241632620_186194540278025_3443397810048728274_n.jpg

تفێک بۆ ناوچاوی ژیان

کارزان عەلی

 

 

 

 ناونیشانێکی سەیرە؟ بەڵێ بێگومان. بەڵام لەوەش سەیرتر ئەوەیە ئەم ڕۆمانە نزیکەی حەفتا ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، دەنوسرێت، کتومت لە ساڵی ١٩٤٨ دا. ڕۆمانەکە هەرچەندە لە کاتی خۆیدا بڵاو ناکرێتەوە، بەڵام نوسەری ڕۆمانەکە، لە عێراقدا دەژی، بە وردی لە بەغدای پایتەختدا. نوسەری ئەم ڕۆمانە، هاوکات، بە پێشەنگ و ڕچەشکێنی گێڕانەوەی نوێی عێراقی دادەنرێت، فوئاد توکرلی، هاوڕێ لەگەڵ عبدالملک نوریدا، بە دامەزرێنەری شەپۆلی نوێی کورتەچیرۆکنوسانی عێراقیش دادەنرێت. چیرۆکی "چاوە سەوزەکان"، چ لە ڕووی بونیاد، گێڕانەوە، کارەکتەر، مژدەی هاتنی دەنگێکی نوێ و تەکانێکی خێراتر بە خوێنەرانی عێراقی دەدەن . فوئاد توکرلی، یەکێکە لە ئەندامە کاراکانی گروپی چاخانەی واق واق لە بەغدادی پایتەختدا، کە دواتر لەگەڵ چەندین شاعیر و شێوەکار و چیرۆکنوسانی تردا، گروپی "کاتی لەدەستچوو" دادەمەزرێنن، کاریگەری ئەم گروپە، و ئەندامەکانی بەسەر کۆی نەخشەی نوێی ئەدەبیاتی عێراقییەوە دیارە، کە لێرەدا بواری باسکردنی ئەوە، هەڵدەگرین بۆ کاتێکی تر. لە جیاتی ئەمەدا، دەکرێت پرسیار لە وون بوون دیار نەبوونی ئەم کارەکتەرە بەهێزەی ناو ئەدەبیاتی عێراقی بکەین، لەگەڵ ئەوەی لە بەغدادی پایتەختدا ژیاوە و نوسیویەتی، لەسەرەتای ساڵی پەنجەکانەوە، واتە نزیکەی حەفتا ساڵێک ئەم نوسەرە، بەشدارییەکی کارای لە دەرخستن و پێشکەوتنی ئەدەبیاتی عێراقیدا هەبووە و هەیە. بەڵام لە ڕۆشنبیری کوردیدا، نەک چیرۆک و ڕۆمانەکانی نەکراون بە کوردی، بەڵکو کەمترین بەسەرکردنەوە و ناسینیشی بۆ نەکراوە. هەرچەندە نوسەر، لە بن دەستی خۆمان و نزیک لە کوردستان ژیاوە و نوسیویەتی، تەنانەت کاتێک زۆرینەی خێزانە کوردەکان دوور دەخرێنەوە بۆ ناوچەکانی باشووری عێراق، و ماوەیەکی زۆریش لەو ناوچانە دەمێننەوە، هەندێک لەوانەش بەشداریەکی زۆر یان کەمیان کردووە لە پرۆسە ڕۆشنبیریەکانی عێراقدا، هەروەها لە ناو کوردە دوورخراوەکانیشدا کەسانی رۆشنبیر و ڕوناکبیری گەورەی کورد هەبوون، جگە لەوەش، تێکەڵبوونی ڕۆشنبیران و ڕووناکبیران و نوسەرانی کورد، لە کۆتایی حەفتاکان تاوەکو کۆتایی نەوەدەکان و تا ئێستاش، ئامادەییەکی بەرچاویان لە مەیدانی ڕۆشنبیری عێراقیدا هەبووە، تەنانەت لە زانکۆ و ناوەندە باڵاکانیشدا، ئامادەیی و کاریگەرییان هەبووە، و لە کۆڕ و کۆبوونەوە و زانکۆکانی باشووری عێراقدا و بڕوانامەی بەرزیان لەو زانکۆیانەدا بەدەست هێناوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم ئامادەیی و کاریگەرییەی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و نوسەرە کوردەکانی باشووری عێراقدا، ئێمە هەواڵێکمان لەم نوسەرە نییە و نەبووە. لە ڕاستیدا فوئاد توکرلی، هاوڕێ لەگەڵ (عبد الملک نوری و محمد خضير) و چەندانی تردا، دەبنە دامەزرێنەری ڕەوتی نوێی چیرۆکی عێراقی.

