242071115_870274530532691_886114784165664516_n.jpg

كاۆوس - Chaos

موحسين ئه‌حمه‌د عومه‌ر



... من هیچ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ تێناگه‌م، كه‌ سه‌رنجى شته‌كان و ده‌وروبه‌رم ده‌ده‌م، هه‌ست ده‌كه‌م یان جیهان منى جێهێشتووه‌ یان من چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ پێش جیهانم ! هه‌موو جارێك كه‌ زیاره‌تى ئه‌م پیاوه‌ ده‌كه‌م و سه‌رى لێ ده‌ده‌م، هه‌ست ده‌كه‌م ده‌كه‌ومه‌ ناو ئاووهه‌وایه‌كى تایبه‌تى، ئه‌و كێشه‌یه‌م بۆ دروست ده‌بێ، باشتره‌ بڵێم كۆمه‌ڵێك پرسیارى بێ وه‌ڵامم بۆ دروست ده‌بێ، كه‌ به‌ زمان ناتوانم لێى ده‌ربڕم. ئه‌مه‌ش شتێكى ئاساییه‌، گه‌لێ جار زمان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌سته‌كانى مرۆڤ، ئه‌ندێشه‌ و هه‌ڵچوونه‌كان په‌كى ده‌كه‌وێ. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ده‌شێ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ هه‌ر چه‌شنێك بێ، به‌ فۆرموله‌ى تایبه‌تى زمان خۆى ته‌عبیرى لێ بكرێ. راستیه‌كه‌ى هه‌موو جارێك كه‌ سه‌ر له‌م پیاوه‌ ده‌ده‌م، هه‌مان پرسیاره‌ په‌نهان و ئاڵۆزه‌كان ڕووبه‌ڕووم ده‌بنه‌وه‌.
ئه‌و یه‌كێ بوو له‌ پرۆفیسۆره‌ به‌ ناووبانگه‌كان، ژیانێكى ئاسایى هه‌بوو، له‌ ئه‌نجامى زۆر كاركردن، گه‌یشتبووه‌ ته‌مه‌نى خانه‌نشینى، منیش وه‌ك لاوێك تازه‌ خوێنى دنیاى نوێم تێ ده‌گه‌ڕا، پرسیارم ده‌كرد، گه‌لێك زۆر پرسیارم ده‌كرد، به‌ڕاده‌یه‌ك پرسیارم ده‌كرد، هه‌موو لایه‌كم له‌ خۆم هه‌راسان كردبوو.
ئه‌مه‌ش شتێكى ئاساییه‌ بۆ خوێندكارێكى خوێندنى باڵا زۆر پرسیار بكا، نه‌خوازه‌ بابه‌ته‌كه‌ى من سه‌روكارى له‌گه‌ڵ پرسیارى زۆر بوو. پاشان ورده‌ ورده‌ فێربووم، هه‌ڵبه‌ت به‌ كاریگه‌رى دووباره‌بوونه‌وه‌ى زیاره‌ته‌كان بۆ ئه‌و پرۆفیسۆره‌، فێربووم زیاتر گرینگى به‌ ڕوانینى خۆم بده‌م، من چۆن خۆم كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، بابه‌ته‌كه‌ شێواز و چنین و مۆرى خۆمى پێوه‌بێ، به‌ڵام له‌ هه‌مان كات هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى ده‌یڵێم و ده‌ینووسم له‌ چوارچێوه‌ى نۆرمه‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ بێ، هه‌تا له‌ ڕووى زاراوه‌ و داڕشتنه‌كانیش، له‌ هه‌مان ئه‌و جۆره‌ ئاخاوتنه‌ فه‌لسه‌فییانه‌ بێ كه‌ له‌ جیهان لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێ، ئاراسته‌ى بیركردنه‌وه‌م ئه‌وه‌نده‌ ساده‌ و ساكار نه‌بێ، بۆشایى بكه‌وێته‌ ئه‌و خیتابه‌ى له‌ باره‌ى ئه‌و بابه‌ته‌ى ده‌ینووسم، چونكه‌ ئه‌مه‌ وه‌كو لاوازى دێته‌ به‌رچاو. ئه‌مه‌یان به‌ ڕاستى تێبینیه‌كى جوان بوو، ده‌بوایه‌ له‌و ئاسته‌ بم، ئه‌وه‌ى ده‌یڵێم و ده‌ینووسم پڕاوپڕ ته‌عبیر له‌و بابه‌ته‌ بكا، گه‌شه‌ى پێ بدا، هه‌ڵبه‌ت بێ درێژدادڕى و پڕكردنه‌وه‌، كێشه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بكا، پاشان ئه‌نجامه‌كان بۆ خۆیان ڕوون ده‌بنه‌وه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى یه‌كه‌م دانیشتنمان بوو.
