242292661_2962920663920586_3445120316413424_n.jpg

پینتەر، شاعیرى نهێنیەکان

ئامادەکردنى: پێشڕەو حسێن

هەواڵى کۆچى دوایى هارۆڵد پینتەرى شانۆنامەنوسى بەڕیتانى لە 25ى دێسامبەردا هەموو جیهانى گرتەوە. ئەو شانۆنامەنوسە بەناوبانگە لەتەمەنى 78 ساڵیدا بەهۆى نەخۆشى شێرپەنجەوە ماڵئاوایى لە ژیان کرد.

پینتەر کە لەساڵى 2005 دا خەڵاتى نۆبڵى ئەدەبیاتى وەرگرت لەوساڵەدا بۆ وەرگرتنى خەڵاتەکەى نەیتوانى بەهۆى نەخۆشیەکەیەوە بەشدارى مەراسیمەکە بکات لە ستۆکهۆڵم.

پینتەرى نەوەى ساڵە تاریکەکانى جەنگ یەکێکە لەو شانۆنامەنوسانەى کە زیاتر لەهەر نوسەرێکیتر دەقەکانى نمایش کراوە یا لە تەلفیزیۆن و لەسەر پەردەى سینەما پێشکەش کراون. خاوەنى گەلێک دەقى شانۆییە: (ژوور، ئاهەنگى لەدایک بوون، گەڕانەوە بۆ نیشتیمان، بێدەنگى، رۆژگارى کۆن، زمانى کوێستان و کاتى میوانداریى. جگە لەمانەش چەندین فیلمنامەى نووسیوە کە بەناوبانگترینیان ( خزمەتکار) ە کە لەلایەن دوو هونەرمەندى بەڕیتانیەوە (جۆزێف لوزى و درێک بوگارد) کارى دەرهێنان و نواندنى بۆ کراوە.

یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى کارەکانى پینتەر ئەوەیە کە ئەو کەسایەتیانە پەروەردە دەکات کە لەروانگەى دەروناسیەوە، مرۆڤى زۆر ئاڵۆزن کە هەندێجار لەخۆیان هەڵدێن و لەکەشێکى پڕ لە نیگەرانى و دڵەڕاوکێدا ژیان بەسەر دەبەن.

 

دەکرێت بڵێین کارەکانى ئەونوسەرە روبەڕوى جۆرێک لە قەیرانى شوناس دەبێتەوە. هەر لەمبارەیەوە دەوترێ کەسایەتیەکانى نازانن لەکوێوە هاتوون و بڕیاڕە بۆکوێ بچن و دەربارەى ئەوشوێنەى تێیدا دەژین شتێکى ئەوتۆ نازانن و جیهان بۆ ئەوان شتێکى پڕ لە نهێنیە و لێکۆڵەرەوەکان لەوباوەڕەدان زۆربەى نوسینەکانى پینتەر پەیوەندى بە قۆناغى ژیانى مناڵیەوە هەیە.

 

دیالۆگى کارەکانى کە زۆر بەهێزن، لە بابەتەێکەوە دەپڕێنەوە بۆ سەر مەسەلەیەکیتر، هەرچەندە دیاڵۆگن بەڵام ئاماژە بۆجۆرێک لە ناپەیوەستەیى و دابڕانى نێوان مرۆڤەکان دەکەن، یاخود دەکێت بڵێین کە لەراستیدا پینتەر شاعیرى سەرجەم شتە نهێنیەکانى ژیان و هەموو ئەو شتانەیە کە ئێمە لێیان دەترسین. بەڵام ئەوەى گرنگە بەرهەمەکانى پینتەر تەواو بەڕیتانین، واتە سەرجەم کەسایەتیەکانى دەتوانین لە کەشى ئەو وڵاتەدا ببینینەوە و تێگەیشتن لەکارەکانى، لەگەڵ ئەوەى زمانێکى جیهانى بەدەست هێناوە، لەکاتێکدا بەتەواوەتى مومکینە کە مرۆڤ ئاگادارى فەرهەنگى ئەو وڵاتە بێت کە ئەو دەقانەى تێدا نووسراوە، هەر لەبەرئەوەشە کە ئازایەتىء شارەزایى پێویستە تا دەرهێنەرێک دەست بۆ ئەو دەقانە بەرێت، بەتایبەت لە رۆژهەڵات.

هارۆڵد پینتەر وەک داهێنەرى سەبکێکى نوێى نمایش بەناوى کۆمیدیاى ئازاردەرەوە دەناسرێ و تارادەیەک کارەکانى بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکەن: قۆناغى ریالیسمى دەروناسى، قۆناغى نیمچە رۆمانتیکى چەشنى شانۆیى (روانگە) و دواتر دەچێتە قۆناغى سیاسیەوە.

دەزانین کە پینتەر زۆر درەنگ رووى کردە نووسین و کاردانەوە لەسەر بابەتە سیاسیەکان. یەکێک لەو نمونانەش ئەو سەردەمەیە کە لەتەک ئارتور میلەر بەرەو تورکیا سەفەرى کرد و لە نزیکەوە کوردەکانى تورکیاى بینى و پاش ئەوە دەقێکى شانۆیى نووسى بەناوى زمانى چیا.

راستە دەتوانین بڵێین جۆرێک لە کۆمیدیاى ئازاردەر یا تونزێکى رەش لە بەرهەمەکانیدا بوونى هەیە، بەڵام ئەوە جێگەى پرسیارە کە ئایا ئەو بنیاتنەرى ئەو سەبکەیە یا نەخێر.

