیی له‌سه‌ر ئه‌و گورزهشهپۆل و میوزیکه به‌رده‌وام بم. ئه‌مه کردارێکی زۆر سه‌یره، نا‌توانیت به ڕێگه‌یه‌کی ژیربێژییانه بیسه‌لمێنیت، یان پێداگریی له‌سه‌ر بکه‌یت. به‌ڵام بۆت ده‌رده‌که‌وێت، ماوه‌ی چه‌نێکه له‌سه‌ر ده‌زووی هه‌ڵه ده‌ژه‌نیت، زۆر جاریش ئاگات لێیه‌تی، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌کی درووست ژهندت.
ڕۆژنامه‌نووس: کاتێک که ده‌نووسێت، به‌نێو گێڕانهوهکهتدا دێیت و ده‌چیت؟
ئاوسته‌ر: نه‌خێر، سه‌رجه‌م کتێبه‌کانم له یه‌که‌م دێڕه‌وه ده‌ستپێده‌که‌م. دواتر هه‌تا کۆتا دێڕ، ڕێگه‌که بۆ خۆم پاک ده‌که‌مه‌وه و ده‌نووسم، به‌شێوه‌یه‌کی یه‌ک له‌دوای یه‌ک و، په‌ره‌گراف دوای ئه‌وی تر. زۆر جار چاره‌نووسی چیڕۆکه‌که‌م و، دێڕی یه‌که‌م و کۆتا ده‌زانم، به‌ڵام که ده‌نووسم، هه‌موو شته‌کان ده‌گۆڕێن. گشت ئه‌و کتێبانه‌ی بڵاومکردوونه‌ته‌وه، وه‌ک ئه‌وه نه‌بوون که سه‌ره‌تا وێنام ده‌کردن؛ هه‌ندێک کاره‌کته‌رو ڕووداو دیارنامێنن، هه‌ندێکی دیکه‌یش له‌کاتی نووسیندا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. تۆ کتێبه‌که ده‌دۆزیته‌وه، کاتێک خه‌ریکی کرده‌ی نووسینیت، له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌یه سه‌رکێشیی! ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێک پێش نووسین زانراو بن، ئه‌وا نووسینه‌وه‌ی، کارێکی چێژبه‌خش و سه‌رکێشانه نییه.
ڕۆژنامه‌نووس: سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، کتێبه‌کانت چالاک و سه‌رکێشن، ئه‌مه یه‌کێکه له تایبه‌تمه‌ندییه جوانه‌کانت لای هه‌مووان.
ئاوسته‌ر: (کتێبی داڵغه‌کان)، له‌کاتی نووسینیدا، به‌زۆر گۆڕانی ڕیشه‌ییدا تێپه‌ڕی. هه‌تا کۆتا پهڕهیش، به‌رده‌وام بیرم له گێڕانه‌وه‌که‌ی ده‌کرده‌وه. که له کورته‌ڕۆمانی (تیمباکتۆ) لێبوومه‌وه، ڕۆمانه‌که درێژتر هاته پێش چاوان. ده‌بوو هه‌ردوو کاره‌کته‌ری (ویلی) و (جه‌نابی بۆنز)، ڕۆڵێکی ساده و لاوه‌کیی بگێڕن، به‌ڵام که ده‌ستمکرد به نووسینی په‌ره‌گرافی یه‌که‌می ڕۆمانه‌که، که‌وتمه داوی خۆشه‌ویستیی ئه‌و دووانه‌وه و، بڕیارم دا سه‌رتاپای پلانه‌که‌م بگۆڕم! ئیدی ڕۆمانه‌که، بۆ کتێبهشیعرییهکی کورت گۆڕا، که ته‌نها له ده‌وری ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره‌دا ده‌خولایه‌وه. سه‌باره‌ت به ڕۆمانی (جه‌نابی بهملاولاکهوتوو)ـیش، له‌سه‌ره‌تادا وامزانی چیرۆکێکی سی بۆ چل په‌ڕه‌یی ده‌نووسم، به‌ڵام ئه‌ویش سه‌ربه‌ستانه داوای بوون به ڕۆمانی لێکردم! له‌مێژه بۆ من، نووسین ئاوه‌ها بووه؛ به‌کاوه‌خۆیی به‌ره‌و ئامانج هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرم.
