howl-fi.jpg

شاعیری مرۆڤە گورگانخواردووەکان

ڕانانی: بڕوا عەلادین

 ئالن گینسبێرگ:


شاعیری مرۆڤە گورگانخواردووەکان


خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی ((لوورە)) 


ئێوارەیەکی ساڵی 1965 ە، لە سان فرانسیسکۆ، کۆمەڵێک ئەدیب و هونەرمەندی لاو، گروپێک هیپیست و کەسی یاخی و توڕە لە سیاسەت و دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری نیشتمانەکەیان، هەندێک مەست و هەندێک سڕ و هەندێکیش بەئاگا لەهۆڵی شەشەم دانیشتوون و چاوەڕێن شاعیرێک بە خوێندنەوەی قەسیدەکەی، بە قروسکە و حەپەحەپ و لوورەی شاعیرێکی شەکەت و ماندوو، گۆمەکە بشڵەقێنێت. ئالان گینسبێرگ کە بە دووەم کەسایەتی بەناوبانگی نەوەی توڕە و ناڕەزای دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەدەبی مۆدێرنی ئەمریکیدا، دێت، دژ بە بۆرژوا و دەسەڵاتدارەکان، دژ بە جەنگ و چاوپرسێتی و تەماعکاریی، لەو کۆڕەدا تەواوی ئەمریکا بە چەند دێڕێکی سەرەتای قەسیدەکەی بە ناونیشانی ((لوورە)) ڕادەچڵەکێنێت.

گینسبێرگ دەنوسێت:
((باشترین هزر و ئەقڵەکانی نەوەکەی خۆمم بینی، دێوانەیی وێرانی کردبوون، هیستیریانە و بە ڕووتوڕەجاڵی لەبرسا دەتلانەوە، سپێدە و بەری بەیانیان، گێژگێژ بە شەقامە ڕەشپێستەکاندا، شەکەت و ماندوو خۆیان کێشدەکرد و بەدوای دەرزیەکدا دەگەڕان بێهۆشیان کات....)).


ئەم تێکستەی گینسبێرگ کە بە هەناسە و تۆنێکی (واڵت ویتمان) ی نوسراوە و بێ هیچ حەوانەوەیەکی درێژ لەسەر کێش و ڕیتم یان تێما و بابەتێکی جێگیر، جیهان ڕۆدەکاتەوە ناو زمان خۆی و سەرلەنوێ دەینەخشێنێتەوە: جیهان وەک ئەوەی کە هەیە، بە ڕووتی و بەبێ دەمامک، جیهانی ژیانی رۆژانەی خەڵک و دۆخی مرۆڤە پەرێشان و تەراکەوتەکان و ئەوانەی بەدەست زیندانەکانی ناخی خۆیان و کۆتەکانی کۆمەڵگەوە دەناڵێنن، بەلای بەشێکی زۆر لە ڕەخنەگرانی ئەدەبەوە خاڵی وەرچەرخانی ستایڵی شیعرنوسینە بۆ نەوەی شەستەکان: (Beat Generation) نەوەی ڕەتکردنەوەی ئەو بەهایانەی کە باون، نەوەیەکی شەکەت و ماندوو لە جیهانی ماتریاڵی و تەماعی ئابووریی کۆمپانیاکان، نەوەیەک کە پتر پەنا دەباتە بەر ڕۆحانیەت و شکست و سەرکەوتنە سایکۆلۆژیەکانی ناوەوەی خود خۆی، کێشانی مەریوانا و دەرمان و سێکسکردن بەو شێوەیەک کە خۆی دەیخوازێت، بێ شەرمکردن لە هۆمۆسێکسواڵی یان هەر جۆرە لادانێکی دیکەی ڕەفتاری سێکسی. دیارە جگە لە گینسبێرگ، دیارترین پێشەنگەکانی ئەم نەوە یاخیە هەریەکە لە (ویلیەم بۆرۆز) و (جاک کرواک) بوون.
فیلمی ((لوورە)) کە لە بنەڕەتدا هێمایە بۆ ناونیشانی دیوانەکەی گینسبێرگ، کەمتر خۆی لە ووردەکاریەکانی بیۆگرافیای ئەو نەوەیە بە گشتی، دەدات، بەڵکو زیاتر لەسەر دۆسیەیەک دەوەستێت کە تایبەتە بە ململانێی نێوان گوتاری کۆنزەرفاتیزم و لیبرالیزم لە هەڵسەنگاندنی کاری ئەدەبیدا وەک ئەوەی کە لە شەستەکانی ئەمریکادا زاڵ بووە و بۆی گرنگ بووە ئەدەب گوزارشت بێت لە دۆخێکی باڵای زمان، نەوەک دابەزێتە ئاستێکی نزم و چێژ و مۆراڵی باوی کۆمەڵگە تێکبدات یا لاوان بەرەو یاخیبوون و نائومێدی هان و دنە بدات. ئەگەرچی بەگشتی هەژموونی ژیاننامە و بایۆگرافی گینسبێرگ زاڵە بەسەر گرتە و تەواوی زەمەنی فیلمەکەدا وەک ڕاستەهێڵێک، هەر لە ڕای خۆیەوە لەسەر شیعر و مناڵی و کەوتنی لە خەستەخانەی نەخۆشی ئەقڵی و پەیوەندیە تایبەتیە هۆمۆسێکسواڵیەکانی و ئەڤینی بۆ دۆستە کوڕەکانی و... تادوایی، بەڵام خاڵی سەرەکی و گرفتئامێز بریتیە لە دۆسیەی دادگاییکردنی ئەو دەزگای چاپەمەنیە (City Lights) ی کە کتێبەکەی بۆ گینسبێرگ چاپکردووە. بێگومان بە تۆمەتی زمانێکی ئاستنزمی بازاڕی، گاڵتەکردن بە موقەدەسی هەستی گشتی و بوونی زیاد لە فیگەر و سکێچێکی ڕووت و سێکسی، ڕەوایەتیدان بە مەستی و سەرخۆشی، پاساوهێنانەوە بۆ مەریوانا و حەشیشەکێشان، بەکاربردنی دەستەواژەی گاڵتەجاڕانە...، هتد. 
  دەکرێت بە گشتی فیلمەکە بەسەر سێ هیڵی جیاوازی زەمەنی و ڕووداودا دابەشبکەین کە هەر سێکیان تەواو جیاوازن لەیەک، تەنانەت لۆکەیشن و فۆرم و ڕەنگ و کۆنتێکستەکانیشیان جیاوازە:


