242301998_3032747266973258_6476112532226416556_n.jpg

نێراندنی خۆپیشاندانەکان و ئاگۆرافۆبیای مێیینەکان

پێشەکی


لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا، کەم چەمک هەیە هێندەی ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندان ڕەگەزێندرابێت، بەو مانایەی کە هاتنە سەر شەقام پتر کردە و ئاکتێکی پیاوانە بووە و هەژموونی نێر تیایدا و بەسەریدا زاڵبووە. نێرینە یان پیاو تاکە داخوازیکاری گۆڕانکاریەکان بووە، تەنها و تەنها ئەو خواستی هەبووە بۆ گۆڕینی دۆخەکان، وروژاندن یان قڵپکردنەوەی مۆدێلێکی جێگیر و نەخوازراوی سیاسی. مێینە لە مارش و هەژان و هاتنە سەر شەقامەکاندا ئامادەییان نەبووە، پتر لە ڕیزی دواوەی خۆپیشاندانەکاندا بوون و فیگەرێک بوون پاسیڤ.، ئەگەرچی لای شاعیرێکی وەک (پیرەمێرد) پتر وەک ئارایشتێک بۆ ڕازاندنەوە، دنەدان و ترشوخوێکردنی کردەکە بەکارهاتوون، لێ بۆ ئەو خۆیشی شۆک بووە و مەحاڵە کە ژن توانیبێتی ئاوەها بێتە سەر شەقام. شیکارکردنی کۆپلە بەناوبانگەکەی ئەو، ئەوەمان پێ دەڵێت کە هاتنی ژن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی راستەوخۆ، جۆرێکە لە مەحاڵ، چەشنێک نمونەی دەگمەن و بێوێنەیە لە مێژوودا کە بۆ یەکەمجارە ڕووبدات. سەرباری کۆپلە ڕەونەقدارەکەی پیرەمێرد بۆ ستایشی ژن، ئامادەبوونی و هەژموونی سینەی وەک قەڵغانی گوللە لە هەڵمەتدا، وەک ئەوەی لە کولتوری ئێمەدا بووە بە گۆرانیەکی میللی-نیشتمانی و (حەسەن زیرەک) بەردەوام لە جەژنی نەورۆزدا بیرمانی دەخاتەوە، کەچی هەر دوو پاڵەوانە ئارەزووکراوە مێژووییە تراژیدیەکەی ئەو خۆپیشاندانە نێرن: (عەولە سیس) و (قالەی ئایشەخان) وەک دوو پاڵەوانی نێرینە و جەربەزەی بەناوبانگترین خۆپیشاندانی سیاسی کوردی باشور لە مێژووی مۆدێرنی خۆیدا کە لە یادەوەریدا مابێتەوە، مەبەست لە خۆپیشاندانەکەی بەر دەرکی سەرای سلێمانیە لە 6 ی ئەیلولی  1930دا دژ بە ئینگلیزی ئیستیعمار و رژێمی عێراق. ئەو ڕووداوە مێژووییە بەجۆرێک دەنگی داوەتەوە و بۆتە ئیدیاڵ و کردارێکی چاولێکراو کە تەنانەت شاعیرێکی وەک (گۆران) یش لە دەقە بەناوبانگەکەیدا بەناونیشانی (قالە مرد)، پیایدا هەڵداوە و گریاننامەیەکی بۆ نووسیوە.
یەکێکی تر لە نمونە کلاسیکیەکانی بوونی پیاو بە پێشڕەوی خۆپیشاندانەکان، پاڵەوانە سەرەکیەکەی ڕۆمانی (ژانی گەل) ی ئیبراهیم ئەحمەدە بە ناوی (جوامێر) کە هەر خودی ناوەکەی هێمایە بۆ پیاوەتی و ئازایەتی. لەو کارە ئەدەبیەی ئەودا کە ساڵی 1956 نووسراوە و کاردانەوەیەکە دژ بە هەژموونی ئیستیعمار، (جوامێر) بێمەبەست و بە شێوەیەکی خۆوەکیانە دەبێتە ڕابەری خۆپیشاندانەکە )وەک سیمبولێک بۆ فەزای گشتی)، لەکاتێکدا ژنەکەی لەماڵەوە (ماڵ وەک فەزایەکی تایبەتی) بەدەست ژانی مناڵبوونەوە دەناڵێنێت. هەر هەمان رۆمان لە تازەترین نیشاندانەوەیدا وەک فیلم کە (جەمیل رۆستەمی) بەنزیکەی زیاتر لە نیوسەدە لە بڵاوبوونەوەی تێکستەکە (2007) دەریهێناوە و ستایشێکی زۆر کراوە، تیایدا نەک نەتوانراوە ئەم سترەکتورە نێرسالارانەیە بشاردرێتەوە، بەڵکە ساتی بەریەککەوتن و یەکاڵابوونەوەکان بارگاوین بە بەهای نێرانە. لە تەواوی وێنە و گرتە خوێنگەرم و حەماسیەکاندا بۆ گۆرانکاری، هەژموونی پیاو بەسەر فەزای گشتیدا وەک هێمایەک بۆ کردەی سیاسی، زۆر بە ئاسانی دەبینرێن. خودی گوتاربێژی خۆپیشاندانەکە لەسەر شانۆکە و تەنانەت ئەو جەماوەرەی چواردەوریشی هەر پیاون، چەپڵەلێدەر و هوتافکێشەکان بە زۆری پیاون. ئەوە پیاوانن کە لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندانەکەدان و زۆرترین ڕوبەری جوگرافییان داگیرکردووە. ژنەکان کە بە ژمارە زۆر کەمن و لە دوو گرتەی کورتدا وەک دایک دەردەکەون، بێدەنگ و بێ چەپڵەلێدان یا سەندنەوەی هوتافەکان، بە عەبا ڕەشەکانی بەریانەوە، وەک تەنێکی سارد و ڕەقی بێ جوڵە، بەتەنها چەند دروشمێکیان هەڵگرتووە و کەوتوونەتە پەناوپاسار یان ڕیزی دوای دواوەی خۆپیشاندانەکە: خۆپیشاندان وەک ئاکتێکی پێرفۆرمانس (کردەیەکی ڕۆڵگێڕانە).
دیارە ڕاپەڕینی خوێندکارانی زانکۆ لە هەشتاکاندا دژ بە بەعس، خودی ڕاپەڕینی ١٩٩١، یەکەم ڕاپەرین لە دژی بەرەی کوردستانی و ناڕەزاییە یەک لەدوای یەکەکانی تریش کە لە هەناوی ئەزموونی کوردیەوە هەلقوڵاون (کۆمۆنیستەکان بۆ نمونە)، هیچیان بەدەر نین لە هەژموونی نێرسالاری و نائامادەیی ژن وەک بکەرێکی ئەکتیڤ و خاوەن پرس تیایاندا. دوا ئەزموونی خۆپیشاندانی جڤاتیانەیشمان سەرای ئازادی بوو کە هەموومان بینیمان رێژەی بەشداریکردنی مێیینە تیایدا لە هیچ کەمتر بوو.
ئەو چەند نمونەیە لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا، زۆر سانا بۆمان دەسەلمێنن کە لە تەواوی خۆدیارخستن و پرۆتێستۆکاندا وەک کردەی کۆمەڵایەتی و نیشاندانی ناڕەزایی، مێینە بوونەوەرێکی زیادەیە. هەبوون و نەبوونی هیچ لە قەبارە و بە مەرام گەیشتنی خۆپیشاندانێک ناگۆڕێت و یەکاڵای ناکاتەوە.  
هەر بۆیە پرسیارەکە لای من ئەوەیە کە بۆچی تا ئێستا هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانی ژن نەبووەتە ئاکتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوتۆ کە دەسەڵاتێک ناچار بکات ئاوڕ لە خواست و داواکانی بداتەوە؟! ئایا هۆکاری نەبوونی ژن بە ژمارە و هێزێکی کردەگی دەگەڕێتەوە بۆ گردنەبوونەوەی بڕێکی زۆر لە ژنان وەک یەکەیەکی هاودەنگ و یەکگرتوو تا بتوانن وەک کۆتەنێکی جەستەیی، نمایشی خۆیان بکەن؟ یان ئەوەی کە ژن نەیتوانیوە هاوشێوەی (سەرای ئازادی کە هاوکات و تەریبی تەوژمی ناڕەزایەتیەکانی بەهاری عەرەبی بوو)، فەزایەک بۆ خۆدەرخستن و خودپیادەکردن کە تایبەت بە خۆیان بێت، بخوڵقێنن دەرەنجامی داگیرکردنی ئەو جوگرافیا کۆمەڵایەتی و فەزا گشتیەیە و تاپۆکردنیەتی لەلایەن پیاوەوە لەسەر خۆی؟ ئایا گرفتەکە زیاتر ناگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستیە سانایەی کە ژن وەک جەستە پتر شوێنی ماڵەوەیە، جەستەیەکی مت و بێدەنگ و دیسپلینکراوە؟ تەنانەت ئەو کاتانەیشی کە دەردەکەوێت، بۆ ناتوانێت بە کردە و گوتارەکانی وا لەوانی تر بکات بیبینن و بیبیستن؟ ئایا دەرکەوتنی ژن بە مانا بۆردیۆییەکەی، درێژکراوە و فۆتۆکۆپی ئەو ستراتیژە فێڵاویە نیە کە لە ستراتیژی میدیای مۆدێرن (بەتایبەتی تیڤی) دا بەکاردەهێنرێت: واتە جۆرێک لە خۆدەرخستن بە مەبەستی خۆشاردنەوە، خۆنیشاندان بە مەبەستی خۆونکردن (Pairre Bourdieu 1996).

 


ئامانج لەم توێژینەوەیە


ئامانج لەم توێژینەوەیە نیشاندانی ئەو چەشنە لە فۆبیایە بەرامبەر بە ئاگۆرا (بە مانا گریکیەکەی) کە وەک فەزایەکی گشتیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بۆچوونەکان و داواکردنی مافەکان لە نێوان چین و توێژەکاندا، لەگەڵ یەک جیاوازی بچووکدا: ئەو توێژەی کە من زیاتر لە باسکردنی ئاگۆرافۆبیادا کردوومە بە بابەتی لێکۆڵینەوە بریتیە لە ڕەگەزی مێینە (کچان، ئافرەتان یا ژنان)، هەموو ئەمەیش لەبەر ڕۆشنایی ناڕەزایەتیەکانی دوای ١٧ ی شوبات و دروستکردنی مینبەری ئازاد لە سەرای ئازادیدا وەک درێژکراوەی مینبەرە کلاسیکیەکانی بەهاری عەرەبی لەسەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکدا. پرسیارەکە بۆ من ئەوەیە کە ئایا مێینەکان فۆبیایان هەیە لە بوونی ئاگۆراکان؟ ئایا ئاگۆراکان بە سروشتی خۆیان ڕەگەزێندراون و لەلایەن نێرینەوە قۆرخکراون؟ ئایا ژنان ناتوانن ئاگۆرایەکی تایبەت بە خۆیانیان هەبێت کە بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ تیایدا گفتوگۆبکەن و بیروڕابگۆڕنەوە؟ ئەی داخۆ نێرینەکان هیچ فۆبیایەکیان نیە بەرامبەر بە گردبوونەوە و کۆبوونەوەی ژنان لە ئاگۆرایەکی گریمانەیی مێیینەکاندا؟
بۆ ئەوەی زیاتر لە مەبەستەکەم نزیک ببمەوە و بتوانم شیکارێکی وردی ئەم پێوار و نائامادەبوونەی ژن لە خۆپیشاندانەکاندا بکەم، هەوڵدەدەم لە چوار گۆشەنیگای جیاوازەوە لێی بڕوانم کە پتر وابەستەی تێزەکانی چوار بیریاری جیاوازن، ئەوانیش بریتین لە میشێل فوکو، یورگن هابەرماس، هانا ئارێنت و جودیث باتلەر، پاشان لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێزانەدا لەسەر شیكاركردنی مێنتاڵتی ئه‌و پیاوه خۆپیشانده‌ره‌‌ بوەستم كه ‌چ وێنه‌یه‌كی بۆ ئەگەری بەشداریکردنی ژن له‌پڕۆسه‌ی سیاسیدا (وەک پیلانگێڕ) چنیوە، هەروەها قبوڵکردنیشیان لە فەزای سیاسیدا بە مەرج، مەرجی (بوون بە پاشکۆی پاڵەوان، بە دایک و خوشک و ژنی پاڵەوان)، هەروەها ملکەچی بوو بۆ پرۆسەیەکی بەردەوامی بەدایکبوون و بەرهەمهێنانی نێرینە.
هەر بۆیە لە سەرەتاوە هەوڵدەدەم پێناسەی چەمکی ''ئاگۆرافۆبیا''  - وەک کلیلی سەرەکی توێژینەوەکە - بکەم  تاوەکو ئەو جیاوازیانە نیشانبدەم کە لە نێوان بەکارهێنانەکانیدا هەن، چ وەک زاراوەیەکی فەلسەفی و چ وەک دیاگنۆسێکی کلینیکییانەیش.  