ئه‌و بابه‌ته‌ى ده‌منووسى له‌ باره‌ى (زه‌مه‌ن وه‌ك كێشه‌یه‌كى سروشتى و كێشه‌یه‌كى مرۆڤ) بوو. پرۆفیسۆر ناونیشانى بابه‌ته‌كه‌مى زۆر پێ جوان بوو. له‌ دانیشتنى یه‌كه‌م، دواى ئه‌وه‌ى كه‌مێك گوێى لێ ڕاگرتم، ڕاسته‌وخۆ ڕه‌زامه‌ندى پیشاندا ڕاوێژم له‌م باره‌یه‌وه‌ بداتێ، پێیوابوو ده‌بێ ناوه‌ ناوه‌ نووسراوه‌كانى پیشان بده‌م و ڕاى خۆى له‌سه‌ریان بنووسێ. سه‌ره‌نجام ده‌بوایه‌ زوو زوو سه‌ردانى بكه‌م. به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ كێشه‌ى بۆ من دروست ده‌كرد، له‌ هات و چوون و بینینى پرۆفیسۆر بوو، جارى یه‌كه‌م كه‌ ویستم بۆ بینینى بچم، زه‌نگم بۆ لێدا، كه‌س وه‌ڵامى نه‌دامه‌وه‌، جارى دووه‌م، دیسان كه‌س وه‌ڵامى نه‌دامه‌وه‌، جارى سێیه‌م گوشى ته‌له‌فۆنه‌كه‌ بڵند كرا، ده‌نگێكى گڕ وه‌ڵامى دامه‌وه‌ : فه‌رموو ! له‌ بیستنى ئه‌م وشه‌یه‌، هه‌ستم به‌ ماندووبوونێكى زۆر كرد، هه‌ستم ده‌كرد ده‌نگه‌كه‌ له‌ جیهانێكى زۆر دوور، گه‌لێك زۆر دووره‌وه‌ دێ، جیهانێك ڕه‌نگه‌ من قه‌ت پێى ئاشنا نه‌بم، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رنجڕاكێش بوو، ده‌نگه‌كه‌ خه‌یاڵى ده‌جوولاندم، ئه‌ندێشه‌م وه‌ك ماكینه‌یه‌ك ده‌كه‌وته‌ كار، ئه‌و هه‌سته‌ى لا دروست ده‌كردم كه‌ ده‌بێ هه‌نگاو بنێم، بچمه‌ پێشه‌وه‌، ڕانه‌وه‌ستم. به‌ڵام بۆچى؟ له‌مه‌یان نه‌ده‌گه‌یشتم، ئێستاش ماناكه‌یم نه‌زانى.
سه‌ره‌نجام پرۆفیسۆر كاتێكى دیاریكراوى بۆ دانام، سه‌عات چوارى پاش نیوڕۆ سه‌ردانى بكه‌م. سه‌عات چوار كاتێكى باش بوو، به‌ تایبه‌تى له‌م وه‌رزه‌ كه‌ دنیا هێشتا گه‌رم نه‌بووه‌ و ڕۆژه‌كان هێشتا دڵگیرن، هێشتا ده‌رگاى دۆزه‌خى هاوین نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌تى له‌م شاره‌، هه‌ر كه‌ هاوین دێ، گه‌رمایى هێرش دێنێ، ژیان بێ مانایى تێده‌كه‌وێ، دار و به‌رد، گیانله‌به‌ر و بێ گیان خۆیان ده‌شارنه‌وه‌، ده‌چنه‌وه‌ ناو تاریكایى و سێبه‌ره‌كان، باشتره‌ بڵێم هاوین له‌م وڵاته‌ى ئێمه‌ وه‌رزى هێرشى بێهووده‌ییه‌. ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌كى ئێجگار زۆر سه‌روكارى راسته‌وخۆى به‌ باته‌كه‌ى منه‌وه‌ هه‌بوو.