 

 "تفێک بۆ ناوچاوی ژیان"، ڕۆمانێکی ناوازەیە، هەرچەندە نوسەر لە پێشەکی ڕۆمانەکەدا، بەهۆی دواکەوتنی چاپەکەیەوە تا ساڵی ٢٠٠١ ، هەر بە شاراوەیی دەمێنێتەوە. فوئاد توکرلی ئەم ڕۆمانە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا دەنوسێت، ئەو کاتەی هێشتا لە قۆناغی سێی خوێندنی یاسادا دەبێت. هەر لە پێشەکی ڕۆمانەکەدا دەنوسێت :" ئەم ڕۆمانە دەقێکی نەفرەتلێکراوە، نەفرەتێکی پیرۆز"، لەبەر ئەوەی هاواری شەمشونی لە خۆیدا هەڵگرتووە "خودایە، نەفرەت بۆ سەر من و دوژمنەکانیشم". نەفرەتی گەورەی ئەم ڕۆمانە، بۆ ڕوداوەکانی ناوی دەگەڕێتەوە، ڕووداوێک کە بۆ ئەو کاتەی کۆمەڵگەی عێراقی لە کۆتایی چلەکاندا، تابۆیەکی ترسناک بووە.

باوەڕ دەکەم، هاوڕێ لەگەڵ "قەسیدە ڕووتەکانی" شاعیر حسێن مەرداندا، دوو گەورەترین تابۆی ئەدەبیاتی عێراقی بن تا ئێستاش. "من نەمدەویست وەکو حسێن، شەش مانگ زیندانی بکرێم، و هەر لەو تەمەنە کەمەدا، ڕێم بکەوێتە ناو هۆڵەکانی دادگا و موحاکەمە بکرێم، ناچار دەقەکەم شاردەوە و بڵاوم نەکردەوە"، نەفرەتی ئەم دەقە لێرەوە دێت، چونکە لە هەمان کاتدا، هۆڵەکانی دادگا سەرقاڵی دادگایی کردنی حسێن مەردان و قەسیدە ڕووتەکانی بوون. ڕوداوەکانی ڕۆمانی "تفێک بۆ ناوچاوی ژیان"، گێڕانەوەی ڕوداوەکانی ژیانی باوکێکی خانەنشینە، باوکێک کە یاریدەدەری ئەفسەری پۆلیس دەبێت لە شاری بەغداد، و خاوەنی سێ کچە بە ناوەکانی (ساجدە، سەبیحە، فاتمە)، لەگەڵ "ژنێکی قەڵەوی ناشیرین، خوێنتاڵ، کە بۆنی لە بۆنی کەلاک دەچێت". گێڕانەوەی ڕۆمانەکە زیاتر لە یادەوەری ئەم باوکە دەچێت، دەربارەی دۆخی خێزان و کچەکانی، بە تایبەتی لە ڕووی زمانی گێڕانەوەوە، دەرچوونی لە دیواربەندی ڕۆمانی کلاسیکی عێراقی و گێڕانەوە بە زمانی یەکەمی تاک. بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ نیو سەدە دوا دەکەوێت، دواجار نوسەر بڕیار دەدات لە ساڵی ٢٠٠٠ دا بڵاوی بکاتەوە.

