241650495_869294500629344_7299864994367875902_n.jpg

گه‌شتی تۆلستۆی له‌ژیانێكی خۆشه‌وه‌بۆ مه‌رگ

باز ئەحمەد

 

 

له‌ وێستگه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ سه‌ر پێخه‌فێكی سارد و له‌ ماڵێكی بچووكی ناو وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر، پیاوێكی به‌ ته‌مه‌ن و نه‌خۆش دوا ساته‌كانی ته‌مه‌نی به‌ڕێ كرد و سه‌ری نایه‌وه‌، دوای مه‌رگیشی هه‌مووان بوون به‌ شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و و بیر و بۆچوون و په‌رتووك و باوه‌ڕه‌كانی له‌ جیهان ده‌نگی دایه‌وه‌، ئه‌مه‌ كۆتایی گه‌شتی )لیو تۆلستۆیه(‌ كه‌ به‌ شێتی و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك ده‌ستی پێكرد و به‌ ته‌نیاییش سه‌ری نایه‌وه‌. تۆلستۆی هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخان كرد بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی كه‌ ئێمه‌ بۆچی ده‌ژین و ژیان چییه‌، هه‌موو هزر و باوه‌ڕی خۆی بۆ گه‌یشتن به‌و وه‌ڵامه‌ فه‌لسه‌فیانه‌ ته‌رخان كرد، هه‌رچه‌ند ئه‌و به‌ دوای وه‌ڵامی پرسیاره‌كان له‌ ژیان ده‌گه‌ڕا، به‌ڵام خۆیشی هه‌میشه‌ پیاوێكی هه‌ژار و بێ لانه‌ و جێ بوو، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ نه‌یانتوانی كۆڵی پێ بده‌ن و ئه‌و به‌رده‌وام له‌ ڕێگاكه‌ی و به‌رده‌وام بۆچوونی جوانتر و به‌رهه‌می زیاتری پێشكه‌ش ده‌كرد و وردتر ده‌هزری و زیاتر ئه‌لته‌رناتیڤ و وه‌ڵامی بۆ پرسیاره‌ فه‌لسه‌فییه‌كان ده‌دۆزییه‌وه‌.

ئه‌و بیرمه‌نده‌ له‌ كۆتایی گه‌یشته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ مه‌رگ باشتره‌ له‌ ژیان، ژیانی به‌ ماوه‌یه‌كی كاتی پووچ ناوبرد و به‌ جۆرێك له‌ خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن له‌ ژیانی ده‌ڕوانی، بۆیه‌ سووربوو له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ مه‌رگ له‌ ژیان باشتره‌، ئه‌و له‌ دوای خۆی شتانێكی به‌جێ نه‌هێشت بۆ ئارامی و پشوودان، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌و تێكستانه‌ی به‌جێی هێشت، جۆره‌ها پرسیار له‌ دوای خۆیان دروست ده‌كه‌ن، بۆیه‌ زۆرتر هانی مرۆڤ ده‌دا بیر بكاته‌وه‌ و ڕابمێنێت