پرۆفسیۆر ئه‌درێسى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى خۆى پێدام، به‌ ته‌كسى خۆم گه‌یانده‌ ئه‌و شوێنه‌ى لێى داده‌نیشت. یه‌كێ له‌ گه‌ڕه‌كه‌ تازه‌كانى شار بوو، بریتى بوو له‌ سه‌د دوو سه‌د ڤیلاى تازه‌ بنیاتنراو له‌سه‌ر شێوازى ڕۆژئاوایى. هه‌موو ڤێلاكان له‌ ناو سه‌وزایى و چیمه‌ن و دره‌خت نغرۆ بوو بوون، هه‌ستت به‌ فێنكایى و ئارامى و ئاسووده‌ییه‌كى زۆر ده‌كرد. ئه‌و كاته‌ به‌ره‌و ڤێلاى ژماره‌ 127 ده‌ڕۆیشتم كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك كه‌وتبووه‌ لاچه‌پى بلۆكى یه‌كه‌مى ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ تازه‌یه‌. خه‌یاڵم بۆ ئه‌وه‌ ده‌چوو پرۆفیسۆر ده‌بێ له‌ ناو ماڵێكى خۆش و تازه‌ بێ، دواى ئه‌و هه‌موو كاركردن و شه‌ونخونیه‌، هه‌ڵبه‌ت شایسته‌ى شوێنێكى له‌م جۆره‌یه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ستێكى ئه‌وتۆ نه‌بوو له‌سه‌رى بگیرسێمه‌وه‌، ئه‌وه‌ى كه‌ زۆرتر به‌ لامه‌وه‌ گرینگ بوو، بینینى پرۆفیسۆر خۆى بوو، كردنه‌وه‌ى گفتوگۆ و ڕاوێژ بوو، چى بكه‌م و چۆن نه‌خشه‌ و پلانى باسه‌كه‌م دابڕێژم.
سه‌ره‌نجام گه‌یشتمه‌ پێش ڤیلاى ژماره‌ 127، به‌ ئه‌سپایى له‌ زه‌نگم دا. ده‌مێك چاوه‌ڕێم كرد، كه‌س نه‌هات ده‌رگا بكاته‌وه‌. ده‌رگاو شووره‌ى ڤێلاكه‌ زۆر نزم بوو، ده‌رگاى سه‌ره‌كى خانووه‌كه‌ش كه‌ له‌ سه‌رى نووسرابوو 127 ، له‌ به‌رامبه‌رم بوو، ده‌رگایه‌كى گه‌وره‌ى دوو ده‌رى ڕه‌نگ مه‌یله‌و قاوه‌یى بوو، باخچه‌ى ماڵه‌كه‌ش هه‌ر هه‌مووى به‌ ڕوومدا كراوه‌ بوو، هه‌ر چوار لاى ڤێلاكه‌ سه‌وزایى و چیمه‌ن و دره‌خت بوو.
هه‌ستم به‌ بێده‌نگیه‌كى زۆر كرد، به‌ڵام ئه‌م هه‌سته‌ پڕ له‌ چاوه‌ڕوانى و دڵگیرى بوو، چونكه‌ به‌ تاسه‌وه‌ بووم پرۆفیسۆر ببینم.
په‌پووله‌یه‌كى سپى، كه‌ باڵه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌ر لێكدانێك تیشكى خۆرى پێ ده‌كه‌وت و پێچه‌وانه‌ى ده‌كرده‌وه‌، به‌رز و نزم ده‌بووه‌وه‌، له‌م چڵ بۆ ئه‌و چڵ ده‌چوو.