ڕۆژنامه‌نووس: ده‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و ده‌ربڕینه‌ی، که وتت "په‌ره‌گراف دوای ئه‌وی دی."؟
ئاوسته‌ر: به‌لای منه‌وه، په‌ره‌گراف یه‌که‌ی سرووشتیی داڕشتنه. ڕسته یه‌که‌ی پێکهێنانی قه‌سیده‌یه، هه‌روه‌ها په‌ره‌گرافی په‌خشانیشه. به‌رده‌وام په‌ره‌گرافه‌کان ده‌نووسم و به‌سه‌ریاندا ده‌چمه‌وه، تا ده‌گه‌نه شێوه‌ی درووست، کێشی درووست و ڕیتمی درووستی خۆیان. تا وایان لێدێت ڕوون و جوان بن، وه‌کئه‌وه‌ی هێشتا نه‌نووسرابن. له‌وانه‌یه ته‌واوکردنی په‌ره‌گرافێک؛ ڕۆژێک، نیو ڕۆژ، کاتژمێرێک، یاخود سێ ڕۆژی پێبچێت. کاتێكیش واده‌زانم ته‌واوبووه، چاپی ده‌که‌م و به‌وردیی ده‌یپشکنم. بۆیه هه‌موو کتێبێک، ڕه‌شنووسێکی هه‌یه، له‌پاڵ چاپێکی له‌به‌رگیراو له ئامێری بنووسه‌که. دوای ته‌واوکردنی هه‌موو شتێک، هێرش ده‌که‌مه سه‌ر په‌ڕه چاپکراوه‌کان، بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕانکاریی زیاتر.
ڕۆژنامه‌نووس: هێدی هێدی ژماره‌ی په‌ڕه‌کان زیاد ده‌که‌ن.
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، به‌کاوه‌خۆیی.
ڕۆژنامه‌نووس: پێش بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ر کارێکت، پیشانی که‌سی ده‌ده‌یت؟
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، (سیری)ـی خێزانم، یه‌که‌م خوێنهرمه، زۆریش بڕوام به ڕاوبۆچوونهکانیهتی. هه‌موو جارێک ڕۆمانێک ده‌نووسم، مانگی جارێک، یان که بیست بۆ سی په‌ڕه ده‌نووسم، به‌سه‌ریدا ده‌یانخوێنمه‌وه. خوێندنه‌وه‌ی به‌ده‌نگ، یارمه‌تییم ده‌دات هه‌ڵه‌کانی خۆم، یان ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی نه‌متوانیوه به‌باشیی بیگه‌یه‌نم، بدۆزمه‌وه. دوای ئه‌مه سه‌رنجه‌کانی سیری دێن. ئه‌و بۆ ماوه‌ی بیست و دوو ساڵه خه‌ریکی ئه‌مه‌یه، ئه‌وه‌یشی ده‌یڵێت، به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسوڕهێنه‌ر ئامانجی خۆی ده‌پێکێت. به‌بیرم نایه‌ت، که‌نگی به‌قسه‌ی ئه‌وم نه‌کردووه!
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌ی تۆ کاره‌کانی ئه‌و ده‌خوێنیته‌وه؟
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، ئه‌وه‌ی ئه‌و بۆم ده‌کات، هه‌وڵده‌ده‌م بۆی بکه‌مه‌وه. هه‌موو نووسه‌رێک، پێویستی به خوێنه‌رێکه پشتی پێببه‌ستێت. که‌سێک سۆزی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ده‌یکه‌یت و، بیهه‌وێت کاره‌که‌ت باشتر بکات. به‌ڵام ده‌بێت ڕاستگۆ بێت، ئه‌مه‌یش بنچینه‌ی کاره‌که‌یه‌تی. بابه‌ته‌که درۆ هه‌ڵناگرێت، یان ستایشکردنی شتێک، که باوه‌ڕت پێی نییه.