 


بۆچی ئاگۆرافۆبیا؟


زاراوەی ئاگۆرافۆبیا (Agoraphobia)  کە دەکرێت لە زمانی کوردیدا بە (تۆقین لە گۆڕەپانی گشتی) وەریبگێڕین، پتر وا پێناسەدەکرێت کە کاردانەوەیەکی سایکۆلۆژییە (لە فۆرمی دڵەخورپێ، فشار، گرژیی و شڵەژاندا) بەرامبەر بە بارودۆخ و کەشوهەوای دەروونی و کۆمەڵایەتی ئەو ڕووبەر و شوێنانەی کە کراوە و گشتین. مەبەست لە ڕووبەری گشتی ئەو جێگایانەیە و ئامادەگی مرۆڤەکان تیایاندا چڕن و بە زۆری و کەڵەکەبوو، دەبینرێن، بۆ نمونە گۆڕەپانی گشتی و شەقامەکان، بازاڕ و مۆلەکان، دامەزراوە فەرمیەکان، ئاهەنگ و بۆنەکان، بوونی ترافیکی زۆری هاتوچۆ یا هەر جۆرە قەرباڵغی و گردبوونەوەیەک کە برێکی زۆر لە جوگرافیا داگیربکات. وەک زاراوەیەکی زانستییش، لە کایەی توێژینەوەی سایکۆلۆژیدا کە پتر ئەمریکی و ئەوروپیەکان لە دەستنیشانکردنی دۆخی دەروونیدا بەکاریدەهێنن، وا پێناسە دەکرێت کە ئاگۆرافۆبیا وەک ئاماژە بە مانای نەخۆشی و لادانێک، یان ڕاستیەکی گەردوونی بەکارنایەت، بەڵکو ئامن لێی ئەوەیە کە لە ڕێگەی و بە هۆیەوە دیاردەیەکی کولتوری شیبکەینەوە کە هەم لە سیستمی تەندروستیدا خۆی بەرجەستەدەکات و هەم وەک گوتارێکیش پراکتیزە دەکرێت (Lisa and Elinor 1995: 2) .
لە ئەدەبیاتی کلینیکیدا جەختێکی زۆر لەوە دەکرێتەوە کە ئاگۆرافۆبیا، بە پلەی یەکەم دیاردەنەخۆشییەکی تایبەتە بە ڕەگەزی ''مێیینە'' و زۆرجاریش پیاوانی تووشبوو بەم چەشنە فۆبیایە وەک ترسنۆک و شەرمن و هاوشێوەی مێینە ئەژمار دەکرێن. پەیوەستی نێوان ئاگۆرافۆبیا و مێینە بە تەنها پەیوەندی بەوەوە نیە کە ئەم دیاگنۆسە لە ناو ژناندا بەربڵاوترە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە رۆڵە سێکسیەکانی مێینەوە هەیە وەک بوونەوەرێکی بێدەرەتان و شەرمن، کەموکوڕ و پاسڤ کە هەموو ئەمانە بەسەریەکەوە دەبنەوە بە نیشانە و ئاماژەی ئاگۆرافۆبیا، تەنانەت خودی ئەو پیاوانەیشی کە هەڵگری ئەم جۆرە خەسڵەتانەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەرەباڵگی و جەمبوونی خەڵکیدا، وەک مێینە، ترسنۆک، شەرمن و بێدەسەڵات سەیردەکرێن. دیارە بەبێ قسەکردن لەسەر نەمانی دڵنیایی و لەدەستدانی ئارامی لە فەزایەکی کراوەدا، باسکردن لە ئاگۆرافۆبیا بۆ خۆی کارێکی ئەستەمە. بەشە کۆمەڵایەتیەکەی ئاگۆرافۆبیا (واتە فۆبیایەکی کۆمەڵایەتی) بریتیە لە نەمانی دڵنیایی، لەدەستدانی ئارامی و هەستکردن بە هەڕەشە لەدەرەوەی خۆت بۆ سەر ناوەوەی خودی خۆت، جۆرێک لە تێکچوونی ناهاوسەنگی کە کە تیایدا هەستکردن بە ئاساییبوون و سروشتیبوونی ژیان مەحاڵە. ئەدەبیاتی دەروونشیکاریش کە لەلایەن خودی زیگموند فرۆیدەوە لەم بارەیەوە دوواوە، بەناوبانگترینیان دۆخی ''هانزی بچوک'' و تۆقینیەتی لەوەی کە ئەسپێک هەیە لە دەرەوە قەپی پێدا دەکات و ڕەنگە بیگەزێت، هەربۆیە دەخوازێت بەهەموو شێوەیک خۆی لەوە لابدات کە توشی ئەو گەزیینە بێت و دڵنیایی و ئارامیە نائاگاکەی لە باوەشی دایکیدا دەبینێتەوە: دایک وەک ئارامگە و سیمبولی ماڵ (Midgly, 2006: ). دەروونشیکاریی دوو خەسڵەتی سەرەکی بۆ کەسی توشبوو بە ئاگۆرافۆبیا دەستنیشاندەکات کە بریتین لە ڕاڕایی و خۆ لێ لادان: ڕاڕایی لەوەی کە بچیتە ناو فەزایەکی کراوەوە لە دەرەوە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونت لە ناوەوە، ئەگەر بە کتوپڕییش کەوتیتە ناو ئەو دەرەوەیەوە، بۆ نمونە کەوتنە ناو دۆخێکی سەرەگرتنی درێژەوە یان خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەربڕینەوە بۆ پرۆتێستۆکردنی دۆخێکی نەخوازراو)، هەوڵبدەیت دەموودەست و بە کەمترین زیانی دەروونی و تووشبوون بە گرژی دەروونی لێی دەربچیت و دەربازت بێت  (Lisa and Elinor 1995: 2) .. هەر بۆیە ململانێ سەختەکە بۆ کەسی ئاگۆرافۆبیک لە دەروونشیکاریدا بریتیە لە هەڕەشەکانی دەرەوە بۆ سەر بۆشایی و بەتاڵیەکانی ناوەوە کە وا دیارە ئارامی بێت. بەم مانایەیش یەکێکی تر لە تایبەتمەندێتیەکانی کەسی ئاگۆرافۆبیک بریتیە لە ناوبۆشی یا کرۆکبەتاڵی (Emptiness) بەو مانایەی کە کەسی ئاگۆرافۆبیک خاوەنی (من) ی خۆی نیە و جڵەوی هەست و کاردانەوەکانی لە دەستی ئەوانی تردایە و هەر گۆڕانکاریەکیش کە لە ڕەفتار و کردارەکانی ئەوانی تردا دێنە ئاراوە، ئیدی دەبنە مایەی بارگرژبوونی ئەم ودەیتۆقێنن. ئەم بۆچوونە لەوەدا جیاوازە لە پێناسە کلینیکیەکان وەک دیاگنۆسێک بۆ نەخۆشی کە پێی وایە فۆبیا یەک بنچینە یا ڕەگوڕیشەی نیە و بەپێی کۆنتێکستەکان و شوێنکاتەکان دەگۆڕدرێت. بۆ نمونە ئاگۆرافۆبیا لە جوگرافیا و سەردەمی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانێکدا کە لەژێر ڕێژنەی گوللەدا بەڕێوەدەچێت، جیاوازە لەوەی لەسەرەی مووچەدا یا پاسدا وەستابیت، چونکە مۆرکی ڕۆتینئاسا یا توندوتیژانەی کۆنتێکستە شوێنکاتیەکە دەیگۆڕن و لە بڕ و ڕادەکەی زیاد یا کەمدەکەنەوە.
ئەوەی کە تا ئێرە باسمان کرد بریتیە لە ئاگۆرافۆبیا وەک زاراوەیەکی دەروونی- کلینیکی کە بۆ دیاگنۆسکردنی تۆقین لە فەزای گشتی و پانتایی کراوە بەکاردێت. بەڵام ئامانجی من لە بەکارهێنانی زاراوەکە ئەو بەشەی ئاگۆرایە کە لە فەلسەفەی گریکیدا بەو پانتایی و ڕووبەرە کۆمەڵایەتی یا فەزا گشتیە دەوترێت کە (سەرباری ئەوەی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کاڵای ئاساییە) تیایدا مرۆڤەکان بیروڕای ئازادیش دەگۆڕنەوە و گفتوگۆی دەکەن تا سیستمێکی فەرمانڕەوایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشتر بهێننە ئاراوە (لە نمونە زۆر دیارەکانیشی: سوکراتیس، تالیس، پلاتۆ، ئەپیکراتیس.. هتد.). بە واتایەکی تر، فۆرمە گریکیەکەی ئاگۆرا بە تەنها بازاڕێک نەبووە بۆ فرۆشتنی کاڵای بازرگانی، بەڵکو بازاڕێکی گەورەی گۆڕینەوەی بیروڕا و ئایدیایش بووە، پێشانگەیەک بووە بۆ نمایشکردنی بیروڕای جۆراوجۆر و ساغکردنەوەیان لە ڕێی ئارگیومێنتەوە. ئاگۆرا مینبەرێک بووە بۆ بیروڕای ئەو چین و توێژ و گروپە کۆمەڵایەتیانەی کە لەبەر نادادپەروەری دەسەڵاتەکان و زاڵبوونی توێژێک بە سەر توێژێکدا، ئەو ڕووبەرە گشتییەیان قۆستۆتەوە تا بە گفتوگۆکردن و داواکاریەکانیان پرسی ڕۆژ تاوتوێ بکەن و ڕیفۆرم بکەن. ئاگۆرا لە کولتوری گریکیدا واتە ناوجەرگەی فەزای گشتی، سێنتەری شار بووە بەجۆرێک کە هەمووان توانیویانە بە خێراترین کات بیگەنێ. بێهودەیش نیە کە لە زۆربەی ئەدەبیاتی سیاسیدا، ئاگۆرای گریکی وەک هاومانای دڵی دیموکراسی، پێناسەدەکرێت. بەڵام ئەوەیشمان لە یاد نەچووە کە یەکێک لە خاسیەتە تایبەتیەکانی ئاگۆرای گریکی نائامادەبوونی ژنان بووە تیایدا! لە ئاگۆرادا، جگە لە ئافرەتان، هەموو فەیلەسوف و دانا و سەرباز و پزیشک و تاوانبار و تەنانەت کۆیلەکانیش ئامادەگیان هەبووە، بەڵام ژنان لێی دوورەپەرێزبوون و ماڵەوەیان بە ئارامترین پنت بۆ ژیانیان زانیوە و بە دەگمەنیش ڕێیان نەکەوتۆتە ئەو ئاگۆرایەی کە فەزایەکی گشتی بوو هەم بۆ فرۆشتنی کەلوپەل و کاڵای ئابووری، هەم بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و بەرهەمی ئایدیا و بیروبۆچوونەکانیش تا لە ڕێگەیەوە چاکسازی بکرێت و هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بدرێت.

 


ژن وەک جەستەیەکی دیسپلینکراو: دیدی میشێل فوکو


میشێل فوکو له‌نوسینه‌كانیدا (بەتایبەتی چاودێریکردن و سزادان) بە گشتی وا باس له‌‌جه‌سته‌ی دیسپلینكراو دەکات‌کە بەبێ سزادانێکی کردەگیانە، بێ پڕۆسەی ئەشکەنجەدانێکی ئاشکرا لەبەر چاوی خەڵکیدا، تەکنیکێک هەیە پێشوەخت ملکەچ و ڕامیکردووە. لەبری ئەوەی هێزێکی سزادەری یاسایی یان پۆلیسی لێپرسینەوە ئەشکەنجەی بدات، خۆی و بەها هەڵگیراوەکانی ناو خۆی، فانتازیە کۆمەڵایەتیەکانی، بوونەتەوە بە سانسۆر بەسەریەوە .(Foucault 1975) جەستەی دیسپلینکراو تەواوی سیفات و خاسیه‌ته‌كانی له‌كۆمه‌ڵگه‌وه‌و له‌ڕێی پرۆسه‌یه‌كی فەرهەنگی/دەروونی، کە ‌مه‌به‌ستەکەی تەنها و تەنها دیسپلینكردنه‌‌، وه‌رده‌گرێت، هاوكاتیش خۆی به‌به‌رده‌وامی خه‌ریكی دیسپلینكردنی خۆیه‌تی تا له‌و سنوور و چوارچێوه‌یه‌ده‌رنه‌چێت كه‌كۆمه‌ڵگه‌بۆی داڕشتوه‌. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌م جۆره‌له‌جه‌سته،‌خۆی له‌ڕێی دیسپلینكردن و ڕامكردن و كۆنترۆڵكردنی خۆیه‌وه‌، بەچاوپۆشین لەوەی چ سترەکتورێکی پانۆپتیکییانەی لەپشتە، ئاكتیڤانه ‌به‌شداره ‌له ‌چه‌وساندنه‌وه ‌و ژێرده‌سته‌کردنی خۆیدا. ئەوەی کە لە جەستەی دیسپلینکراودا گرنگە خۆسانسۆرکردن و خودچاودێریکردنە بە پێی ویژدان و بەها و نۆرمە باوەکان، واتە مرۆڤ بە ویژدانی خۆی، لێ بەو بەهایانەیشی کە لە لایەن کۆمەڵگەوە تێیدا چێنراون، خۆی خۆی ڕامدەکات. لەوەیش گرنگتر، پۆلێنکردنیەتی لە شوێنی بۆ دیاریکراودا تا هەمیشە لە ژێر چاودێریدا بێت و لێی دەرنەچێت (جا خەستەخانە بێت، کارگە یا خوێندنگە، خێزان و دەزگای سەربازی یا زیندان بێت). ئەم جۆرە لە جەستە، ئاکتیڤانە بەشدران لە ئەشکەنجەدان و بێنرخکردنی خۆیاندا، لە ڕێی خۆدیسپلینکردن و خۆ کۆنترۆڵکردن و باوەڕنەکردنیانەوە بە خۆیان وەک جەستەیەکی ئازاد.
جەستەی دیسپلینکراو (کە بێگومان لێرەدا دیارە مەبەستمان لە ژنە) جەستەیەکە پابەندی کات و شوێنگەلێکی سنوردارە، ملکەچی شێوازێکی دیاریکراوە لە دانیشتن و هەڵسوکەوتکردن لە مەجلیس و بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا، پۆشینی بەرگی تایبەت و زیاتر ئامادەبوونی لە هەندێک ژوور و جوگرافیای تایبەتدا (موبەق یان ژووری نووستن، سەرکانی، سەیرانی خێزانی یا پرسە و بۆنە ئاینیەکان بۆ نمونە).
جەستەی دیسپلینکراو خۆی وا ڕاهێنراوە کە نابێت لەو شوێن و فەزا گشتیانەدا ئامادە بێت کە وەک بەهای کۆمەڵگە بۆ هەبوونی ئەوی ژن ئارەزووکراو نین: ژووان، یانەی خواردنەوە، مەلەوانگەکان یان کافیتێریا و چایخانە و چێشتخانە و سینەماکان. بەهەمان شێوەی پابەندبوون بە شوێنی دیاریکراوەوە، بۆ ژن کاری نەکردەیە کە تەنانەت لە هەندێک کاتیشدا ئامادەیی هەبێت: بۆ نمونە شەوان بچێتە دەرەوە، دوای تەواوبوونی لە خوێندن دەبێت یەکسەر بێتەوە بۆ ماڵەوە، کە میوانێکی نەدیو و نەناس (غەریبە) هات، دەبێت لەو کاتەدا خۆی دەرنەخات و نادیار بێت... هتد!
بەکورتی، لەبەر رۆشنایی تێزەکەی فوکودا بۆ دیسپلینکردن و هێنانەوەی نمونەی چەمکی پانۆپتیکن (چاودێریکردنی هەمووان)[1] لەلای (جێرمی بێنتام)، دەکرێت بڵێین جیهانی ژن لە کولتوری کوردیدا جیهانێکی نیمچە بازنەییە و سووچ و پەناکانی لە هەموو لایەکەوە دیارن، بەجۆرێک تەلارسازی بۆ کراوە، کە لە هەموو پنتێکەوە دەبینرێت، بە هەر کوێیەکدا گوزەر بکات دەناسرێتەوە، لە هەموو چرکەساتەکاندا چاوی لەسەرە و هیچ شانسێکی ئەوتۆی بۆ خۆدەرخستن و کردارنواندن لە فەزای گشتیدا نیە، بە مەرجی کەم کەم و دانسقە نەبێت. ئەو دیسپلینکراوە، واتە بەبەردەوامی چاودێریکراوە، بەبێ ئەوەی خۆی بزانێت کێ و چی چاودێری دەکەن یا ئەوەی کە بتوانێت چاودێری چاودێریکەرەکانی بکات.
دیسپلین لێرەدا واتە تۆ لەناوەوە سنوورەکانت لەلایەن دەسەڵاتێکی نادیارەوە بەزێنراون کە بەبێ ئەوەی سزای جەستەییت بدەن، پێشوەخت ناچاریانکردوویت پابەندی هەندێک یاسا و ڕێسای کۆمەڵایەتی و دەزگایی ببیت، چونکە هەمیشە لە ژێر چاودێریدایت. بەکوردی، فشار و چاودێریەکە لە فۆرمی ئەشکەنجەی جەستەییدا نەماوە، بەڵکە جۆرێکە لە کۆنترۆڵکردنی نائاگایی.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێناسەیەی فوکودا بۆ دیسپلینکردن وەک پەیوەستی شوێنکات، هەوڵدەدەم ئەو سێ چەشنە لە جەستەی دیسپلینکراوی ژن لێک جیابکەمەوە کە وا دیارە وەک ستریۆتایپێکی ئارەزووکراو، زۆر سەربەخۆ و ئازادن.