جارێكى تریش له‌ ده‌رگامدا، ده‌مێك چاوه‌ڕێم كرد، به‌ڵام هیچ كه‌سێك نه‌هات ده‌رگا بكاته‌وه‌، سێیه‌م جار له‌ ده‌رگامدا، ده‌مێك چاوه‌ڕێم كرد، به‌ڵام دیسان كه‌س نه‌هات ده‌رگا بكاته‌وه‌، ناچار، ورده‌ ورده‌ به‌رده‌رگایه‌كه‌م جێهێشت، چه‌ند هه‌نگاوێك دوور كه‌وتبوومه‌وه‌، ژنێك كه‌ له‌ ته‌مه‌نێكى ناوه‌ندى دابوو، ڕه‌شپۆش بوو، له‌ ڤێلاكه‌ى ته‌نیشت هاته‌ ده‌ره‌وه‌، دواى سڵاو كردن، پرسیارى ماڵى پرۆفیسۆرم لێ كرد، گوتى : ئه‌مه‌یه‌، ژماره‌ 127.
گوتم : دیاره‌ كه‌س له‌ ماڵ نیه‌، سێ جار له‌ ده‌رگامدا، كه‌س نه‌هات بیكاته‌وه‌ !
گوتى : تازه‌ پرۆفیسۆرم له‌ ناو باخچه‌كه‌ بینى، پاشان چووه‌ ژووره‌وه‌ !
گوتم : منیش پێشتر زه‌نگم بۆ لێدا، خۆى قسه‌ى له‌گه‌ڵ كردم، گوتى وه‌ره‌ ئه‌م ئه‌درێسه‌. ئیتر ئه‌وه‌ ده‌بینى لێره‌م.
- به‌ڵام تازه‌ له‌ ناو باخچه‌كه‌م بینی !
- ده‌ترسێم شتێك ڕوویدابێ، پرۆفیسۆر بوورابێته‌وه‌!
- باوه‌ڕناكه‌م، پرۆفیسۆر ڕاسته‌ ته‌مه‌نى گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ژیانێكى زۆر تایبه‌تى هه‌یه‌، جگه‌ره‌ ناكێشێ، ئه‌لكول ناخواته‌وه‌، هه‌رده‌م به‌ ئاگاو هوشیاره‌. شه‌وانیش تا دره‌نگى شه‌و چراكان، به‌ تایبه‌تى هى ژووره‌كه‌ى خۆى ڕۆشنه‌، تازه‌ له‌ ناو باخچه‌كه‌ بینیم ده‌هات و ده‌چوو. باشتره‌ چه‌ند جارێكى تر له‌ ده‌رگا بده‌یته‌وه‌، به‌ڵكو لێت بكاته‌وه‌.
دواجار گه‌ڕٍامه‌وه‌ به‌ر ده‌رگاى ژماره‌ 127، سێ جارى دیكه‌ش، هه‌ر جاره‌ى چه‌ند خوله‌كێك له‌ نێوانیان هه‌بوو، له‌ ده‌رگام دایه‌وه‌، به‌ڵام كه‌س نه‌هات بیكاته‌وه‌. ناچار، ئه‌و شوێنه‌م به‌جێهێشت و گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵ.
نزیك سه‌عات حه‌وتى ئێواره‌، جارێكى دیكه‌ زه‌نگم بۆ لێداوه‌، گوشى ته‌له‌فۆنه‌كه‌ به‌رزكرایه‌وه‌، هه‌مان كه‌س به‌ ده‌نگێكى گڕ، به‌ڵام كه‌مێك خامۆش گوتى : فه‌رموو.
