02yevtushenko1-superJumbo.jpg

ژن، هەردەم، کەم کەمێ، لە دەریا دەچێ

شیعری یڤگێنی یفتۆشینکۆ

 

و. لە ڕوسییەوە: شیروان مەحموود محەممەد

 

ژن، هەردەم، کەم کەمێ، لە دەریا دەچێ

لە هەندێ رووەوە، دەریاش ژنە، کەم کەمێ

ژن، لە گەنجینەی پەنهانی سنگۆڵەیدا

هەر شەپۆلە و دێ و دەچێ

گاهێک شەپۆلی هەستە و هەڵدەچی ،

گاهێکیش، بە شەپۆلی دڵخەبەردانێک دەهەژێ

کڵافەی قژی تەلیسماوی بە سەرییەوە،

شێوەی نەوەرەسێکە،

بە سەر دەریای قەدەردا هاواری دەچڕێ.

 

ژن، بەشەپۆلی دەم زریانییەوە،

پەڵەی چەوری بەدفەڕیی لە خۆی دەسڕێتەوە

لەژێر پێستیا و لە ناو دەماری بێ پەنایدا

هەر زریانە و دەگرمێنێ وگینگڵ دەدات،

لەوێ، لە بن قوڵایی یادەورییدا،

پارچەی کەشتیی تێکشکاو هێندە زۆرن،

زارت، لە حەژمەتا، قەستە هاواربکات

لێ، ماسییە قەشەنگڕەنگەکانی هیوا،

سەر لەنوێ بە قولاپی ماسیگرانەوە دەبن.

 

ژن وەکوو دەریایە،

بەرەو لای خۆی ڕامت دەکات

پیاوانیش هەر وەکوو کەشتیین

تەنیا بە سەر ڕووی ڕۆحدا دەخشێن

خۆ لە قوڵایی دەبوێرن و لێی دەترسێن

 

ژن وەکوو دەریا وایە،

لە کەشی ئارام و بێ بادا

دەستی دوعای ڕوو لە خوایە:

با شتێک، هەرچییەکە ، هەر ڕوو بدات

ژن دەریایەکی دەگمەنە ،

دەریایەکە و دەتوانێ خۆی نووقمی دەریا بکات

 

 

 


ئەم بابەتە 99 جار خوێندراوەتەوە