ژن لە شوێنکاتی لادێ دا
لە ساناترین پێناسەیدا، لادێی کوردی بەگشتی بریتیە لەو ڕووبەرە جوگرافیە بچوکەی کە کۆمەڵێک کەس (کە بە زۆری خزم و نزیکی یەکن) تیایدا دەژین. لادێ خاڵیە لە دەزگای مۆديرن، لەگەڕەک و کۆمۆنی بچوک بچوک. لە لادێدا ماڵەکان نزیکی یەکن، سنورێکی زۆر دوور لە نێوان فەزای تایبەتی مرۆڤەکاندا بوونی نیە، تەنانەت ئاژەڵەکانیش لە مرۆڤەوە وەک شوێن نزیکن. مرۆڤ لە لادێدا بە گشتی سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵە، واتە لە پەیوەندی و یەکانگیریەکی تەواودایە لەگەڵ سروشت، وەکچۆن سەرقاڵی وەبەرهێنان و خزمەتکردنیشیەتی.
سروشت ڕووبەرێکی کراوەیە، جوگرافیایەکە بێ سنووری کۆمەڵگای شارستانی، هێشتا دیواربەند و بەدامەزراوە نەکراوە، هێشتا یاسایەکی نوسراوی ئەوتۆ بوونی نیە و ئەوەی کە پتر تیایدا زاڵە ترادسیۆن و نۆرم و بەهاکانی ئەو کۆمەڵە کەسە خۆیانن کە بەرهەمیان هێناوە یان بۆیان ماوەتەوە.
ئەوەی کە بۆ من مەبەستە لە باسکردنی لادێی کوردیدا بوون و پێگەی ژنە تیایدا وەک جەستەیەکی دیسپلینکراو، ئەمەش تەواو پێچەوانەی ئەو ڕایە زۆر باوەیە کە پێی وایە چونکە ئەو لەناو سروشتدایە، چونکە دەزگاکانی چاودێری بوونیان نیە، ئیدی ئازادە و خۆی خاوەنی جەستە و ئارەزووەکانی خۆیەتی. بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە؟
بەرجەستەترین خەسڵەتی ژن لە لادێی کوردیدا جوگرافیا و سروشتیەکەیەتی، ژن لە سروشت جیاناکرێتەوە و خۆیشی ڕەنگدانەوە و بەرهەمهێنەرەوەی سروشتە لە هەمان کاتدا. ژن لە لادێ، لەدەرەوەی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی و دەزگای ئابووری، سیاسی و زۆرجاریش پەروەردەییە، خاوەنی هیچ جیهانێکی تایبەتمەند بە خۆی نیە وەک مێیینە: ژن توانای ئارایشتکردن و چوونە ساڵۆنی نیە، بازاڕ و خەرجیی نیە، گەرماو و مەلەوانگە و گۆڕەپانی بۆ یاری نیە، زۆر بە کەمی و دەگمەن دەچێتە خوێندنگە. ژن لە لادێی کوردیدا هیچ چەشنە ئێکسسوار و پۆشاکيکی هەمەجۆری ئەوتۆی نیە کە گوزارشت لە دۆخە جیاوازجیاوازەکانی ژیانی بکات، ئەمە ئەگەر هاتوو نەڵێین لە بنەڕەتدا پۆشاکی پیاو دەپۆشێت، چونکە هەر لە بنەماوە سرووتە کۆمەڵایەتیەکانی زۆر سنووردارن و پتر سەرقاڵی ڕاگرتنی قەوارە و سترەکتورێکە کە دەبێت بە بەردەوامی ئاگای لێی بێت و خۆراکی بداتێ و تێری بکات. ژن بەتەواوەتی لە هەموو ڕەهەندە کۆمەڵایەتی، کولتوری و دەزگاییەکانی مۆدێرنە داڕنکراوە وەک گەرەنتی بۆ خۆشگوزەرانی، هەربۆیە پتر سروشتیانە دەردەکەوێت. ژن هەم بەرهەمهێنەری سروشتە، هەم ئەو کەسەیشە کە شەونخون و پارێزگاری سروشتیشە. ژن لە لادێ کەسێکە ئاگای لەهەمووانە، خزمەتکاری هەمووانە، هەم سروشت و هەم بوونەوەرەکانی ناویشی: هەم ڕەز و باخ و مەزراکان، هەم مەڕوماڵاتەکان، هەم خێزانەکەیشی: مناڵەکانی، مێردەکەی و ... هتد. بە پێی هەموو ئەم ئەرک و خەمخۆریە بێت بۆ دەوروبەرەکەی، چ وەک چاودێرێکی شەونخونی هەمووان و  چ وەک بەرپرسیارێکی دڵسۆزی ڕێکخستنی ئەو جیهانەی کە تیایدا دەژی، دەبووایە ژنی کورد لە لادێدا خاوەنی زیاترین دەسەڵات و بڕیار بووایە، ڕایەک کە زۆريک لە خەڵک دووبارەیدەکەنەوە، لێ لە ڕاستیدا هاوکێشەکە تەواو پێچەوانەیە! پارادۆکسەکە ئەوەیە کە هەموو ئەم ئەرکانە زادەی ئەو سیستمە پاتریارکە دیسپلینکەرەن کە ژنی کردۆتە بابەت (ئۆبيکت) و دۆخيک کە چۆن بیەوێت بەو شێوەیە بەکاریدەهێنێت و دواتریش هەر وەک بونەوەريکی نەدار و نەکردە، بێدەسەڵات و بێهێز ناوزەدی دەکات.
ئا لەم خاڵەدا دەچینەوە سەر ئەو بۆچوونەی (سیمۆن دو بوڤوا) کە جه‌سته‌ی ژن به‌(دۆخ/حاڵه‌ت) ناو ده‌بات و پێیوایه‌ژن به‌هۆی ئەرکی به‌رهه‌مهێنانی مناڵ و بازنه‌ی هۆرمۆنیه‌وه‌له‌ژێر ئەرکێکی بۆماوەییدا کە بریتیە لە خستنەوەی منداڵ، ده‌كرێته‌كۆیله‌. بوڤوا ڕای وایە ئه‌وه‌ی کە مۆرکی ئه‌م كۆیلایەتی و به‌ندبوونه‌یشی تۆخترده‌كاته‌وه‌بیروڕا و لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه‌تی له‌سه‌ری، واته‌بینینی‌جه‌سته‌ی ژن وه‌ك حاڵه‌تێك‌كه‌ژن تیایدا ده‌ژی و لەسەری ڕاهێنراوە.  


شار وەک ڕووبەرێکی بەرتەسک بۆ ژن


سەرباری گەورەیی و قەبەیی ڕووبەر و پانتایی شار، بوونی دەیان ڕێکخراو، دەزگای ئابووری و کولتوریی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، کەچی فەزا و جیهانی ژنی کورد لە شاردا بەرتەسکترن. شار پێشوەخت دابەشکراوە، پۆلێنی تایبەت بەخۆی هەیە چ وەک سترەکتور و تەلارسازی، چ وەک جوگرافیای مرۆییش. لەشاردا و بە هۆی بەریەککەوتنی دیاریکراویانەوە بە ئیش و دەزگا و بۆنەکانەوە، مرۆڤەکان پتر لە ژێر چاودێریدان، پابەندترن بە شوێنگە و پلەوپایەکانیانەوە، جا ماڵ یان شوێنی کارکردنیان بێت. هەر بۆیە لە شاردا سنوورە تاکەکەسیەکانی ژن تایبەتیترن، وەکچۆن ئەگەرەکانی پراکسیسکردنی خودی خۆیشی وەک مێیینە بەربڵاوترن. جیاواز لە ژنی لادێ، ژنی شار دەتوانێت بخوێنێت و گەشەبکات، پاشتر لەناو دامەزراوەیەکدا ببێتە فەرمانبەرێک و خاوەنی ئابووری خۆی. شانۆی شار بۆ ژن بەرفراوانترە، هەر بۆیە ژن تیایدا، پێویستی بە خۆبەرجەستەکردن و نمایشکردنێکی ڕەنگاوڕەنگە. لەبەرئەوەی شار خۆی هەڵگری چەندین کۆنتيکستی کۆمەڵایەتی جیاوازە، هەربۆیە چەندین چەشن لە دەرکەوتن و نمایشکردنی خود لە ژن چاوەڕوان دەکرێت. ژن لە شاردا خاوەنی هەندێک فەزای بچوکی تایبەت بە خۆیەتی: ساڵۆن، گەرماو، مەلەوانگە، فرۆشگەی تایبەت بە ئێکسسوار و ماتەریاڵی ئارایشت ... هتد. وەک دەبینین هەموو ئەو خاسیەتە دەرەکیانەی فەزای شار بۆ ژن خاڵی پۆزەتیڤ و ئاماژەن بۆ بوونی بڕێکی دیاریکراو لە ئازادی و پراکسیسکردنی خودی خۆی. بەڵام ژنی شاریش هەمان شێوەی ژنی لادێ لە خاڵێکی تردا ڕامکراوە و دیسپلینکراو کە ماڵەکەیەت ، ماڵ وەک ئەو دەستەواژە ڤیکتۆریە بەناوبانگەی کە جێگەی فریشتەیەکە، ماڵ وەک درێژکراوە ئایدیۆلۆژیەکەی خێزانێکی پەتریارکیی بیمار و گیرۆدە بە فۆبیای قەتیسبوون (Claustrophobia)، تۆقیوو کوشتەی گیرخواردن لە شوێنی داخراودا .(Shevelow 1989, p.193)
ژنی شار بەدەر لەوەی کە لە فەزای گشتی دامەزراوەییدا چاودێریکراوە، پابەندە بە نۆرمەکانی کۆمەڵگەوە، بەڵام لەناو ماڵەکەیدا، زیاتر وەک جەستەیەکی دیسپلینکراو دەردەکەوێت. پێچەوانەی ژنی لادێ، ژنی شار وابەستەترە بە ماڵەوە، بەتایبەتی موبەق و کەلوپەلەکانی چێشتخانەکەی. ژنی شار کەمتر لەناو سروشتدا دەژی، پتر لە موبەقەکەیدا ژیان بەسەر دەبات. مۆدێلی ژنی شار بۆ خۆی وەک فیگەری مرۆڤی شارنشینی زیاتر هاوشێوەی کارە هونەریەکانی ئەو تەوژمەیە لە هونەری شێوەکاری کە بە ریالیزمی سینکی موبەق (Stephen Little 2010, p.180 ) ناسراوە و لە دیارترین هونەرمەندەکانی بریتین لە (John Bratby, Derrick Greaves, Edward Middleditch, Jack Smith). ڕاستە کارەکانی ئەم شێوازە لە هونەر بۆ خۆی جۆرێک گوزارشتە لە بێمانایی، لە ڕۆتینی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ و چینی کرێکاری دوای جەنگی دووهەمەوە، بەڵام وەک تێرم بۆ ژنی شار (دیارە مەبەستم لە کۆنتێکستە کوردیەکەیە)، جۆرێکە لە خۆشگوزەرانی بەراوورد بە ژنی لادێ خۆی کە سنوورێکی نەبووە لەنێوان سروشت و موبەق خۆیدا. ژنی شار پاش مۆدێرنە و هاتنی تێکنۆلۆژیا، بێئەوەی بەخۆی بزانێت پتر ئالودەی ئەو کەرەستانە دەبێت کە مانای ماڵێکی ئاوەدان و خۆشگوزەرانی پێ دەبەخشن: واتە شتەکانی ناو ماڵەکەی خۆی، کەلوپەلەکانی، تەباخەکەی، غەسالەکەی، سەلاجەکەی، مێزی نانخواردنەکەی، ژووری نوستن و میوانەکەی... هتد. بەڵام هیچ کام لەم ووردەکاریانەی ژیانی شار وەک بوونی خۆشگوزەرانی و فەزای تایبەت بەخۆی، نەبوونەتە هۆی ئەوەی وەک مرۆڤيکی سەربەخۆ و بڕیاردەر کە توانای هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هەبێت، ڕەفتار بکات. بە پێچەوانەوە، دەکرێت بڵێین هێندەی تر دیسپلینیان کردووە و پاسیڤتربووە. ژنی شار لە جۆرێک پەیوەندی ئاڵۆگۆڕکارانەدایە لەگەڵ کەلوپەلەکانی ماڵەکەی، لەگەڵ ئامرازە تێکنۆلۆژیە ئاسانکارەکانی بەردەستی، کە وایان لێکردووە پتر سەرقاڵی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنیان بێت، نەوەک بیر لە پرسیارە گرنگەکانی تایبەت بە ئازادی سیاسی و جێندەری خۆی بکاتەوە. ژنی شار پتر خۆشگوزەران دەژی، بەڵام زێدەتر پاسیڤ و پشت بەستوو بە کەلوپەل و ئامرازەکانی ماڵەکەی.


