images.jpeg

ئەو خوایەی لەئەمریكایە، لەخواكەی ئێوە ناچێت!!

نەسرین عیسا


شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی

 


جارێكیان لەگەشتێكدا بووم لەنێوخۆی وڵاتە یەكگرتووەكان. هەر هێندەی فڕۆکەكە گەیشتە ئاستێكی بەرز، سەرم نا بەپەنجەرەكەوە، تا سەیری خوارەوە بكەم. دیمەنەكەم بەڕونی لەبەرچاوبوو، دەمبینی چۆن شتەكان و شوێنەكان وەك پارچەی (لیگۆ)، شانبەشانی یەك وەستاون. هەر لەخانوو ‌و ئۆتۆمۆبێلەوە، تاشەقام و دەریاچەكان. تابەرزتریش بوینایەتەوە، هەموو شتەكان بچوكتردەبوونەوە.
پەنجەم بەشوشەی پەنجەرەكەدا دەهێناو ئەندێشەی ئەوەم دەكرد كەهەر بەڕاستی یاری بەزەوی و بەهەموو شتەكانی ناوی دەكەم. بیرم لەو هەموو وردەكاریانەو لەحاڵی خۆم دەكردەوە، تالەپڕێكدا دەنگێك لەناوەوەمدا ڕایچڵەكاندم و پێی وتم: (تۆ لەنێو ئەم گەردونەدا، تەنها پنتێكی بچوكی).
ئامانج لەمن وەك (خاڵێك)، لەنێو ئەم وێنە سەراپاگیرەدا دەبێت چی بێت؟ ئەی پەیوەندیم بەخودای تەبارەك و تەعالاوە دەبێت چۆن بێت، سەروەختێك تەنها وەك پنتێكی بچوك دەمبینێ‌؟ ئایا من وەك نوقتەیەك، كاریگەری لەسەر خودا جێدەهێڵم؟ یاخود خودا بەگەورەیی خۆی، حیساب بۆمن دەكات كەهیچ نیم و كارم تێدەكات؟
ئاخۆ ئەمە وام لێدەكات هەست بەئازادی بكەم، یان ترس و گۆشەگیری بەسەرمدا زاڵ دەبن؟ ئەوە هەستی لەخۆباییبوونم دەداتێ‌، یاخود سادەی و خاكی بوون؟ دەمترسێنێ،‌ یان دڵنیایم پێدەبەخشێت؟
بەكورتیەكەی دەبێت هەست بەچی بكەم و ئایا هەستكردن لێرەدا، دەرگیری شوێنەو پەیوەستە بەشوێنەوە؟
شانزە ساڵی سەرەتای تەمەنم، لەوڵاتێكی عەرەبیدا بردەسەرو چەمكی یەزدانیش لەوماوەیەدا، لەچوارچێوەیەكی دیاریكراودا خرابووە مێشكمەوە. من مرۆڤێكم لەشوێنێكدا هەم و گوێبیستی ئەو ئامۆژگارییە ئایینیانە دەبم كەكارم تێدەكەن و لەمێشكمدا دەچەسپێن و پێم دەڵێن (ئێمە تەنها بۆ بیركردنەوەو خوداپەرستی دروستكراوین).
پێویستە مۆراڵیانە ڕەفتار بكەم، چونكە من موسڵمانم. لەگوناه و هەڵە دووردەكەومەوە، لەبەرئەوەی موسڵمانم. گوێڕایەڵی دایك و باوکم بم، چونكە ئایینەكەم فەرمانی ئەوەم پێدەكات. ئیدی بەم چەشنە هەرچی هەبوو نەبوو، پەیوەستبوو بەئایینەوە. ئەوەش گەورەترین هەڵەیەكبوو كەكاتێك هاتمە ئەمریكا هەستمپێكرد.
پەروەردەبوون بەپەروەردەیەكی سەرومڕ ئیسلامیانە، نەدەمانكات بەپێغەمبەر و نەبەئەولیاو نەبەكەسانێك كەقەرەی گوناه و تاوان نەكەون. ڕەنگە پەروەردەی ئیسلامی بمكاتە ئامێرێكی چاكی وا، تازۆر بەئاسانی خراپ بەكاربهێنرێت.
دەی كەوابێ‌ بنەمای ڕاست و دروست بۆ پەروەردە چییە؟
لێرەدا هەندێ‌ شتی ناكۆك و پێچەوانە باس دەكەم. كچێكی هاوڕێم مەسیحیەو جلوبەرگی كورت لەبەر ناكات، لەبەرئەوەی شەرم دەكات. ئەمە لەكاتێكدا كچە موسڵمانەكەی هاوڕێم دوای جیابونەوەی دایك و باوكی، بەرەو بێباوەڕی ملی ناو دەڵێت: (ئێستا ئازادبووم). هەرچەندە لەقوتابخانەی ئیسلامیش خوێندویەتی. هاوڕێیەكی كوڕیشم هەیە ئەتایستە (لەبەر خۆشەویستیان) بێگوێی دایك و باوكی ناكات، هەرچەندە ئایەتی (وبالوالدین أحسانا‌)شی نەبیستووە.