. تۆڵستۆی له‌ شه‌وی ساردی ئه‌یلوول سێپتێمبه‌ری 1828 هاته‌ دنیاوه‌، به‌ر له‌وه‌ی ته‌مه‌نی بگاته‌ دوو ساڵ، دایكی كۆچی دوایی كرد و ته‌واوی ته‌مه‌نی ئه‌و به‌ دوای ڕووخساری دایكی ده‌گه‌ڕا، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ وێنه‌ و خه‌یاڵیش بێ ته‌نیا بیبینێت. هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ستی بوو چه‌ند وێنه‌یه‌كی شێواو و ناڕوونی دایكی بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌سف و پێناسانه‌ی خوشك و برا و باوكی بۆیان ده‌گێڕایه‌وه‌. دایكی ناوی ماریا فولكوتسكی و باوكیشی نیكۆلای تۆلستۆی بوو، باوكی پیاوی سوپا بوو و له‌ چاپخانه‌ی سه‌ربازگه‌یه‌ك كاری ده‌كرد. بوونی باوكی له‌ كاری چاپكردن و تێكه‌ڵی له‌گه‌ڵ دنیای نووسین و چاپكردن كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر تۆلستۆی هه‌بوو، به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ئه‌و وێنه‌ی جۆراوجۆری چاپ ده‌كرد و بۆ منداڵه‌كه‌ی ده‌هێنایه‌وه‌ تا لێی بڕوانێت و یاریی پێ بكات. ئه‌و له‌ ماڵی داپیره‌ی ده‌ژیا و باوكیشی به‌رده‌وام خه‌ریكی كار بوو، ژیانێكی ته‌نیا و دوور له‌ سۆزی دایكایه‌تی به‌ڕێ كرد. ماڵه‌كه‌یان گه‌وره‌ و فره‌وان بوو و هه‌موو ڕۆژه‌كانی ساڵ بێ میوان و سه‌ردانكه‌ری دۆست و خزم و كه‌سانی خۆیان نه‌بوو، بۆیه‌ به‌ به‌رده‌وامی تاتیانای پووری له‌وێ ده‌مایه‌وه‌ و خزمه‌تی تۆلستۆی ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ زۆرترین وێنه‌ له‌ هزری تۆلستۆی له‌باره‌ی دایكی دروست بوو بێ، لێكچوون و تێكه‌ڵكردنی بوو له‌گه‌ڵ تاتیانای پووری. دوای گه‌وره‌بوونی له‌گه‌ڵ باوكی ده‌ڕۆیشته‌ كار و له‌ سه‌ربازگه‌كه‌ كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لێ بوو 20 هه‌زار كتێبی به‌ زمانی جیا جیا تێدا بوو، باوكی دوای ئه‌وه‌ی فێری نووسین و خوێندنه‌وه‌ی كرد، هانیدا تا لێكدانه‌وه‌ی هۆزان و بۆچوونه‌كانی) ئه‌لیكسانده‌ر پوشكین( بخوێنێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌و كتێبه‌ شه‌و و ڕۆژ له‌یادی نه‌ده‌چوو و به‌رده‌وام ده‌چووه‌ كتێبخانه‌كه‌وه‌. له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ویلایه‌تی سانت ڤلادیمێر به‌ره‌و مۆسكۆ كۆچیان كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوشك و براكانی پێویستیان به‌وه‌ بوو له‌ زانكۆ و خوێندنی باڵا بخوێنن و قوتابخانه‌ و خوێندگاكانی ناوچه‌كه‌ی خۆیان ته‌واو كردبوو، له‌ هاوینی 1837 باوكیشی كۆچی دوایی كرد، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ گه‌وره‌ترین بۆشایی له‌ ژیانی دروست بوو و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و خه‌م و كۆڤانه‌ له‌ دڵی دانه‌مركایه‌وه‌ تا كۆچی دواییشی كرد. له‌ ته‌مه‌نی 16 ساڵی پێوه‌ندی به‌ زانكۆی كازان كرد و بواری لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی ڕۆژهه‌ڵاتی هه‌ڵبژارد و به سه‌ركه‌وتوویی زانكۆی بۆ ته‌واو نه‌كرا، دواتر به‌ره‌و خوێندنی یاسا ڕۆیشت و ده‌ستی پێ كرد، به‌ڵام دوای سێ ساڵ دووباره‌ زانكۆی به‌جێ هێشت، به‌ڵام له‌ هه‌مان كات فێری زمانی تر بوو و زانیاری زۆری له‌سه‌ر گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵات دروست كرد و گه‌ڕایه‌وه‌ زێدی ڕه‌سه‌نی خۆی و موڵكی خانه‌واده‌كه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام ئه‌وه‌ زۆر بێزاری ده‌كرد، بۆیه‌ وازی له‌ هه‌مووی هێنا و له‌ نێوان مۆسكۆ و سانپترسبۆرگ هاتوچۆی ده‌كرد و ئاڵووده‌ی قوماركردن بوو و كه‌وته‌ ژێر قه‌رزێكی زۆر بۆیه‌ ته‌واوی سامانی خانه‌واده‌كه‌ی له‌ ده‌ست دا. دواتر له‌گه‌ڵ مامی كه‌ ئه‌فسه‌رێكی سوپای ڕووسیا بوو، وه‌ك سه‌رباز به‌ره‌و دوورترین خاڵی باشووری ڕووسیا ڕۆیشت و له‌ چیاكانی قه‌وقاز بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌ربازێكی بوێر بوو، به‌ڵام دووباره‌ ڕایكرد و وازی له‌ سه‌ربازی هێنا و گه‌ڕایه‌وه‌ و ده‌ستی به‌ نووسین و یاداشتكردنی ژیان و بیركردنه‌وه‌ و بۆچوونه‌كانی كرد. گرنگترین به‌رهه‌مه‌كانی بریتیه‌ له‌ رۆمانی جه‌نگ و ئاشتی، ئانا كارنینا و چه‌ندان به‌رهه‌می تر، پاش گه‌یشتن به‌ كۆتایی هیواكان، چه‌ندان جار هه‌وڵی خۆكوشتنی دا، به‌ڵام دواتر له‌ ماڵه‌ بچووكه‌كه‌ی له‌ وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ پێخه‌فێكی سارد به‌ ته‌نیا سه‌ری نایه‌وه‌

 

 


ئەم بابەتە 142 جار خوێندراوەتەوە