ژنی چەکدار: مێیینەیەک بێ ڤاجاینا
ڕەگەزاندن و بەجێنده‌ركردنی شه‌ڕ بە مانای هاتنە مەیدانی ژن: ژن وەک چەکهەڵگر، وەک پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا کە دەتوانێت شانبەشانی پیاو لەڕیزەکانی پيشەوەی شەڕدا بجەنگێت، یەکێکی ترە لەو ستریۆتیپە ئیدیاڵانەی کە لە ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردیدا بەبەردەوامی جەختی لەسەر دەکرێتەوە. کەم نین ئەو گوتار و شیعر و شانامانەی کە بە شانوباڵی ژنی چەکهەڵگردا نووسراون و هەڵیانداوە: واتە وێنا و مەزنکردنی ژنەپێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤان وەک دلێر، جوامێر، جەربەزە، نەسرەوت و ئازا و شێری مەیدان... هتد، کە هەموو ئەم زمانە میتافۆرییە وەسفگەرایە خۆی زادەی ڕیتۆریک و سیمبولەکانی جیهانی پیاوە، زمانێکە پیاو دروستیکردووە تا ستایشی خودی خۆی وەک بونەوەرێکی چەکدار و میلیتاریزەکراو، پێبکات. ئەو گوتارەی لە پشتی ئەم ستریۆتایپەی ژنەوەیە وەک جەنگاوەر و سەرباز، تەنها ئەو ژنانە بە شەهید تۆماردەکات کە وەک پیاو چەکیان هەڵگرتووە، کە سیما و پۆشاک و تەنانەت ڕەفتاری پیاویان وەرگرتوە، کە ئەمەش بۆ خۆی جۆرێکە لە کەمکردنەوە لە  هەموو ئەو شەهیدە کۆمەڵایەتیانەی تری ناو کۆمەڵگە: مەبەستم لەو ژنانەنەیە کە لە ژێر زەبر و ستەمی خودی سیستمە پیاوسالاریەکەدا دەچەوسێنەوە و دواجار مەرگ هەڵدەبژێرن، جا بە خۆکوشتن بێت، بە تیرۆرکردنیان بێت لە لایەن خودی پیاوەوە یا بە خۆسووتاندن. پيشبڕکێی ژنی بەرەکانی جەنگ لەگەڵ ئەو دوو مۆدێلەی تردا کە باسمانکرد لەسەر مەرگە، مەرگێکی سەربەرزانە و لەپێناوی ئازادیدا کە پتر بارگاویە بە مانای سیاسی و ناسیۆنالیستی. ژن لەبەرەکانی جەنگدا چەشنێکی ترە لە جەستەی دیسپلینکراو کە نائاگا بۆتەوە بە دەربڕی ئەو جیهانەی کە خۆیی چەوساندۆتەوە. ژنی میلیتاریزەکراو نازانێت کە تەسلیمی ئەو گوتارە بووە کە مەرگی لە بەرەی جەنگدا وەک تاقە ئەڵتەرناتیڤی شیاو بۆ ماوەتەوە تا لەو دۆخی بە ئۆبيکتبوونەی ڕزگاریببێت کە پیاو وەک تاقە شانسێک بۆی هيشتۆتەوە. ژن تەنها لەو کاتەدا دەبێتەوە بە سوبێکتێکی سەربەخۆ و خاوەن بڕیار و بژاردەی تایبەت بە خۆی، کە دەبێت خۆی فیدابکات و شەهیدبێت! ڕوونتر بڵێن شه‌هیدبوون بۆ خۆی سیمتۆم و نیشانه‌ی سنوره‌كانی سیستمی پاتریاركییه‌كه‌وه‌ك تاكه‌شوێنێكی بەنرخ بۆ ژن ده‌یهێڵێته‌وه‌، واته‌ئه‌و كاته‌ی كه‌ژن نه‌یتوانی ملكه‌چی نۆرم و كۆده‌كانی مێینه‌ی خۆی بێت ئه‌وا ده‌بێت شه‌هیدبون هه‌ڵببژێرێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ ژولیا كریستیڤا ده‌ڵێت: ئه‌مانەی کە‌ده‌نێردرێن بۆ جەنگ تا گیانی خۆیان فیدا بكه‌ن و شه‌هیدبن وه‌ك لاسییكردنه‌وه‌ی هه‌ژمون و ده‌سه‌ڵاتی پیاو له‌شه‌ڕدا، خۆیان له‌پێناو هه‌مان پره‌نسیپ و باوه‌ڕ ده‌كوژن كه‌پێشتر هۆكاری په‌راوێزخستن و بێ به‌هاكردنیان بووه) ‌Oliver 2007, p.144 ). واته‌ئه‌و نۆرمانه‌ی كه‌ژنیان  كورتكردۆته‌وه‌بۆ جه‌سته‌یه‌ك كه‌وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی خستنه‌وه‌ی مناڵه‌، ئێستا ده‌یانكاته‌جه‌سته‌یه‌ك و ماشینێك بۆ مه‌رگ.
ئەم قەبەکردنەی وێنەی ژن وەک قارەمان و هێزێکی میلیتاریزەکراوی نەبەرد بۆ خۆی ڕووپۆشيکە بۆ شاردنەوەی چەندین کەموکورتی لە ژیانی پیاو خۆیدا: لە سەرێکەوە وەک جۆريک لە پروپاگەندەکردن بۆ ئازادی و یەکسانیخوازبوونی خۆی بەکاریدەهێنێت، بەدیوێکدا بۆ شاردنەوەی ئەو خەسینە سیمبولیەی بوون و شکستی خۆی وەک مۆنۆپۆلکەری گۆڕەپانی جەنگ، بەدیوێکی تریشدا بۆ جەختکردنەوەیەتی لە بوونی خۆی وەک ناولێنەر و دەسەڵاتدار، وەکچۆن دەیشیەوێت هەموو ئەو ستەمە کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی خۆیی پێ بشارێتەوە کە دەرهەق بە ژن کردوونی. ئەم چەشنە لە ژن ئاگای لە خۆی نیە کە بووە بە جه‌سته‌یه‌ك بەدەست پیاوەوە (بەس ئەمجارەیان سیاسی و سەربازی لکاو بە مەرگەوە، نەوەک کۆمەڵایەتی و سێکسی لکاو بە سروشت و موبەقەوە)،  بەڵام بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت کە‌ له‌شوێنێكدا هه‌وڵ ده‌دا‌ت بوونی هه‌بێت كه‌شوێنی ئه‌و نیه. واتە ژن لە دروستکەری ژیانەوە دەگۆڕێت و دەبێت بە دروستکەری مەرگ: بکوژ!
ئه‌م سێ نمونه‌جیاوازه ‌له ‌ژن، هه‌ریه‌كەیان بۆ خۆی ‌تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه‌، واته ‌خاوەن جوگرافیا و زمان و جیهانبینی تایبەت بە خۆیانن‌. ئه‌م سێ بوونه‌وه‌ره ‌هه‌رسێكیان كوردن، ژنن، له‌سێ قۆناغی جیاوازدا خۆیان نمایشده‌كه‌ن، بەڵام هه‌موویان له ‌یه‌ك خاڵی جه‌وهه‌رییدا یه‌كده‌گرنه‌وه ‌كه ‌چه‌مكی جه‌سته‌یه: ‌‌ژن وه‌ك جه‌سته‌یەکی دیسپلینكراو.


کەمێک زیاتر لە فەزای گشتی: دیدی هابەرماس


لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی (گۆڕانە بونیادییەکانی کایەی گشتی) کە ساڵی ١٩٦٢ نووسیویەتی، فەیلەسوفی ئەڵمانی ""یورگن هابەرماس"" چیرۆکی چۆنێتی پەرەسەندنی کایەی تایبەت و گشتیمان لە ئەوروپادا بۆ دەگێڕێتەوە، هەر لە سەرەتاکانی ئاگۆرای گریکیەوە تا دوا دەرکەوتنەکانی لە دوا قۆناغەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا. بە بۆچوونی هابەرماس، بەر لە لەدایکبوونی فەزای گشتی لەلایەن بۆرژوازەکانەوە و کۆتایهێنانیان بە نەریت و کولتوری دەرەبەگەکان لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەیەم و سەرەتای سەدەی هەژدەیەمدا، ئەوروپیەکان لە گریکی کۆندا شوێنێکیان وەک سەنتەر لە چەقی شار (ئەتینا) دا هەبووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و یەکاڵاکردنەوەی گرفتەکان بە ناوی ''ئاگۆرا'' کە لبنەڕەتدا مانای گۆڕەپان یا مەیدان دەگەیەنێت! لە ئاگۆرادا خەڵکانی سەربەخۆ و ئازاد گردبوونەتەوە و لە ڕێی مشتوموڕ و ئارگیومێنتکردنەوە بڕیاریان لە کێشە و مەسەلە گشتیەکان داوە. ئەوەی لەو شوێنەدا کراوە وەک چالاکیەک لە فەزای کراوە و گشتیدا سەرەتا و دەستپێکێکی گرنگی ژیاری مرۆیە بۆ هەرسکردنی بیروڕای جیاواز و سەقامگیردنی دیموکراسی. وەک هابرماس خۆیشی دەڵێت: مۆدێلی هیلینستی بۆ سیاسەتکردن و گفتوگۆی ئازادانە هێند تۆکمە و توانای بەردەوامبوونی لە ژیاندا هەبوو کە تەنانەت دەکرێت لەمڕۆیشدا هەر بە پرەنسیپی دامەزراوەیی سیستمە سیاسیەکەمانی بزانین (Habermas 2003: 14). هابرماس ڕای وایە مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی مۆدێلی ئاگۆرایی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و توانای بڕیاردانی سیاسی، بە پلەی یەکەم پشتی بەو هێڵە تۆخە بەستبوو کە لە نێوانی فەزای تایبەتی و فەزای گشتیدا، کێشرابوو. ئەوەی لە ""ئاگۆرا"" دا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرا، تەنها و تەنها ئەو کێشە و گرفتانە بوون کە تایبەت بوون بە دەوڵەت/شار (polis) و ئەو مەسەلانەی کە پەیوەندی بە هاوڵاتیە ئازادەکانەوە هەبوو، بەڵام لە بوار و فەزای تایبەت (oikos) دا بە تەنها پیاو وەک سەداری خێزان بڕیاری داوە. هابەرماس ڕای وایە کە لەگەڵ دەستپێکردنی سەدەکانی ناوەڕاستدا وەک کۆمەڵگەیەکی فیودالی، چیتر ئەم جیاکاری و دابەشبوونە لە نێوان تایبەتی و گشتیدا نامێنێت. ئیدی پاشا و میر دەبنەوە بە سەنتەری بڕیار و وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی، بڕیار لە ژیانی هەمووان دەدەن، بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای هاوڵاتیان. لەم مۆدێلەدا چیدی کایەی گشتی وەک ناوچە و جێگەیەکی کۆمەڵایەتی بوونی نامێنێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ سیمبولی پایە و مەقامێکی بەرز کە تەنها نوینەرانی خودا (میر و پادشا و دەرەبەگەکان) بڕیاری یەکلاییکەرەوەی تێدا دەدەن. هابەرماس ڕای وایە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی هەڤدەیەمدا جەبری بازاڕ و دروستکردنی کڕیار بۆ کاڵا و ئاڵوگۆڕپێکردنی (لە ژێر کاریگەری مارکێنتالیزمدا)، شانبەشانی کڕین و فرۆشتنی هەواڵ بە خوێنەران و وەرگران، واتای سەرلەنوێ بوژانەوەی کایەی گشتی، چونکە خودی پرۆسەی بازرگانی و بڵاوکراوە پێویستی بە زیاد لە کارەکتەرێکی کۆمەڵایەتیە (هەر لە فەرمانبەر و بازرگان و پزیشک و قەشەوە بیگرە تا ئەومامۆستایانەی کە خەڵکی فێری نووسین و خوێندنەوە دەکەن). بەڕای هابەرماس ئەم کەشە گشتیەی کە بۆرژواکان لە ناوجەرگەی دەوڵەتی تایبەت بە میر و پاشاکاندا دروستی دەکەن، ناڕاستەوخۆ دەبێتە مایەی دروستکردنی گشت یا جەماوەرێکی خوێنەریش، خوێندنەوەیش خۆی واتای هۆشیاربوونەوەی هاوڵاتیان و دەرککردنیان بە رۆڵیان لەبەرامبەر دەوڵەتدا. دەرەنجامی ئەمە، چیدی جەماوەر و خەڵک دژی دەزگا گشتیەکان ناوەستن وەک ئەوەی کە پێشتر پێناسە کرابوون، بەڵکو دەبنە کەسانی هۆشیار بەرامبەر بەو ئاکت و ڕۆڵانەیاندا کە دەبێت لە دژی دەوڵەت بیگێڕن. بە کورتی، پڕۆژەی بۆرژوازەکان دەبێت بە کۆکردنەوەی کەسە پەرشەکان لە فەزا تایبەتیەکاندا و کۆکردنەوەیان لە فۆرم و ڕێکخستنی جەماوەرێکدا کە لە فەزای گشتیدا وەک گرپێکی کۆمەڵایەتی دەردەکەون کە دژی دەسەڵاتەکانی دەوڵەوت دامودەزگا فەرمیەکانین و دەخوازن لە ڕێی سەرنجدان و ڕەخنەکردنەوە گۆڕانکاری بکەن. بێگومان هەریەکە لە یانەکان، ساڵۆنە ئەدەبیەکان، قاوەخانە و پێشانگا و بڵاوکراوەکانی وەک ڕۆژنامەکانیش وەک دەزگا و خانە بۆرژوازیەکان کە پتر لە فۆرمێکی نوێی پەیوەندگیری کولتوریدان، دەبنە ڕێڕەو و نێوەندگەیەنەرێکی سەرەکی و سێنتراڵ بۆ سەرلەنوێ چنینەوەی فەزای گشتی و کاریگەریەکانی لە درووستکردنی ڕای گشتیدا وەک فشار بۆ سەر دەسەڵات و دەوڵەت.              


