166694859_4064352660288215_1023727704767019310_n.jpg

بێدەنگ مانەوە

ن: پابلۆ نیرۆدا


و: کارزان عەزیز

 


ئێستا تاکو دوازدە دەژمێرین و
با بێدەنگ بین
بۆ یەکجار لەسەر زەوى
با بە هیچ زمانێک نەدوێین؛
با بۆ ساتێک بوەستین و
هێندە بازوومان نەجوڵێنین.
چرکەساتێکى وەها، بۆنێکى خۆشى هەیە،
بێ پەلەکردن، بەبێ مەکینە و ئامێرەکان،
هەموومان لە یەککاتدا
بکەوینە پشوو.
ماسیگرەکان لە دەریاى سارد
لە ئازاردانى نەهەنگەکان بوەستن
خوێ کۆکەرەکان
تەماشاى دەستە بریندارەکانیان بکەن.
ئەوانەى ئامادەسازیی جەنگە سەوزەکان دەکەن،
جەنگى گاز و ئاگرەکان،
ئەو سەرکەوتنانەى ڕزگاربوویان نییە،
جلە پاکەکان بپۆشن
و لەگەڵ براکانیاندا لە سێبەردا
بێ ئەوەى هیچ شتێک بکەن، پیاسەیەک بکەن.
تەنیا دەمەوێت ئەمە تێکەڵ نەکەن
لەگەڵ نەکردن و نەجوڵاندا؛
ئەوە ژیان و تەنها ژیانە؛
من باسى مەرگ ناکەم.
ئەگەر هێندە بە یەک شتەوە پەیوەست نەبووینایە
لەبارەى هەمیشە بەردەوامیدان بە ژیانمانەوە
ئەوا دەکرا تەنها بۆ جارێکیش بوایە هیچمان نەکردایە
بۆیەش دەکرا بێدەنگییەکى گەورە ئەم خەمبارییەى بشکاندایەت
ئەوەى کە ناهێڵێت هەرگیز لە خۆمان تێبگەین،
دەمانخاتە مەترسیی مەرگەوە؛
لەوانەشە زەوى فێری بکردینایە؛
هەموو شتێک مردوو دەرکەوێت و
پاشان زیندوو.
ئێستا تاکو دوازدە دەژمێرم و
ئێوەش بێدەنگیی بپارێزن و
منیش دەڕۆم


ئەم بابەتە 37 جار خوێندراوەتەوە