جارێكى تر خۆم پێ ناسانده‌وه‌ و گوتم من فلان كه‌سم، ئێواره‌ سه‌عات چوار ده‌بوایه‌ بتانبینم، هاتم چه‌ند جارێك له‌ ده‌رگام دا به‌ڵام كه‌س لێى نه‌كردمه‌وه‌!؟
ده‌نگه‌كه‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچى تر بڵێ، گوتى : فه‌رموو، من چاوه‌ڕوانتم. ئه‌مه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى گڕ و خامۆش دووباره‌ كرده‌وه‌، هه‌ستم به‌ هه‌مان خه‌یاڵى پێشوو كرده‌وه‌، پێموابوو گوێم له‌ ده‌نگێك ده‌بێ زۆر بێ تاقه‌تم ده‌كا، ماندووم ده‌كا، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌م ده‌جوولێنێ، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌م ده‌نگه‌ له‌ دوور، زۆر له‌ دووره‌وه‌ دێ، له‌و بڕوایه‌ دابووم من قه‌ت به‌م جیهانه‌ ئاشنا نابم، پاشان ده‌نگه‌كه‌ ڕایچله‌كاندم، كه‌ تا ئه‌و كاته‌ گوشى ته‌له‌فۆنه‌كه‌م به‌رنه‌دابوو، گوتم : به‌ڵام قوربان ئێستا ناشێ، كات دره‌نگه‌، جارێكى تر سه‌رتان لێ ده‌ده‌مه‌وه‌. گوتى: هه‌ر كاتێك دێى، ده‌رگا كراوه‌ته‌وه‌، ده‌توانى ڕاسته‌وخۆ بێیته‌ ژووره‌وه‌!
ئه‌مه‌ى به‌ شێوازێكى زۆر سه‌ره‌نجڕاكێش گوت، جارێكى تریش، وه‌ك بڵێى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى دابێته‌وه‌ كه‌ من به‌ دوایدا وێڵم، به‌ڵام به‌ گشتى من له‌ ده‌نگه‌كه‌ هه‌ستم به‌ بێهووده‌یى و پووچى ده‌كرد، جیهانێك له‌ زایه‌ڵه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌، جیهانێك زۆر دوور و بێ سنوور، جیهانێكى نه‌ناسراو.
ڕۆژى دوایى، له‌ كاتى خۆى، سه‌عات چوارى ئێواره‌، چوومه‌وه‌ به‌رامبه‌ر هه‌مان ده‌رگاى ژماره‌ 127، تووشى هه‌مان ژنى ڕه‌شپۆش بوومه‌وه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ى ته‌نیشت ده‌رده‌هات. سڵاوم لێ كرد، بێ پێشه‌كى و ئه‌م لاو ئه‌ولا، گوتى: پرۆفیسۆر تازه‌ له‌ ناو باخچه‌كه‌ پیاسه‌ى ده‌كرد، ئێستا له‌ ژووره‌وه‌یه‌، چاوه‌ڕێت ده‌كا. لێره‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كم كرد، ئه‌م ژنه‌ چۆن ده‌زانێ چاوه‌ڕێم ده‌كا ؟! به‌ڵام زۆر گوێم به‌م پرسیار له‌ خۆكردنه‌ نه‌دا، ئاره‌زووى بینین و ئاشنا بوون هانى ده‌دام، له‌و بڕوایه‌دابووم پرۆفیسۆر زۆر ده‌رگاى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌م بۆ ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ خێراتر خۆم گه‌یانده‌ به‌ر ده‌رگاى ژماره‌ 127، زه‌نگم لێدا، ده‌مێك چاوه‌ڕێم كرد، به‌ڵام كه‌س نه‌هات ده‌رگام لێ بكاته‌وه‌. جارى دووه‌میش له‌ ده‌رگامدا كه‌س لێى نه‌كردمه‌وه‌، جارى سێیه‌میش به‌ هه‌مان شێوه‌، ده‌مێك وه‌ستام، به‌ڵام كه‌سێك نه‌بوو وه‌ڵام بداته‌وه‌. دواجار بیرم له‌ قسه‌كه‌ى پرۆفیسۆر خۆى كرده‌وه‌ كه‌ گوتى "ده‌رگا بۆ من كراوه‌ته‌وه‌، هه‌ر كاتێَ بێى ده‌توانى بێیته‌ ژووره‌وه‌". منیش به‌ جۆرێك له‌ دڵه‌ڕاوكه‌ و دوو دڵى، دواجار بڕیارمدا