پینتەر سەربارى ئەوەش مامۆستاى داڕشتنى ورد و زیرەکانەى زمانە، ئەو داڕێژەرى نمایشى نییە ئەوەندەى لە زماندا وێڵە هێندە لەنیچو پێکهاتە دراماتیکیەکاندا سەرگەردان نییە، هەر پینتەریش لەمبارەیەوە دەڵێت: " ئەو ئەفراندنەى کە برتۆڵد برێشت لە بەکارهێنانى تەکنیکى و بەکارهێنانى شانۆیى لە دەقدا پراکتیکى دەکرد، من نەمکردووە".

دەکرێت بڵێین داهێنەریى پینتەر لە کارکردنى ئەو نوسەرەدایە لەنێو دونیاى دەق و زماندا. بەناوبانگە کە پینتەر تەنانەت بەرامبەر بە خاڵبەندى دەقەکانیشى وورد و حەساس بووە. پیاوێکى زۆر وردبین بووە لە بوارى داڕشتنەوەى زمان و بەکارهێنانى وەک ئەو سیستمە سەربەخۆیەى کە جگە لە سیستمى درامى تواناى گوزارشتى هەیە. لەم کۆتاییانەى تەمەنیشیدا ئەو توندڕەوییەى واى کردبوو نازناوى پیرەمێردە توڕەکەى بەسەردا ببڕێت.

هەروەها دەتوانین بڵێین پینتەر بەرامبەر بە جیهانى سیاسەت هەستیار بووە. بەهۆى ئەزمونى مناڵیەوە مرۆڤێک بوو کە بەرامبەر بە نادادپەروەرى هەستیار بوو. هەڵبەتە دەکرێت بڵێین پینتەر سەبارەت بە بیروبۆچونە سیاسیەکانى لە هەندێک قۆناغى دیاریکراودا دووچارى هەڵە بووە، بەتایبەت ئەوکاتەى بەرگرى لە (میلۆسۆڤیچ) کرد ئەویش لەکاتێکدا کە ناوبراو لەدادگاى مافى مرۆڤدا بەتاوانى دژە مرۆڤایەتى دادگایى دەکرا.

بەڵام خۆشبەختانە ئەو لە کۆمەڵگایەکدا دەژیا کە ئەو هەڵە سیاسیانەى نەبووە هۆى ئەوەى ناوبانگى بڕوشێت. ئەوەش لە خۆشبەختى ئەوبوو کە لەجیهانێکدا ژیا کە تێدا مرۆڤ مافى ئەوەى هەبوو دوچارى هەڵە ببێت، هەرچەندە ئەو دواى ئەو ئامانجانەى کەوتبوو کە تایبەت بوون بە مافى مرۆڤ و لە جەنگى عێراقیشدا بێدەنگ نەبوو.

سەربارى بیروبۆچونە سیاسیەکانى بەڵام پینتەر وەک یەکێک لە شانۆنامەنوسە گەورەکانى نیوە دوهەمى سەدەى بیستەم بەناوبانگ بوو. کە ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى لە پاش مەرگى بەرهەمەکانى بە نەمرى بمێنێتەوە و دەرهێنەرەکانى جیهان بگەڕێنەوە سەر شانۆنامەکانى.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە پینتەر لەماوەى تەمەنى چالاکیە ئەدەبیەکانیدا گەلێک خەڵاتى بەدەستهێنا لەوانەش خەڵاتى نۆبڵ کە ئاکادیمیاى نۆبڵ لە بەیانامەکەیدا بۆ دیاریکردنى ناوى پینتەر وەک "نوێنەرى سەرەکى شانۆنامەنوسى بەڕیتانیا لەنیوەى دوهەمى سەدەى بیستەم" و هەروەها وەک نوسەرێک ناوى هێنرا کە " لە نوسینەکانیدا بابەتە شاراوە و نهێنیەکانى ژیانى ئاسایى ئاشکرا دەکات".

هارۆڵد پینتەر لە ساڵانى دوایى ژیانیدا بەوپەڕى تواناوە لەبوارى ریسواکردنى پێشیلکاریەکانى مافەکانى مرۆڤ چالاکى پێشکەش کردووە و یەکێک بووە لەو نوسەرانەى کە لەتەک جۆن کێن لوچ لەساڵى 2003 دا نامەیەکى ناڕەزایى دژى جەنگى عێراق پێشکەش بە تۆنى بلێر کرد و رەخنەى لە بەشدارى دىەوڵەتى بەڕیتانیا گرت لەوجەنگەدا. پینتەر لە ساڵى 2004 دا خەڵاتى شیعرى ویڵفرێد ئۆڤێنى بەهۆى کۆمەڵەیەک لە شیعرەکانیەوە وەرگرت کە وەک رەخنەیەک لەدژى جەنگى عێراق نووسیبووى.

 ماوتەوە بڵێین پینتەر لەساڵى 1930 لە بنەماڵیەکى یەهودى کە لە پۆلەندا و روسیاوە بەرەو بەڕیتانیا هەڵهاتبوون لە لەندەن لەدایک بوو. ئەو لەتەمەنى نەوجەوانیدا رووى لە کارى نواندن کرد و لە ساڵى 1984 دا دەستى بەچالاکى سیاسى کرد لەوکاتەوەى کە خزمەتى سەربازى بۆ وڵاتەکەى رەت کردەوە.

هەروەها لە فیلمنامەکانى ئەتوانین ئاماژە بۆ (ژنى ئەفسەرى فەڕەنسى) بکەین کە لە رۆمانێکى جان فالزەوە بەهەمان ناو وەریگرتبوو و  دواتر لەساڵى 1981 دا نمایش کرا. هەروەها خۆى  کارى دەرهێنانى بۆ زۆرێک لە دەقەکانى کردووە لە رادیۆ و تەلەفیزیۆن.

 


ئەم بابەتە 235 جار خوێندراوەتەوە