جەستەی ژن لەنێوان فەزای تایبەتی و گشتیدا: هانا ئارێنت


بۆ تاوتوێکردن و تیشکخستنە سەر ڕەهەندەکانی جەستەی ژن وەک جەستەیەکی تایبەت (Private)، بە شێوەیەکی سەرەکی پەنا دەبەمە بەر تێزەکەی هانا ئارێنت دەربارەی فەزای خۆدەرخستن یان خۆنیشان/پیشاندان.
سەرەتا گرنگە ئەوە بزانین کە ئارێنت هیچ کاتێک جێندەری وەک پرسێکی سیاسی تیۆریزە نەکردەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هیچ کام لە ئیش و نووسینە گرنگەکانی باس لە کێشەکان، مافەکان و سەربەخۆیی ژن بە جیا لە پیاو ناکەن. بەڵام لەگەڵ ئەم ڕاستیەیشدا، کتێبە بەناوبانگەکەی ''هەلومەرجی مرۆڤ'' بۆتە جێی مشتومڕی زۆرێک لە فێمێنیستەکان و چەندەها نووسینیان لەسەر نووسیوە، ئەمە سەرباری ئەوەی کە گەلێک شیکاری جیاوازی فێمێنیستییانەیشی - وەک هەوڵێک بۆ تێگەشتن لە بێدەنگی و نەبوونی تیۆری جێندەری لە بیروبۆچوونە سیاسیەکانی ئارێنتدا - بە دوای خۆیدا هێناوە.
بە حەوت ساڵ دوای کتێبی ''بنەماکانی تۆتالیتاریزم''، کتێبی ''هەلومەرجی مرۆڤ'' لە ساڵی ١٩٥٨ دا چاپکراوە. ئەم کتێبە تایبەت و دانسقەیەی ئارێنت وەک تیۆریستێکی سیاسی، پتر دەستپێکێکە بۆ تیۆرییە فەلسەفی و مێژووییەکانی.
لە کتێبی ''هەلومەرجی مرۆڤ'' دا (Arendt 2017) ، هانا ئارێنت باس لە دوو جۆر فەزا دەکات کە ئەوانیش (فەزای تایبەت) و (فەزای گشتی) ین، وەکچۆن هاوکات باس لە دوو جۆر جەستەیش دەکات کە بریتین لە جەستەی تایبەت (Private) و جەستەی گشتی (Public). ئارێنت دەخوازێت جەخت لەوە بکاتەوە کە بە سیاسیبوون و ژیاندنی دۆخی دەوڵەت/ شار مانای ئەوەیە کە هەموو شتێک لە ڕێی ووتە و باوەڕپێهێنانەوە بڕیاری لێدەدرێت، نەوەک لە ڕێی بەکارهێنانی هێز و توندوتیژییەوە بە مانا گریکییەکەی بەکارهێنانی توندتیژی بۆ فشار خستنەسەر و زاڵبوون بە سەر خەڵکدا لە جیاتی باوەڕپێهێنانیان لە ڕێی وتوێژەوە وەک کۆمەڵە شێوازێک کە بنچینەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دۆخی مرۆڤ بەر لە سیاسیبوونی: ئەو دۆخەی ناو ماڵ و خێزان لە ڕێی توندوتیژییەکەوە کە لە لایەن گەورەی ماڵەکەوە دەنوێندرێت. لای ئارێنت، جەستە خۆی دابەشە، بووە بە دوو بەشەوە، یەکێکیان کە گشتییە، وتە و کردارە ، بەشەکەی تریش کە  سێکسوێل و ڕەنجدەر، مێینە و بێگانەیە، بێدەنگە و پەیوەستە بە بەشە  تایبەتەکەیە کە تایبەتە بە فەزای بەر لە سیاسەت و سیاسەتبوون: ئەوەی کە گرێدراوی دۆخی ماڵ و خێزانە.
هەر ئەم جیاکردنەوەیەی فەزای تایبەت لە فەزای گشتی، یان ڕاستتر بواری کۆمەڵایەتی لە بواری سیاسییشە کە وا لە شەپۆلی دووەمی فێمێنیزم دەکات ئارێنت بە نێرسالار و دژە فێمێنیست ناوببەن، زۆر بەتایبەتییش نوسەرێکی وەک (ئادریان ڕیتچ) کە کتێبی هەلومەرجی مرۆڤ وەک تراژیدیای هزر و ئەقڵی مێینە دەبینێت کە بە ئایدۆلۆژیای پیاو ئاودراوە. بەڵام لە لایەکی ترەوە فێمێنیستە ئیتاڵی و فەڕەنسیەکان، بە تایبەتی ''ژولیا کرستیڤا'' و ''ئەدریانا کاڤاریرۆ'' تیشک دەخەنە سەر هەردوو چەمکەکانی (ژیان و لەدایکبوون) لە کارەکانی ئارێنتدا و پێیان وایە ئەم چەمکانە بەشدارییەکی گرنگ و شۆڕشگێڕانەی ئەون لە توێژینەوەی فێمێنیستیدا.
هەردوو کرستیڤا و کاڤاریرۆ جەختدەکەنە سەر بەشی پێنجەمی کتێبی هەلومەرجی مرۆڤ، ئەو بەشەی کە باس لە کردار و دەستپێکردنەوەی نوێ دەکات. ئەمان بەڕادەیەک ئەو بەشەی کتێبەکە وەک پاشخانێک بۆ بزوتنەوەی فێمینیزم دەبینن تا دەگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە ئارێنت نەک تەنها بە نوسەرێکی فێمینیست بزانن، بەڵکو ئاماژە بەوەیش دەدەن کە ئەو بۆ خۆی فێمنیستێکی دانسقە و بەهرەداریشە. تەنانەت دواتریش، فێمێنیستە پۆست - مۆدێرنەکان جەختدەکەنەوە سەر چەمکی کردار (act) و ئاخاوتن (speech) و دەڵێن کە ئارێنت پێشەنگی فێمێنیستەکانە.
باسکردنی ئەو پاشخانە مێژوویە دەربارەی کتێبی ''هەلومەرجی مرۆڤ'' بۆ ئەوە بوو تا بەرچاوڕوونیەکمان لەسەر کاردانەوەکان بۆ بوونی ئەو دوو ئارێنتە هەبێت: ئارێنتێکی گوایە نێرسالار و ئارێنتێکی فیمێنیست. هەربۆیە تا باشتر لە دیدی ئارێنت بۆ دەرکەوتنەکانی جەستە لە کایەی تایبەتی و گشتی تێبگەین، باشترە لە نزیکەوە ئەو سێ چەمکە بناسین کە ئەوانیش بریتین لە فەزای گشتی، فەزای تایبەتی و فەزای خۆدەرخستن.


فەزای گشتی
بە ڕای ئارێنت فەزای گشتی بریتیە لە هەموو شتێک کە لە بەردەم گشت یان جەماوەردا دەردەکەوێت، بە جۆرێک کە بتوانرێت ببینرێت و ببیسترێت، واتە توانای خۆدەرخستنی هەر شتێک کە بکرێت هەم لە لایەن خەڵکانی ترەوە وە هەم لە لایەن خۆیشتەوە وەک نمایشکارێک، ببینرێت و ببیسترێت.
گەر ئەو ڕاستیە بە هەند وەربگرین کە هەقیقەت لەو کاتەدا دروستدەبێت کە تۆ وەک سوبێکت پێویستە ببینرێیت و ببیسترێیت، ئەوا دەبێت بزانین هەموو ئایدیا و تەنانەت هەستوسۆزەکانیش ئەو کاتە دەبن بە بەشێک لە هەقیقەت کە لە فۆرمە تایبەتی و تاکەکەسیەکەی خۆیان دادەبڕدرێن و دەبن بە بەشێک لە گشت، واتە دەچنە فۆرمێکەوە کە بۆ خۆدەرخستن و نمایشکردن گونجاو بن. ئارێنت دەڵێت: ((ئامادەبوون و بوونی ئەوانی تر بۆ ئەوەی ئەو ئاکت و دیمەنە ببینن کە ئێمەیش دەیبینین، ئەو ئاخاوتن و قسانە ببیستن کە ئێمەیش دەیبیستین، لە هەقیقەتی خۆمان و ئەو جیهانەیش دڵنیامان دەکاتەوە کە تیایدا دەژین)).
ئارێنت پێوایە کە فەزای گشتی واتە بوونی فەزایەکی هاوبەش لە نێوان مرۆڤەکاندا کە دەکرێت لە یەکیان نزیکبکاتەوە، وەک چۆن دەشێت ببێتە هۆی دوورکەوەتنەوەیشیان لە یەکتری. ئەو دەڵێت: (پێکەوە ژیان لە جیهاندا بە شێوەیەکی سەرەکی بریتیە لە جیهانێک لە شت و لە نێوان ئەوانەدایە کە پێکەوە دەژین، هەر وەک چۆن مێزێک  دەکەوێتە نێوان ئەو کەسانەوە کە لە دەوری کۆبوونەتەوە و دانیشتوون. جیهان بە مانای (لە ناو - نێوان) دێت، کە هەم لێکمان نزیکدەکاتەوە وە هەم لە یەکتریشمان دووردەخاتەوە.
گەر ئێمە ئەم تێزەی ئارێنت بە هەند وەربگرین کە هەموو هەستکردنی مرۆڤ بە هەقیقەت دەوستێتە سەر خۆدەرخستن و بوونی فەزایەکی گشتی، کە تیایدا  کێشەکان و شتەکان لە ژوورە تاریک و داخرواەکاندا بهێنیتە دەرێ و بیانخەیتە بەر ڕووناکی و بەرچاوی ئەوانی تر تا بتوانن بیبینن و بیبستن، ئەوا ئەو شتانەی کە فەزای گشتی بە گرنگ و پەیوەست بە خۆی نازانێت، وەک خۆی لە بەرگ و فەزا تایبەتیەکەیدا دەمێننەوە و نایەنە دەرێ.


فەزای تایبەتی
بەراود بە فەزای گشتی، ئارێنت فەزای تایبەت و مانای زاراوەی (تایبەت) بەوە پێناسە دەکات کە بریتیە لە ژیاندنی ژیانێکی تەواو تایبەت بە واتای نەبوون و لەدەستدانی هەموو شتە جەوهەریەکانی ژیانێکی ڕاستەقینە: واتە بێبەشبوون لەو ڕاستیەی کە لە بینین و بیستنت لە لایەن ئەوانی ترەوە دێت، بێبەشبوون لە پەیوەندیەکی بێلایەن و بابەتیانە (objective) لەگەڵیاندا کە لە پەیوەندی و جیابوونەوە لە گەڵیاندا لە جیهانێکی هاوبەشەوە، دێت: بێبەشبوون لە دەستکەوتنی شتێکی جەوهەریتر و بەردوامتر لە ژیان خۆی. یەکێک لە خاسیەتەکانی ژیانی تایبەتی، واتە نەبوونی ئەوانی تر لە ژیانتدا، سەبارەت بە ئەوانی تریش، چونکە لە ژیانیاندا مرۆڤی تایبەت دەرناکەوێت، هەر بۆیە ئەوانی تر بوونیان نیە و نابێت، هەرچیەکیش بکات و بڵێت لە دەرەوەی گرنگی و کاریگەری ئەوانی ترە، ئەوەشی کە بۆ ئەو گرنگە نابێتە جێی سەرنج و بایەخی ئەوانی تر.
ئارێنت پێوایە کە نەبوون و بێبەشبوون لەو پەیوەندییە بابەتییە لەگەڵ ئەوانی تردا کە بۆخۆی دەبێتە گەرانتتیەک بۆ بوونی هەقیقەتێک و دانپیانانی لە لایەن ئەوانەوە، دیاردەی گۆشەگیریی و (تەنیاکەوتن) دروستدەکات.
بەڕای ئەو، هەرچەندە بناغەکانی جیاوازی لە نێوان فەزای گشتی و فەزای تایبەتیدا شانیان داداوەتە سەر جێگە و پێگەی هەر یەک لە: پێویستی و ئازادی، بێمانایی و بەردەوامی دواجاریش شەرم و شەرەف، لێ بە هیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نییە کە تەنها شوێن و پێگەی شیاو بۆ  پێداویستی و بێمانایی و شەرم لە فەزای تایبەتدا بێت. چونکە یەکێک لە مانا سەرەکییەکانی بوونی ئەم دوو فەزایە ئەوەیە کە ئەو شتانەی پێویستیان بە شاردنەوە هەیە بشاردرێنەوە لە کاتێکدا ئەو شتانەی کە پێویستیان بە دەرخستن و بەگشتیکردن هەیە، دەبێت ئەگەر بوونیان هەیە، دیاربخرێن. ئارێنت ئاماژە بۆ سیفەتی (چاکە) لە ئایینی مەسیحیدا دەکات و دەڵێت: یەکێک لەو کردارانەی کە مەسیح فێریکردووین ئەوەیە کە مرۆڤ هەر چاکەیەکی کرد بۆ خۆی هەڵبگرێت و لە ناو کۆمەڵدا باسی نەکات، چونکە ئەو کاتەی باس لە کردە و ئیشێکی چاک لە ناو خەڵکدا دەکەیت، ئیدی کارەکە باشیەکەی خۆی لە دەست دەدات (ئەڵبەتە ئەمە لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا بە مانا ئایینیەکەی هەر باوە کە دەڵێت گەر دەستی ڕاست چاکەی کرد با دەستی چەپت پێی نەزانێت، یا پەندە باوە کوردیەکەی کە دەڵێت: چاکە بکە و بیدە بە دەم ئاوەوە). کەواتە زۆر گرنگە بزانین کە هەندێك لە کار و کردەوەی مرۆڤ دەبێت بشاردرێنەوە و نەیەنە بەر ڕووناکی.