پاڵ به‌ ده‌رگاكه‌وه‌ بنێم، به‌ سه‌رى په‌نجه‌ پاڵم به‌ ده‌رگاكه‌وه‌نا، ڕاسته‌وخۆ بێ هیچ كێشه‌یه‌ك ده‌رگاكه‌ كرایه‌وه‌. به‌ هه‌نگاوى له‌سه‌رخۆ و شه‌رمنانه‌، خۆم گه‌یانده‌ به‌ر ده‌رگا گه‌وره‌كه‌ى دووه‌م، جارێك له‌ ده‌رگامدا، به‌ڵام كه‌سێك نه‌یكرده‌وه‌، دواجار به‌سه‌رى په‌نجه‌ ده‌رگاكه‌م پاڵدا، ده‌رگا بێ هیچ كێشه‌یه‌ك، ده‌نگێكى لێ هه‌ڵسا، وه‌ك به‌ره‌لاكردنى شتێك، ته‌قه‌یه‌كى نزم، وه‌ك به‌ر یه‌ك كه‌وتنى دوو پارچه‌ ئاسن، ده‌رگاكه‌ بووه‌وه‌، به‌ ئه‌سپایى چوومه‌ ژووره‌وه‌، هه‌ستم به‌ بۆنێكى زۆر تایبه‌ت كرد، زیاتر له‌و بۆنه‌ ده‌چوو، دواى ئه‌وه‌ى تاوه‌ بارانێك به‌سه‌ر زه‌وى گه‌رمدا ده‌بارێ،، پاشان بۆنى لێ هه‌ڵده‌ستێ، بۆنى خاكى ته‌ڕ، بۆنێكى له‌م چه‌شنه‌ هێرشى بۆ هێنام.
ماڵه‌كه‌ نیمچه‌ ڕووناك بوو، شته‌كان له‌ ناو بێده‌نگى نغرۆ بوو بوون، تیرێژى خۆر به‌ لارى له‌ ناو هۆڵى دانیشتنى ده‌دا، له‌ ناو ئه‌م تیرێژانه‌ كه‌ كۆمه‌ڵێك بوون له‌ نیوه‌ى سه‌ره‌وه‌ى په‌نجه‌ره‌ى به‌رامبه‌ر به‌ خۆر ده‌هاتنه‌ ژووره‌وه‌، هه‌زاران گه‌ردى غوبار، به‌ هات و چوونى هه‌واو كردنه‌وه‌ى ده‌رگا، له‌ ناو بۆشایى ماڵه‌كه‌ به‌رزده‌بوونه‌وه‌، دیمه‌نێكى سه‌رنجڕاكێشیان دروست كردبوو، ماوه‌یه‌ك سه‌یرى ئه‌م دیمه‌نه‌م كرد، چێژێكى تایبه‌تى پێ ده‌به‌خشیم، به‌ لامه‌وه‌ شتێكى جوان و ناوێزه‌ بوو، پاشان ڕاچله‌كیم، گوتم : كه‌سێك لێره‌یه‌ ؟! به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێك نه‌بوو، ژووره‌كان هه‌موو گه‌ڕام، كه‌سێك نه‌بوو وه‌ڵام بداته‌وه‌، كه‌سێكم نه‌بینى. ژوورى پرۆفیسۆر كه‌ ژوورێكى بچووكى سێ به‌ چوار ده‌بوو، دیواره‌كانى هه‌ر چوار لاى به‌ ڕه‌فه‌ى كتێب داپۆشرابوو، له‌ ناوه‌ڕاست مێزێك دانرابوو، چه‌ند كتێبێكى له‌سه‌ر بوو، چه‌ند په‌ڕێكى سپیش دانرابوون، قه‌ڵه‌مێكیان له‌سه‌ر بوو، لاپه‌ڕه‌كان هه‌موویان ڕه‌ش كرابوونه‌وه‌، به‌ وردى و به‌ جوانى، به‌ خه‌تێكى خۆش نووسرابوون، پاش دوودڵیه‌كى زۆر، یه‌كه‌م دێرم لێ خوێنده‌وه‌، تێیدا نووسرابوو " كه‌ سه‌رنجى شته‌كان ده‌ده‌م، هه‌ست ده‌كه‌م یان من چه‌ند هه‌نگاوێك له‌ پێش جیهانم، یان جیهان منى جێهێشتووه‌"، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆ من هیچ مانایه‌كى نه‌بوو، سه‌ره‌تاى تونێلێك بوو ده‌بوایه‌ پێیدا بڕۆى بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌یته‌ ئه‌نجام. به‌ڵام ئه‌نجام چیه‌ ؟ ئایا ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌كى تر نیه‌ !؟ سه‌ره‌تا و كۆتایى له‌ كوێیه‌؟ ئایا سه‌ره‌تاو كۆتایى هه‌یه‌؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووى پرسیار بوون، ده‌یان و سه‌دان پرسیارى تریش! له‌م هه‌سته‌م، وێڕاى دڵه‌ڕاوكه‌ هه‌ستم كرد كه‌وتوومه‌ته‌ ناو جیهانێكى زۆر دوور، گه‌لێك زۆر دوور، جیهانێك كه‌ ڕه‌نگه‌ قه‌ت پێى ئاشنا نه‌بین...!