ڕۆژنامه‌نووس: ساڵی 1992، ڕۆمانی (لیڤایثن)ـت به (دۆن دیلێلۆ) پێشکه‌شکرد. دوای یازده ساڵ، ئه‌ویش ڕۆمانی (کۆزمۆپۆلیس)ـی پێشکهشتکرد. ئه‌وه ڕوونه، هاوڕێیه‌تییه‌کی کۆن ئێوه پێکه‌وه گرێ ده‌دات. له ڕۆماننووسه هاوچه‌رخه‌کاندا، کێ ده‌خوێنیته‌وه؟
ئاوسته‌ر: ژماره‌یه‌کی خراپ نییه، له‌وانه‌یه زیاتریش بن له‌وه‌ی ده‌یژمێرم؛ پیته‌ر کێری، ڕاسڵ بانکس، فیلیپ ڕۆث، ئێدگار لۆرێنس دۆکتۆرۆ، چارلز باکسته‌ر، جۆن ماکسوێل کۆتسێ، ده‌یڤد گرۆسمان، ئۆرهان پامووک، سه‌لمان ڕوشدی، مایکل ئۆندارچی، سیری هۆزتفێت. ئه‌مه ئه‌و ناوانه‌ن هه‌نووکه له‌بیرمدان. به‌ڵام دڵنیام، گه‌ر سبه‌ی ئه‌م پرسیاره‌م لێ بکه‌یت، ئه‌وا لیستێکی جیاوازت ده‌ده‌مێ. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی زۆر که‌س بیری لێده‌کاته‌وه، له‌سه‌رده‌می ئێستاماندا، ڕۆمان له دۆخێکی باشدایه. ته‌ندرووست و چوست و چالاکه، وه‌کئه‌وه‌ی به‌درێژاییی چاخه‌کان وابووه. سه‌ره‌ڕای قسه‌ی نه‌یاران، ڕۆمان نه‌مره و به‌رده‌وام ده‌مێنێت.
ڕۆژنامه‌نووس: چۆن وا هێنده دڵنیایت؟
ئاوسته‌ر: چونکه ڕۆمان تاکه شوێنه له‌م جیهانه‌دا، که دوو که‌سی نامۆ به‌یه‌ک ده‌گه‌ن، هیچ شتێکی تر نییه ئه‌و دووانه پێکه‌وه کۆبکاته‌وه، جگه له ئه‌وینێکی ڕوون. نووسه‌ر و خوێنه‌ر، پێکه‌وه ڕۆمان ده‌نووسن. ئه‌مه ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌یه، که هیچ ژانرێکی دیکه‌ی کتێب نییه‌تی. ئاخر جگه له ڕۆمان، هیچ شتێکی تر ناتوانێت، کرۆکی مرۆڤایه‌تیی بخاته‌ڕوو.
ڕۆژنامه‌نووس: له‌کۆتایی ئه‌مساڵدا، ڕۆمانه نوێیه‌که‌ت به‌ناوی (شه‌وی سرووش) بڵاوده‌که‌یته‌وه، واتا دوای پێنج مانگ له بڵاوکردنه‌وه‌ی (کتێبی داڵغه‌کان). تۆ به‌وه ناسراویت، به‌رهه‌مهێنانه ئه‌ده‌بییه‌کانت زۆر خێرایه، به‌ڵام وادیاره ئه‌مجاره ژماره پێوانهییهکانت شکاند!