فەزای خۆنیشاندان/خۆدەرخستن
ئارێنت ڕای وایە کە جەستە شتێک نیە هەر وا بکەوێتە ناو بۆشاییەوە، بەڵکو لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تردا  فەزا و بۆشاییەکی نوێ دروستدەکات، خودی ئەو فەزا نوێیەیش بە (فەزای خۆدەرخستن) ناودەبات. بە ڕای ئەو فەزای خۆدەرخستن ئەو کاتە دێتە ئاراوە کە کۆمەڵە پیاوێک لە دۆخی  وتاردان و کردارکردندا، کۆببنەوە. گەر وەک ڕاڤەیەکی سەرەتایی، ئەو دابەشکردنانەی ئارێنت دەربارەی کەرتکەرتبوونی بوار یان فەزای کۆمەڵایەتی و سیاسی (گشتی، تایبەتی و خۆدەرخستن) بۆ بەشداری ژنانی باشوور لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاربهێنین، ئەوا ئەوەی کە یەکسەر بە خەیاڵماندا دێت ئەوەیە کە هێشتا پرسی ژن وەک ئایدیا یان هەستێکی مرۆیی نەیتوانیوە لە بەرگە تایبەت و تاکەکەسیەکەی چەند ژنێکی ئاکتڤیست و خەمخۆری پرسی ژن بێتە دەرێ و ببێتە فۆرمێک بۆ خۆدەرخستن تاوەکو ئەوانی تر بیبینن و بیبیستن. تەنانەت ئەم پرسە نەبووەتە ئاکتێکیش کە ژنان بۆ خۆیان وەکو گشت، تا بتوانن خۆیانی تێدا ببینن و ببیستن. بەمانایەکی تر، ژن نە وەک خۆی بوون و ئامادەگیەکی تەواوی هەیە و نە پیاویش (وەک جەماوەر) بوونی هەیە تا ئەو دڵنیاییە بداتەوە بە ژن، کە بەڵێ ڕاستە، ئەو جیهانەی ئەو باسی لێدەکات - جیهانێک کە پیاو خوڵقاندویەتی و تیایدا بە ناشرینترین شێوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بەکاردەهێنێت - وەک هەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییش بوونی هەیە. دەرەنجامە تراژیدیەکەی ئەم دیفاکتۆیە ئەوەیە کە دەمانخاتە بەردەم ڕاستی ئەوەی کە خودی پرسی ژن، تەنانەت لای ژن خۆیشی هێشتا لە بەرگە تایبەتیەکەیدایە و نەبۆتە هەقیقەتێک کە بتوانێت خۆی بسەپێنێت، هەر بۆیە دەبینین لە گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکانی ژندا کە تایبەتن بە توندوتیژی دژ بە ژن، ژمارەی ئەو ژنانەی کە دێنە سەر شەقام زۆر زۆر کەمە و چارەکێکی ئەو هەموو زوڵم و سووکایەتی و کوشتن و بڕینە نیە کە لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەرامبەر بە ژن پیادەدەکرێت. ئەوانەی دێنە سەر شەقام، زیاتر وەک سێبەر و خەیاڵی جەستەی ژن دەردەکەون و هیچی تر.
بەکورتی، بە ڕای ئارێنت جەستە لەناو فەزای گشتیدا بە تەنیا نیە، بەڵكو لەگەڵ ئەوانی تردا دەتوانێت فەزایەکی نوێ دروستبکات، ئەو فەزا نوێیەش کە دروستدەبێت دەبێتە نێوەندێکی پێکگەیەنەر و لێکنزیککەرەوە بۆ ئەوانەی کە پێکەوە ئاکت دەکەن. ئەوەی کە شوێن و فەزای گشتی دروست دەکات هاوپەیمانبوونە نەک پارچەپارچەبوون و لێکهەڵوەشاوی.


جەستە وەک تیشکۆی نواندن: جودیث باتلەر
بە بۆچوونی ''جودیث باتلەر''،  باسکردن لەوەی کە بیر لە خودنیشاندان، نواندن یا ڕاپەڕاندن بکەیتەوە، بەتەنها ئەوە ناگرێتەوە کە قسەبکەیت و بدوێیت، بەڵکو ڕاستەوخۆ جەستەیش دەکەوێتە جوڵە و کردار دەنوینێت. بەو مانایە نا کە جەستە کورتبکرێتەوە بۆ زمان، بەڵکو واتای ئەوەیە کە زمان خۆی هەڵقوڵاوی ئەزموون و کاردانەوەکانی جەستەیە و هەر لەویشەوە دەپژێت. ئەوەی کە دەئاخڤێت و قسەدەکات هاوکات جەستەیەکی کردارنوێنیشە: جەستەیەکە بزێو و ئاکتیڤ لە دۆخی کردارنواندندا.  
لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا بە ناونیشانی جێندەری تەواونەکراو (Undoing Gender)، باتلەر دەنووسێت: هەر کات دێمە سەر ئەوەی لەسەر جەستە بنووسم، کۆتاییەکەی بە زمان تەواو دەبێت(Butler 2004) . ئەمە مانای وایە کە هەرچی گفتوگۆ و مشتومڕێک (وەک زمان) لەسەر جیاوازی جێندەری درووستبوووە، جیاوازی جێندەریی وەک جۆرێک لە بەهای جێگیر (نۆرماتڤ) هاوکات جۆرێک لە کرداری نواندن (پێرفۆرماتڤ) یشی بە دوای خۆیدا هێناوە کە دەرەنجامەکانی کاریگەرییان لەسەر جەستە خۆیشی هەبووە: جا یا توندوتیژی، بێزراندن، ئەشکەنجە و لاقەکردنی لێکەوتۆتەوە، یان قبوڵکردنێکی کرداریانە و ڕەوایەتیدان پێی، کە ئەمانەیش هەر هەموویان بۆ خۆیان کردارگەلێکن کە بە جەستە و لەسەر جەستە ئەنجام دەدرێن. کرۆکی گرفتەکە لای باتلەر ئەمەیە: تێکەڵبوونی جەستە و زمان پێکەوە وەک دوو دیوی یەک دراو کە پێرفۆرمانس (نواندن، نمایشکردن یا ڕاپەراندنە) دژ بە نۆرماتڤ (بەهای جێگیر، وێنەی پێشوەخت یا چاوەڕوانیە کۆمەڵایەتیەکان). سیاسەت بۆ ڕەگەزی مێ یان ئەوەی کە بە جێندەر دەناسرێت وەک چەمک، لای باتلەر ئەو چرکەساتەیە کە ئیدی مێینە قۆناغی بەهای جێگیر (نۆرماتڤ) ی تێپەراندووە و ئاکت دەنوێنێت و نمایش دەکات، واتە ڕادەپەڕێت و ئاکتیڤ و چالاکە نەک پاسیڤ و مات و مردە.
بەکورتی، بەڕای باتلەر ئەوەی کە ناهێڵێت ژن وەک بوونەوەرێکی نۆرماتڤ لە ئاستە کۆمەڵایەتی یان فەزا تایبەتیەکەیدا (کە ماڵە، خزمەتکردنی مناڵ و پیاو  و چێشتلێنان و جلشتن و شووکردن و پەروەردکار و ... هتدە) بمێنێتەوە، تەنهاو تەنها هاتن و بوونیەتی بە بەشێکی کردە و چالاک لە بونیادێکی پێرفۆرماتڤدا کە لە ناویدا جەستە و چ زمان یەکتری تەواودەکەن، هاوشێوەی ئەو دوو چەمکەی ئارێنت کە لەسەرەتاوە باسمان کردن: کردار و وتە یا ئاخاوتن پێکەوە وەک تەواوکەری یەکتری و خوڵقێنەری ئەو کەشەی کە وا دەکات ژن بەشدارێکی چالاکی فەزای گشتی بێت، نەوەک لە فەزای تایبەتدا بخنکێت.


فۆبیای نێرینە لە ئەگەری بوونی ئاگۆرای مێینەکان
وەک لە سەرەتادا باسمان کرد، کۆی ئارگیومێنتەکانی دەروونشیکاریی فرۆیدیی تایبەت بە ئاگۆرافۆبیا و بەتایبەتی ئاگۆرافۆبیای ژن، مەترسیەکانی نادڵنیایی، دوورەپەرێزیی سەرلێتێکچوونە لە نێوان دەرەوە و ناوەوەدا، بینینی فەزای گشتیە وەک هەڕەشەکانی درەوەی خود لەسەر ناوەوەی خود. لە دیدی فرۆیدیزم و دەروونشیکاریدا چەمکی فەزای گشتی (سەر جادە) ئەو کاتە مەترسیدار و تۆقێنەرە بۆ ژن کە لە ڕفاندن و لاقەکردن، لەشفرۆشی و بەتاڵکردنەوەی غەریزە سێکسیەکان لە دەرەوەی دەزگای خێزاندا گوزارشت لە خۆی دەکات. بە مانایەکی تر، ئاگۆرافۆبیای ئافرەت و تۆقینی لە ڕووبەری کراوە و فەزای گشتی لەو جیهانە فانتازی و سیمبولیکە نێرینەیە جیاناکرێتەوە کە بوونی ژن لەسەر جادە، ژنی ناو بازاڕ و پەناوپاساری کۆڵانەکان تەنها و تەنها لە وێنەی مێینەی بێ ڕیشەی پیرۆز، مێینەی بێ خێزانی خانەدان و بەدڕەوشتدا وێنادەکات. واتە ئامادەبوونی مێینە بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەر جادە و شەقامەکان تەنها یەک مانای هەیە، کە ئەویش بوونی مێینەیەکی بێ باوک و هەتیو، بەڕەڵا و چاولەدەر!
گەر ئەم دیدە فرۆیدیە لە کۆنتێکستە ئەوروپیەکەی دەربهێنین و بخوازین  چۆڵی و خاڵیبوونی خۆپیشاندانەکانی لە مێینەی پێ بخوێنینەوە لە مێژووی دوور و نزیکی خۆماندا، ئەوا زۆر دەرەنجاممان دەستدەکەون کە تا ئێستا نەک هەر قسەیان لە بارەوە نەکراوە، بەڵکو کەس هەر شایستە بە توێژینەوەیشی نەزانیون.
 بەهێزترین باوەڕ و دۆگمی کۆمەڵگەی کوردی (باشوور) دەربارەی ئەگەری دەرکەوتنی ژن لە واقیعی سیاسی و کولتوریدا (بە چالاکی و بۆنە) بریتیە لەو ئەفسانە جێندەریە نۆرماتڤەی کە دەڵێت: ناو خێزان یا ماڵەوە (وەک فەزای تایبەتی) شوێنێکی ئارام و پڕ دڵنیاییە بۆ ژنان، لێ سەر شەقام یا دەرەوە (فەزای گشتی) پڕە لە مەترسی و جیۆگرافیایەکە تۆقێنەر و کوشندە بۆ ئەوان: دارستانێکە پڕ لە گورگ و دەستبۆبردن و لاقەکردن و سوککردنیان، لەوەیش مەترسیدارتر، ئەگەری دەرکەوتن و خۆنیشاندانیانە لە ناڕەزایی، گردبوونەوە و ئاگۆرا سیاسیەکاندا چونکە خۆیان لە کایەیەک هەڵدەقورتێنن کە ئیشی ئەوان نیە، ئەمە جگە لەوەی گەر بێیشنە ناویەوە، بە دووری مەزانە کە تێکی بدەنەوە و نەهێڵن بە ترۆپکی داوا ڕەواکانی لە سیستم یا فەرمانڕەوایەتیکی نادادپەروەر، بکات. بێهودەیش نیە کە چەمکی (شەقام و هاتنە سەر شەقام) تازەن لە ئەدەبیاتی خۆپیشانداندا و هەمان ئەو مانا سێکسی و بەدڕەوشتانەیە ناگەیەنن کە پێشتر بە (سەر جادە) ناو دەبرا، سەرجادە وەک پانتاییەک بۆ بەدڕەوشتان و بارگاوی بە دەلالەتگەلێک کە پتر ژینگە و مۆڵگەی لەشفرۆش و سۆزانیەکانە نەوەک شوێن وجێگەیەک بێت شایستە بە مێینەی شکۆدار و ڕەوشتبەرز. کۆی ئامانجی ئەم توێژینەوەییش لە بنەڕەتدا بۆ شکاندنی ئەم دۆگمەیە، لێدانە لەو وێنە زۆر باوەی کە (ماڵ) بۆ ژن وەک بەهەشت و جێگەیەکی پڕ لە هارمۆنی و کەشێکی جێگیری خێزانی دەبینێت و دەرەویش وەک دۆزەخ و دارستان!
هەر لەسەرەتاوە و لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی (فوکو) دا بۆ چەمکی دیسپلین ڕوونمکردەوە کە ئافرەت لەماڵەوە چەپێنراوترە و کۆتکراوتر. ئافرەت لە ماڵەوە لە چەند پنتێکی جوگرافی داخراودا نەبێت کە (ژوور) ە و هیچ جیاوازیەکی نیە لە کونج و ژووری زیندان، هیچی تری نیە، هەربۆیە وا دەردەکەوێت کە زۆر چوست و چالاک و ئاکتڤ بێت، لەکاتێکدا زۆر پاسیڤە وەک چالاکی هزر و چالاکی جەستەیی و ئاخاوتن خۆیشی. ئەوەی کە وا دەکات ئافرەت لە ماڵدا (وەک فەزای تایبەت) کردە و ئاکتڤ ببینرێت، بچووکی ڕووبەرەکەیە نەوەک ئاستی کردار و داهێنانەکانی ئەو. پاشان لە پشت ئەم وێنە ستریۆتایپەوە گوتارێکی تری نێرانە هەیە کە دەیەوێت لە بیرمان بباتەوە ژنان لە ماڵەوە زیاتر دووچاری توندوتیژی دێن تا دەرەوە، گەر لە دەرەوە توانجێکیان لەسەر شەقام لێ بدرێت، لە ماڵەوە بە کردار لە جەستەیان دەدرێت، گەر لە دەرەوە ئیشەکەیان بەرامبەر بە بڕە پارەیەک بێت و مووچەیەکیان هەبێت وەک سەربەخۆیی ئابووری، لە ماڵەوە وەک کەیبانوو بەبێ بەرامبەرە و مایەپووچ، گەر لە دەرەوە بتوانن لە کایەیەک لە کایەکاندا بخوێنن و گەشە بکەن، ستاتوس و پلەوپایەیەک درووستبکەن، ئەوا لە ماڵەوە هەر لەو دۆخەی خۆیاندا دەمێننەوە و ناچارن بۆ هاودەنگی خۆیان بارێکی تر بۆ سەر شانی خۆیان زیادبکەن: مناڵ دروستبکەن. وەک دەبینین، ئەفسانەی پیرۆزی فەزای تایبەتی وەک جوگرافیایەکی ئاڵتوونی و پڕ لە ئارامی هیج نیە جگە لە قەفەز و جوگرافیایەکی تۆقێنەر کە ژن تیایدا بەس خۆی دەخواتەوە، سات لە دوای سات تیایدا بچوکدەبێتەوە و بێ هیچ بەشداریەک لە ژیان و پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکاندا زیاتر و زیاتر دیسپلیندەکرێت. بەڵام سە‌ره‌تا با بزانین ‌بۆچی پیاو به‌گومانه ‌له‌وه‌ی كه ‌ژن بتوانێت به‌شداری له‌ڕێكخستن و ئۆرگه‌نایزكردنی گردبوونه‌وه‌یه‌كی مرۆییدا بكات به‌بێئه‌وه‌ی تێكی بدات؟ ئه‌فسانه‌ی ژنی پیلانگێڕ و تێکدەری پرۆتیستۆ و ناڕەزایەتیەکان دەکەوێتە کوێی مێنتاڵتی نێرینەی کوردەوە؟