دواجار، به‌ده‌م گه‌ڕان له‌ هه‌موو ژووره‌كان، هه‌ستم ده‌كرد ئه‌م شوێنه‌ زۆر كۆنه‌، گه‌لێك زۆر كۆنه‌، ده‌ڵێى له‌ شه‌ش حه‌وت چینى ژێر زه‌وى هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موو شتێك ڕه‌نگى خۆڵى هه‌بوو، كتێبخانه‌، ژوورى دانیشتن، داڵان و تابلۆكانى دیوار، ژوورى نان خواردن و خه‌وتن، هه‌موو شتێك وه‌ك جیهانێكى نغرۆبووى هه‌زاران هه‌زار ساڵ پێشتر، له‌ قووڵایى زه‌وى ده‌رهاتووه‌، له‌ ناو تۆز و غوبار خنكاوه‌.
پاشان، دواى ئه‌وه‌ى كه‌سم نه‌بینى، هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ى پێشوو، ده‌رگا له‌ دواوه‌م ده‌نگێكى نزمى لێ هه‌ڵسا، وه‌ك به‌ریه‌ك كه‌وتنى دوو پارچه‌ ئاسن، پاشان له‌ دواوه‌م داخرا، دواتر گه‌یشتمه‌ ڕاڕه‌وه‌كه‌ ئینجا بۆ سه‌ر جاده‌كه‌. چه‌ند هه‌نگاوێك دوور كه‌وتبوومه‌وه‌، هه‌مان ژنى ڕه‌شپۆشم بینییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رى لێ شێواندبووم و ئازارم هه‌بوو له‌ تێگه‌یشتنى، بوونى خۆر بوو له‌ تاقى ئاسمان، كاته‌كه‌ى نزیك نیوه‌ڕۆ بوو، ئه‌مه‌ش هیچ مانایه‌كى نه‌بوو، چونكه‌ من كه‌ چوومه‌ ژووره‌وه‌ سه‌عات چوارى ئێواره‌ بوو، كه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆچى نزیكه‌ى پێش نیوه‌ڕۆ بوو!؟ خه‌ریك بوو له‌ ژنه‌كه‌ بپرسم مه‌سه‌له‌ چیه‌. به‌ڵام وازم له‌م پرسیاره‌ هێنا، ژنه‌كه‌ كه‌ گه‌یشته‌ نزیك من، به‌ ده‌نگێكى گڕ و خامۆش گوتى : پرۆفیسۆرت بینى ؟ گوتم: به‌ڵێ بینیم.


- كاۆوس: تا راده‌یه‌ك له‌ گشت زمانه‌ ئۆروپیه‌كان هه‌مان مانا ده‌دا وه‌ك : بۆشایى، زایه‌ڵه‌، ده‌نگدانه‌وه‌، ئاژاوه‌، هیچ، به‌ تاڵى، پووچى. له‌ فره‌نسى ده‌گوترێ : C'est une vie chaotique ، واته‌ : ئه‌مه‌ ژیانێكى به‌تاڵه‌.
پاريس


ئەم بابەتە 225 جار خوێندراوەتەوە