ئاوسته‌ر: له‌ڕاستیدا، پێش (کتێبی داڵغه‌کان)، ده‌ستمکرد به نووسینی (شه‌وی سرووش). دوای نووسینی بیست په‌ڕه‌یه‌ک، وه‌ستام. ئاخر درکم به‌وه کرد، هێشتا ئاماده‌ی نووسینی ئه‌م ڕۆمانه نیم. (کتێبی داڵغه‌کان)، سێ ساڵی خایاند هه‌تا تهواومکرد. به‌ڵام له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌رده‌وام بیروهۆشم لای (شه‌وی سرووش) بوو. کاتێکیش گه‌ڕامه‌وه سه‌ری، به‌شێوه‌یه‌کی خێرا و سه‌رسوڕهێنه‌ر تهواومکرد، هه‌ستده‌که‌م له بێهۆشییدا نووسیبێتم!
ڕۆژنامه‌نووس: نووسینی ئه‌و ڕۆمانه، هه‌تا کۆتاییه‌که‌ی هه‌روا ئاسان و خۆش بوو؟ یان به‌ربه‌ست و دژوارییت بۆ هاتنه‌پێش؟
ئاوسته‌ر: به‌ڵێ، بیست په‌ڕه‌ی کۆتایی ڕۆمانه‌که سه‌خت بوو. سه‌ره‌تا که ده‌ستمپێکرد، کۆتاییه‌کی جیاوازم له مێشکی خۆمدا دانابوو، وه‌لێ که به‌رده‌وام بووم له‌سه‌ری، پلانه‌که‌م گۆڕا، ئه‌ویش دڕدۆنگی کردم و ناقایل بووم. ئاخر کۆتاییه‌که‌ی دڕندانه هاته پێش چاو، که ئه‌مه‌یش ڕیتمی کتێبه‌که‌ی شێواند. بۆماوه‌ی حه‌فته‌یه‌ک، په‌شۆکاو و سه‌رلێشێواو بووم، وامده‌زانی ده‌بێت واز له نووسینی ئه‌م کتێبه بهێنم. ئه‌وه‌ی به‌سه‌رمدا هات، کتومت وه‌ک ئه‌وه‌یه به‌سه‌ر (سیدنی)ـدا هات، که کاره‌کته‌رێکی نێو هه‌مان ڕۆمانه. وه‌ک ئه‌وه وابوو، به‌ڵایه‌کم تووش هاتبێت، که خۆم بۆ خۆمم درووستکردووه! ئه‌مه‌یش وای لێکردم، نه‌هامه‌تیی پاڵه‌وانی ڕۆمانه‌که‌م بچهژم. به‌ڵام دواجار، ده‌رووی به‌زه‌یی به‌ڕوومدا کرایه‌وه و، به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو، بیست په‌ڕه‌ی کۆتایی ڕۆمانه‌که‌م ته‌واوکرد.
ڕۆژنامه‌نووس: تۆزێک پێش ئێسته، وشه‌ی (ئه‌وین)ـت به‌کارهێنا، ئه‌مه‌یش یه‌که‌م وشه‌یه ده‌که‌وێته بیرم، هه‌رجارێک بیر له (شه‌وی سرووش) ده‌که‌مه‌وه. ڕۆمانێکی ته‌وقدراوه، له‌وانه‌یه له‌نێو هه‌موو کتێبه‌کانت، ئه‌میان زێده‌تر تهوقدراو بێت.
ئاوسته‌ر: ئه‌م ڕۆمانه وه‌ک کارێک ده‌بینم، له هونه‌ری به‌رد؛ کاره‌کته‌ری که‌می تێدایه، سه‌رجه‌م ڕووداوه‌کانیش له یه‌ک شوێندا و، له‌ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌کدا ڕووده‌ده‌ن. به‌ڵێ کارێکی ته‌وقدراوه، به‌هه‌ندێک فه‌رمایش لوولدراوه؛ بوونه‌وه‌رێکی سه‌یر و نامۆ، له هه‌ندێک به‌شی به‌ناویه‌کداچوو!