مێیینە وەک پیلانگێڕ و تێکدەر
ئەفسانەی مێیینە وەک تێکدەری ئارامی و پیلانگێڕ لە دژی ژیانێکی سەقامگیر زۆر دێرینە، گەرچی ڕەگوڕیشەکەی ئایینیە و دەگەڕێتەوە بۆ چیرۆکی ئادەم و حەوا، بەتایبەتی ئەو کاتەی ئەزەلیبوونی بەهەشت لە ئادەم تێکدەدات و بە فریوو و ئامۆژگاریە تێکدەرانەکەی ئادەم هەڵدەداتە خوارە بۆ سەر زەوی، بۆ بەر نەفرەتی دڵڕەقییەکانی سروشت و غەزەبی خودا، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە ئەفسانەیەکی لاوازە و کاریگەریەکانی کەمبوونەتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، تا ئێستایش هەر ڕەنگدانەوەکانی لە واقیع و مێنتاڵتی ئەو نێرینەیەدا دەبینین کە تاڕادەیەکی زۆر بووە بە ستریۆتایپی نێرینە: جا ئەو وێناکردنە لە شێوەی بەشداری پێنەکردنیان بووبێت لە سیاسەتدا، بێبەریکردنیان بووبێت لە بڕیاردانی یەکاڵاکەرەوە یا دانپێدانانیان وەک هاوڵاتی خاوەن ماف گرنگ نیە، ئەوەی مەبەستە بوونی مێنتاڵتیەکی نێرانەیە کە ژن بە هەڕەشە بۆ سەر هەموو قەوارە و جڤاتێک دەبینێت کە نێرینە دەخوازن بونیادی بنێن، هەر بۆیەیشە لەبری بەشداری پێکردنیان لە بڕیارەکاندا، بەردەوام لە ڕێگەی بە شوودان و هاوسەرگیریپێکردنیان لەگەڵ نەیاراندا، ئاگری جەنگەکانیان پێ کپ و خامۆشکردووە و وەک ئامرازێک بەکاریانهێناون تا بیانکەنەوە بە پاشکۆ. مێیینە لەم چەشنە مێنتاڵتیەدا کە هەم ئەفسانەیی و هەم ئایینییشە و وەک ستریۆتایپ لە زەینی پیاوی کوردییشدا بە زەقی دەبینرێت، جگە لە فریودەر و پیلانگێڕ، جگە لە ئابڕووبەر و قەوارەیەکی خاوەن پۆتێنشیال بۆ تاوانکردن یا دنەدان بۆ تاوانکردن، هیچ ڕۆڵیکی تری نەبووە و نایبێت. ئەم فۆبیایە لە مێیینە وەک تێکدەری هاوسەنگی و هەڕەشە بۆ سەر یەکێتی قەوارەکان خۆبەخۆ پێچەوانەی ئەو دیدەی فەیلەسوفی فەرەنسی ''لوسی ئیریگارای'' ە بۆ جیاوازیە کۆنکرێتیەکانی نێوان هزری نێرینە و هزری مێیینە بۆ پێکەوەکارکردن یان کارکردنی تاکلایەنانە کە لە زمانیانەوە خۆی بەیاندەکات. ئیریگارای ڕای وایە کە نێرینە بە سروشتی خۆیان و ئەو توێژینەوانەی لە بەکارهێنانیاندا بۆ زمان هەیە، بە بەردەوامی نکوڵی لە تێکەڵبوونیان بە مێیینە دەکەن و هەمیشە خۆیان بەو جڤاتە جێندەریەوە دەلکێنن کە هاوشێوەی خۆیانە و نێرانەیە. نێرینەکان هەمیشە یان خۆیان بە تەنیا و تاکە بریاردەری پەیوەندی و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان دەبینن، یان ئەوەتا گەر پێویستیان بە جڤاتێکی هەرەوەزییش بوو، هەر پەنا دەبەنەوە بەر ڕەگەزەکەی خۆیان، لێ مێیینەکان تەواو پێچەوانەن و پێیان وایە کە پێکەوە کارکردنی هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ، گەرانتیە بۆ دامەزراندن و سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی مرۆیی[2]. بەڵام بەشداری پێنەکردنی مێیینە لە بڕیاردان و پرۆسەی سیاسیدا مانای ئەوە نیە کە نێرینە یان پیاو بە هیچ شێوەیەک ژنی قبوڵ نیە، نا! مێیینە لە خەیاڵدانی نێرینەدا وەک ئەندامی خێزان، وەک خزم و دایک و ژن بوونی هەیە. وەک دەرەنجامەکانی ئەو مێنتاڵتیە نێرسالارانەیە بۆ مێیینە کە لە فۆرمی تێکدەر، ئاژاوەگێڕ و پیلانگێڕدا خۆی نمایشدەکات، دیفاکتۆیەکی دروستکردووە کە سەرلەنوێ دیسپلینکردنەوەی ژنە، بەڵام لە فۆرمی بەهەشتە کلاوستەرفۆبیاکەیدا. ئەم دیفاکتۆیە بنچینەکەی ئەوەیە کە ئەگەر مێیینە بخوازێت قبوڵکراو بێت و ئەو پلە دووییەشی لێ کەمنەکرێتەوە و زەوتنەکرێت کە بە سواڵ لە هیرارکیزمی کۆمەڵایەتی دەستیکەوتووە و پێی ڕەوابینراوە، تەنها دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە: یا ئەوەتا پاشکۆ بێت: پاشکۆی پاڵەوانەکان، یان ئەوەی کە منداڵدانێکی ئەبەدی بێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی نێرینەکان.


مێیینە وەک بەدایکبوون، وەک منداڵدانێکی ئەبەدی بۆ بەرهەمهێنانەوەی نێرینەکان


بۆ تێگەیشتن لە فۆرمەلەبوونی کارەکتەری نێرینە و دروستکردنەوەی، پەنا دەبەمە بەر تێزەکەی خانمە سۆسیۆلۆژی ئەمریکی ''نانسی چۆدۆرۆ'' کە فێمێنیستێکی دیاری قسەکردنە لەسەر مەسەلەی جێندەر ولە ڕێگەی ئاوێتەکردنی هەردوو دەروونشیکاری و سۆسیۆلۆژیاوە. نانسی ڕای وایە کە هێشتنەوەی هیرارکیزمی جێندەریانە لە نێوان ژن و پیاودا بە ناچاری مەحکومە بە دایکبوونی مێیینە یان ئەوەی کە پێی دەڵێت: سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی دایکبوون کە وا دەردەکەوێت قەدەرێکی هەتاهەتایی و بۆماوەیی بێت. ''نانسی'' بۆ سەلماندنی ئەم تێزەیەی دەگەڕێتەوە بۆ قسەکردن لەسەر پێکهاتەی خێزان و پەیوەندیەکانی ناوی لە نێوان دایک و باوک و کچ و کوڕدا وەک ئەو ترادسیۆنە باوەی کە لە دەروونشیکاریدا بەردەوام لە پێشی پێشەوەی دەزگا کۆمەڵایەتیەکانی توێژینەوەیە. بە بۆچوونی ئەو زاڵترین و بە هەژموونترین کارەکتەری ناو خێزان بریتیە لە دایک نەوەک باوک، چونکە لە بنەڕەتدا باوک کارەکتەرێکە کەمتر ئامادەگی هەیە ئەمە ئەگەر هاتوو هەر بە تەواوەتی بزر نەبێت. ڕۆڵی دایک لەم مۆدێلەدا کە نانسی باس لە تایبەتمەندێتیەکانی دەکات بریتیە لە کردنەوەی مێیینە/کچەکان بە هاوشێوەی خۆی کە بەرجەستەبوونە لە ڕۆڵی دایکدا، دایک هەموو ئەزموون و توانا و پێویستیەکانی بوونی مێینە بە دایک لە ڕێگەی پرۆسەی (دایکاندن) ەوە دەگوێزێتەوە بۆ کچەکانی، هەر بۆیەیشە کە هیچ گرژی و ململانێیەکی توند لە نێوان کچ و دایکدا نابینین کە وا لە کچ بکات ئەم پرۆسەیە ڕەتبکاتەوە، بەڵام ئەم پرۆسەی گەشەکردنە جێندەریە بۆ کوڕ تەواو جیاواز و دژوارە. کوڕ بە پێچەوانەی کچەوە، بۆئەوەی ببێتە پیاو یا نێر، ئەوا دەبێت دایکی خۆی ڕەتبکاتەوە، ڕەتکردنەوەی دایک بەو مانایە دێت کە دەبێت کوڕ لە دەرەوەی جیهانی دایک یا پەیوەندیەکانی بە دایکیەوە بۆ دروستکردنی کارەکتەری نێرینەی خۆی دروستبکات و هەوڵبدات ببێت بە پیاو. نانسی ڕای وایە کە لە کۆی ئەم پرۆسەی دروستبوونی کارەکتەرەدا باوک ئامادەیی نیە، کوڕیش لەڕێی فانتازیا و کۆدە باوەکانەوە، بەدوور لە پەیوەندیەکانی بە دایکەوە هەوڵدەدات ببێت بە پیاوێک کە لە دایکی و خوشکەکانی ناچێت (Nancy Chodorow 1999). بەکورتی، لە دیدی نانسی دا، دروستبوونی نێرینە واتە ڕەتکردنەوەی پەیوەندی بە دایکەوە و گەڕان لە دەرەوەی دایک بە دوای پیاوبووندا کە بریتیە لە کۆمەڵگە و بەرجەستەبوونەکانی نێرسالاری تێیدا. گەر ئەم دیدیەی نانسی بە هەند وەربگرین، دەگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی کە لە باسکردنی جەستەی دیسپلینکراودا لای فوکو باسمانکرد، بەتایبەتی ئەو بەشە لە ژن کە چەکدارە و بێ ڤاجاینا. ئێمە ڕوونمانکردەوە کە ژن لەو مۆدێلە چەکداریەدا بۆ ئەوە قبوڵنەکراوە کە بوونەوەرێکی ئازادە و دەتوانێت خەبات بۆ سەربەستی خۆی بکات، بەڵکو تەنها لەبەرئەوە ڕێگەی پێدراوە تا بمرێت، واتە تۆ دەتوانیت مێیینەیەک بیت بەبێ بوونی چێژ، ڤاجاینا، منداڵدان، جەستەیەک بیت بەس وەک ئامرازێک بۆ جەنگاندن و مردن. بەڵام ئەم چەشنەی تر لە مێیینە کە دەرەنجامی فۆبیای پیاوە لە ئازادبوونی مێیینە و قەتیسکردنی لە کونجی ماڵيوەدا وەک بەهەشتە داخراوەکە، تەنها ئیشی لەسەر ئەوە کردووە کە بیکاتە منداڵدانێکی ئەبەدی بۆ دروستکردنەوەی ئەو هیرارکیزمە جێندەریەی کە کۆمەڵگەی لە فۆرمە پاتریارکیەکەیدا ڕاگرتووە. ئەم دۆخە چەند فۆبیکە لە پیاودا بەرامبەر بە ترس لەوەی کە ژن سەربەست بێت و ئاگۆرایەکی تایبەت بە ماف و داواکاری و پرسە سیاسیەکانی خۆی هەبێت لە نائاگاییدا، هێندەیش ئاگایانە ئیشی لەسەر بە منداڵدانکردن و بەدایککردنەوەی مێینە کردووە تا وای لێهاتووە لە خەیاڵدان و نائاگایی خودی ژن خۆیدا بۆتەوە بە قەدەرێک و ڕۆتینێکی زۆر نەرم و نیان کە هیچ فۆرمێک لە توندوتیژی تێدا بۆ نادۆزرێتەوە. ئەمە وەکچۆن بۆ ژنێکی جوتیار یا نەخوێندەوار ڕاستە، بۆ ژنێکی ڕۆشنبیر و خاوەن پیشە یا پزیشک و مامۆستای زانکۆیش، هەر ڕاستە. چونکە ئەوەی کە کچەکان دەکاتەوە بە دایک و لەسەر دایکبوون گۆشیان دەکات دایکە، بەڵام کردنەوەی کوڕ بە پیاو  و نێرینەیەکی ماچۆ ڕەتکردنەوەی دایکە لەڕێی خودی دایک خۆیەوە.  