١/ چرکەساتی خوێندنەوەی (لوورە) خۆی لە 1956 دا کە پتر بە ڕەشوسپی نمایشدەکرێت، ئەگەرچی هاوکات و تەریب بەم مێژووە هەوڵێکیش دەبینین بۆ بە ئەنیمەشنکردنی دەقەکە و نیشاندانەوەی مەبەستە سەرەکیەکانی گینسبێرگ لە شێوەی وێنەی کارتۆنیانەدا کە پتر ئاماژەن بۆ دۆخە خەیاڵی و پاک و مناڵانەکە، بۆ سانسۆرشکاندن و دیوە ڕاستگۆیانەکەی ژیان خۆی.


٢/ زەمەنی دادگاییکردنەکە و قسەکردنی شاهێد و دادوەرەکان و پرۆفیسۆر و مامۆستاکانی زانکۆ لەسەر بەهای ئەدەبی دەقەکە و ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی.


٣/ چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژ و پڕ ووردەکاری لەگەڵ گینسبێرگ سەبارەت بەو کەیسە و بۆچوونەکانی دەربارەی خۆی و ئەدەب بە گشتی. ئەم دۆخەشیان هاوکاتی خودی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیە و بۆ گینسبێرگ زۆر گرنگە کە دەزگاکە کەیسەکە نەدۆڕێنێت و سزا نەدرێت.


بیانووەکان بۆ ناشرینکردن و کەمکردنەوە لە نرخی (لوورە) زۆرن، گوایە دەقێکی توندوتیژە، شێوازەکەی دزراوە لە ویتمان، ئاشکرا نیە و پڕە لە ئاڵۆزی و گوزارەی بێمانا و بێسەروبەرە.... هتد. بەڵام لەڕاستیدا ئەوە بنچینەی کێشەکە نیە، بەڵکو ترسێک هەیە لەو گوتارە ڕشکاوانەیەی دەقەکە کە بێ شەرم و دڵەڕاوکێ، باس لە ئازادی و خۆشەویستی سێکسی دەکات، باس لە هاوڕەگەزبازی دەکات، بەتایبەتی کە خودی شیعرەکە پێشکەشکراوە بە سلۆمۆنی کۆنە دۆستی گینسبێرگ خۆی و لە ئێوارە کۆڕەکەیشدا دانیشتووە.
بینینی ئەم فیلمە ئەو پرسیارەی لە لا دروستکردم کە داخۆ شاعیرەکانی کورد گوێبیستی لوورەی گورگە سیاسی و ئابووری و نەریتپارێزەکانی ناو قوڵایی کۆمەڵگەی ئێمە هەن، یان لەسەر هەمان تۆن و نەغمەی ئەوان دەخوێنن و لوورەیان دێت؟ شاعیرەکان کە (نەسوپاس بۆ خودا) پشکی شێریان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەردەکەوێت، بەمەڕبوونی مرۆڤی کورد، بە نێچیرگرتنی، کڕووزانەوە و داوەشانی لەژێر چەپۆک و چڕنوکی گورگە برسیەکانی میدیا و تێکنۆلۆژی و نەوت و ساماندا نایانترسێنێت و دایان ناچڵەکێنێت؟ ئایا شاعیرەکان و ڕۆشنبیرەکان ئیشیان ئیمزاکۆکردنەوەیە بۆ تۆکمەترکردنی پێگە و پایەی گورگەکان یا لەرزاندنی عەرشەکانیان؟  ئایا شاعیرەکانی ئێمە ئەوانە نین کە بە کۆرس، بە جەڵەب و گەڵابە، لەدوای گورگە سیاسیەکانەوە، دەلورێنن؟

 

 


فیلم: (لوورە) Howl
نوسین و دەرهێنانی: ڕۆب ئێپستین و جێفری فریدمان
نواندنی: جەیمس فرانکۆ، تۆد رۆتۆندی، جۆن پریسکۆت
ساڵی: ٢٠١٠


ئەم بابەتە 357 جار خوێندراوەتەوە