 

 

تابۆی ڕۆمانەکە پەیوندی سێکسی قەدەغەکراو (زنا المحارم) ، ە، واتە بڕینی هێڵە سوورەکان، و یاخی بوونە لە پیرۆزییە کۆمەڵایەتییەکان، بە کورتییەکەی هەوڵێکی زۆر بوێر و جەریئانەیە لە ڕۆمانی عێراقی و تەنانەت عەرەبیشدا لەو سەردەمە مێژووییەدا. نوسەر دەڵێت :" بوێریی تەواوم نەبوو ڕۆمانەکە بڵاو بکەمەوە، لە حەیا چوون و هەمان چارەنوسی حسێن مەردان دەترسام". ڕۆمانەکە ڕۆچوونە بەناو پاڵنەرە دەروونییەکانی ئەم باوکەدا، لە هەستە حەرامکراوەکان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان.

سەرەتا ئەم یاریدەدەرە خانەنشینکراوە، بەرتیل لە خەڵک وەردەگرێت، بۆ ئەوەی تاوانباری سەرەکی ڕزگاری ببێت و کەسێکی بێ تاوان سزاکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت. بەڵام هێشتا بەم شێوەیەش ناتوانێ بەر بەو لێشاوی حەزە سێکسییە بکات کە بەرامبەر فاتیمەی کچی خۆی هەیەتی. دەیەوێ بە دزییەوە پەیوەندی خۆشەویستی و سێکسیی لەگەڵدا ببەستێت. ئەم باوکە بێز لە ژنەکەی خۆی دەکاتەوە، بە قێزەون و بۆگەن ناوی دەبات، کە ناتوانێ بەرگەی بۆنی ناخۆشی بگرێت. لێرەوە ئێمە لەبەردەم پیاوێکداین کە نەبوونی پەیوەندی سێکسیی گونجاو لەگەڵ ژنەکەیدا، ناچارە چاو لە یەکێک لە کچەکانی ببڕێت و بیەوێت ئەم کەموکورتییە پڕ بکاتەوە. بەشێکی زۆری ڕۆمانەکە تەرخان کراوە بۆ وەسفی فاتیمە لە ماڵدا، هاتوچۆ و لەنجە و لار و نازکردنی. خەوتن و هەستانی، نان خواردن و قاپ شۆرین و زۆر شتی تری فاتیمە، تەنانەت ئەم باوکە دەگاتە ئەو دۆخەی کچەکەی خۆی بە شاژن بشوبهێنێت، بە ئاسمان، بە خودا. لە هەمان کاتدا ئەم باوکە ئازادییەکی لە ڕادەبەدەری داوە بە فاتیمە و ساجیدە، هیچ پرسیارێک ناکات کە کچەکانی بۆچی دوای نیوەی شەو دەگەڕێنەوە ماڵ، بۆچی پەیوەندی لەگەڵ گەنجانی گەڕەکدا دەبەستن، بۆچی لەگەڵ پیاوانی تری نەناسراودا، لەناو ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکاندا دەیانبیبێت، وەک ئەوەی ئەم پیاوە لە ماڵدا نەبێت. ئەم پیاوە بە بێدەنگ سەیری کچەکانی دەکات خۆیان دەگۆڕن، خۆیان جوان و ئارایشت دەکەن، خۆیان دەڕازێننەوە و دەڕۆنە دەرەوە تا دوای نیوەشەو، پرسیار ناکات و تەنها ئاگرێکی بە کڵپەی ناخسوتێن، هەڵیدەقرچێنێت، ئاگری حەزێکی سێکسی قەدەغە و تابۆکراو. گێڕەوە بۆ رەوایەتی دان بەم کردارە نەشیاو و لادانە کۆمەڵایەتییە، بیری ئەو کاتەوە دەکاتەوە کە لە ناوچەیەکی شاری هەولێر ئەفسەر دەبێت، و کەیسێکی یاسایی دێتە بەردەستی، پیاوێک زاواکەی خۆی دەکوژێت، لەبەر ئەوەی ڕازی