ڕۆژنامه‌نووس: له‌و ڕۆمانه‌دا هه‌ندێك شتت به‌کارهێناوه، که له کتێبه‌کانی دیکه‌تدا نییه، بۆ نموونه؛ په‌راوێز.
ئاوسته‌ر: له‌و ڕۆمانه‌دا په‌راوێزم به‌پێویست زانی. چونکه کات و سه‌رده‌می گێڕانه‌وه‌که، ئێستایه، ڕووداوه‌کانیش له‌ماوه‌ی حه‌فته‌یه‌کدا ڕووده‌ده‌ن. منیش حه‌زم نه‌کرد چیرۆکه‌که دژوار و ته‌ماویی بێت، بۆیه په‌راوێزه‌کانم داناوه، تاکوو ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا ڕوویداوه، ڕوونی بکه‌مه‌وه.
ڕۆژنامه‌نووس: (شه‌وی سرووش)، یازده‌یه‌مین ڕۆمانته، ئایا له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا، نووسینی ڕۆمان ئاسان بووه؟
ئاوسته‌ر: نه‌خێر، بڕوا ناکه‌م وابێت. هه‌موو کتێبێک، وه‌ک ئه‌وه وایه پێشتر نه‌منووسیبێت، بۆیه پێویست ده‌کات خۆم ڕابهێنم له‌سه‌ر نووسینی. ڕاسته له ڕابردوودا کتێبی زۆرم نووسیوه، به‌ڵام ئه‌مه هاریکارییم ناکات له نووسینی ڕۆمانی نوێ. هه‌ستده‌که‌م هێشتا سه‌ره‌تای نووسینمه، به‌رده‌وام هه‌مان به‌ربه‌ستم بۆ دێنه‌پێش، هه‌مان ڕاسته‌ک و هه‌مان نائومێدیی. تۆ وه‌کوو نووسه‌رێک، گه‌لێک هه‌ڵه ده‌که‌یت، هه‌ندێک ڕسته و هزر ده‌سڕیته‌وه، هه‌ندێک په‌ڕه‌ی بێکه‌ڵک فڕێده‌ده‌یت. له‌کۆتاییشدا، یه‌ک ڕاستییت بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه؛ چه‌نده گه‌مژه‌یت! به‌داخه‌وه ئه‌مه له تواناکانت که‌م ده‌کاته‌وه.
ڕۆژنامه‌نووس: ئه‌سته‌مه بیر له‌وه بکه‌یته‌وه، یه‌که‌م ڕۆمانت که (شاری شووشه)ـیه، حه‌ڤده وه‌شانخانه‌ی ئه‌مه‌ریکیی بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه! به‌ڵام هه‌نووکه، دوای بیست ساڵ، کاره‌کانت بۆ سی زمانی جیهانیی وه‌رده‌گێڕدرێت. تۆزێک ژیانی ئه‌ده‌بییت سه‌یر نایه‌ته پێش چاوت؟ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و ئارامگرتنه و، گشت ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه؟
ئاوسته‌ر: هه‌وڵده‌ده‌م بیری لێ نه‌که‌مه‌وه، ئه‌سته‌مه له ده‌ره‌وه له‌خۆم بڕوانم، توانای ئه‌وه‌م نییه. بگره ته‌نانه‌ت توانای ڕوانینم نییه، له به‌شێکی بچووکی کاره‌کانم. ئاخر خوێنه‌ران بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، بۆیه حه‌زم به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره نییه. خۆزگه ده‌متوانی، به‌ڵام تا هه‌نووکه‌یش، فێڵ و نهێنیی ئه‌وه نازانم، که له یه‌ک کاتدا، له دوو شوێنی جیاواز بم!
په‌راوێزه‌کان:
(*) ڕۆمانێکی مارک تواینه. (و).