مێیینە وەک سوبالتن و پاشکۆی پاڵەوانەکان


ژن تەنها دەتوانێت بە نەبوونی خۆی لەناو سیاسەتدا، بە نکۆڵیکردن لە هەبوونی خۆی وەک خاوەن داواکاری و ستاتوسی سیاسی، بوونی هەبێت. ژن دەتوانێت دایکی پاڵەوانەکان بێت (دایکی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە بێت بۆ نمونە)، ژنی پاڵەوانەکان بێت (ژنی کاوە گەرمیانی یا مامە ڕیشە بێت)، کچی سەرکردە پاڵەوانەکان بێت (سۆزانی خاڵە شیهاب یا بڵێسە جەبار فەرمان)، خوشکی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان بێت (نەزیرە جەلالی خوشکی شەهید ئارام) و.. هتد!. بە کورتی، ئەوەی کە لەسەر ژنە پەراوێزخستنی بوونی سیاسیانەی خۆی و بەرجەستەکردن و هێنانە ئارای پاڵەوانی نێرینەیە وەک فابریکێک، وەک پاشکۆیەکی دوای داستانێکی پاڵەوانئاسا کە ئەم تەنها لە پەراوێزی شکۆمەندیەکانیدا دەژی و قووڕپێوان و تاسەباریەکەی وەک سەرمایە بۆ دەمێنێتەوە. مێیینە بۆ ئەوەی ئارەزووکراو بێت، تا پلەوپایەیەکی باڵا و پیرۆزی هەبێت، بۆی نیە ئەکتەر و بکەرێکی شۆڕش و یاخیبوونەکان بێت، بەڵکو تەنها یەک ڕێگەی لەبەردەمدایە: دەتوانێت مێینەیەکی بەسەبر، خەمۆک و ڕەشپۆشی سەر گۆڕی پاڵەوانە نێرینەکان بێت بەبێئەوەی بەشداریەکی ئاکتڤ و چالاکی دروستکردنی پاڵەوانێتیەکان بێت! بەم مانایەیش ژن ڕووداوێکی گێڕدراوەیە لە زمانی پاڵەوانەکانەوە نەوەک گێڕەرەوەیەکی پاڵەوانی ڕووداوەکان، پرسێکی قسە لەبارەوە کراوە نەوەک قسەکەرێک بێت لەبارەی پرسەکانەوە.
ڕیشەکانی ئەم مێنتاڵتیە فۆبیکەی نێرینە بەرامبەر بە ئەگەری لەدایکبوون و دروستکردنی ئاگۆرایەکی ژنانە و کردنیان بە پاشکۆی ئاگۆرا سیاسی و کولتوریەکانی نێرینەکان، خۆبەخۆ دەمانبەستێتەوە بە چەمکی ''سوبالتن'' ەوە (Subaltern) بەو شێوەیەی کە لای کولتورناسێکی وەک گایاتری سپیڤاک (Gayatri Chakravorty Spivak) ی شارەزا لە بواری توێژینەوە پۆست-کۆڵۆنیاڵیەکاندا، هەیە (Patrick Williams, 1994: 80-88). ''سوبالتن'' کە لە بنەڕەتدا چەمکێکی ''ئەنتۆنیۆ گرامشی'' یە، بۆ پێناسەکردنی پڕۆلیتاریای ڕێکنەخراو بەکارهاتووە، بۆ باسکردن لە دۆخی ئەو هێزانە لە جوتیار و سەپان و کرێکار کە دەکەونە گوندەکان و دەرەوەی شارەکان و هێشتا ڕێکنەخراون، هێشتا توانای بەرهەمهێنانی زمان و گوتاری تایبەت بە خۆیان نین. سوبالتنەکان بەوەدا جیاوازن لە پاشکۆیەتی ئاسایی کە خاوەن دەنگی خۆیان نین، ڕاستتر بڵێین: ناهێڵن ببنە خاوەن دەنگ و زمان و گوتاری تایبەت بە خۆیان. ئەوان وا وێنادەکرێن کە ئاست نزمن و گوتارێکیان نیە تا پەخشی بکەنەوە، وەک چۆن مینبەرێکی تایبەت بە خۆیشیانیان نیە بۆ باسکردن لە قەیرانە ئابووری و سیاسی و کولتوریەکانی تایبەت بە خۆیان، هەر بۆیە دەبێت لەلایەن سەردەستە و دەسەڵاتدارەکانی سەروو خۆیانەوە قسەیان لەسەر بکرێت. لە دیدی ""سپیڤاک"" دا ئەوان (سوبالتنەکان) دووجار دەچەوسێنرێنەوە، جارێک لەلایەن ئەو توێژە رۆشنبیرەی کە وەک بوونەوەری نەخوێندەوار و بێزمان لێیان دەڕوانن، جارێکیش وەک قوربانی دەسەڵاتی بۆرژوا. ئەوەی کە مایەی سەرنجە لە توێژینەوەکەی ""سپیڤاک"" دا، قەرزکردنی ئەم زاراوەیەیە لە گرامشی بە مەبەستی شیکارکردنی دۆخی خراپی ژن لە هیندستان (بێگومان لە کۆنتێکستی توێژینەوە پۆستکۆلۆنیالیەکاندا) تا لەڕێیەوە قسە لەسەر ئەو ژنە بێدەنگە بکات کە جگە لە خۆی، هەمووان دەتوانن لەبارەیەوە بدوێن و قسە لەسەر ژیانی و ئایندەی بکەن، تەواو هاوشێوەی ئەو مێینە کوردەی کە ڕێژەی زمانحاڵەکانی زۆر زیاترن لەوانەی کە ئامادەن لە ڕووبەر و فەزایەکی گشتیدا قبوڵیبکەن و بهێڵن گوزارشت لە بوون و گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم گەشەکردنی بکات. لەبەر ڕۆشنایی تێزەکەی ""سپیڤاک"" دا بۆ مێینە وەک پاشکۆی پاڵەوانەکان، ئەو ڕاستیەمان زیاتر لا ڕووندەبێتەوە کە ئاستی تۆقین و فۆبیای نێرینە لە ئاگۆرای مێینەکان چۆن کاریکردۆتە سەر بچووکردنەوەی مێینە و قبوڵکردنی وەک پاشکۆیەکی بێفەڕی دوای نواندنی داستان و قارەمانێتیەکان، بەبێئەوەی هیج کام لەو قارەمانێتیانە دەرفەتێکی ئازاد بۆ ئەم بکەنەوە تا خۆی نیشان و پیشان بدات: بدوێت، بئاخڤێت و ڕای خۆی لەسەر جیهانەکەی دەوروبەری بدات.

 
دەرەنجام


لەبەرئەوەی بەر لەم تویژینەوەیە، لە زمانی کوردیدا هیچ نووسین یا لێکۆڵینەوەیەکمان نیە کە لەسەر ئەم دیاردەیە '' دیاردەی خۆپیشاندانی ژنان وەک گرفتێکی جێندەریانە و بە دوور لە خەمە گشتیەکانی کۆمەڵگە''، هەر بۆیە لە سەرەتاوە ناچاربووم کە پەنا ببەمە بەر دامەزراندنی بناغەیەکی تیۆری وەک دەروازەیەکی گرنگ بۆ ناساندن، ئاشناکردن و دواجار گرفتاندنیشی لەبەر ڕۆشنایی ئەو بیریار، سۆسیۆلۆژ و فێمێنیستانەدا کە زۆرترین قسەیان لەسەر ژن کردووە چ وەک جەستە و چ وەک نواندنیشی لە فەزای گشتیدا.
دەتوانین کۆی ئەو دەرەنجامانەی کە لەڕێی ئەم ڕووپێوکردنە تیۆریەوە بۆ گرفتەکە، پێیگەیشتوین، لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورت و پوختبکەینەوە:


یەکەم: سەلماندنی ئەو بەڵگە نەویستە مێژوویی و فاکتە سۆسیۆلۆژیەیە کە خودی ''خۆپیشاندەر'' لە مێژووی ئێمەدا (وەک کوردانی باشوور) کارەکتەرێکە ڕەگەزێندراو: واتە بە پلەی یەکەم نێرینەیە.


دووەم: گەر ئاگۆرافۆبیا (تۆقین لە پانتایی و فەزای گشتی) لە توێژینەوە و ئەدەبیاتی ئەوروپی یا رۆژئاواییدا بە گشتی پتر وەک دیاگنۆس و دەستنیشانکردنی نیشانەنەخۆشیەکانی دۆخێکی دەروونی بەکارهێنرابێت، ئەوا لای ئێمە کۆدێکی کۆمەڵایەتیە لە پێکهاتەنەخشەی هزری مرۆڤی کوردیدا و بە چەشنێک دەیژێنێت کە وەک لادان یا دەردێکی سایکۆلۆژی نایبینێت، بەڵکو وەک خاسیەتێکی نۆرماڵ و ئاسایی لێهاتووە کە ئەگەر نەیبێت (بە تایبەتی لای ژن وەک ئەوەی کە بابەتی توێژینەوەکەمان بوو)، ئەوا وەک نائاسایی و دەروونشێواو و لادەر دەبینرێت.
سێیەم: ئاگۆرافۆبیا بەتەنها لادان یا دەردێک نیە کە ڕەنگدانەوەکانی لە دەرەوە دەربکەون، بەڵکو شکانەوەکانی بەسەر جەستەیشدا ژنیان کردۆتە بوونەوەرێکی جەستەڕامکراو: دیسپلینکراو.


چوارەم: ڕۆڵی ژن لە لای پیاوی خۆپیشاندەر دەستنیشانکراوە: یان ئەوەتا ژنی ماڵەوەیە و نێر بەرهەمدەهێنێت وەک وزە و سووتەمەنی بۆ ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکانی تر، یان پاشکۆیەکی پۆزەتڤی پاڵەوانەکانە لەسەر زەمینەی واقیع، یان تێکدەری هەر پرۆژەیەکی نێرینەکانە بۆ پرۆتیستۆکردن و گردبوونەوە و ناڕەزایەتیەکان.


پێنجەم: کەمتەرخەمی ژنان خۆیان لەوەی کە شەقامێک یا سەکۆ و مینەبەرێکی جێندەریانەی تایبەت بە مافە ڕەواکانی خۆیانیان دروستنەکردبێت، دەگەڕێتەوە بۆ قبوڵکردنی بەهەشتە مردووەکەیان کە ماڵە، نەبینینی خۆیان وەک بکەری سیاسی، هەستنەکردنیانە بە جەستەیان وەک تەنێکی دیسپلینکراو، دواجاریش تۆقینیان لە شەقام و دەرەوە وەک هەڕەشەیەکی ئەبەدی، وەک ژینگەیەکی فانتازیکراو لەلایەن پیاوەوە کە تەنها هاوشێوەی تیاترۆ و سۆزانیەکانەڵ ئەوانەی کە چیدی پەیوەست نین بە ماڵەوە و کەوتوونەتە سەر جادە!


سەرچاوەکان


1-Sheena Yates: Agoraphobia and Emptiness, Theoretical Considerations From A Psychoanalytic Perspective, London University, 2015.
2-PIERRE BOURDIEU: ON TELEVISION 1996، translation by Priscilla Parkhurst Ferguson، THE NEW PRESS 1996.
3-Michel Foucault: DISCIPLINE AND PUNISH The Birth o f the Prison Translated from the French by A lan Sheridan، VINTAGE BOOKS 1975.
4-Kathryn Shevelow : Women and Print Culture: The Construction of Femininity in the Early Periodical, Routledge, 1989.
4-Stephen Little: ... ismer: att förstå konst. Göteborg: Tukan förlag, 2010.
5-Kelly Oliver: women as weapons of war (New York: Colombia University Press, 2007.
6-Hannah Arendt: Människans villkor, Översättare: Joachim Retzlaff, Bokförlaget Daidalos, 2017.
7-Habermas, Jürgen: Borgerlig offentlighet. Lund: Arkiv Förlag, 2003.
8-Butler, J: Undoing gender. New York: Routledge, 2004. 
9-Nancy J. Chodorow: The Reproduction of Mothering, Psychoanalysis and the Sociology of Gender, 1999.
10-Patrick Williams: Colonial Discourse and Post-Colonial Theory - A Reader, 1994.

 

 

[1] چەمکی پانۆپتیکن کە بەمانای چاودێریکردنی هەمووان دێت، جۆرە نەخشەیەکە بۆ زیندان کە پێشنیاری جێرمی بێنتامە بۆ تەلاری زیندان تا بتوانیت لە کون یان دەرچە و دەلاقەیەکەوە هەموو زیندانیەکانی ژێر دەستت ببینیت، بەبێئەوەی ئەوان بتوانن تۆ ببینن. ئەمەش بە مەبەستی بەزاندنی سنورەکانیان لەناوەوە، بەبێئەوەی تۆ وەک دەسەڵات دیار بیت. 
[2] Of relations and rights -- interview with Luce Irigaray:
https://www.youtube.com/watch?v=ODD8-wayDhM


ئەم بابەتە 90 جار خوێندراوەتەوە