نابێت لەگەڵ کچەکەی خۆیدا پەیوەندی سێکسی ببەستێت. ئەم باوکەی ناو ڕۆمانی تفێک بۆ ناوچاوی ژیان، ناچار پەنا دەباتە بەر ماڵی سۆزانییەکان، بەڵام لەوێ هیچ حەزێکی سێکسیی نابێت و هەستی پێ ناکات. دواجار بەر ڕوداوێکی ترسناک دەکەوین لە ڕۆمانەکەدا، ئەوەش باوکەکە لەگەڵ فاتیمە و ساجیدەدا، بڕیار دەدەن بڕۆن بۆ سینەما. لەوێ فاتیمە لە تەنیشت باوکیدا دادەنیشێت، ئەم دانیشتنە و نزیک بوونەوە، دەگاتە ئەوەی شانیان بەر یەک بکەوێت و ساتێک ئاوا بمێننەوە، لێرەوە ئیتر ئاگری لادانە سێکسییەکە زیاتر ناخی باوکەکە دەسوتێنێت، لە میانەی سەیرکردن و تێڕامانی گەنجەکان و لە دیالۆگێکی ترسناکدا، فاتیمە دەڵێت "ئێستا لەوانەیە وا گومان ببەن من ژنی ئەم پیاوە بم". ئەم دیالۆگە زیاتر ئاگرەکە گەش دەکاتەوە لە ناخی ئەم پیاوەدا.ئەم دیالۆگە نەفرەتلێکراوە، هێندەی تر هەستی لادانەکە لە ناخی ئەم پیاوەدا تۆخ دەکاتەوە. ئیتر کە دەگەنەوە بە ماڵ، ئەم پیاوە چیتر بەرگەی ئاگری شەهوەت و خۆشەویستی خۆی ناگرێت، لە درەنگانی شەودا هەڵدەکوتێتە سەر فاتیمەی کچی و دەیەوێت بە زۆر پەیوەندییە سێکسییەکە ئەنجام بدات، دۆخێکی شێت بوونی تەواوەتییە کە پیاوەکە هۆشی خۆی لەدەست دەدات. هەرچەندە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی کچەکەی ملکەچ بکات، بەڵام فاتیمە بە توندی بەرگری لێ دەکات، هاوار دەکات و دەقیژێنێت، دواجار لێرەدا پیاوەکە دەست دەخاتە قوڕگی فاتیمە و دەیخنکێنێت. کچەکانی تری باوکیان دەبینن، شێتێک دەبینن، دەقیژێنن و ڕادەکەن، ماڵەکە دەخرۆشێت، بەڵام باوکەکە وەک ئەوەی دواجار دڵی ئاسودە بووبێت، دادەنیشێت و سەیری ئەنجامی تاوانەکەی دەکات، گوێ دەگرێت، و دەنگی هۆڕنی پۆلیس دێت، چاوەڕێ دەکات بگەن، و بیبەن بۆ زیندان

. ماوەتەوە بڵێین گرنگیی ئەم ڕۆمانە لەو کاتەدا، بوێرییەکی سەیری ئەم نوسەرە لاوەیە، دەست بردن بۆ تابۆ و حەرامکراوەکان، لە هەموو ئەدەبیاتی جیهانیدا، خۆ خستنە بەر مەترسی نەفرەت و فەرامۆشکردنە. بە تایبەتی لە کۆمەڵگەیەکی پڕ ململانێی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوکات و ئێستای کۆمەڵگەی عێراقیدا. دواجار فوئاد توکرلی دەبێتە یەکێک لە ناوە دیار و کارەکتەرە کاریگەرەکانی ئەدەبیاتی عێراقی لەو ساڵانەوە تاوەکو مردنی لە ساڵی ٢٠٠٨ دا . فوئاد دواتر بە ڕۆمانەکانی "الوجه الآخر ، المسرات و الاوجاع، الرجع البعید" و زۆری تریش، جێگەیەکی شیاو و پرشنگدار لە ئەدەبیاتی عێراقی و عەرەبیدا، بۆ خۆی دەگرێت.


ئەم بابەتە 402 جار خوێندراوەتەوە