ژنە بەڕێوەبەرێكی عەرەب، دەرفەتی ئەوە دەقۆزێتەوە ژنە فەرمانبەرێكی عەرەبی بەردەستی باری لارەو پێویستی بەئیشەكەیەتی، دەچێت چەكەكەی بەنوقسانی بۆ دەنێرێ‌، كەچی بەڕێوەبەرێكی ژنی ئەمریكی چەكەكەی وەك خۆی و وەك چۆن لەسەری ڕێكەوتون، بۆ دەنێرێت و هەردووكیشیان لەهەمان شوێندا كاردەكەن.
گەنجێكی ئەمریكای دێت و بەفەرمی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا دەكات، ئەگەرچی كچەكەش دوچاری شێرپەنجە بووە. كەچی لەولاوە گەنجێكی عەرەب دێت و بۆخاتری وەرگرتنی ڕەگەزنامە، هاوسەرگیری لەگەڵ خانمێكی ئەمریكیدا دەكات و پاشان لێی جیادەبێەوە. بێئەوەی گوێ‌ بەوەبدات كەئەو خانمە مرۆڤەو هەستی هەیە.
ئەوانە هۆكارەكانی چین و بۆ وایە؟ تۆ بڵێی هی ئەوەبێت كەخودای ئەمریكا، جیاواز بێت لەو خودایەی لەوڵاتانی عەرەبیدایە؟ هەر بۆیە كاتێكیش دێن بۆ ئەمریكا، خواكەی خۆیان دێنن و بەو نامۆراڵیە ئایینیەی خۆشیان، هەڵسوكەوت دەكەن.
من لێرە زۆر هەڵسوكەوتم لەگەڵ عەرەب و لەگەڵ خەڵكی دیكەدا كردووەو جیاوازیەكی زۆرم بینیوووە لەنێوانیاندا. ئەویان لەهەمووشتێكدا چاو برسیانەو بەهەڵپەوە ڕەفتار دەكات و ئەوانی دیش (نامەوێت بەشان و باڵیاندا هەڵبدەم)، هەرئەوەندە دەڵێم كەخودا لەناخ و دڵیاندایە.
ئێوە خۆتان دەخەنە ناڕەحەتی و باری سەرشانی خۆتان قورس دەكەن و وادەزانن خوا لەخۆتان ڕازی دەكەن، لەكاتێكدا ڕەزامەندی و بەزەیی هاتنەوەی خودا بەنەتەوەیەكەدا، لەبەر ڕەفتار جوانیانە، نەك لەبەر ئەوەبێت بەچاكی خواپەرستی دەكەن.
سەر بەهەر وڵاتێكی عەرەبیدا دەكەم، دزیم لێدەكرێت و گێچەڵم پێدەكەن و لەفەرمانگە حكومیەكاندا بێ‌ ڕێزیم بەرامبەر دەكەن و دوای ئەوانەش دەپرسین، خودایە ئەم هەموو سەختگیریە لەپای چی؟!
لەوڵاتێكی عەرەبیدا بۆ كارێكی حكومی (هەر زۆر ئاسان و ئاسایی)، ئەمسەرەو سەری دنیام كردو چەندین ڕۆژ و هەفتەی خایاندو وڵاتەكەم بەجێهێشت و كارەكەم هەر تەواونەبوو، كەچی لەوڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەماوەی دوو ڕۆژدا پاسپۆرتی ئەمریكیم دەركرد. بەپۆستدا داواكەم ناردو دوای دوو ڕۆژ هەر بەپۆستدا، پاسپۆرتەكەم وەرگرتەوە.
دوای ئەو هەموو ماجەرایە، كابرا دێت چەپڵە بۆ حكومەتی وڵاتەكەی دەكوتێت (كەخستویەتیە سەرساجی عەلی و گۆشتی خواردووەو خوێنی مژیووە) و دەست بۆ ئاسمان بەرز دەكاتەوەو نزا دەكات و دەڵێت: (خوایە بۆ خاتری گەورەیی خۆت، ئەمریكا تەفر و توناكەیت). بەردەوام دەست بەدەس نوێژو تابەرەبەیان خەریكی شەونوێژ بیت و دوعای شەڕ لەوڵاتێك بكەیت پڕ خێرو بێرو شتی باشەبێت، لێت وەرناگیرێت و دەستی لێبخەرە ژورسەرت.
سەرم لەفەرمانڕەوایانی ستەمكار سووڕ نامێنێ‌ و زوڵم و ناهەقیان بەسەیر نازانم، مادامەكی هاوڵاتیانیان سەر شۆڕ و دەرهەق بەیەك شەڕانگێز و داخ لەدڵ بن. پێشبینی ماڵوێرانی گەورەتر دەكەم، مادامەكی خەڵك و خوا سەرقاڵی ئەوەن، ڕقیان لەیەکتری بێت و یەكدی ببوغزێنن.
لەبەرامبەر ئەوانەدا هیواخوازم، خەڵك ئەو خودایە بپەرستن كەمن لەئەمریكا بینیم. خودای سۆز و بەزەیی، نەك خودای دڵڕەق و خۆسەپێنەر. خودای خۆشەویستی، نەك خودای شەڕ. خودای دڵان، نەك خودای گوناهەكان.
وەك چۆن لەناو مزگەوتەكاندا دەیپەرستن، لەدەرەوەشدا هەروا بكەن. چۆنتان پێ‌ خۆشە وەها ڕوی تێبكەن و بیپەرستن، بەچ جۆرێك ڕوتان تێكرد، هەر بەوجۆرە دەیدۆزنەوە.


ئەم بابەتە 75 جار خوێندراوەتەوە